پەیامی مەجلیسی پژاک سەبارەت بە هێڕشەکانی ئێران بۆ سەر ئۆردووگای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

بۆ سەر ئۆردووگای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥ (١٧ی جولای ٢٠٢٦)، هێرشی موشەکیی دڕندانەی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر ئۆردووگای «کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران» لە دەوروبەری زرگوێزەڵە، بووە هۆی گیانبەختکردنی ٩ پێشمەرگەی کۆمەڵە. مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، وێڕای ئیدانەکردنی توندی ئەم پەلامارە تێرۆریستییە، سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی  بنەماڵەی سەربەرزی ئەو ٩ شەهیدە و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکات.

ئەم کردەوە تێرۆریستییە کە درێژەی سیاسەتی قڕکردنی گەلی کوردە، نیشانەی ترسی قوڵی ڕژیمە بەرامبەر بە ئیرادەی ئازادیخوازی. خوێنی ئەو ٩ پێشمەرگەیە کە لەو هێرشە دڕندانەیەدا گیانیان بەخت کرد، جارێکی دیکە پێویستیی یەکڕیزیی نەتەوەیی و تێکۆشانی هاوبەش لە دژی سیاسەتە دیکتاتۆری و تێرۆریستییەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامی دەخاتە بەرچاو. وێڕای هاوخەمیی قووڵمان بۆ ئەم کۆستە، ڕایدەگەیێنین کە ڕێگەی ئازادیی کوردستان بە خوێنی شەهیدان گەشاوەتر دەبێت و خەباتی ڕەوای گەلەکەمان تا سەرکەوتنی یەکجاری بەردەوام دەبێت.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)

٢٦ی پووشپەڕی ١٤٠٥

  ١٧ی جولای ٢٠٢٦

بابەتی پەیوەندیدار