لێدوانی پژاک
پارتیمان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، پێشوەختە جەژنی نەورۆزی ١٤٠٥ (٢٧٢٦ی کوردی)، لە هەموو گەلەکەمان و گەلانی ستەملێکراوی جیهان، بەتایبەت ئەو گەلانەی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، خەبات بۆ ئازادی و رزگاریی لە ژێردەستەی دەکەن، پیرۆز دەکات. لە بەرەبەری نەورۆزدا، بە بەرز راگرتنی بیرەوەریی و ناوی هەموو شەهیدانی رێگای ئازادیی، ئەم جەژنە بە “جەژنی ئازادی و یەکێتیی نەتەوەیی- دیموکراتیک” دەزانین و سوورین لە بەردەوامیی خەباتی ئازادیخوازانەی گەلەکەمان.
لە بارودۆخێکی دژواردا پێشوازی لە نەورۆزی ئەمساڵ دەکەین. نەورۆزی ئەمساڵ نەورۆزی ئازادیی هەموو گەلانی ئێرانە، گەلی کورد لەم رێگەیەدا لە پێشەنگانی خەباتی ئازادیخوازانە و دیموکراسیخوازییە. بەم ئیرادە پتەوە، پێشوازی لە نەورۆزێک دەکەین، کە هاوکاتە لەگەڵ گەورەترین شۆڕش و گۆڕانکاریی هاوچەرخ لە ئێراندا. ئەم نەورۆزە، نەورۆزی دیاریکردنی چارەنووسی “ژیانی ئازادی کورد و گەلانی دیکە”یە. زیاتر لەوەی، تەنیا بۆنەیەک بێت بۆ شادی و هەڵپەڕکێ، نەورۆزی خەباتە؛ لە کاتێکدا هەموو خەڵک لە سەرانسەری ئێران، لەنێو شەڕێکی جیهانی و ناوچەییدان. ئەم نەورۆزە، ئافرێنەری هێزی ئازادیی گەل، بە هەموو هەست و هێز و توانای ڕاپەڕینە، کە چارەنووسی نەتەوەکان بۆ چەندین سەدە دیاری دەکات.
ئەو شەڕەی ئێستا لەنێوان ئیسرائیل–ئەمریکا وحکومەتی ئێران لە ئارادایە، پەرەی سەندووە و چەندین وڵاتی دراوسێشی گرتووەتە. لایەنە بەشدارەکانی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە سەد ساڵی ڕابردوودا ، کوردستانیان کردوەتە ناوەندی شەڕ. ئەمەش گەلەکەمانی لە دەرفەتی ئازادیی ژیان بێبەش کردووە، بەڵام بە بڕوایەکی قوولەوە هەموو نەورۆزەکانمان، بە هیوای پاکی ئازادییەوە تێپەڕکردووە. ئەو شەڕەی لە ئارادایە و بناغەی رژیمەکانی سەردەست و سەرمایەی لە ناوچەکەدا هەژاندووە، لەم دۆخ و تەنگەژەیەدا ئەوەی گەرەکە، نەتەوەکەمان تێکۆشانی خۆی پەرە پێ بدات، چون ئازادیی لە رێگەی تێکۆشانەوە مسۆگەر دەبێت. نەورۆز، کە لە تێکۆشانی سەد ساڵی رابردووی گەلەکەماندا ، بەردەوام لەگەڵ ئاواتی ئازادیی ئاوێتە بووە، بەرەو ئەوە دەچێت کە ببێتە نەورۆزی کۆتایی، بۆ چەسپاندنی چارەنووسێکی دیموکراتیک. لەم نەورۆزەدا رۆحی گەلانی ئێران، رۆحی ئازادی و هیوایە بە خەبات. لەم نەورۆزەدایە گەلان دەتوانن چارەنووسی ژیانی ئازاد، بە دەستی خۆیان دیاری بکەن. تەواوی گەلان و نەتەوەکانی ئێران دەبێت بۆ ئازادیی تێکۆشان بکەن و هیچ رێگەیەک جگە لەمە، بۆ رزگاریی لە بەڵای رژیمە سەردەستەکان و شەڕە وێرانکەرەکانیان نییە.
گومانی تێدا نییە ئەگەر رژیمی دەسەڵاتدارلە ئێران، لەسەر بنەمای فەلسەفەی جەژنی مێژوویی و هەزاران ساڵەی نەورۆز بیری بکردایەتەوە و ڕێزی لە ئیرادەی گەلان بگرتایە، لە جیاتی شەڕ ملی بۆ دیموکراسی دەدا، لە بری دەوڵەتپەرستی ڕێزی بۆ کۆمەڵگە و سەربەخۆیی دەنگەکەی دادەنا و لە جیاتی سەرکوت و کۆمەڵکوژی، رێگەی هەڵبژاردنی ئازاد، بۆ دیاریکردنی سیستمێکی دیموکراتیکی دەکردەوە. ئەگەر ئەمڕۆ ئێران رووبەڕووی ماڵوێرانکەرترین شەڕ بووە و دەبێ لە نێو دووکەڵی بارووت و هەژاری و سەرکوت و بێدەنگکردندا، پێشوازی لە نەورۆز بکات، تاوانباری سەرەکی، ئەو سیستمە دەسەڵاتدارەیە، کە ڕێکاری سەربازی و سەرکوتی بۆ مانەوەی خۆی، بە نرخی لەنێوبردنی ژیانی ئازادی گەلان هەڵبژاردووە. دەبێ ئەم نەورۆزە، ببێتە دادگایەکی مێژوویی بۆ سزادانی ئەو تاوانبار و دەسەڵاتخوازە خوێنڕێژانەی، کە دەیان کۆمەڵکوژییان ئەنجامداوە، کە دوایینیان لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا بوو.
سەدەیەکە گەلی کورد، هەموو ساڵێک لەژێر ستەم و زوڵمی سیستمی دەسەڵاتدار لە ئێران ژیان تێپەڕ دەکات. رژیمی ئێستا ئامادەیە تەسلیمی شەڕ و وێرانکاری و لەنێوچوون بێت، بەڵام بۆ ساتێک ئازادی و دیموکراسی بۆ گەلەکەمان قبووڵ نەکات. لە دۆخێکی وەهادا، نەتەوەیەک کە بە مێژوویەکی هەزاران ساڵە، لەگەڵ نەورۆز بە خەیاڵی ئازادی ژیاوە، دەبێت تێکۆشانە دیموکراتیکەکان، لەم دەرفەتی ئێستادا، بە پشتبەستن بە ئیرادەی خۆی بگەیەنێتە لووتکە. بزووتنەوەی ئازادیخوازییمان و هەروەها گەلەکەمان لە هەموو رۆژهەڵاتی کوردستان ،هاوشانی گەلانی دیکەی ئێران ئامادەی بەدیهێنانی ئەم شۆڕش و وەرچەرخانە مێژووییەن. ئەگەر خەڵک و نەتەوەکان بۆخۆیان لەم گۆڕانکارییە گەورەیەدا لە ئێرانی ئێستادا دەستێوەردان نەکەن، سیستمە سەردەستەکان جارێکی دیکە دەست لە چارەنووسیان وەردەدەن و ئەم دەرفەتەش بەفیڕۆ دەچێت. بۆیە رۆڵی گەلانی ئێران لە “نەورۆزی ئازادی”ی ئەمساڵدا، ڕۆڵێکی مێژوویی و یەکلاکەرەوەیە. پێویستە هێزی سەرەکیی ئەم شۆڕشە ژنان بن و ئاڵای پێشەنگایەتیی خۆیان بەرز بکەنەوە. ئازادیی ژنان، کۆمەڵگە و ژینگە، نەورۆزی ئەمساڵ دەکاتە ناوازەترین و مێژووییترین نەورۆز. ئێمە لە چرکەساتەکانی ڕوودانی شۆڕشێکداین کە ژنان کۆڵەکەی سەرەکیی دیاریکردنی داهاتووی ئازادی ئەم شۆڕشەن.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، وێڕای پیرۆزبایی جەژنی بەشکۆی نەورۆز و جەژنی ئازادیی ژنان لە گەلەکەمان و تەواوی گەلانی ژێردەست، لە بنەماڵەی شەهیدان، لە رێبەر ئاپۆ و هێزی فیدایی گەریلا، بانگهێشتی هەموان دەکات بۆ بەشداریی لە گۆڕەپانە پڕ لە جۆش و خرۆشەکانی نەورۆز. لەم قۆناغە پڕدەستکەوەتەی خەباتی گەلەکەماندا، یەکدڵی و یەکدەنگی و دوورکەوتنەوە لە هەڵوێستی پارچەگەرایی، زیاتر لە هەر شت لەگەڵ ڕۆحی نەورۆزدا دەگونجێت. یەکیەتیی گەلی کورد و هێزە سیاسییەکانی، مەرجی سەرکییە بۆ چوونە نێو مەیدانی خەبات و هەروەها پێوەری سەرەکیی ئازادبوونە لە ژێر چنگی ستەمی سەد ساڵە. فەلسەفەی ئێمە هێشتا “ژن، ژیان، ئازادی”یە و لەم رێگەیەدا، ئازادیی گەلی کورد، رێبەر ئاپۆ، گەلانی ژێردەستە و ئازادیی ژنان، پێکەوە گرێدراون. گۆرەپانەکانی نەورۆزی ئەمساڵ، گۆڕەپانی خولقاندنی ئیرادەیە بۆ رزگاریی یەکجارەیی لە ستەم، تواندنەوە، قڕکردن، شەڕ و وێرانکاری. رێگەی ئازادی بێگەڕانەوەیە و ئێران هەرگیز بۆ دۆخی ستەملێکراوی پێشوو ناگەڕێتەوە.
هەموو رۆژێکتان نەورۆز، نەورۆزتان پیرۆز!
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)
١٧ی مارسی ٢٠٢٦، بەرانبەر بە ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠٤