رۆژی جێهانی زمانی دایک
لێدوانی مەجلیسی پژاک
لە کاتێکدا ٢١ی فێوریە، رۆژی جیهانیی زمانی دایک بەرز رادەگرین، کە نەتەوەی کورد رووبەڕووی قڕکردنێکی بەردەوامی کلتوورییە و، لە ئەنجامی شەڕخوازەیی دەوڵەتە باڵادەستەکان لە هەر چواربەشی کوردستان، هەبوون و کلتووری نەتەوەی کورد لە ژێر هەڕەشەدایە. لەم دۆخەدا پاراستنی زمان و شوناسی نەتەوەیی کورد، بەشێکی دانەبڕاوە لە تێکۆشانی دیموکراتیک و ئازادیخوازیی نەتەوەکەمان، کە تا گەیشتن بە ئامانجەکان، بەگوڕ دەمێنێ و بەردەوام دەکات. ئاخاوتن و پەروەردە بە زمانی دایک لە هەموو ژیاندا، مافێکی بێ ئەملاولای مرۆڤە. تەنانەت لە نەبوونی هەر پەیمان و یاسایەکی نووسراویشدا، رەوایی خۆی هەیە، چونکە مافێکی سروشتی و دەست لێبەرنەدراوە. مخابن لە سەردەمێکداین، کە بە هۆی لەمپەر و ئاستەنگەکانی ژیانکردن بە زمانی دایکی و بۆ پاراستنی مافە زمانییەکان، تەنیا رۆژێک بەم بۆنەیەوە تەرخانکراوە. پارتییمان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، ئەم بۆنەیە پیرۆز دەکات و لەسەر بنەمای باوەڕیی خۆی، جەخت لە پێویستیی ژیان بە زمانی دایک دەکاتەوە.
سەد ساڵ زیاترە، قڕکردنی کلتووریی دژ بە گەلەکەمان بەڕێوە دەچێت و بەرخۆدان لە بەرانبەریشیدا، بە هەمان درێژاییە. تێکۆشان لەپێناو پاراستنی زمانی دایک بۆ کورد، وەک پاراستنی هەبوون و پووچەڵکردنەوەی سیاسەتی قڕکردنی کلتووری بەڕێوەچووە. دەوڵەتە باڵادەستەکانی هەر چواربەشی کوردستان، وەها سیاسەتی نکۆڵیکردنیان داڕشتبوو، کە لە سەدەی رابردوودا، کوردستان کرایە شوێنی شەڕێکی بەردەوام و کۆمەڵکوژیی بەربڵاو. لە ئێستاشدا شەڕی سێهەمی جیهانی، کە ناوەندەکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانە، بەردەام دەکا و ئەم دەوڵەتانە لە هەوڵی ئەوەدان، دوا قۆناغی شەڕە کۆمەڵکوژییەکانی خۆیان بەڕێوەببەن. نەخشەڕێگەی گەلەکەمان لە بەرانبەر ئەم هێرشە دڕندانە، دیموکراسییە لە بەرانبەر فاشیزم؛ کە ئەمڕۆ لەلایەن رێبەر ئاپۆ، بە شێوەیەکی ژیرانە، لە چوارچێوەی پرۆسەی «ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک»دا، سیمایەکی سیاسی و رێکخستنیی بەخۆوە گرتووە و بە رێکاری سیاسیی «ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک» داڕێژراوە. لەم پرۆسەیەدا، داواکاریی بەفەرمی ناسینی زمانی دایک بۆ گەلەکەمان و هەموو گەلانی دیکە، لە ئامانجە سەرەکییەکانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکە. ئەمە، ئەوپەڕی نەرمینواندنە لە بەرانبەر فاشیزمی توندڕە و شەڕخواز. گومانی تێدا نییە، هێزە نکۆڵییکارەکان بە هەڕەشەی شەڕ و تۆقاندن، هەروەها بە سیاسەتی نوێی قڕکردن، ناتوانن نەتەوەی کورد لە بەردەوامیی تێکۆشان پاشگەز و نائومێد بکەن.
ئەوەی لەم سەد ساڵەدا، نەتەوەکەمان کردویەتە بەشێک لە تێکۆشانی بەردەوامیی خۆی، بەرەنگاربوونەوەی شۆوێنیزمی کلتووری و سیاسییە، شۆوێنیزمێک کە بەرزترین ئاستی خۆیدا، پێشی لە بەکارهێنانی زمانی دایک کردووە و لە هەوڵی سڕینەوەی شوناسی گەلەکەماندایە. دوای تێپەڕبوونی سەد ساڵ لە جێگیرکردنی سیستمی دەوڵەت-نەتەوە، نەتەوەکەمان بە تێکۆشانی خۆی، هەموو سیاسەتە کۆمەڵکوژ و نکۆڵییکارەکانی پووچەڵ و رووبەڕووی تێچووی قورسی کردەوە. گەلەکەمان، لەم پێناوەدا دەستکەوتی زۆر بەنرخی بەدەستهێناوە و زمانی کوردیی، وەک پێویستییەکی مێژوویی پاراستووە. بێگومان ئەمە بەواتای ئەوە نییە، مەترسییەکان بە تەواوی کۆتاییان هاتووە، بەڵکو پێویستە، تێکۆشانی کلتووریی نەتەوەکەمان ئاوێتەی تێکۆشانی سیاسی بکرێ، بۆ ئەوەی ئامانجی ئازادیخوازانەی خۆی بپێکێت. گەیشتن بە مافە سیاسییەکان، بنەمایەکی بنەڕەتییە بۆ مسۆگەربوونی مافە کلتووری و زمانییەکانی نەتەوەی کورد. لە ئێستاشدا، حکومەتی ئێران و تورکیا وەک دوو سیستمی نکۆڵییکاری کلتووریی و زمانیی، وەرچەرخانێکی مێژوویی دەرگای پێگرتوون، پێویستە رێکارێکی نوێ دەست پێ بکات و مافە سیاسی و کلتوورییەکانی کورد، بە فەرمی بناسرێن و گەلەکەمان هاوکات لەگەڵ گەلانی دیکە، لە داڕشتنەوەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بگەنە ستاتۆی سیاسی.
دوای شۆڕشی ساڵی ٥٧ لە ئێران، مافەکانی کورد، بەتایبەت مافی ژیان و خوێندن و بەکارهێنانی زمانی دایکی نکۆڵی لێکرا. بەشێکی بەرچاو و گرنگی وزەی نەتەوەکەمان، کە دەبوو خزمەتی پێشکەوتنەکانی دیکەی بکردایە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتی نکۆڵیی بەکار هێنرا. گەلەکەمان لە رێگەی رێکخراو و ناوەندە مەدەنی و کلتوورییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، خەباتی گرنگیان بۆ پەروەردە، گەشەپێدان و پاراستنی زمانی کوردی بەڕێوەبرد و لە رێگەی پەروەردەی نافەرمی و پێشخستنی بەرهەمە زمانی و کلتوورییەکان، تێکۆشان و بەگژداچوونەوە بەرانبەر نکۆڵیکردنیان، ئەنجام دا. ئێمە، ئەم چالاکییانە بە تێکۆشانی بەنرخی کلتووریی دەزانین و رێزی لێ دەگرین. لە ئەنجامی ئەم خەبات و تێکۆشانانەی نەتەوەی کوردە، کە ئەمڕۆ زمانەکەمان پارێزراوە.
لەم هەلومەرج و دەرفەتەی کە پێی گەیشتووین، سیاسەتی رێگری لە پەرەوەردە بە زمامی دایک، لەلایەن دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان، کە لەسەر بنەمای پارادایمێکی شۆوێنیستی؛ کە یەک زمان، یەک نەتەوە، یەک کلتوور، یەک مێژوو و یەک ئاڵا دەسەپێنێت، چیتر توانای کۆنتۆڵکردنی شەپۆلی تێکۆشانی کورد نەماوە. سیستمی دەوڵەت-نەتەوەی پشتئەستوور بە ئیدیۆلۆژیی نەتەوەپەرەستیی سەرەتایی، چیتر بۆ تواندنەوەی کورد، کەڵکی نەماوە. ئیتر کوردەکان لە پردی سیڕاتی قڕکردنی کلتووری پەڕیونەتەوە و گەیشتوونەتە قۆناغی جێگیرکردنی مافە سیاسی و کولتوورییەکانی خۆیان. ئەمڕۆ هەوڵ و تێکۆشانی نەتەوەکەمان لەو ئاراستەدایە، کە بە جێگیربوونی مافەکان لە دەستوورە بنەڕەتییەکاندا، ببن بە پرەنسیپی یاسایی و قۆناغی سیاسی بەفەرمی بەدی بهێنن. پەروەردە بە زمانی دایکیش، یەکێک لەو خاڵە یاسایی و پرەنسیپە دەستلێبەرنەدراوانەیە، کە جێگەی مشتومڕ نییە. دروستبوونی جیهانێکی دیموکراتیک، بە بێ مافی پەروەردە بە زمانی دایک مەحاڵ و بێبەشکردنی کورد لە مافی پەروەردە بە زمانی دایک لەسەر بنەمای سیاسەتی تواندنەوە، ئاماژەیە بە داڕمانیی مافە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان.
لە سۆنگەیەکی دیکەشەوە، گەشە و پەرەسەندنی زمانی کوردی و شێوەزارەکانی، بە پێشخستنی رێکار و سیاسەتگەلێک بەدی دێت کە، بنەما و پێوەرەکانی فرەچەشنی و فرە کلتووری قبوڵ بکات. باوەڕیی قووڵی پارتی و رێکخستنمان ئەوەیە، کە ئەم بابەتە لە نێوخۆی کۆمەڵگەی کوردیشدا، راستە و دەبێت هەموو زاراوەکانی زمانی کوردی، لە ئاستێکدا مافدار بن. سروشت و جەوهەری کوردستان تایبەتمەندیی جیاوازی هەیە و پێویستە ئەم تایبەتمەندییانە لە هەموو بوارەکاندا بایەخی پێ بدرێت . کوردستان، گوڵستانی هەمەڕنگی و فرەیی ناوخۆییە، هەر جۆرە پلانێک بۆ زمانی دایک لە هەر شوێنێک کە نەتەوەی کوردی تێیدا دەژیت، دەبێ بە گوێرەی جیاوازی و تایبەتمەندییەکانی ئەو ناوچەیە بێت. زمانی کوردی بۆ نەتەوەکەمان یەکێک لە رەهەندە بنەڕەتییەکانی هەبوونە کە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی بەرفراوان لە ئاستی جیهانییدا، حکومەتە باڵادەستەکان لە کوردستاندا، نکۆڵی لێ دەکەن و هێزە هێژمونگەرا نێودەوڵەتییەکانیش پشتیوانیان لەو سیاسەتە کردووە.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، وێڕای پیرۆزبایی رۆژی جیهانیی زمانی دایک لە هەموو نەتەوە چەوساوەکان، بەتایبەت نەتەوەی کورد، داوا لە نەتەوەکەمان دەکات، بۆ پاراستنی زمانی کوردی تێکۆشانی خۆیان بگەیەننە لووتکە. پێویستە هەر ماڵ و هەموو شوێنێک ببێتە خوێندنگەی پەروەردە و پاراستنی زمانی کوردی. پەروەردە بە شێوەزارەکانی؛ سۆرانی، کرمانجی، کوردیی خوارین، هەورامی، لەکی و شێوەزار و زاراوەکانی دیکە، لە پێویستییەکانی سەرکەوتن و گەیشتنی کۆمەڵگەکەمانە بە ئازادی. ئەمە تاکە رێگەی رزگاربوون لە چەوسانەوەی نەتەوەیی و کلتوورییە. ئاخاوتن بە زمانی دایک، ئەرکێکی حاشاهەڵنەگری تاک بە تاکی ئێمەیە، بە پاراستنی زمانی کوردی دەتوانین پەرە نە مافە کلتوورییەکان بدەین و هاوکات بیانپارێزین . پاراستنی زمانی کوردی، بەشێک لە ئازادییەکانی ئێمەیە. بژی کۆمەڵگەی ئازاد.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک
١ی رەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی