كۆردیناسیۆنی كۆمەڵگەی جەوانانی رۆژهەڵاتی كوردستان “كەجەرە”
ئەو میراتە مێژووییەی کە شۆڕشی کوردستان پشتی پێ دەبەستێت، ئەمڕۆ لە شۆڕشی کوردستاندا بە دوو شێوە بوونی هەیە. یەکەمیان، مێژووی بەرخۆدانی گەلی کوردە؛ کە لەناو مەرجە دەوڵەمەندە کولتوورییەکانی مرۆڤایەتیدا، لە ئەنجامی تێکۆشان بە ڕێگای ئازایەتی و مێرخاسییەکی کوردانە دروست بووە. دووەمیشیان، مێژووی چینی دەسەڵاتدارە کە لەسەر بنەمای زوڵم و زۆرداری بەرامبەر گەل، و خزمەتکاری و کۆیلایەتی بۆ داگیرکەری دەرەکی دروست بووە. ئەمڕۆ ئەوانەی وەک هەلپەرست، ترسنۆک، ساختەکار و خاین بە نەتەوە دەردەکەون، وەک مرۆڤێکی پیس کە لە هەموو نرخە مرۆییەکان و وڵاتپارێزی دوورکەوتوونەتەوە و بوونەتە پاشماوەیەکی مێژوویی (فۆسیل)، دێنە پێشمان. ئێمە چەندە خاوەندارێتی لە مێژووی گەل بکەین و بیکەینە هەوێنی تێکۆشانمان، ئەوەندە دەتوانین مێژووی چینە دەسەڵاتدارەکان بسڕینەوە. هەرچەندە سەربەخۆییەکی تەواو دروست نەبووبێت، بەڵام هیچ شتێک لە گەورەیی و نرخی گەلان کەم نەبووەتەوە. ئەگەر ئەمڕۆ مرۆڤایەتی بە پێشەنگایەتیی سۆسیالیزم بەرەو کۆمەڵگەی بێچین و تێکۆشانی ڕەگەزی بڕوات، لەوێدا ڕۆڵ و پێگەی بەرخۆدانی بێژماری ئەو گەلانەی کە تەنانەت ناویان لە مێژوودا نییە، گەورە و جێی شانازین.
لە مێژوودا زۆر بەرخۆدانی گەورە دروست بوون، وەک: ١٨٣١-٣٦ ڕەواندز، ١٨٤٢-٤٨ بەدرخان بەگ، ١٨٥٦ یەزدانشێر، ١٨٧٩ بەدرخانییەکان، ١٨٨١ شێخ عوبەیدوڵا، ١٩١٩ کۆچگری، ١٩٢٥ شێخ سەعیدی پیران، ١٩٣٠ ئاگری، ١٩٣٨ دەرسیم و ١٩٤٦ قازی محەمەد و هتد. ئەو بەرخۆدانانە ڕێگەی شۆڕشی کوردستانمان نیشان دەدەن کە گەلی ئێمە لە پێناویدا خوێنێکی زۆری ڕشتووە و داگیرکاریی بەو ئاسانییە هەزم نەکردووە. لەناو لاپەڕەکانی ئەم مێژوویەدا، دەبینین کە پڕە لە بەرخۆدانی ژن و گەنج. لە کاتی گورزلێدانی سیستەمی پیاوسالاری و دەسەڵاتە کوژەرەکان لەسەر کۆمەڵایەتیبوونی کۆمەڵگە و ژن بگرە تا دەگاتە ڕۆژی ئەمڕۆمان، ژن و گەنج بەرامبەر ئەو گورزانە جەنگاون، بەرخۆدانیان کردووە و بۆ ئازادی تێکۆشاون. بۆ کۆبوونەوەی ئەو بەرخۆدانانە، ڕاستی تێکۆشانێکی بێوێنەی کۆمەڵگە و بەتایبەتی گەنجان دەبینەوە.
ئەو تێکۆشانەی ئێستا لە لایەن ژنان و گەنجانەوە لە گشت ئێران و ڕۆژهەڵاتدا بەڕێوە دەچێت، بەردەوامیی ئەو میراتەیە. لە مێژوودا چەندە چالاکی و هێزی گەنجان پێشێل کرابێت و هێرشی کرابێتە سەر، ئەوەندەش گەنج بەپێی کارەکتەر و ڕوحی گەنجێتی ڕانەوەستاوە؛ ماندوونهناسه و ئارەزووی ئازادی هەیە و لە تێکۆشان دەستی هەڵنەگرتووە. لەبیرمان نەچێت کە ئەم بەرخۆدانییە خاوەن مێژوویەکی کۆنە، هەر بۆیە بە ناسین و باوەڕکردن بە مێژووی ئەم بەرخۆدانە دەست پێ دەکات و دواتر بە تێکۆشان و باوەڕبەخۆبوونی گەنجان و هێزێکی ڕێکخراو، شۆڕش دەکرێت. ئەوە بە باشی دەزانرێت کە گەر کارەکتەر و ڕوحی گەنج بیەوێت، دەتوانێت لە هەر بوارێکدا سەرکەوێت؛ ئەو سەرهەڵدانانەی پێش دەکەون ئەوەمان باش بۆ دەسەلمێنن. گەنجان و ژنانی گەنجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە هێز و تێکۆشانی خۆیان بەرامبەر دەوڵەتی ئێران وەستانەوە. دەوڵەتی ئێران نەیانتوانیوە و ناتوانێت بەرامبەر هێزی یەکگرتووی ژنانی گەنج ڕابوەستێت. ژن و گەنج هەموو مەترسییەکانیان قبووڵ کرد و بە بوێری بۆ شۆڕش و ژیانێکی ئازاد ڕووبەڕووی دوژمن بوونەوە. نە ئەشکەنجە و نە کوشتن و سێدارە، هیچ کامیان نەیتوانی ئیرادەی ئەوان بشکێنێت و بیانترسێنێت.
ئێمە بەرامبەر چ سیستەمێک و چ کەسانێک شۆڕش دەکەین؟
سیستەمی مۆدێرنیتەی کاپیتالیزم، سیستەمێکی دز، دەستدرێژکار و فێڵبازە. دوای ئەوەی کە ئەم سیستەمە دەستی بەسەر هەر شوێن و هەر شتێکدا گرت، چاوەڕوان بوو کۆمەڵگە تەواو بەپێی خواست و ویستی ئەو بڕواتە پێش. یەکدەستکردنی کۆمەڵگەی کردە ئامانجی سەرەکیی خۆی. ڕیشەی ئایدیۆلۆژیی سیستەمی مۆدێرنیتەی کاپیتالیزم “لیبڕالیزم”ـە. کۆمەڵگەیەک کە تاکپەرستی تێیدا زاڵ بێت، کۆمەڵگە لە واتای ڕاستەقینەی خۆی دوور دەخاتەوە. یەکێکی تر لە ئامانجەکانی ئەم سیستەمە، پێشخستنی قەیرانە؛ قەیرانی کۆمەڵایەتی، ژینگەیی، ئابووری، چاندی و فکری لە ئامانجەکانی ئەو سیستەمەن. بە دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوە، مافی خۆبەڕێوەبەریی لە کۆمەڵگە ستاند. لەناوبردنی کۆمەڵگەی ئازاد و یەکسان کە پشتئەستوورە بە جیاوازییەکان، کردە ئامانج. ڕێبەر ئاپۆ کاپیتالیزم وەک نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتی ناو دەبات کە بە شێوەی سەرمایە زۆر زیادی کردووە. کۆمەڵگەیەک کە بە هەموو هێز و فکری خۆی، لەناو دەستی سەرمایەداریدا دەمێنێتەوە، لە ڕاستیدا هەبوونی خۆی پێشکەشی ئەو سیستەمە دەکات.
ئامانجێکی تری سیستەمی کاپیتالیزم ئەوەیە کە مێژوویەکی نوێ لە کۆیلایەتی بۆ مرۆڤەکان دەنووسێتەوە؛ کۆیلایەتییەک کە ئیتر پێویستی بە زنجیر و زۆر نەبێت، بەڵکوو بە نیشاندانی دنیایەکی خەیاڵی، کۆیلایەتی دەکاتە ئارەزوو و ویستی هەر مرۆڤێک. کاریگەریی ئەم سیستەمە لەسەر گەل بە شێوەیەکە کە هەر کەس ڕادەکات بەڵام نازانێت بۆچی ڕادەکات و پێشبڕکێیەکی ناتەندروست هەڵگیرساوە. ئەوانەی هەرە زۆر لەژێر باری زەخت و زۆریدا دەمێننەوە ژن و گەنجن. ڕێکارە قیزەونەکانی سیستەمی کاپیتالیزم لای هەمووان ڕوون بووەتەوە، چونکە دەستکردەکەی (واتە دەوڵەت-نەتەوەی وەک ڕژێمی داگیرکەری ئێران) ساڵانێکی درێژە بۆ کپکردن و بێدەنگکردنی گەنجان ئەو ڕێکارانە بەکار دەهێنێت؛ وەک بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان، گیرۆدەبوون بە یارییە کۆمپیوتەرییەکان، بێڕەوشتی، زیندان، ئەشکەنجە و سێدارە. هەموو ئەم زۆردارییانە بۆ چەسپاندنی حاکمییەتی خۆی و بەردەوامیی دەسەڵاتدارێتییەتی. بەڵام با لە یادمان نەچێت کە گەنجان بەردەوام خاوەن ڕوحی سەرهەڵدەرن و زوڵم و زۆر قبووڵ ناکەن. ئەوە لە ناخ و کارەکتەری گەنجدایە کە بە وزەی خۆی و ئاواتی ژیانێکی ئازاد، سەر دانەنەوێنێت. سیستەمی پیرسالاری قبووڵ ناکات و بەرامبەری ڕادەوەستێت. ئەم هەڵوێستانە ترسێکی گەورەیان خستە دڵی دەوڵەت-نەتەوەکانەوە، کە تەمەنیان وەک خەیاڵیان دەکرد درێژ نییە و کۆتاییان دێت.
دنیای مۆدێرنیتەی کاپیتالیزم دنیایەکی بێ ئیرادەی ئازاد، بێ ڕوح، بێ مەعنەویات و پڕ لە مادیاتە. دوای شۆڕش و سەرهەڵدانی ١٩٦٨ ئەوە ئاشکرا بوو کە گەنج بە مادیات هەڵناخەڵەتێنرێت؛ مادیات ئیتر ناتوانێت ببێتە وەڵامی گەنجان. تێکۆشان و هەوڵدانێکی زۆر لە مێژوودا بۆ تێکبردنی ئەو سیستەمە دروست بوو، بەڵام هیچ کامیان نەیانتوانی ببنە وەڵامی ڕاستەقینە. ساڵی ١٩٦٨، شاری پاریسی فەرەنسا؛ ئەوەی دەبیسترا دەنگ و چالاکیی گەنجان بوو کە بووە یەکەمین هەوێنی سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی گەنجان بۆ گشت جیهان. ئەوەی مەحکووم دەکرا دوو بلۆکی سۆڤیەت و ئەمریکا بوو. سیستەمی مۆدێرنیتەی کاپیتالیزم زۆر زوو بە خۆیدا هاتەوە و بە شێواز و ڕێبازی خەڵەتاندن و بەلارێدابردن، گەنجانی لەناو خۆیدا تواندەوە. ئەوە ڕاستییەکە کە ئەگەر گەنج خاوەن ناسنامە و فکر بێت، دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر سیستەمی کاپیتالیزم. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە سیستەمی سۆڤیەتیش ژن و گەنجانی بۆ گرنگ نەبوو و پشتیوانیی لێ نەدەکردن؛ ئەمەش بووە یەکێک لە هۆکارەکانی زوو پیربوون و لەناوچوونی. ئەو دەرکەوتن و سەرهەڵدانانە بۆ یەکەم جار بوو کە گەنجان بەو شێوەیە پێشەنگایەتیی کۆمەڵگەیان دەکرد و کاریگەرییان لەسەر ئاستی جیهانی دانا. ئەو لاوازییانەی ئەو کات نەیانهێشت سەرهەڵدانی گەنجان بەرەو شۆڕش و گۆڕانکاریی بنەڕەتی بچێت، بریتی بوون لە: نەبوونی ڕێکخستنی پتەو و ستراتیژی درێژخایەن لەسەر بنەمای سۆسیالیزم و کۆمەڵگەی دیمۆکراتیک. کەموکورتیی ئەو خاڵانە بووە هۆکاری ئەوەی نەتوانن ببنە جێگرەوەی سیستەمی دەسەڵاتداری چەپ و ڕاستی سەرمایەدار. “چێگوارا” ببووە پێشەنگێکی شۆڕشگێڕ؛ لایان وابوو کە ئەو نوێنەرایەتیی سۆسیالیزمی ڕاستەقینە دەکات. ئەو دروشمەی بەرز دەکرایەوە وەها بوو: “ئەگەر ئێمە نەیکەین، ئەی کێ بیکات؟ ئەگەر ئێستا نەیکەین، ئەی کەنگێ بیکەین؟” هەر بۆیە کاریگەریی خۆی لەسەر گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەنجانی کورد دروست کردبوو.
ڕێبەر ئاپۆ وەک زۆربەی گەنجانی ئەو سەردەمە کە لە زانکۆکاندا دەیانخوێند، بەو سەرهەڵدانە کاریگەر بوون؛ ئەوەی ئەوان لێی تێگەیشتن ئەوە بوو کە بە ڕوح و هێزی گەنجییەوە دەتوانن دونیا بگۆڕن و ببنە سەرەتایەک بۆ ئاواکردنی سەردەمێکی نوێ. داگیرکەران لە ڕێگای زیندانیکردنی بیری ئازاد ویستیان هێزی خۆیان نیشان بدەن، بەڵام ئەوەی بیری ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ سەلماندی، شکاندنی قوفڵ و زنجیرە ڕزیوەکانی دواکەوتوویی بوو. هەر ئەوەش وا دەکات بڵێین شەپۆلی سەرهەڵدانی گەنجانی ٦٨ لە سەردەمی ئێستادا دیسانەوە لە دنیادا بە پێشەنگایەتیی تەڤگەری ئازادیخوازی ئاپۆیی بەڕێوەیە و سەرکەوتن مسۆگەر دەکات. بووە سەرەتایەک کە شەپۆلی ژیانەوەی ئاوا کرد. وەک هەمیشە، زۆرن ئەوانەی لەگەڵ شەپۆلەکاندا تا کۆتایی ناڕۆن و زوو دەکەون، بەڵام تەنیا ئەوانەی دەتوانن ژیانی نوێ بخولقێنن کە لە ڕوحی ئەو شەپۆلانە تێدەگەن و تێیدا دەژین؛ ئەوان دەبنە سەرچاوەی هێز و وزە. کاتێک شەپۆلی سەرهەڵدانی گەنجان دنیای هەژاند، ڕوحی گەنجی بەهێزتر کرد. ڕێبەر ئاپۆش یەکێک لە ئەو گەنجانە بوو کە بڕوای بە خەیاڵەکانی هەبوو و لە ژیاندا ژیاندنییەوە؛ ژیاندنەوەیەک کە بووە ڕووناکی بۆ گەلی کورد و گەلانی بندەست.
ئێمە وەک گەنجان لەناو شۆڕشدا ڕووبەڕووی چی دەبینەوە و چ بەرپرسیارێتییەکمان هەیە؟
تەنیا چاوەڕوانبوون بۆ ئەوەی ڕۆژێک بێت یان کەسانێک بێن ببنە ڕزگارکەری ژیانمان، نابێتە وەڵام. ئەی بۆ خۆمان نەبینە ڕزگارکەر و فەریادرەس؟ لە مرۆڤدا گەنجی سەرچاوەی هەمەلایەنەی هێزە؛ ئەو هێزەی دەتوانێت ژیان ئاوا بکات و بە جوانترین شێوە ژیانەوە پێک بێنێت. هێزێک کە ئەگەر بە ڕاستی بناسرێت و لە گەوهەری خۆی زانا بێتەوە و بەپێی پێوەرەکانی مرۆڤبوون هەڵسوکەوت بکات، دەتوانێت ژیان بخولقێنێت. ئەگەر پێچەوانەی ئەم تایبەتمەندییانە بێت، ڕەقبوونی مرۆڤ و مردنی مرۆڤایەتی دێتە کایەوە. هێزی گەنجی دەتوانێت لە حەقیقەت نزیک بێتەوە و هێزی فکر، گوتار و کردەوە لە یەک کاتدا پێک بێنێت. واتە لە گەنجیدا کڕوزانەوە، خەفەت، نائومێدی و خۆزگەخوازی لە دژی جەوهەری گەنجبوونە؛ بەڵکوو جۆش و خرۆش، هیوا، متمانەبەخۆبوون و تێکۆشان لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی گەنجن و بەم تایبەتمەندییانەوە دەتوانێت بگاتە ئامانجەکانی. بە خەفەت و “ناکرێت و نابێت” ژیان بەسەر ناچێت و تەنیا خۆخافڵاندنە. بە هەوڵدان و تێکۆشانی بوێرانە و ماندوونەناسانە بە ئامانجەکان دەگەیت. لە گەنجدا خەیاڵ و ئاوات دەبنە هێز بۆ گەیشتن و پێکهێنان، نابنە مایەی خەم و کڕوزانەوە. هەر ئەم تایبەتمەندییانە وای لە مرۆڤایەتی کردووە کە هەمیشە لە نوێبوونەوەدا بێت؛ بۆ ئەم نوێبوونەوەیەش گەنج هەمیشە پێشەنگایەتیی کۆمەڵگەی کردووە.
قۆناغی شۆڕش ئەو قۆناغەیە کە دەمامکەکان فڕێ دەدات و ڕووی ڕاستەقینەی تاک، لایەن، حیزب و دەوڵەتەکان ئاشکرا دەکات. هەر کەس لە گۆڕەپانی تێکۆشان و شۆڕشدا چالاکانە کار بکات و خزمەتکردن بە کۆمەڵگە ئامانجی سەرەکیی بێت، سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت. داگیرکەری ئێران بەردەوام بۆ لەناوبردنی هێزی شۆڕش بە شێوەیەکی بێڕەوشتانە و دژەمرۆڤانە دەجووڵێتەوە. بابەتی بێهیواییکردن؛ یەکێکە لە ئەو ئامرازانەی کە سیستەمی داگیرکەری ئێران بەرامبەر ئازادیخوازان و گەنجان زۆر بەکاری دەهێنێت. شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” کە دەستی پێکرد، لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و لە هەر شوێنێکی ئێران و ڕۆژهەڵات، سەرهەڵدان و دەنگی گەلان بەرز بووەوە و پێکەوە هاواری ئازادییان کرد. زۆر گەنج و ژن لەم ڕێگایەدا شەهید بوون و هەمیشە دەبنە هێز و ورە بۆمان، بەڵام داگیرکەری ئێران وای نیشان دەدات کە دەستکەوتەکانی ئەم شۆڕشەی پووچەڵ کردووەتەوە. ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە لە بواری هزری و پێشکەوتندا گۆڕانکاریی زۆر بەهێز لەناو کۆمەڵگەدا دروست بوو؛ بۆ نموونە: قووڵتر ناسینی ژن و مافەکانی، ژیانی بەکۆمەڵ و ناسینی هێزی کۆمەڵگە، نەترسی و بوێری، چیتر قبووڵنەکردنی دەسەڵاتی دوژمن، ناسینی ڕاستی دوژمن و دۆزینەوەی وەڵامی ئەوەی دوژمن کێیە و دەبێت بەرامبەری چی بکرێت.
بێگومان دیسان بۆ پووچەڵکردنی کاریگەرییەکانی شۆڕش، داگیرکەری ئێران بە کوشتنی ژنان، بە سێدارەدانی گەنجان و ژنان، زیادبوونی گرتنی سیاسیی ژنان، بە ئامانجگرتنی پێشەنگانی سەرهەڵدان و ئیرادەشکاندن، هەوڵ دەدات حاکمییەتی شکێنراوی خۆی دیسان بەدەست بهێنێتەوە. ڕێگای دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێی بەکار هێنا و لەم ساڵانەی کۆتاییشدا بە سیاسەتی قێزەونی هەژارکردن و برسی هێشتن، کۆمەڵگەی بەرەو قەیرانی قووڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی برد. زهنیەت و ڕوانگەی تەسک و دژەشۆڕش، توانای پێناسەکردنی قۆناغی “ژن ژیان ئازادی” نییە؛ ئەو قۆناغە بە تێکچوو دەزانێت و هەوڵی بڵاوکردنەوەی ڕوحیەتی شکست دەدات. بێگومان دەبوو دەستکەوتەکانی قۆناغی “ژن ژیان ئازادی” زۆر زیاتر ببان و ئەو توانا و ماتەوزەیەی هەبوو تا ڕۆژی ئەمڕۆ بەرهەمی زۆرتری هەبێت. ئایا ئەو کردارانەی ڕژێمی سێدارەی ئێران توانی خواستی ئازادیی گەل تێک بشکێنێت و کۆمەڵگە بکاتە کۆیلە و ئامراز بۆ خۆی؟ سەرهەڵدانی گەلانی ئێران لە زستانی ١٤٠٤ی هەتاوی و دەستپێکی ساڵی ٢٠٢٦ی زایینی، ئەو ڕاستییەی نیشان دا کە تەنیا ڕێگای سیستەمی ئێران دیموکراتیزەبوون و هەڵبژاردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتە. ئەو سەرهەڵدانانە نیشانیان دا کە ژیلەمۆی “ژن ژیان ئازادی” قەت ناکوژێتەوە و دیسان داگیرسایەوە.
ڕژێمی داگیرکەری ئێران خۆی وەک هێزێک کە تێک ناچێت دەبینی، بەڵام ڕووبەڕووی بەرخۆدانی و خۆپاراستنی گەل بووەوە. دۆزینەوەی هێز و توانای جەوهەری و سروشتییانەی کۆمەڵگەکان لە خۆپاراستندا، کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی گەیاندە ئەو توانا سروشتییەی بەرگری لە خۆکردن کە بە توانای خۆی باوەڕ دەکات و ئیتر چاو لە دەستی هیچ هێزێکی دەرەکیی بەرژەوەندیخواز نابێت. هەڵبەت کاتێک باس لە توانای خۆپاراستن دەکەین، باس لە تواناکانی کۆمەڵگە هەم لە بواری هزری و هەم لە کردەوەدا دەکەین. ئەوە یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی هەر گەنجێکە کە لە مافی خۆپاراستن کەڵک وەربگرێت.
پێویستە ستراتیژیی قۆناغ دیار بکرێت و بەپێی ئەو ستراتیژییە خۆڕێکخستن بکرێت و ئەرک و بەرپرسیارێتی لەناو تاکەکانی کۆمەڵگەدا دابەش بکرێت؛ هەروەها شێوازی تێکۆشانێکی هەمەلایەنە لە لایەن کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو و هێزە پێشڕەوەکانی کۆمەڵگە (بە تایبەت ژنان و گەنجان) دەستنیشان بکرێت. کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو بەپێی ئامانجێک کە دیاریی کردووە، بەرپرسیارێتیی قۆناغ هەڵدەگرێتە ئەستۆ و هەنگاو بە هەنگاو ئەرکەکان دابەش دەکات. بەرپرسیاری ڕێکخستنی کۆمەڵگە گەنجانن؛ ئەوە گەنجانن کە بەرپرسیارێتیی دژوارترین و زەحمەتترین قۆناغەکان دەگرنە ئەستۆ. لە ڕێکخستنی کۆڵانەکانەوە بگرە تا قوتابخانە و زانکۆکان، لە کرێکارانەوە تا ڕێکخراوە مەدەنی و ژینگەپارێزییەکان، هەروەها دایکان و تەنانەت منداڵانیش نابێت لە دەرەوەی ڕێکخستن بهێڵرێنەوە. زۆر جار لە کاتی دەسپێکردنی سەرهەڵدان و شۆڕش لە ئێران و ڕۆژهەڵاتدا، گەل و بەتایبەت گەنجان چاوەڕوانی جووڵەیەکی دەسپێکن تا ئەوان ببنە دووەم، بەڵام لێرەدا بۆ ئێمە کەسایەتی یەکەم کە بەرپرسیارێتیی شۆڕش هەڵدەگرێت و دەبێتە پێشەنگ و ڕێوەبەر، گرنگە.
کۆمەڵگە و بەتایبەتی گەنجان دەبێت لەسەر ئامانجی شۆڕش ڕوون بکرێنەوە و پەروەردە بکرێن. ئاستی خۆناسین و ناسینی دوژمن دەبێت بەرز ببێتەوە و بزانرێت کە هێزی کۆمەڵگە لە خۆناسیندایە. بەپێی ساڵانێکی درێژی بندەستی، چەوسانەوە و نکۆڵیکردن، ئاستی خۆناسین لاوازە و هەر ئەوەش هۆکارە بۆ بێبڕوابوون بە هێزی خۆ و هەستکردن بە لاوازی لە بەرامبەر دوژمندا و چاوەڕوانیکردنی هێزە دەرەکییەکان. کۆمەڵگەیەک کە خۆی بناسێت، پێداویستییەکانی خۆیشی دەناسێت و دەزانێت بە کام شێوە و ڕێباز دەتوانێت پێیان بگات. کۆمەڵگە دەگاتە ئەو ئاستەی کە خۆی بەڕێوە ببات و لە دەزگا دەوڵەتییەکان و سیستەمی بیرۆکراسی بێمنەت بێت؛ دەتوانێت کێشەکانی چارەسەر بکات و لە بواری ئابوورییەوە پشت بە خۆی و سەرچاوە سروشتییەکانی خۆی ببەستێت.
ڕێبەر ئاپۆ دوای ٢٧ ساڵ گۆشەگیری و ئەشکەنجە لە ئیمرالی، یەکەم شتێک کە پێی ڕاگەیاندین ئەوە بوو کە: “من وەک سۆسیالیستێک ژیان دەکەم.” ئەمە بۆ ئێمەی گەنج دەبێتە پرسیار کە لەم قۆناغە هەستیارەدا چەندە ژیانێکی سۆسیالیستانەمان هەیە. ژیان و فکری سۆسیالیزمە کە دەتوانێت ڕوحی گەنجانی ئاپۆیی زیندوو ڕاگرێت. لە مێژوودا سۆسیالیزمی ڕاستەقینە (ڕیاڵ) بنکەوت، بەڵام لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا ڕێبەر ئاپۆ بە شێوازی فکر، تێکۆشان و ژیانی خۆی پێی سەلماندین کە سۆسیالیزمی حەقیقی چۆن دەبێت بژین. باشترین بابەتی لێکۆڵینەوە و خۆقووڵکردنەوە بۆ بوون بە گەنجێکی سۆسیالیستی ئاپۆیی، لەناو کتێبەکانی ڕێبەر ئاپۆدا دەبینرێت. لای ڕێبەر ئاپۆ ئایدیۆلۆژی، فەلسەفە، تیۆری، ستراتیژی و تاکتیک هەموو وەک دەریایەکی قووڵن. بە بانگی ڕێبەر ئاپۆ بۆ کۆمەڵگەیەکی دیمۆکراتیک و ئاشتی، ئێمەی گەنج بانگهێشت کراین کە پێویستە خۆمان لە هەر شوێنێک ڕێک بخەین. دەبێت ئازادیی فیزیکیی ڕێبەر ئاپۆ لە زووترین کاتدا مسۆگەر بکەین و ئەو ئەرکە مێژووییەمان پێ سپێردراوە.
لە ڕاستی شۆڕشی کوردستان و ئێراندا و لەناو قووڵایی دڵ و بیرەوەریی گەلی کورد و گەلانی ئازادیخوازدا، شەهیدان بەرزترین پلە و پایەیان بەدەست هێناوە. بێگومان بەهای ئەو پێگەیەش دڵۆپە دڵۆپەی خوێنی پاکیان بووە کە بۆ سەوزبوونی داری ژیان بەخشیویانە. لە هەر چوار لای کوردستان، ئەوەی بەدی دەکرێت ڕەنجی هەمیشەیی شەهیدانە؛ ئێستا سەرانسەری ئێران بۆ ئازادی بە خوێنی شەهیدان ئاو دەدرێت. ئەمە لە هەمان کاتدا بەرپرسیارێتییەکە کە لە لایەن شەهیدانی ڕێگای ئازادییەوە پێمان سپێردراوە؛ شەهید سارا هۆگر، شەهید بیشەنگ، شەهید تۆڵهەڵدان، شەهید ویان هەڵۆ و شەهید ئاگر سەرهەڵدان کە بە ڕوحی گەنجانی ئاپۆیی تا نەفەسی کۆتایی ڕەنجیان دا و بە وشیارییەوە هەنگاویان بەرەو سەرخستنی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” نا. شەهیدانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی وەک حەدیس، سارینا، ژینا، کۆمار، سمکۆ و بە هەزاران شەهیدی ترمان لە ئێران و ڕۆژهەڵات، دەبنە ڕووناکیی ڕێمان و سوێند و پەیمانی خۆمان لەگەڵیان نوێ دەکەینەوە. ئێمە وەک گەنج، هێزی دینامیکی کۆمەڵگەکانین و پێشەنگی شۆڕشین؛ بێگومان ئەمە تەنیا پێناسەیەک نییە و دەبێت وەک گەنج خاوەندارێتیی تەواوی لێ بکەین و بەپێی ئەو پێناسەیە بەرپرسیارێتیی قۆناغەکە هەڵبگرین. بە دروشمی “دیسان ژن ژیان ئازادی” بەرەو سەرکەوتن دەڕۆین و ئازادی مسۆگەر دەکەین.