لێدوانی بریارگەی مۆکریانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان سەبارەت بە
گیانبەختکردنی کەسایەتی دیار و نیشتمانپەروەر قادر یونسپور
بە غەم و پژارەی زۆرەوە، شەوی جومعە ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی کۆچی هەتاوی کەسایەتی دیار و نیشتمانپەروەری شاری شنۆ؛ قادر یونسپوور لە لایەن چەند کەسێکەوە کرا بە ئامانج و بە شێوەیەکی دڵتەزێن گیانی بەخت کرد. بەم بۆنەیە پرسە و سەرەخؤشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی وڵاتپارێزی دەکەین کە ڕۆڵەیەکی ئەوەها بەنرخیان لەدەست دا. هەرچەند هەنووکە بەتواوی هەموو رەهەندەکانی ئەو جینایەتە روون و ئاشکراش نەبووە، بەڵام شێوازی رووداوەکە و لەهەمانکاتدا کەسایەتی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری کاک قادر یونسپور گومانەکان دەخاتە سەر هەبوونی دەستێکی نگریس لە پشت ئەو جینایەتەوە. دەستێک کە لەگەڵ بەها شۆڕشگەری و نیشتمانپەروەریەکان ناکۆکی قووڵی هەیە و کەسی گیانبەختکردوو هەڵگریان بوو.
کاک قادر یونسپور بەردەوام پەرۆشی دۆخی گەلەکەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەموو بەشەکانی کوردستان بوو و لەو بواریشدا هەوڵی بێوچانی دەدا. ئەو کەسایەتێکی چالاکی شاری خۆی و کوڕی بەنرخی شارەکەی بوو. هەموو شاری شنۆ شاهدی هەوڵەکانی ئەو لە ناو خەباتی مەدەنی دایە. ئەو شان بە شانی شەرڤانان ئازادیخواز بە ناسناوی “داروین ڕۆژهەڵاتی” لە کوبانی و دواتریش لە شەنگال شەڕ و تێکۆشانی کرد و لە هەر دوو شوینش دا بریندار بوو. ئەو بە خەباتی مەدەنی خۆی لەناو شار و بەم هەوڵە ئازادیخوازانەی خۆی لە ناو دڵی وڵاتپارێزان و دڵسۆزانی گەلی کورد جێگەیەکی تایبەتی گرتبوو. پێشوازی جەماوەری خەڵکی نیشتمانپەروەی شاری شنۆی سەربەرز لە رێوڕەسمی ناشتنیدا بە روونی گوزارە لەم راستیە دەکات، لەم بارەوە سپاسی هەموو خەڵکی دڵسۆز و نیشتمان پەروەری شاری شنۆ دەکەین کە لە ڕۆڵاکەی خۆیان خاوەن دەرکەوتن.
ئێمە وێڕای ئاماژە بە پێویستی بۆ بەدواچوون و ئاشکرا کردنی دەستە شاراوەکانی پشت ئەم جینایەتە، یاد و بیرەوەری کاک قادری یونسپور بەرز رادەگرین و هەوڵی پێکهێنانی خولیا و ئامانجە نیشتمانپەروەرییەکانی بەرزتر دەکەینەوە. لە کۆتاییشدا پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزی و هەموو دۆستانی و سەرجەم گەلی کورد، بەتایبەت هەرێمی موکریان و شاری شنۆ دەکەین. بێگومان ڕێگای وڵاتپارێزانەی هەڤاڵ قادر یونس پور بەردەوام دەبێت.
دووشەممە ١٧ سەرماوەزی ١٤٠٤
٠٨ دسامبری ٢٠٢٥
بڕیارگای موکریانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک