بۆ رای گشتی
لە ماوەی رابردوودا هێندێک فایلی دەنگی هاوسەرۆکی پارتیمان کە پانزدە ساڵ لەمەوبەر تۆمارکراون لە لایەن هێندێ کەسەوە بە ئامانجی تێکدەرانە و ئاڵۆزینانەوە بڵاوکراونەتەوە. ئەو فایلە دەنگانە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمانێک کە هێرشێکی زۆر بەربڵاوی ناڕەوا دەکرا سەر پارتیمان، لە کاتێکدا کە لە ناو خەباتێکی چڕوپڕ و هەمەلایەنەی بێوچاندابووین و هەڤاڵانمان شەهید دەبوون و لە سێدارە دەدران. دیارە کە ئێمە ئەو قۆناغەمان بە تێکۆشانی هەڤاڵان و پشتیوانی لایەنگران و گەلەکەمان تێپەڕاند و سیاسەتی نکۆڵی دژ بە پارتی و نرخەکانی ئێمە شکستی هێنا. بۆیە ئێمە تێپەڕی قۆناغێکی نوێی تێکۆشان و خەبات و هەوڵدان بۆ یەکێتیی نەتەوەیی و یەکڕیزی هێزە کوردییەکان بووین.
لە ساڵی ٢٠١٨ وە بە لێدوانێکی فەرمی و سەردانی هەموو لایەنەی سیاسیەکان، هەوڵی ئەوەمان دا کە لە پێناو بەدیهێنانی مافە رەواکانی گەلەکەمان بۆ دروست کردنی کۆدەنگی و یەکڕیزی، وتارێکی هاوبەش لە نێوان لایەنە جیاوازەکان پێکبهێنین. بە تایبەت لە سەردەمی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا لاپەڕەیەکی نوێمان هەڵدایەوە و ئەو کاروخەباتەمان چڕتر کردەوە و دەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵویستی هاوبەشمان نواند. ئەو گەشە و پێشکەوتنانە بووە مایەی دڵخۆشی گەلەکەمان و هۆی بێزاری و تووڕەیی رژێمی کۆماری ئیسلامی و هێندێ لایەنی بەرژەوەندیخواز و هەڵپەرست لە کوردستاندا.
بە پێکهاتنی کۆنگرەی حەوتەمی پارتیمان و لە چوارچێوەی بڕیارەکانی کۆنگرەماندا، هەمان سیاسەتی خەبات لە پێناو یەکڕیزی نەتەوەیی بە شێوازێکی بەهێزتر پەیڕەو کرا و هاوسەرۆکایەتی پارتیمان لە هەموو وتار و بەرنامە و هەڵسوکەوتیاندا بە روونی جەختیان لە سەر ئەم سیاسەتە کردووە و ئەمەش لە بەرچاوی ڕایی گشتی بووە. ئەم سیاسەتە، سیاسەت و هەڵویستی رەسمی پارتیمانە و لەسەر هەمان هێڵ بەردەوامین و لە هەمان چوارچێوە لە چەند مانگی ڕابردووشدا لە دیالۆگی ناوبەری لایانەکاندا ڕۆڵی بەرچاومان گێڕاوە.
لەو دۆخە هەستیارەی ئێستادا، یەکڕیزی هێزەکان و یەکێتی نەتەوەیی خواست، داوا و ئاواتی گەلەکەمانە و لەو باوەڕەداین کە سەرەڕای هەموو کۆسپ و تەگەرەکان دەرفەت و ئیمکانی گەیشتن بەو ئاست و خواستە لە هەموو کاتێک لەبارترە. یەکگرتوویی و هاوهەڵوێستی دەبێتە خاڵێکی بەهێز و متمانەبەخش بۆ گەلەکەمان و پەیامی هاوبەشمان بۆ جیهان. ئێمە لە چوارچێوەی بڕیارەکانی کۆنگرەکەمان بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجانە سوور و پێداگرین و لەو بڕوایەداین کە هەموو لایەنەکانی دیکەش بە هەمان بەرپرسیارێتی هەڵسوکەوت دەکەن.
١٠-١١-٢٠٢٥
مەجلسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان