شکستهێنان گەورەترین سەرکەوتنە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران!

ئامەد شاهۆ

بە کاراکردنی میکانیزمی ماشە تەنیا ئەمریکا گەمارۆ ناخاتە سەر ئێران، بەڵکوو هەموو وڵاتانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان پابەندی ئەو بڕیارە دەبن کە ئەوەش دۆخی کۆماری ئیسلامی شڵەژاوتر، قەیراناوی‌تر و ئاڵۆزتر دەکات. هەرچەند روسیا و چین هەوڵیان دا رێگە لەگەڕانەوەی گەمارۆی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران بگرن، بەڵام هەوڵەکانیان ئەنجامگیر و سەرکەوتوو نەبوو و پرۆژەکەیان لەلایەن کۆنسەی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەنگی پێویستی پێ نەدرا. بۆیە بە رەدکردنەوەی رەشنووسی بڕیارنامەی روسیا بۆ درێژکردنەوەی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی نەتەوە یەکگرتووەکان، میکانیزمی پەلەپیتکە سەر لەبەیانی ٦ی رەزبەر (٢٨)ی سپتامبەر کارا کراو دوای ١٠ ساڵ گەمارۆی ئابووری و سزا نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران گەڕێندرانەوە. بۆیە کاراکردنی میکانیزمی ماشە و بە یاسایی کردنی گەمارۆکان، دۆخی ئابووری ئێران رووبەڕووی قەیران، ململانێ و ناکۆکی جیدی دەکاتەوە. لەلایەکی تر لێکەوتەکانی ئەو بڕیارە دووبەرەکی لەناوخۆی دەسەڵاتدارانی ئێران دروست دەکات و بڕیار وەرگرتن لەگۆڕەپانی سیاسەتی دەرەکیدا زۆر قورس و دژوارتر دەکات. هەر وەک ئەوەی ئێستا کە پەرلەمانی ئێران هەڵوێستێکی هەیە و دەوڵەتیش هەڵوێستێکی جیاوازتر دەنوێنێت.

لەو پێناوەدا هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە گشتی بۆ راگرتنی پرۆسەی کاراکردنی میکانیزمی ماشە بێ ئەنجام مایەوە. ئەوەش گەورەترین شکستە بۆ بەرپرسانی رژێم کە دۆمینەی دەسەڵاتداری و فراوانخوازییەکەی یەک لەدوای یەک بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەڕوات. بۆیە ئێران بە کاراکردنی میکانیزمی ماشە رووبەڕووی دووبەرەکی، گێژاو، ململانێ و ناکۆکی قووڵتر دەبێتەوە. ئەوەش دوا بە دوای ٨٠هەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێکهاتووە و بە واتەی شەڕی هەمەلایەنە و دەستێوەردانی سەرتاسەری بۆ سەر ئێران و گۆشەگیرکردن و لاوازکردنیەتی کە لێکەوتەی مەترسیدار و دژواری بە دواوە دەبێ کە دۆخی هەنووکەیی رژێم بەرگەی لێکەوتەکانی ناگرێت و کۆمەڵگەش ناچار دەبێت لەپێناو پاراستنی مافە سرووشتییەکانی رێ و شوێنی پێویست بگرێتەبەر.

ئەو سزایانەی كە بەم میکانیزمە دەسەپێندرێت بریتییە لە قەدەغەی چەک و چۆڵی سەربازی، راگرتنی پیتاندنی یورانیۆم، سنووردارکردنی مەودای موشەکی بالیستیکی و گەمارۆی بەرفراوانی ماڵی و گۆشەگیرکردنی هێزە پڕۆکسییەکانی دەگرێتە ناوخۆ. هاوکات راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئابووری نیشتمانی ئێران لەگۆڕەپانی نەوتی، وزە، بانکی، بازرگانی، کەشتیڕانی، هەڵگرتن و گواستنەوە (حەمل و نەقل) و فڕۆکەی بارهەڵگر و کۆمپانیا و کەسی تایبەتی ناو دەسەڵات دەبێت و رێگری لە فرۆشتنی نەوتی ئێران دەكرێت و دەست پێڕاگەیشتن بە سیستەمی ماڵی نێودەوڵەتی سنووردار دەکات. بەم میکانیزمە دەیانەوێت کۆماری ئیسلامی ملکەچی سیاسەتەکانی ئەوروپا، ئەمریکا و ئیسرائیل بکەن و ناچاری تەسلیمیەت بکرێ. لەو حاڵەتەدا رژێم لەناو دوو رێیانێکدایە کە زیان و قازانجی هەر یەکەیان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران جیاوازتر لەیەکدی نابێت. ئەوەش لەکاتێکدایە کە گۆڕانکاری بنەڕەتی، ریفۆڕم و چارەسەری دیموکراتیانە کلیلی کرانەوەی کێشە کەڵەکەکراوەکانی ناوخۆی ئێران بووە کە کۆماری ئیسلامی ئەو دەرفەتە مێژووییەی نەزۆک کردووە و تەنیا بە وەرچەرخانێکی سەردەمیانە دەتوانێت ببێتە هیوای چارەسەری کێشە و گرفتەکانی ناوخۆ. ئەوەش پەرجۆیەکە کە بە دیهاتنی لەلایەن ئەو رژێمەوە ئەستەم دەبێت.

سەرەڕای ئەوەی کە ئەم بڕیارە دەرئەنجامی ئابووری بۆ کۆماری ئیسلامی بە دواوە هەبێ، دۆخی گوزەران و ژیانی خەڵک قورس، گران و نالەبارتر دەکات و گرانی، هەژاری و هەڵاوسان روو لەهەڵکشان دەکات. گرنگتر لەوە لێکەوتەی ئەمنیەتی زیاتری بۆ کۆماری ئیسلامی بە دواوە دەبێت، چون بە کاراکردنی میکانیزمی ماشە ئیدی کۆماری ئیسلامی ئێران بە وڵاتێک لەقەڵەم دەدرێت کە هەڕەشەی جیدی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی دەبێ. واتە کۆماری ئیسلامی بە رژێمی تیرۆر، شەڕەنگێز و ئاژاوەگێڕ پێناسە دەکرێت. بۆیە ئەمریکا و ئیسرائیل ئەو کۆدەنگیە نێودەوڵەتییەی لەدژی کۆماری ئیسلامی بە قازانجی خۆیان بە کار دەبەن و بە نیسبەت رابردوو بۆ هەر دەستێوەردانێک دەستیان ئاوەڵاتر و بەهێزتر دەبێ. لەکاتێکدا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەو پێناوەدا لەناو کەمتەرخەمی و خافڵانێکی قووڵدا بەسەر دەبەن.

 هەرچەند ئێران دەیتوانی بە گۆڕینی رەفتار، سیاسەتی شەڕانگێزانە، هەڵپەرست و سەرکوتکارییەکانی رێگری لەکاراکردنی میکانیزمی ماشە بگرتبایە و لەو پێناوەدا هەڕەشەو گوڕەشەکانی جیدی بە هەند وەربگرتبایە و هەنگاوێکی هەڵبنایە کە ئەوروپای ناچار بە کارا کردنی میکانیزمی ماشە نەکردبایە. بەڵام بە پێچەوانەوە کۆماری ئیسلامی بە کردەوەکانی لەبەرامبەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تەنانەت گەلانی ناوخۆی ئێران ئامێزی بۆ سەردەمێکی تاریک، ترسناک، ئاڵۆز و شەڕەنگێز کردوەتەوە کە خستنەگەڕی شەڕێکی ماڵوێرانکەر دەبێت کە خامنەیی و دەستەوتاقمەکەی لێی بەرپرسیارن.

بە کۆتایی هاتنی سەردەمی بەرجام و گەڕانەوەی گەمارۆکان، کۆماری ئیسلامی گیرۆدەی هەلومەرجێکی قورس و نالەباری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئاسایشی جیدی دەبێتەوە. ئیدی پڕۆژەیەک بە ناوی بەرجام لەگۆڕێ نامێنێ کە کۆماری ئیسلامی نەرمشی قارەمانانەی لەسەر بکات و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ سەرکوت و چەوسانەوەی گەلانی ناوخۆ نامێنێ کە سوودی لێوەربگرێت. گۆڕەپانێکی بۆ نامێنێ کە تەراتێنی دیپلۆماسی، سیاسی، سەربازی، کۆمەڵایەتی و … هتد تێدا بکات. یان گۆڕەپانێکی بۆ نامێنێ کە تێیدا بازرگانی بە خوێنی هاوڵاتیانەوە بکات.

بۆیە کاراکردنی میکانیزمی ماشە لەکۆنسەی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە زەخت و گوشاری ئەوروپا و ئەمریکا، خالێکی کۆتایی و دەستپێکردنێکی نوێ لەپەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ رۆژئاوا و ئەمریکا دەبێت. وەجووڵەخستنی ئەم سەردەمە نوێیەش بە گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران دەستی پێکردووە. واتە رەوتی هاوکاری تاران لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا و تەنانەت گەلانی ناوخۆی ئێران رووبەڕووی بنبەستێکی قووڵی سیاسی، دیپلۆماسی و کۆمەڵایەتی بووەتەوە، ئەگەر کرانەوە لەو بنبەستە دروست نەبێ، کاراکردنی بژاردەی شەڕ و راپەڕینی جەماوەری و سەرتاسەری لەبەردەم کۆماری ئیسلامی ئێراندایە. کۆماری ئیسلامی ناچارە یا شەڕ هەڵبژێرێت، یان تەسلیمیەت. ئیدی شانسی کرانەوەی دەرگای دیپلۆماسی شکۆدار و بە کەرامەت و درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتداری خۆسەپێنی لەدەستداوە. بۆیە گەلانی ئێران چارەنووسی خۆیان پەیوەستی چارەنووسی کۆماری ئیسلامی ئێران ناکەن و لەپێناو دەستەبەرکردنی شووناس و گەشەدانی دیموکراسی و پێکەوەژیانی گەلان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی برەو بە تێکۆشانی رەوا و دیموکراتیکی خۆیان دەدەن. چون لەهەر ئەگەرێکیان‌دا کۆماری ئیسلامی گەڕانەوەی بۆ سەر بژاردەی دانوستان یان شەڕ بێت، کۆمەڵگە زەرەرمەندی یەکەم دەبێت و هەر دوو بژاردەش لەقازانجی گەلاندا نییە و گەلان لایەنگری و پشتیوانی لەهیچ یەک لەو بژاردانەی کۆماری ئیسلامی ناکەن و گەلان پێداگرن لەسەر چەسپاندنی هێڵی دیموکراسی و سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک.

لەبەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی دوای شۆڕشی ژن ژیان ئازادی، بەرجام و شەڕی ١٢ رۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل لەدۆخی هەرە لاوازی ئایدۆلۆژی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئاسایشی و دیپلۆماسیدایە. رۆژئاوا و ئەمریکا دەیانەوێت بە کاراکردنی میکانیزمی ماشە و گوشاری لەڕادەبەدەر بەڕێگەی سەپاندنی گەمارۆ ئابوورییەکان، هەڕەشەی سەربازی و دیپلۆماسی نوشست هێنەر، کۆماری ئیسلامی ملکەچ و تەسلیم وەربگرن و گەڕانەوەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر مێزی دانوستان بە کراوەیی هێڵراوەتەوە. لەحاڵەتی پێچەوانەکەشیدا دەستێوەردانی سەربازی، جیاوازتر لە شەڕی ١٢ رۆژە بە پانتایی و کۆنسێپتێکی گشتگیرتر لە چاوەڕوانیدایە.

بە کاراکردنی میکانیزمی ماشەو گەڕانەوەی گەمارۆکان، شەش بژاردەی مەترسیدار و هەڕەشە ئامێز لەبەردەم کۆماری ئیسلامیدایە کە بریتین لە:

بژاردەی یەکەم بەکارهێنانی دۆسیەی ناوەکییە؛

ئەم بژاردەش بۆ کۆماری ئیسلامی دەرکەوتن لەڕێکەوتنی قەدەغەکردنی پەرەپێدانی چەکی ناوەکی (NPT)، پیتاندنی یورانیۆمی ٩٠ دەرسەدی، دروست کردنی بۆمبی ئەتۆمی، پچڕانی پەیوندی لەگەڵ ئاژانس و دەرکردنی پشکێنەرانی ئاژانسە. ئەم بژاردەیەش لێکەوتەی زۆر قورس و دژواری بۆ کۆماری ئیسلامی دەبێ. بەم بڕیارە ئێران لە سیستەمی حقوقی نێودەوڵەتی و تایبەت گۆڕەپانی ناوەکی دەردەکەوێت و سەرپێچی لەیاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان دەکات. ئەوەش بە واتای داخستنی دەرگای دیپلۆماسی و دروست کردنی چەکی ئەتۆمییە کە ئەوەش دەبێتە بیانوویەکی جیدی بۆ دەستێوەردانی هێزە دەرەکییەکان بۆ سەر ئێران، بۆیە رژێم زۆر بە دیقەت و سەرنجەوە لەو پێناوەدا هەنگاو دادەنێت.

بژاردەی دووهەم؛ پاڵپشتی لەهێزە پڕوکسییەکانیەتی

لەم بژاردەیەدا کۆماری ئیسلامی پیلان و بەرنامە هەرێمییەکانی رێکدەخاتەوە و هێزە پڕوکسییەکانی پڕچەک دەکات و بۆ پەرەپێدانی تیرۆر و شەڕەنگێزی پاڵپشتی یان دەکات. واتە بەو هێزانە دەیەوێت باڵانسی هێز بە پێی بەرژەوەندییەکانی لەناوچەکە رابگرێت. لەلایەکی دیکەشەوە هەڕەشە و گوڕەشەی داخستنی گەرووی هورموز لەدژی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەرکردنی باڵوێزی وڵاتانی ئەوروپایی لەئێران بجووڵێنێت.  

بژاردەی سێهەم؛ بژاردەی سەربازییە

ئەم بژاردەش نمایش دانی هێز و توانای موشەکی، هێرشی هەمبەر، هێرشی دەستپێشخەرانە لەخۆ دەگرێت. ئەوەش هەڕەشەیەکی جیدی بۆسەر سەقامگیری، ئارامی و ئاشتی ناوچەکە لەقەڵەم دەدرێت. بۆیە دوابەدوای کاراکردنی میکانیزمی ماشە هەڕەشە و گوڕەشەکانی فەرماندە باڵاکانی سوپا بۆ هێرش کردنە سەر ئیسرائیل زیادی کردووە. لەئاستێکدا کە رۆژانە لێدوانی وا دەدرێت کە هەرکەس هێرش بکاتە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، رووبەڕووی وەڵامێکی توند دەبێتەوە. تەنانەت وتەبێژی وەزیری پاراستنی ئێران؛ ئاسایش و بەرژەوەندی نەتەوەیی ئێران بە هێڵی سوور لەقەڵەم دەدات و هیچ دەستێوەردانی دەرەکی قەبووڵ ناکەن. بەو پێیە کۆماری ئیسلامی بۆ ئەگەری بەرپا بوونی شەڕ ناو ئامادەکاریدایە.

بژاردەی چوارەم؛ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان و رێکەوتنە

بەرپرسانی ئەمریکا داوا دەکەن کە ئێران دیداری راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا بکات و ئەوروپاش سەرەڕای کاراکردنی میکانیزمی ماشە دەرگای دیپلۆماسی بەرەو رووی ئێران دانەخستووە. واتە کاراکردنی میکانیزمی ماشە وەک هەلێکی مەزن بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ سەر مێزی دانوستان پێناسە دەکەن. هاوکات لەناوخۆی ئێران لەسەر ئەم بژاردەیە ناکۆکی و دووبەرەکی جیدی لەئارادایە. ئەوەش بووەتە هۆکار کە ئێران لەدانوستاندا شکست بهێنێ. چون لەئەگەری رێکەوتن لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا شەڕی ناوخۆیی لەئێران بەرپا دەبوو و بەرپرسانی رژێم بە هۆشیاریی و دووڕایی و دوودڵییەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئەو پرسە کردووە. بەڵام لەهەر ئەگەرێکدا ئەستەمە کە کۆماری ئیسلامی بگەڕێتەوە بۆ پێش شەڕی ١٢ رۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل و کاراکردنەوەی میکانیزمی ماشە. واتە لەهەر دوو حاڵەتدا شکستهێنان گەورەترین سەرکەوتنە بۆ دەسەڵات.

بژاردەی پێنجەم؛ میلیتاریزەکردنی ناوخۆی ئێران و سەپاندنی زەخت و گوشار بۆ سەر کۆمەڵگەیە

کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەوەی کۆمەڵگە چاوترسێن بکات و دەرفەت بۆ سەرهەڵدانەوەی جەماوەری نەدات تا داوای مافی رەوای خۆی نەکات، بە بیانووی نفوز و خزمەت بە هێزە بیانییەکان شەپۆلی گرتن، لەسێدارەدان و هەڕەشە و گوڕەشەکانی روو لەهەڵکشان کردووە. واتە بە جێگەی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و چارەسەری بنەڕەتی کێشەی گەلانی ئێران پەنا بۆ سیاسەتی سەرکوت و چەوسانەوە دەبات. بۆیە لە هەر یەک لەو ئەگەرانەی سەرەوە روو بدەن، کۆمەڵگە قوربانی یەکەمی شەڕ، گەمارۆ و دانوستانی دەسەڵاتداران دەبن.

بژاردەی شەشەم؛ کرانەوەی دیموکراسی و ئاشتەوایی لەگەڵ کۆمەڵگەیە

ئەم بژاردەش لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بە بژاردەیەکی مەترسیدار لەقەڵەم دەدرێت. لەکاتێکدا دیموکراسی کلیلی چارەسەری قەیرانە هەنووکەییەکانی ناوخۆی ئێرانە. بەڵام کۆماری ئیسلامی سڵی لە کرانەوەی دیموکراسی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی هەیە. چەندێک رژێم لە دیموکراسی و ئازادی بە دوور دەبێت، ئەوەندە لەلێواری مەرگ نزیک دەبێتەوە. بۆیە سەرچاوەی هەموو کێشە و قەیرانەکانی ناوخۆی ئێران نەبوونی دیموکراسی و ئازادییە.

داخۆ ئێران لەم هەلومەرجە نالەبارەدا دەتوانێت بە گەڕانەوەی گەمارۆکان، لەبواری ئابوورییەوە بۆ دابین کردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆی و فرۆشتنی نەوت و گاز بە دوای بازاڕەکانی جێگرەوە بێت؟ داخۆ هاوکارییەکانی لەگەڵ روسیا و چین چەندێک دەرفەت بە کۆماری ئیسلامی دەدات کە ئەو گوشارە ئابووری و گەمارۆیانە پووچەڵ بکات؟ تا چی رادەیەک دەتوانێت بەشداری هاوپەیمانیە هەرێمیەکان بێت؟ ئەزموونی شەڕ، هێز و توانای ئێران لەغەززە، لوبنان و سوریا و پشتیوانی هاوپەیمانەکانی راشکاوانە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامی هیچ هێزی پڕوکسی و هاوپەیمانییەکی لەبەردەست نەماوە کە ببێتە قەڵغانی پاراستنی و پارێزەری لەبەرژەوەندییەکانی بکات.

کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پەردەپۆش کردنی شکستەکانی جارێکیتر مەکینەی چەواشەکاری و فریودەرانەی وەگەڕخستووەتەوە. ئەو شکستە قورسە بە دەسکەوتێکی مێژوویی لەقەڵەم دەدەن. هاوکات ئەو شکستەش دەخەنە ئۆباڵی بە ناو باڵی ریفۆرمخوازەکان یان لایەنگرانی دانوستان. لەکاتێکدا باڵی توندئاژۆکانیش ئەو شکستە وەک سەرکەوتنێک دیاری کۆمەڵگە دەکەن و خۆیان لەقەرەی راستییەکان نادەن. لەکاتێکدا کۆماری ئیسلامی بەو بڕیارە رەوایەتی ئایدۆلۆژی و دەسەڵاتداری خۆی لەئاستی نێودەوڵەتی لەدەستداوەو تووشی شکستێک بووە کە لەمێژووی رژێمدا بێ وێنەیە. ئەو شکستەش دەرفەتی پەرەسەندنەوەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی خۆشتر دەکات، چون پێشتر ئەو شۆڕش رەوایەتی ئایدۆلۆژی کۆماری ئیسلامی لەناوخۆی ئێران خستبووە ژێر پرسیارەوە. بۆیە ئێستا دۆخەکە لەبارە کە هەموو هێز و دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی لەژێر پارادیگما و فەلسەفەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لەپێناو داهاتوویەکی ئازاد و دیموکراتیک لەسەر هێڵی دیموکراسی تێکۆشانی هاوبەش بکەن. بۆیە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەپێناو رێگری لە سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە چەواشەکاری و هەڕەشە و گوڕەشە دەیەوێت رەوایەت بە ئایدۆلۆژی کۆنەپارێزانەیان بدەنەوە و رێگە لە ئاشکرابوونی راستییەکان بۆ رای گشتی کۆمەڵگە بگرن.

تایبەت بەرپرسە ئەمنیەکانی ئێران هەڕەشە لەمیدیا ناوخۆییەکانی ئێران دەکەن کە نابێ قسە لەسەر کاریگەرییەکانی کاراکردنەوەی میکانیزمی ماشە بۆ سەر کۆمەڵگە بکەن. یان رەخنە لەسیاسەتە شەڕەنگێزی و نادیموکراتیکی کۆماری ئیسلامی بگرن و پێویستە هەر کەس لەو ئاراستەیەدا کە کۆماری ئیسلامی دەستنیشانی کردووە، بانگەشە بکات!. لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و کەسانی توندئاژۆی ناو دەسەڵات ئەم دۆخەیان وەک هەلێک بۆ سەرکوت و چەوساندنەوەی میدیاکاران و رەخنەگرانی دەسەڵات قۆستووەتەوە. بە تاوانی ئەوەی کە رەخنەگران، میدیاکان و ئەو کەسانەی کە لەتۆڕە مەجازییەکان لەسەر کاراکردنی میکانیزمی ماشە قسەیان کردووە، لەبەر زێدەڕۆیی بوونیان و پاساوی نفوز و خزمەت کردن بە بێگانە؛ بانگهێشت، دەستگیر و رووبەڕووی سزای قورس و هەڕەشە و گوڕەشە دەبنەوە. بۆیە هەر لێکدانەوەیەک سەبارەت بەو بڕیارە لەئاستی گشتی کۆمەڵگە و تایبەت فەزای مەجازی بڵاو دەکرێتەوە بە قسەو قسەڵۆک، شەڕی رەوانی و ڕەپاڵدان (فرافکنی) پێناسە دەکەن. واتە کۆماری ئیسلامی بە دەستپێکردنەوەی گەمارۆکان شەپۆلی کپ کردنی دەنگی ئازادیخوازی و سەرکوت و چەوساندنەوەی دەستپێکردوەتەوە.

ئەگەر كاراكردنەوەی میكانیزمی ماشە كاریگەری لەسەر ئێران نابێت و باس لەوە دەكەن دەیان ساڵە بەرگەی گەمارۆی ئابوریان گرتوە ئەی بۆچی ئەوەندە رۆژەڤی دانوستان و رێككەوتن و هەوڵدانی رێگرتن لەبڕیار دژی ئێرانیان هەیە؟ ئەگەر كاریگەری نابێت بۆچی هەتا لەناو دەسەڵاتیشدا رێگە بۆ بیروبۆچونی جیاواز ئاوەڵا دەکات و لەناو شەڕ و ململانێی فكریدان، تەنانەت تا خستنەژێر پرسیاری بڕیارەكانی رێبەری كۆماری ئیسلامیش دەچێت؟

ئەگەر کاراکردنەوەی میکانیزمی ماشە هیچ کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە نەبێ، بۆچی دوابەدوای جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارە بە رێژەیەکی زۆر نرخی نان، دراو، هاتووچۆ و پێداویستی رۆژانەی گەل ئەوەندە بەرز بووەتەوە؟ داخۆ گەل باوەڕی بە واقعیەتی سەر شەقام بکات، یان ئیمان بە بەڵێنە بێ بنەما و دوور لەراستییەکانی دەسەڵات بهێنێت؟! بۆیە نکۆڵی کردن لەکاریگەری گەڕانەوەی سزا ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران لەپێناو فریودانی گەل و کۆمەڵگە و دامرکاندنی تووڕەیی گەلە. لەو پێناوەدا کاراکردنی میکانیزمی ماشە چەندێک کاریگەری لەسەر پێگەی دەسەڵات هەبێ، زیاتر لەوە کاریگەری لەسەر بەرژەوەندی گەل و کۆمەڵگە دەبێ. بێگومان کۆمەڵگەش دەستەوەستانی ئەو دۆخە دژوارە نابێ و بۆ رزگاربوون لەو زەلکاوە مەترسیدارەی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەوڵەکانی بۆ خەباتێکی یەکگرتوو، هاوبەش و کۆدەنگ لەئاستی ئێراندا بەچڕی دەخاتەگەڕ .

بابەتی پەیوەندیدار