بۆ رای گشتی —

شێست و چوارەمین ساڵرۆژی لە دایک بوونی رێبەر ئاپۆ و نۆهەمین ساڵرۆژی دامەزراندنی پارتیمان PJAK لە رێبەر ئاپۆ و سەرجەم گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و بەتایبەت گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان پیرۆزبایی دەکەین. بێ گومان لە دایک بوونی رێبەر ئاپۆ و دەستپێکردنی تێکۆشانی ئازادیخوازانەی هاوچەرخی کوردستان بە رێبەرایەتی رێبەر ئاپۆ، وەرچەرخان و قەڵەمبازێکی مێژووییە لە مێژووی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەراست دا. رێبەر ئاپۆ دامزرێنەری چەمکی مرۆڤ و کۆمەڵگای ئازادە و بە رۆڵی رێبەرایەتی مێژوویی و ئیستراتیژیانەی خۆی لە کوردستان دا، بۆشایی رێبەرایەتێکی پێشەنگ و ئیستراتیژیانەی کۆتایی پێهێنا.

لە کاتێکدا ساڵرۆژی لە دایک بوونی رێبەر ئاپۆ پیرۆز دەکەین کە بە رێبەرایەتی، رێبەر ئاپۆ لە گشتی کوردستاندا، پێشکەوتن و دەسکەوتی جیدی بۆ گەلی کورد بە دیهاتن. تێکۆشانی بێوێنەی بزاڤی ئازادیخوازی گەلەکەمان لە باکووری کوردستان و ئەو دەستکەوتە مێژوویانەی کە لەم بەشەی وڵات بەدی هاتووە و هاوکات دەسکەوت و ستاتۆی دیمۆکراتیانەی گەلەکەمان لە رۆژئاوای کوردستان بەرێبەرایەتی رێبەر ئاپۆ هەتا ئەم ئاستە هاتووە. هەروەها هەوڵدانی دیمۆکراتیزەکردنی دەسکەوتی باشووری وڵات و دەستپێکردنی تێکۆشانی ئازادی خوازانەی پارتیمان PJAK لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە رێبەرایەتی رێبەر ئاپۆ و بە بنەما وەرگرتنی چەمکی ئایدۆلۆژیکی و فەلسەفی رێبەرئاپۆ، بەرێوە دەچێت. ئەم پێشکەوتنانەی کە لە هەموو بەشەکانی کوردستان بەدی هات، لە گشتی رۆژهەڵاتی ناوەراست و لە ئاستی جیهانی دا گەلێک گۆرانکاری گرینگ و هاوسەنگی نوێی سەبارەت بە کێشەی کورد لە گەڵ خۆی هێنا. سیاسەتی ئینکار و قڕ کردنی گەلی کورد کە زیاتر لە سەد ساڵ بەسەر ئەم گەلە دا سەپێنرا، بەم تێکۆشانە سەردەمیانە، هەتا ئاستێکی زۆر تێک شکێنرا و گەلی کورد بە ئیرادەیەکی نوێ لەبەرامبەر داگیرکاری و سیاسەتی چەوساندنەوە، خۆراگری و بەرخۆدانێکی بێوینەی نێشان دا و سەرکەوتنی مەزنی وەدەست خست.

گەلەکۆمەی نێو دەوڵەتی و سەپاندنی گۆشەگیری بەسەر رێبەر ئاپۆ، نەتەنیا توانای ئاستەنگ کردنی گێڕانی رۆڵی رێبەرایەتی، بۆ رێبەر ئاپۆ نەبوو، بەڵکوو رێبەر ئاپۆ بە تێکۆشان و بەرخۆدانی بێوێنەی خۆی سیستەمی ئیمراڵی تێکشکاند و لە بواری ئایدۆلۆژیکی و فەلسەفی دا قەڵەمبازێکی مێژوویی پێک هێنا. لە ئەنجامی ئەم تیکۆشانەدا دەوڵەتی تورکیا بۆ هەنگاو نانەوە لە پێناو چارەسەری کێشەی کورد مەجبوور بە چاوپێکەوتن لە گەڵ رێبەر ئاپۆ بوو. لەم قۆناخە هەستیارە مێژووییەی کە گەلی کوردی تێدا تێپەر دەبێت، رێبەر ئاپۆ قۆناخێکی نوێی لە تێکۆشان بە ناوی قۆناخی رزگاری دیمۆکراتیانە و ژیانێکی ئازادی راگەیاند. بێ گومان بەرێوەبردن و سەرخستنی ئەم قۆناخە لە پێناو ئازادی و گەیشتن بە مافە رەواکانی گەلەکەمان لە باکووری کوردستان خاوەن گرینگی تایبەتە و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر چارەسەری کێشەی کورد لە بەشەکانی تری کوردستانیش دەبێت. لەسەر ئەم بنەمایە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، هەتا دوایی پشتگیری خۆمان بۆ قۆناخی راگەیێنراو بە لایەن رێبەر ئاپۆوە رادەگەیێنین. وەک هەر بەشێک لە کوردستان ئەم قۆناخە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر رۆژهەڵاتی کوردستانیش دەبێت و پێویستی بەرفراوان کردنەوەی تێکۆشان لە هەموو گۆرەپانەکانی خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەر کات زیاتر گرینگی خۆی نیشان دەدات.

سەرەرای ئەوەی کە لە سێی بەشی تری کوردستان کێشەی کورد بە شێوەیەکی بەرفراوان موناقەشەی لەسەر دەکرێت بەڵام رژێمی ئێران لە سەر سیاسەتی ئینکار و سەرکۆتکاری لە بەرامبەر گەلی کورد پێداگری دەکات و هەتا ئێستا هیچ چەشنە هەنگاوێک لە پێناو دیمۆکراتیزاسیۆنی ئێرانیشی نەناوەتەوە. بێ گومان هەڵسووکەوتێکی وەها بە هیچ شێوەیەک لە لایەن گەلی کوردەوە پەسەند ناکرێت و لە پێناو وەرچەرخانی ئەم هەل و مەرجە، ئامادەی بەرێوە بردنی تێکۆشانێکی بەرفراوانە. وەک PJAK لە نۆهەمین ساڵرۆژی دامەزراندنی پارتیمان دا جارێکی تر ئامادەبوونی بوونی خۆمان لە پێناو بەرفراوان کردنی تێکۆشان و هەنگاوی پتەوتر بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان رادەگەیێنین.

بە مەبەستی بەرفراوان کردنی تێکۆشان لە پێناو ئازادی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هاوکات سەرکەوتنی قۆناخی چارەسەری کێشەی کورد لە باکووری کوردستان و ئازادی رێبەر ئاپۆ، بانگ لە سەرجەم گەلی کورد و پارت و لایەنە سیاسی و مەدەنییەکانی کوردستان دەکەین کە بە هەڵویستی نەتەوەیی و پتەو کردنی یەکریزی و یەکدەنگی سەرجەم رێزەکانی گەل، هەوڵدانی بەرفراوان و کرداری پێش بخەن.

لە کۆتایی دا جارێکی تر ساڵرۆژی لە دایک بوونی رێبەر ئاپۆ و نۆهەمین ساڵرۆژی دامەزراندنی پارتیمان PJAK لەسەرجەم گەلی کورد پیرۆزبایی دەکەین و هیوادارین ئەم قۆناخە ببێتە مایەی سەرکەوتن و ئازادی لەسەرجەم بەشەکانی کوردستان.

 

سڵاو و رێزی شۆرشگێری
کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان PJAK
03.04.2013