هەڤاڵ موجتەبا خۆشنەمەک بە ناوی ڕێکخستنیی (ڕێناس بۆتان) لە شاری مەریوان و لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزدا چاوی بە دنیا هەڵهێنا؛ بنەماڵەیەک کە لە ئاست کولتوور و ناسنامەی خۆیاندا خاوەن هۆشیاری بوون و لەسەر بنەمای هەمان ئەو بەهایانە ڕۆڵەکانیان پەروەردە کردبوو. مەریوان، ئەو شارەی بە حەق دەکرێت بوترێت بە هەبوونی دارستانە سەوزەکانی و دەریاچەیەکی جوان کە وەکوو نەخشێک لە دەشتی مەریوان و لە دامێنی دارستانەکاندا دەدرەوشێتەوە، خاکێکی ڕەنگینە بە خەڵکێکی وڵاتپارێز و میهرەبانەوە کە هەمیشە پەناگەی شۆڕشگێڕان بووە.
یەکەمین پارتیزانەکان بە یەکێتیی جووتیاران دەستیان پێ کرد کە شەهید فوئاد مستەفا سوڵتانی ڕێبەرایەتیی ئەم جووڵانەوەیەی دەکرد؛ دواتریش بە ئامادەبوونی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، هاوشانی دارستانەکانی دیکەی کوردستان، بووە سەنگەری تێکۆشەرانی ئازادی و گۆڕستانی داگیرکەران. شەهید زیلان پەپوولە، ژنە تێکۆشەرێکی دەڤەری ورمێ، لەنێو ئەم دارستانانەدا چووە دیداری خەڵکی مەریوان و خوێنی ئاوێتەی خاکی مەریوان بوو. ئەمە ئەو کاتە بوو کە هێدی هێدی گەریلا بوونی خۆی لەم ناوچەیەدا جێگیر دەکرد. بە ئامادەبوونی گەریلا لە مەریوان، دارستانە بەڕووەکان ببوونە ژوانگەی دیداری وڵاتپارێزان و لە بەرانبەردا خرمەخرمی هەر گەڵایەک، ترسی وەکوو بزمارێک بە دڵی دوژمندا دادەچەقاند.
هەڤاڵ ڕێناس ساڵێک دوای شەهادەتی شەهید زیلان پەپوولە، واتە لە ساڵی ٢٠٠٧دا، ئاشنای گەریلا بوو و وەکوو وڵاتپارێزێک و کادرێکی خۆجێیی لەگەڵ گەریلادا خەباتی دەکرد. ئەو باش دەیزانی هەر بەرپرسیارێتییەک کە دەیگرێتە ئەستۆ، پێویستی بە دیسپلینێکی قووڵ و نهێنیپارێزی هەیە؛ هەر بۆیە بە هەستیاری، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و هۆشیارییەکی شۆڕشگێڕانەی بەرزەوە ئەرکەکانی ڕادەپەڕاند. لەو ماوەیەدا، بەقووڵی کەوتە ژێر کاریگەریی هەڵسوکەوتی تێکۆشەرانی ئاپۆیی، شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ خەڵک و گفتوگۆ گەرم و هەڤاڵانەکانیان. ئەو بۆ پەیوەندیکردن بە ڕیزەکانی گەریلا و وەستانەوە لە دژی دوژمن، چەندین جار لەگەڵ ناخی خۆیدا کەوتە گفتوگۆ و لە کۆتاییدا، شەیدای ژیانی گەریلا و شکۆی چیا ئازادەکان بوو و تێگەیشت کە تەنیا بە پەیوەندیکردن بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە دەتوانێت وەڵامێکی ڕاستەقینە بۆ گەڕانە ناوەکییەکانی خۆی بدۆزێتەوە.
هەڤاڵ ڕێناس کاتێک ئاشنای ئایدیۆلۆژیای ئازادی و مەعنەویاتی بەرزی تەڤگەری ئاپۆیی بوو، لەگەڵ دەوروبەرەکەشیدا هاوبەشی کرد. ئەو لەگەڵ خوشکەکەیدا ڕێگەی ئازادییان هەڵبژارد و بەم شێوەیە بە پەیوەندیکردن بە ڕیزەکانی گەریلاوە توانیی خەونەکەی بکاتە ڕاستی. لە ساڵی ٢٠٠٩دا لە ڕێگەی مەریوانەوە، هاوشانی خوشکەکەی ڕووی لە چیا ئازادەکانی کوردستان کرد و پەیوەندیی بە ڕیزەکانی گەریلاوە کرد. یەکەمین پەروەردەی گەریلایی و ئایدیۆلۆژییان لە هەرێمی قەندیل تەواو کرد. هەڤاڵمان بەقووڵی کەوتە ژێر کاریگەریی پەیوەندییە پاک و سەمیمییەکانی تێکۆشەرانی هێڵی ئاپۆیی، شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتیی گەریلا و شکۆی چیاکان، و لە ماوەیەکی کورتدا ئاوێتەی ژیانی شاخ بوو. دوای تەواوکردنی سەرکەوتووانەی پەروەردەکان، لە قەندیل دەستی بە خەبات کرد. دوای دوو ساڵ خەباتی سەرکەوتوو لە قەندیل، بە مەبەستی قووڵبوونەوەی ئایدیۆلۆژی و پێشخستنی تاکتیکی سەربازی، بەشداریی لە خولی پەروەردەی ئەکادیمیای شەهید ئیبراهیمدا کرد. لە ماوەیەکی کورتدا لە ڕووی تیۆری و پراکتیکییەوە پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەدەست هێنا، لە گۆڕەپانەکانی سەربازی و ئایدیۆلۆژیدا گەیشتە قووڵبوونەوەیەکی زۆر و خۆی وەکوو تێکۆشەرێکی بەتوانا لە تەڤگەری ئاپۆییدا پێ گەیاند و هەنگاو بە هەنگاو و بەپتەوی لە ڕێچکەی فەرماندەبوون لە ڕیزەکانی گەریلادا بەرەو پێش چوو.
لەدوای بانگەوازی مێژووییی ڕێبەر ئاپۆ لەژێر ناوی سەفەربەریی گشتی بۆ پاراستنی شنگال —کە تێیدا گەلی ئێزدیمان کەوتبوونە ناو گەمارۆی قڕکەرانەی داعشی دوژمنی مرۆڤایەتی— بەرپرسیارێتیی مێژووییی خۆی بەجێ گەیاند. دوای چوار ساڵ لە خەباتی سەرکەوتووانەی لە قەندیل، هەڤاڵ ڕێناس بەرەو شنگال بەڕێ کەوت و لەو بەرەیەدا سەنگەری گرت. لە چەندین چالاکی و هەڵمەتی شۆڕشگێڕیدا دژی داعش لە ڕیزەکانی پێشەوەدا بەشدار بوو. هەڤاڵ ڕێناس ئەرکە شۆڕشگێڕییەکانی خۆی لە بەرگریکردن لە شنگال بە فیداکاری و بوێرییەکی زۆرەوە بەباشی بەجێ گەیاند و دوای تەواوبوونی ئەرکی تەڤگەرمان لە شنگال، جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستنی میدیا. ئەو دەیویست ئەو ئەزموونە سەربازییە بەنرخانەی لە کاتی شەڕدا بەدەستی هێنابوون، لە بەرخۆدانی دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر گەل و ناوچە ئازادەکانمان بخاتە گەڕ.
هەر لەسەر ئەم بنەمایە، چووە هەرێمی هەفتانین و پەیوەندیی بە بەرخۆدانی ئەفسانەییی ئەوێوە کرد. دژوارترین بەرپرسیارێتییەکانی لە مەیدانی پراکتیکدا گرتە ئەستۆ و لەم بوارەدا پێشەنگایەتیی کرد. بە فەرماندەییکردنی تیم و دەستە، وەکوو گەریلایەکی پێشەنگ کە پابەندی ئەرکەکانی بوو، پێگەیەکی تایبەتی لە دڵی هەڤاڵانیدا کردەوە. هەڤاڵ ڕێناس لە قەندیل، شنگال، هەفتانین و لە کۆتاییشدا لە هەرێمی مەتینا —کە بە ئامادەبوونێکی بێوچان تێیدا بەشدار بوو— لە بەرزترین ئاستدا وەڵامی ئەرکە شۆڕشگێڕییەکانی دایەوە و میراتێکی پڕ لە شانازی و لەبیرنەکراوی لە ڕیزەکانی تێکۆشاندا بەجێ هێشت. ئەو کە لە زاپەوە تا مەتینا لە ڕیزەکانی پێشەوەی بەرخۆدانی دژی داگیرکاریدا ئامادە بوو، نوێنەرێکی ڕوونی جەنگاوەریی ئاپۆیی بوو.هەڤاڵمان ڕێناس بۆتان کە بە خۆڕاگریی بەردەوام لە ڕێگەی سەرکەوتن، پابەندبوونی بێگومانی بە ژیانی گەریلا و خەباتی سەرکەوتوو دەناسرایەوە، قارەمانانە گەیشتە پلەی شەهادەت و پەیوەندیی بە کاروانی نەمرانەوە کرد. ئەو کە ڕۆحیەی سەرکەوتنی کردبووە سەرمەشقی ژیانی خۆی و دروشمی «کوردستانی ئازاد، ڕێبەرایەتیی ئازاد»ی گرتبووە بەر، بە هەڤاڵێتی، سەمیمیەت و پابەندبوونی پتەوی بە بەهاکانی ئازادییەوە، پێگەی خۆی وەکوو تێکۆشەرێکی پێشەنگ لە مێژووی خەباتماندا تۆمار کرد.
جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەو پەیمانی سەرکەوتنە دەکەینەوە کە بە ناوی شەهید ڕێناس و سەرجەم شەهیدانمانەوە داومانە و دووپاتی دەکەینەوە کە یادیان هەمیشە بە زیندوویی ڕادەگرین. هەر لەسەر ئەم بنەمایە، سەرەخۆشیی شەهادەتی هەڤاڵ موجتەبا خۆشنەمەک بە ناوی ڕێکخستنیی (ڕێناس بۆتان) لە بنەماڵەی خۆشنەمەک، خەڵکی وڵاتپارێزی مەریوان، سەرجەم گەلی شۆڕشگێڕی کوردستان و ئازادیخوازان دەکەین.

ناوی ڕێکخستنی: رێناس بۆتان
ناو و پاشناو: موجتەبا خۆشنەمەک
مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٩١ / مەریوان
ناوی دایک: مەعسومە
ناوی باوک: عەبدولڕەحمان
مێژوو و شوێنی بەشداربوون: ٢٠٠٩ / مەریوان






