هەڤاڵ ڕزگار ئامەد (بەهرام حەیدری بەدرەش)

هەڤاڵ ڕزگار ئامەد بە ناسناو بەهرام حەیدەری بەدڕەش، لە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە بنەماڵەیەکی وڵاتپەروەردا چاوی بە دنیا هەڵهێنا؛ بنەماڵەیەک کە بەقووڵی پابەندی ڕەچەڵەکی دێرین و بەها نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانی گەلی کورد بوون. بە سایەی وەفاداریی خێزانەکەی بۆ فەرهەنگ، دابونەریت و ڕەوشتی ڕەسەنی کوردەواری، ئەویش بە پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ ڕەسەنایەتی، ڕەگ و ڕیشە و بەها باڵاکانی گەلەکەیدا گەورە بوو و پەروەردە کرا. هەڤاڵ ڕزگار بۆ ماوەی ١١ ساڵ لە قوتابخانەکانی سیستەمی دەوڵەتی ئێراندا خوێندی و لە کاتە بەتاڵەکانیشیدا بۆ دابینکردنی بژێویی خێزانەکەی، لە کاری جۆراوجۆردا ڕەنجی دەدا؛ هەر بۆیە هەر لە تەمەنی منداڵییەوە لە پیرۆزی و بەهای کار و ڕەنج تێگەیشت. ئەو بە کەسایەتییە ژیر، تێکۆشەر، ڕاستگۆ و فیداکارەکەی، هەمیشە لەنێو دەوروبەرەکەیدا کەسێکی خۆشەویست و نموونەیی بوو. هەڤاڵ ڕزگار هەر لە سەردەمی گەنجێتیدا، ڕاستیی سیستەمی نکۆڵیکار و گوشارە کۆیلەئاساکانی ڕژێمی دەسەڵاتداری سەر گەلەکەمانی خستە ژێر پرسیارەوە و تینوێتیی گەلی بۆ ئازادی بە هەموو وجوودییەوە هەست پێ کرد.

وڵاتپەروەریی بنەماڵەکەی و پەیوەستبوونی گەنجانی دەوروبەری بە ڕیزەکانی گەریلاوە، وای کرد کە زۆر زوو لەگەڵ تێکۆشانی ئازادیخوازیدا ئاشنا بێت. هاوکات، هاتوچۆی گەریلاکان بۆ ناوچەی ژیانیان، هەڵسوکەوتی دڵنزمانەی و دەروێشانەیان لە ژیاندا و پەیوەندییە هەڤاڵێتییەکەیان، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر دانا. شەهیدبوونی ئامۆزاکەی، هەڤاڵ دۆران (ئیبراهیم مەدرانی)، لە ساڵی ٢٠١٠ لە هەرێمی ئامانۆس، وەرچەرخانێکی لەباسنەهاتووی لە ناخی هەڤاڵ ڕزگاردا دروست کرد و هۆشیاریی شۆڕشگێڕیی تێدا قووڵتر کردەوە.

ئەو زۆر باش دەیزانی کە تەنیا ڕێگەی شایستەبوون لە بەرامبەر حەقیقەت و یادی شەهیداندا، گەیاندنی تێکۆشانە مەزنەکەیانە بە سەرکەوتن. هەر بەم تێگەیشتنەوە بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی دا و لە ساڵی ٢٠١٠ (١٣٨٩ی هەتاوی) ڕووی کردە چیا ئازادەکانی کوردستان و پەیوەندیی بە ڕیزەکانی گەریلاوە کرد. ئەو بەم باوەڕەوە هەنگاوی نا کە ڕیشەییترین و جەرگبڕترین وەڵام بۆ سیاسەتە لەناوبەرەکانی داگیرکەران دژی گەلەکەمان، بوون بە گەریلایە لە شاخەکاندا.

هەڤاڵ ڕزگار کە بەقووڵی کەوتبووە ژێر کاریگەریی پەیوەندییە گەرموگوڕەکەی نێوان هەڤاڵان و فەرهەنگی ژیانی هاوبەشی (کۆمۆناڵی) گەریلا، هیچ سەختییەکی لە ڕاهاتن لەگەڵ دۆخی دژواری جوگرافیی شاخدا نەبینی و لە ماوەیەکی کورتدا، بەشدارییەکی چالاک و پڕ لە جۆش و خرۆشی لە ژیانی ئازادی چیاکاندا تۆمار کرد. ئەو بە تێپەڕاندنی پەروەردەی سەربازی و هزری، بەردەوام خۆی پێشدەخست و بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە، هەموو ئەو تایبەتمەندییە پووچ و تاکگەراییانەی کە سیستەمی داگیرکەر دروستی کردبوون، وەلا نا و کەسایەتیی تێکۆشەرێکی لێهاتووی ئاپۆیی لە ناخی خۆیدا چەسپاند. دوای تەواوکردنی سەرکەوتووانەی خولی پەروەردە، ماوەیەک لە هەرێمی خواکورک مایەوە و دواتر بەرەو هەرێمی زاپ بەڕێ کەوت؛ ئەو هەرێمەی کە سەختترین و دژوارترین شەڕەکانی تێدا دەگوزەرا، تاکوو لە بەرەی پێشەوەدا درێژە بە تێکۆشانی خۆی بدات. ئەو لەسەر تاشەبەردە سەختەکان و لووتکە سەرکەشەکانی زاپ، بەرخۆدانێکی بێوچانی لە دژی دوژمن نواند.

هەمان ئەو جۆش و خرۆشە شۆڕشگێڕییەی ڕۆژانی سەرەتای بەشداربوونی، لە هەرێمی زاپیش بێ دابڕان درێژە پێ دا. هەڤاڵ ڕزگار هەمیشە دەیویست بە ئەنجامدانی چالاکیی گەورە، گورزی قورس لە جەستەی ئەو هێزە داگیرکەر و مژۆکانە بوەشێنێت کە خاکی ئێمەیان داگیر کردووە. قووڵبوونەوەی هزری و تێکۆشانە بێوچانەکەی وای کرد لە هەوڵدان و تێکۆشاندا ببێتە سەرمەشق بۆ تەواوی هەڤاڵە هاو سەنگەرەکانی. بۆ ئەوەی زیاتر لە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆدا قووڵ بێتەوە، بەردەوام دەیخوێندەوە و لێکۆڵینەوەی دەکرد، لەگەڵ هەڤاڵانیدا گفتوگۆی دەکرد و ڕۆحی ژیانی هەرەوەزیی لە چرکە بە چرکەی ژیانیدا ڕەنگ پێ دەدایەوە. هەڤاڵ ڕزگار ئەزموونە سەربازییەکانی خۆی لە مەیدانی کرداریدا خستە گەڕ و بە تێکۆشانێکی بێئامان و پڕکردنەوەی هەموو ساتەکانی ژیانی بە جۆشی شۆڕشگێڕی، ئەرکەکانی بە سەرکەوتوویی بەجێ گەیاند.

هەڤاڵ ڕزگار ئامەد، کە بە پێداگریی پتەوی لەسەر هێڵی سەرکەوتن، کار، تێکۆشان و خەباتە سەرکەوتووەکەی دەناسرا، لە ڕێکەوتی ٩ی ئایاری ٢٠١٢ (٢٠ی گوڵانی ١٣٩١ی هەتاوی) لە هەرێمی زاپ گەیشتە کاروانی شەهیدان. ئەو بە دروشمی «کوردستانی ئازاد، ڕێبەرایەتیی ئازاد»، کەسایەتیی سەرکەوتووی کردە بنەمای کاری خۆی و بە هەڤاڵێتییەکی ڕاستەقینە، بەهێز و پابەندبوونێکی نەگۆڕ بە بەهاکانی ئازادییەوە، وەک تێکۆشەرێکی پێشەنگ لە مێژووی تێکۆشانماندا بە نەمری مایەوە. ئێمە وەک هەڤاڵانی تێکۆشانی، لە کەسایەتیی شەهید ڕزگاردا، جارێکی دیکە پەیمانی سەرکەوتن لەگەڵ سەرجەم شەهیدانمان نوێ دەکەینەوە و ڕایدەگەیەنین کە هەمیشە یاد و بیرەوەرییان بە زیندوویی ڕادەگرین. لەسەر ئەم بنەمایە، سەرەتا سەرەخۆشیی گەرمی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی ئەم ڕۆڵە بەئەمەکەی شاری ورمێ و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دواتر سەرجەم گەلی وڵاتپەروەری کوردستان دەکەین.

ناوی ڕێکخستنی: ڕزگار ئامەد

ناو و پاشناو: بەهرام حەیدری بەدرەش

مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٩٤ / ورمێ

ناوی دایک: نازیفە

ناوی باوک: حوسێن

مێژوو و شوێنی بەشداربوون: ٢٠١٠ / خۆی

بابەتی پەیوەندیدار