هەڤاڵ ئەهوەن چیاکۆ: یەکڕیزی گەرەنتی مانەوەی کوردە و وەڵامدەرەوەی قۆناغەکەیە

هەڤاڵ ئەهوەن چیاکۆ پەیوەست بە گرنگی پێکهێنانی یەکڕیزی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، کورد تێگەشتووە لەوەی تەنها یەکڕیزی گەرەنتی مانەوەیەتی و وەڵامگۆی سەختی قۆناغەکەیە و وتی: “درووستکردنی هێزێکی نیشتیمانی خاڵی بنەڕەتیی هاوپەیمانێتییەکە بوو.”

ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) و بەشداربووی کۆبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڤاڵ ئەهوەن چیاکۆ، دەربارەی کۆبوونەوەی پارت و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە ٢٢ـی شوباتی ٢٠٢٦ ئەنجامدرا و تێیدا ‘هاوپەیمانی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان’ پێکهێندرا، لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ـەوە هەڵسەنگاندنی بۆ پێشهاتەکانی ناوچەکە و ڕۆژ‌هەڵاتی کوردستان و ئامانجەکانی پێكهێنانی هاوپەیمانییەکە کرد.

هەڤاڵ چیاکۆ ڕایگەیاند، هاوپەیمانییەکە وەڵامدەرەوەی خواستەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلی کورد بووە، کە لە ئەنجامی نزیکەی هەشت مانگ لە ڕاوێژ و گفتوگۆی نێوان پارت و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەدەستهێندرا.

هەڤاڵ چیاکۆ  ئاشكرای کرد پەژاک ڕۆڵێکی کاریگەر و بونیادنەرانەی هەبووە لە هێنانەئارای هاوپەیمانییەکە و گوتی: “هەر لە سەرەتای درووستبوونییەوە هەموو هەوڵێکی بۆ پێکهێنانی یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان پارت و هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە. بۆیە ڕۆڵێکی کاریگەی گێڕا لە ڕەخساندنی دیالۆگ و گفتوگۆکان.”

هەڤاڵ چیاکۆ جەختی کردەوە پێکهێنانی هاوپەیمانی نێوان پێنج لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ٢٧‌‌ـەمین ساڵوەگەڕی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی سەر ڕێبەر ئاپۆ، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ خاوەنداریکردن لە ڕێبەر ئاپۆ و وتی: “هاوپەیمانییەکە نیشانەی خاوەنداریکردنی نەتەوەی کوردە لەو شەهیدانەی بە دەستی ڕژێمی ئێران لە کاتی شەرمەزاکردنی پیلانگێڕییەکە لەساڵی ١٩٩٩ شەهید کران. بۆیە ئەم هاوپەیمانییە هەڵگری مانایەکی قوڵ و ڕیشەییە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان.”

هەڤاڵ چیاکۆ بانگەوازی لە هەموو چین و توێژەکانی گەلی کوردستان بە گشتی و ژنان و گەنجان بە تایبەت کرد، کار بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی بکەن و لەم ڕووەوە پەرە بە تێکۆشانیان بدەن.

هەڤاڵ چیاکۆ دەربارەی تەوەر و خاڵە بڕیالێدراوەکانی کۆبوونەوەکە گوتی: ” بەگشتی لەسەر سێ خاڵ ڕاوەستە کرا، یەکێک لەوانە؛ پێویستە هاوپەیمانی ناوەند و بەڕێوبەرییەکی هەبێت کە ئەم بەڕێوبەرییە پێکهاتبێت لە هەموو ئەندامانی هاوپەیمانییەکە. دوای ئەوە پێویستە کۆمیتەیەکی دیپلۆماسی دروست بکات، ئەم کۆمیتە دیپلۆماسییە ببێتە زمان حاڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی ئێران و نێونەتەوەیی و ناوچەیدا.

خالێک دیکەش ئەوەبوو؛ کە لە ئاستی سەرەوە دروستکردنی کۆمیتەیەکی سەربازییە لە هێزی پێشمەرگە و هێزی گەریلا، بێگومان ئەوە دەتوانێت بێتە سەرەتایەک کە لە داهاتوودا هێزێکی یەکدەستی نیشتمانی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان درووست ببێت.”

‘هاوپەیمانییەکە بەردوامییە بە ئامانجی شەهیدان’

هەڤاڵ ئەهوەن چیاکۆ ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوبەری پەژاک سەرەتا سەرنجی بۆ ڕۆژی ٢٢ی شوبات (سێ ڕەشەمە) ڕاکێشا و گرنگییەکەی بۆ گەلی کورد نرخاند و پیرۆزبایی ڕۆژی یەکرێزی لە گەلی کورد کرد و وتی: لە ڕۆژی سێ ڕەشەمەدا کۆبوونەوەیەکی گەورە بەڕێوەچوو کە پێنج لایەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی باڵادا بەشداربوون هاوپەیمانییەکیان ڕاگەیاند، بێگومان ئەو کۆبوونەوەیە کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو، ڕۆژێکی گرنگ بوو ڕۆژی سێی ڕەشەمێ بەرامبەرە لەگەڵ ٢٢ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ کە دوای ئەوەی کە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرامبەر ئەو پیلانگێڕییە کە لە سەر ڕێبەری گەل کورد ڕێبەر ئاپۆ هەستانەوە، کۆماری ئیسلامی لەو ڕۆژەدا دەستی بە کۆمەڵکوژی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، بە دەیان شەهیدمان بەخشی، بە تایبەت لە شاری سنەدا، دوای ٢٧ ساڵ لەهەمان ڕۆژدا هاوپەیمانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕادەگەیەندرێت بێگومان خاوەن واتایەکی قووڵە، بەردەوامی ڕێگەی ئەو شەهیدانەیە هەر لە بەرەوە ئەو هاوپەیمانییە سەرەتا لە بنەماڵەی شەهیدانی سێ ڕەشەمێ و ئەو کەسانەی لە سێ ڕەشەمێدا گیراون ئەشکەنجە دراون و لە هەمان کاتیشدا لە هەموو گەل کورد بە تایبەت لە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پیرۆز دەکەم.”

‘تەنیا بە یەکڕیزی دەتوانین وەڵامدەری ئەم قۆناغە سەخت بین’

هەڤاڵ ئەهوەن چیاکۆ لە بەردەوامیدا ڕایگەیاند، کە گفتوگۆکان لەسەر یەکریزی پارت و لایەنە سیاسییەکان ماوەی هەشت مانگ بەردەوام بووە. جەختیشیکردەوە کە دەرئەنجامەکەی زۆر بەهێز بووە و لەلایەن گەلەوە بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لێکراوە و وتی: “بێگومان ئەو کۆبوونەوەیە کە لە ڕۆژی ٢٢ـی شوباتدا گیرا ئەنجامی زیاتر لە هەشت مانگ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنانەکان بوو کە چۆن ئێمە پلاتفۆرمێکی هاوپەیمانی دابڕێژین، هەموو لایەنەکان لەو باوەڕادابوون کە تەنیا بە یەکڕیزی دەتوانین وەڵامدەری ئەو قۆناغە سەخت و ئەستەمە بین، کە گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەڕووی بووەتەوە. هەر پێنج لایەنەکە لە ئاستی باڵادا بەشداربوون، دەتوانم بڵێم کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوو و ڕۆحی یەکگرتن و یەکڕیزی تێدا زۆر زاڵبوو و دواتریش کە ڕاگەیەندرا لە لایەنی گەلەکەمانەوە پێشوازییەکی زۆر گەورەی لێکرا.

گەلی کورد لەهەر چوار بەشی کوردستان و بەتایبەت گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەمێژە داخوازی ئەوەی دەکرد کە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەک بگرن و هاوپەیمانییەک دروست کەن، لە ئاستی ئێرانیشدا دەنگدانەوەی زۆری هەبوو وە زۆر لایەنەکان ئەوەیان وەک وێنەیەک دەستنیشان کرد کە پێویستە شوێنەکانی تری ئێرانیش لە کوردەکانەوە فێر ببن و هەوڵ بدەن لەگەڵ هەموو جیاوازیە بیروباوەڕییەکان و سیاسییەکان هێزی خۆیان یەک بکەن و ئەمەش کارێکی زۆر بە نرخ و بە بایەخ بوو.”

‘پەژاک رۆڵێکی گەورە وسەرەکی هەبوو لە دیالۆکەکاندا’

هەڤاڵ ئەهوەن چیاکۆ لە درێژەدا ئاشکرای کرد، کە پەژاک ڕۆڵێکی سەرەکی لە گفتوگۆی یەکریزی گێڕاوە و لەم
ڕوەوەو وتی: “پەژاک هەر لە سەرەتای دروست بوونییەوە هەمیشە هەوڵی داوە کە لەناو هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا یەک گرتووی و یەکڕیزی درووست ببێت. جا بۆیە تەنیا بە یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکان وەڵامدەر نییە، پێویستە لە ئاستی کۆمەڵگە-نەتەوەیش ئەم یەکڕیزییە هەبێت، لە کاتی شۆڕشی ‘ژن، ژیان، ئازادی’دا ساڵی ٢٠٢٢ پەژاک لە پراکتیک و بڕیاری خۆی زۆر بە قوڵتر گرتە دەست، چەندین کۆنفرانسی ڕێکخست لەو کۆنفرانسانەدا لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گەلێک لایەنی ئێرانی هێنانە لای یەک و پێشەنگایەتی ئەو کۆنفرانسانەی کرد. لەگەڵ هەوڵدانی لایەنەکانی تر پەژاک بو بە ئەنجام گەیشتنی ئەو دیالۆکانە ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو، ئەو هاوپەیمانییە بە شێوازێک بە بەرهەمی کار و تێکۆشانی خۆمان دەبینین لە چوارچێوەی یەکڕیزی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.”

‘جەخت لەسەر بڕیار وەرگرتن لەسەر چەند خاڵێک کرایەوە’

هەڤاڵ چیاکۆ سەرنجی خستەسەر سێ بڕیاری سەرەکی هاوپەیمانییەکە و ڕایگەیاند کە ئەم خاڵانە زۆر گرنگن بۆ پاراستنی یەکریزی کورد و وتی: “هەندێک خاڵ هەن کە بریاردرا لە ناو هاوپەیمانییەکەدا کە پێویستە هەندێک ناوەند و ڕێکخراوی خۆی درووست بکات.

یەکێک لەوانە؛ پێویستە هاوپەیمانی ناوەند و بەڕێوبەرییەکی هەبێت کە ئەم بەڕێوبەرییە پێکهاتبێت لە هەموو ئەندامانی هاوپەیمانییەکە. دوای ئەوە پێویستە کۆمیتەیەکی دیپلۆماسی دروست بکات، ئەم کۆمیتە دیپلۆماسییە ببێتە زمان حاڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاستی ئێران و نێونەتەوەیی و ناوچەیدا.

خالێک دیکەش ئەوەبوو؛ کە لە ئاستی سەرەوە دروستکردنی کۆمیتەیەکی سەربازییە لە هێزی پێشمەرگە و هێزی گەریلا، بێگومان ئەوە دەتوانێت بێتە سەرەتایەک کە لە داهاتوودا هێزێکی یەکدەستی نیشتمانی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان درووست ببێت.”

‘ئێتر کەس ناتوانێ نکۆڵی لە ڕاستینەی کورد بکات’

هەڤاڵ چیاکۆ دەستنیشانی کرد کە یەکگرتوویی کورد بووەتە هۆی ئەوەی ئەمڕۆ کورد لە جیهاندا بناسرێت، بەوە تەنها یەکڕیزی پارێزەری گەلە و وتی: “بێگومان دۆخی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابڕاوە نییە لەگەڵ دۆخی گشتی کورد. کەس ناتوانێ نکۆڵی لە ڕاستینەی کورد بکات، کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قورسایەکی زۆر گەورەی هەیە و ئەمڕۆ خاوەنی تێگەیشتنێکی گەورەی سیاسیی و یەکڕەزییەکی نەتەوەییە. لەماوەی ڕابردوودا بینیمان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کورد هەموو هاتە مەیدانەوە بۆ لابردنی ئەو مەترسییەی لەسەر ڕۆژئاوا هەبوو، بێگومان ئەو هێزە نەتەوەییە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش پاڵپشتێکی زۆر گەورەیە. ئەم هاوپەیمانییە تا ئاستێک ئەوەی درووست کردووە کە کورد بەگشتی لە بەشەکانی تری کوردستانیش ببێتە پشتیوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وە قورسایی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئاستی نێونەتەوەیدا دەرفەتی گەورە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بخوڵقێنێ بەتایبەت لەو دۆخەی ئیستا کە ئێران ڕووبەڕووی گۆڕانکاری گەورە دەبێتەوە.”

‘دەبێت هەمووان پشتیوانی ئەم هاوپەیمانییە و یەکڕیزییە بن’

بانگەوازی بۆ یەکگرتن و یەکڕیزی

لە درێژەی قسەکانیدا ئەهوەن چیاکۆ داوای لە هەموو لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد بچنە نێو ئەم هاوپەیمانییە و داوای لە گەنجان کرد ئەرکی نەتەوەیی خۆیان بەجێبهێنن و لەم ڕووەوە ئەمەی وت: “داوامان ئەوەیە کە ئەو لایەنانەی لەنێو ناوەندی هاوپەیمانی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دان پەرە بەم هاوپەیمانییە بدەن، هاوکات ئەو لایەنانەی کە هێشتا نەهاتوونەتە ناو هاوپەیمانی داوا دەکەین کە ئەوانیش بێنە ناو هاوپەیمانی بۆئەوەی کە ئەوانیش کاریگەرییان هەبێت لە بەهێزکردنی هاوپەیمانییەکە.

داوامان لە گەلەکەمانە پشتیوانی ئەم هاوپەیمانییە و یەکڕیزییە بن بەتایبەت داوا لە گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە ڕۆحی نەتەوەیی خۆیان پێشبخەن و پشتیوانی شۆڕشەکەمان بن. لە هەموو جیهان هەر هێزی گەنجان بووە کە گۆڕانکاری گەورە دروست بکەن، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پۆتانسێڵ و ماتەوزەیەکی زۆر گەورەی گەنجان هەیە، بێگومان هەمیشە دەوڵەت ویستوویەتی ئەم پۆتانسێڵە بێکاریگەر بکات. وەک پەژاک داوادەکەین لە هەموو گەنجان زیاتر ئاشنا ببن بە پەژاک و گەریلا و پێویستە بێنە ڕیزەکانی گەریلاوە تاوەکو هێزی پاراستنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆکمەتەر بکەین.”

‘پێویستە یەکڕیزیمان پتەوتر بکەین’

هەڤاڵ ئەهوەن چیاکۆ ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوبەری پەژاک لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە پێویستە هەر کەسێک زیاتر خۆی بە ڕێکخستن بکات و وزەی خۆمان بخەینە خزمەتی ئەم شۆڕشە و وتی: “ئازادی نزیکە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەر دەرگای ئازادی دایە ڕووداوەکان ئەوەمان پێ دەڵێن و پێویستە هەموومان بە وریاییەوە بجۆڵینەوە، پێویستە یەکڕیزیمان پتەوتر و توکمەتر بکەین، پێویستە خۆمان زیاتر بە ڕێکخستن بکەین و هەموومان بەشێوازێک هێز و وزەی خۆمان بخەینە خزمەتی ئەم شۆڕشە. کۆمەڵگای کورد بە گشتی و ژنان و گەنجان بە تایبەتی پۆتانسێڵێکی زۆر گەورەی هەیە، دەبێت هەوڵبدەین ئەم پۆتانسێڵ و ماتەوزەیە بیکەنە هێزی سەرکەوتن و سەرخستن”.

بابەتی پەیوەندیدار