لەم ژمارەیەی گۆڤاری ئاڵتەرناتیڤدا گفتوگۆیەكمان لەگەڵ ئەمیر كەریمی هاوسەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان – پەژاك كردووە
ئاڵتەرناتیڤ: ئێستا ئێران لەناو قەیرانێکی قووڵی هەمەلایەنەدایە، بەتایبەتی دوای شەڕی ئیسرائیل، ئێران زۆر لاواز بووە؛ هەم لە بواری سیاسی و هەم لە بواری ئابووریدا قەیرانەکان قووڵتر بوونەتەوە. ئەمانە وایان کردووە کە ژیان و گوزەرانی خەڵک لەوەی هەبووە خراپتر بێت. بە گشتی ئێوە ئەم بارودۆخە چۆن لێک دەدەنەوە؟ هەم قەیرانە سیاسییەکەی حکومەتی ئێران، هەم لایەنی ئابووری و بارودۆخی ژیانی خەڵک؟
هەڤاڵ ئەمیر کەریمی: پرسیارێکی باشە، چونکە بە گشتی کاتێک باسی ئێران دەکرێت، مژاری دیپلۆماسی و ناکۆکییەکانی ئێران لەگەڵ دەوڵەتە زلهێزەکان دێتە ئاراوە. بێگومان ئەوە زۆر گرنگ و چارەنووس سازە، بەڵام ئەوەی زۆر دیاریکەرە و دەبێ گرنگیی پێ بدرێت، قەیرانە ناوخۆییەکانە؛ هەروەها کاریگەری هێزی گەل کە لە ناو ئەم قەیرانانەدا چۆن دەردەکەوێت. ئەوەی سیستەمی داهاتوو چۆن دەبێت و ئەڵتەرناتیڤ چی دەبێت، تا ڕادەیەکی زۆر بەم قەیرانانەوە بەستراوەتەوە.
لە ئێراندا ئیتر باس لە قەیرانی ئاسایی بەس نییە، بەڵکوو دەبێ باس لە “گەورە قەیران” بکەین. ئەگەر بمانەوێ پێناسەیەکمان بۆ ئەم گەورە قەیرانە هەبێت، دەتوانین بڵێین: قەیرانەکانی ئێران هەموویان بەیەکەوە بەستراونەتەوە؛ قەیرانی سیاسی، ئابووری، ژینگەیی و کۆمەڵایەتی، ئەمانە هەمووی گرێدراوی یەکترن. کۆماری ئیسلامی هیچ کاتێک هەوڵی نەداوە قەیرانەکان چارەسەر بکات، بەپێچەوانەوە هەوڵی داوە قەیران دروست بکات و بەڕێوەیان ببات، تا لە ڕێگەی هەبوونی قەیرانی هەمیشەیییەوە خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێت. ئێستا ئیتر قەیرانەکان وەک تانوپۆ تێکەڵ بوون و دەربازبوون لێیان ئەستەمە. حەتتا ئەگەر کۆماری ئیسلامی بیشیەوێت چارەسەریان بکات (کە بڕوام وایە نایەوێت)، ئەو ئیرادەیەی تێدا نەماوە و نازانێت لە کامە قەیرانەوە دەست پێ بکات.
قەیرانی ئابووری کە زۆر لە ڕۆژەڤی کۆمەڵگەدایە، ئاوا دەستی پێکرد کە کۆماری ئیسلامی سیاسەتەکەی لەسەر ئەوە داڕشت کە خەڵک نیازمەند بن و ژیانیان بە دەوڵەتەوە گرێدراو بێت؛ خەڵکێک کە توانای ئابوورییان لە لایەن مافیا گەورەکانەوە بە بارمتە گیرابێت و هەمیشە لەسەر سنووری هەژاری بن، ئاسانتر کۆنتڕۆڵ دەکرێن. ئەو مافیا گەورانەی لە ناو سیستەمدا دروست بوون، لە ئاکامی نیۆلیبرالیزمی ئابوریدا پێکهاتن و دۆخی داراییان لە دەستی کۆمەڵگە دەرھێنا. ئێستا ئابووریی ئێران لە قۆرخی ئەواندایە و وەک “زەروو” خوێنی گەل دەمژن. مافیاگەری بە جۆرێک پەرەی سەندووە کە لەوانەیە خودی سیستەمەکە بەرەو نەمان ببات، چونکە هەموو مافیاکان بەشێکن لە دەسەڵات، چیرۆکی “ئاغازادەکان” لای کەس شاراوە نییە.
ئێستا دەسەڵات وا وێنا دەکات کە قەیرانی ئابووری تەنیا ئەنجامی گەمارۆکانە (تەحریم)، بەڵام باس لەوە ناکەن کە چۆن ئەو مافیاگەرییە کۆمەڵگەی تێک شکاندووە. کۆنتڕۆڵەکە لەمێژە لە دەستی دەوڵەت دەرچووە و هەموو شتێک کەوتووەتە دەستی مافیاکان کە لەناو دڵی حوکمڕانیی ئایدیۆلۆژیدا سەریان هەڵداوە. گەورە کادرەکانی دەسەڵات، پاسدارە باڵاکان و ئایەتوڵاکان خۆیان یان خێزانەکانیان ئەو مافیایانە پێکدێنن. دەی کە وابێت ئەمە چۆن چارەسەر دەکرێت؟ ئایا کۆماری ئیسلامی دەتوانێت لە بەرامبەر مافیاگەری ناوخۆ راوەستێت؟ بێگومان ناتوانێت.
کاتێک باس لە کۆماری ئیسلامی دەکەین، باس لە سیستەمێکی حوکمداری رەها دەکەین؛ دەسەڵاتی یاسایی و دەسەڵاتی ڕاستەقینە (ئایدیۆلۆژی، سەربازی و دادوەری) هەمووی لای “ویلایەتی فەقیهـ”ـە و لێک جیا ناکرێنەوە. ئەوەی پێی دەڵێن “دەوڵەت” لە ئێراندا، هێزی ئەوەی نییە ڕووبەڕووی حاکمییەت ببێتەوە. دەوڵەت لە بەرامبەر ئەو غولە مافیایانەدا زۆر بچووکە. دەسەڵات لە ئێران ناچێتە سەر بنەمای کێشەکان، بەڵکوو خەڵک فریو دەدات و گاڵتە بە شعووری کۆمەڵگە دەکات. کاتێک دەڵێن “ئەگەر برنج گرانە جۆ بخۆن” یان “ئەگەر گۆشت گرانە مەیخۆن”، واتای ئەوەیە کۆمەڵگە لای ئەوان هیچ بایەخێکی نییە.
کۆمەڵگە ئیتر لەم ڕاستییە تێگەیشتووە. مەبەستم گەلانی پەراوێز خراو نیە، مەبەستم کۆمەڵگەی شارە ناوەندیەکان و ئەو چین و توێژەیە کە هەمیشە لە ناوەندی تەبلیغاتی دەسەڵات دا بووە و ئامانجی پڕوپاگەندا بووە. ئیتر ئەو کاریگەریەی لە سەر نەماوە. دەوڵەت و دەسەڵات تووشی “قەیرانی مەشرووعییەت” بوون و چونکە دەزانن هیچ ڕەواییەکیان لای گەل نەماوە، بۆیە ئاوا بێباکانە و توند قسە لەگەڵ خەڵک دەکەن.
دەسەڵات بە ساڵانە بە دروشمی دینی و نەتەوەپەرستی، شەڕ و دوژمن تاشی و جەمسەربەندی لە ناو كۆمەڵگەکان دا ساز كردوە، خەڵکی لە دژی یەکتر بەكارهێناوە. ئێستا دەسەڵات بە ساڵانە گەلانی ئێران دەدۆشێت، هیچ شتێكی پێشكەش گەل نەكردوە، هەر بۆیە لە گەل دابڕاوە واتا ئیدی پەیوەندی دەوڵەت و کۆمەڵگای موخاتەبی دەوڵەت ئەوەندە تەنك بووە دڕاوە، ئەوەندەیش لێك بڵاوبۆتەوە كە بە هیچ جۆرێك ناتوانێت بیدورێتەوە. بنەمای سیاسەت ئاوا داڕێژراوە بەشێک لە گەلان و خەڵکی ئێران بە دوژمن کراوە و بەشێکیش وەکوو خۆمانە پێناسەکراوە و لە دژی ئەوان بەکار هاتووە. شتێک بە ناوی هاوڵاتی یەکسان بوونی نییە. هیچ ڕێکارێکی سیاسی- دیمۆکراتیک پەیڕەو نەکراوە. بۆیە ئەگەر ئەولەویەت بەندیەك هەبێت لە گەورە قەیرانەكاندا قەیرانی سیاسی و قەیرانی ڕێوەبەری دایكی هەموو قەیرانەكانن .دەسەڵاتداریەك لە ئارادایە كە گەلی بۆ گرنگ نییە و بێ دەغدەغە و بێ ترس و بێباكە سەبارەت بەو گەلە و چارەنوسی ئەو گەلە. قەیرانی سیاسی “دایکی هەموو قەیرانەکانە”. بۆ نموونە، قەیرانی ژینگەیی ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی ئاو و کشتوکاڵە؛ چونکە دەسەڵاتێک کە داهاتووی وڵاتی بۆ گرنگ بێت دەبێ پرۆژەی هەبێت، بەڵام لە ئێراندا تەنیا دەیانەوێت ئەوەی هەبووە تەواوی بکەن و بیدزن. ئەگەر ڕیشەی قەیرانی ئاو هەڵکۆڵیت، دەبینیت لە ژێرەوە مافیای گەورەی ئابووری و دزیی گەورەی دەسەڵاتی تێدایە.
ئێستا ئەم سیستەمە تەنیا لە ڕێگەی زەبروزەنگ و ترساندنەوە خۆی ڕاگرتووە، بەڵام هیچ دیکتاتۆرێک لە مێژوودا نەیتوانیوە بە توندوتیژی بمێنێتەوە. شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” ئەو دیوارەی ترسی شکاند. ئێستا کۆماری ئیسلامی تووشی “پرسی بەقا” (مان و نەمان) بووە. لێرەدایە کە دەستێوەردانی هێزی دەرەکی دۆخەکە هەستیارتر دەکات. دەسەڵات دەیەوێت بە بەکارهێنانی پرسی شەڕ و هەستی نەتەوەیی، تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە، بەڵام ئەم سیاسەتەش کۆن بوو و برەوی نەماوە.
ئەگەر سیستەم بە گشتی ئەم “گەورە قەیرانە” و پەیوەندیی نێوان قەیرانەکان بە دروستی دەستنیشان نەکات و پرۆژەیەکی دیموکراتیزەکردن بەرامبەر گەل دانەنێت، مەحاڵە ڕزگاری بێت. بابەتی نەمانی دیکتاتۆریەت بێگومان گرینگە ، بەڵام لەوە گرینگتر ئەوەیە کە چی بەسەر کۆمەڵگەدا دێت؟ کۆمەڵگەیەک کە دەوڵەت-نەتەوەی سەد ساڵە شیرازەی لێک ترازاندووە و تووشی هەژاری و نەخۆشی کراوە، داخۆ چۆن دەتوانێت لەم تۆفانە ڕزگاری بێت؟ داڵغەی ئێمە بۆ گەلی کورد و هەموو گەلانی ئێران، ژیان و شکۆی مرۆڤەکانە؛ نیگەرانین نەوەک ئەم برینانە ئەوەندە قووڵ بن کە قەت ساڕێژ نەبن.
ئاڵتەرناتیڤ: بە بڕوای ئێوە ئەگەری هێرشی دووبارەی ئیسرائیل چەندە؟ ئەگەر هێرش بکرێت وەک ئاماژەت پێ کرد، ئایا قەیرانەکان دیسان گەورە قەیران دروست دەکەنەوە؟ لەو بارودۆخەدا کۆمەڵگە دەبێت چی بکات؟
هەڤاڵ ئەمیر کەریمی: ئەوەی کە ئێران شەڕێکی تری لەپێشە هیچ گومانی تێدا نییە. ئەو زیادەخوازییەی کە دەوڵەتی ئێران لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کردوویەتی، ئێستا بۆی دەگەڕێتەوە؛ خەیاڵی دروستکردنی “هیلالی شیعی” و “ئیمپراتۆرییەتی شیعی” و بوون بە هێزێکی هەڕەشەکەر لە ناوچەکەدا، وای کردووە کە ئێستا هەموو هێرشەکان پاساوی هەبێت. ستراتیژیی هێزە جیهانیەكان لە ناوچەكەدا ئەوەیە كە دەیانەوێت زنجیرەیەك هێرش بكەن كە لە دەرئەنجامدا گورزی هەری كاریگەر لە ئێران بدەن، لە ڕوانگەی ئەوانەوە گۆڕانکاری لە دەستێوەردان لە ئێراندا بە ئەنجام دەگات.
ئێران ئێستا وەک هەڕەشەیەکی سەربازی دەبینرێت. هەرچەندە دەستوپێوەندەکانی لە دەرەوە لاواز کراون، بەڵام هێشتا لە هەندێک شوێن وەک عێراق و یەمەن نفووزی ماوە. هێزە جیهانییەکان ترسیان هەبوو کە دەست بخاتە ناو سووریا و شوێنەکانی تریش. هەروەها چەکەکانی ئێران هەڕەشەیەکی جددین بۆ سەر ئیسرائیل و پرۆژە ئەتۆمییەکەیشی وای کردووە هێزە جیهانییەکان و بەتایبەتی ئیسرائیل بیەوێت ئەو مەترسییە نەهێڵێت. ئیسرائیل ئێستا بووەتە فاکتەرێکی ڕاستەوخۆ لە ناوچەکەدا؛ پێشتر تەنیا لە دۆخی خۆپاراستندا بوو، بەڵام ئێستا لە ئاراستەیەکی هێرشبەریدایە. ئیسرائیل دەیەوێت “پەیمانی ئیبراهیم” تەواو بکات و ڕێگەکانی وزە و بازرگانی بخاتە ژێر چاودێریی خۆیەوە، ئەوەش بە تێکشکاندنی ئێران لە ناوچەکەدا کامل دەبێت.
هەر بۆیەش حەتمەن هێرش دەکەن. جا ئایا ئەو هێرشە دەبێتە هۆی لەناوچوونی ئەو دەسەڵاتە یان نا، ئەوە بابەتێکی ترە و پەیوەستە بەو قەیرانە ناوخۆییانەی باسمان کرد.
سەبارەت بەوەی کەی شەڕ ڕوودەدات، پێمان وایە ئەمریکا لەم بارودۆخەی ئێستادا نایەوێت هێرشێکی ڕاستەوخۆ بکات. ئەمریکا دەیەوێت لە ڕێگەی دانوستان و “فشاری حەدی ئەکسەری”وە مەرجەکانی خۆی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت و تەسلیمی داخوازییەکانی بکات. ئەمریکا چاک دەزانێت کە ئێران لە ڕاستیدا هێزی گوشاری نییە، بۆیە پێی دەڵێت: یان ئەم مەرجانە قبووڵ دەکەیت، یان ڕێگە بۆ ئیسرائیل خۆش دەکەم. ئەمریکا دەیەوێت دۆخەکە کۆنترۆڵکراو بێت و ئەڵتەرناتیڤی هەبێت تا گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سیستەمەکەدا بکات. لە بەرامبەردا ئیسرائیل پەلەیەتی و فشار بۆ ئەمریکا دەهێنێت تا لێی بدات. لە کۆتاییدا ئەوە دەردەکەوێت کە ئەمریکا هەرچی پێویست بێت بۆ ئیسرائیل دەیکات، بۆیە ئەو شەڕە لەگەڵ ئێراندا حەتمییە و دەسەڵاتدارانی ئێرانیش ئەمە دەزانن.
خاڵێکی تر کە لێرەدا گرنگە، قۆناغی “نە شەڕ و نە ئاشتی”یە. وا دیارە دانوستان بەردەوامە، بەڵام لە ڕاستیدا هەمووان خۆیان بۆ شەڕ ئامادە دەکەن. ئێران بە پەیوەندی لەگەڵ چین و ڕووسیا دەیەوێت خۆی ئامادە بکات، بەڵام هیچ هەنگاوێکی لەو چەشنە ناتوانێت هاوسەنگیی شەڕەکە بگۆڕێت. ئێران ناتوانێت بەرامبەر سیستەمی جیهانی ڕابوەستێت. ڕەنگە هێزە ناکۆکەکانی ناو سیستەمی جیهانی (وەک چین و ڕووسیا) هەندێک یارمەتیی ئێران بدەن، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوانیش بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ڕۆژئاوا ناخەنە مەترسییەوە. ڕووسیا ئەگەر لە کێشەی ئۆکراینادا ئیمتیازی دەست بکەوێت، ڕەنگە پشت لە ئێران بکات؛ چینیش نایەوێت بەرژەوەندییە ئابوورییە گەورەکانی لەگەڵ ڕۆژئاوا بکاتە قوربانیی ئێران.
ئاڵتەرناتیڤ: بە بڕوای ئێوە ئێران چۆن ئەم مەودایەی “نە شەڕ و نە ئاشتی” بەکاردەهێنێت؟ ئایا بیر لە چارەسەری کێشەکان دەکاتەوە و هەوڵ دەدات قەیرانەکان بکاتە دەرفەت بۆ گۆڕانکاری؟ یان وەک دیکتاتۆرەکانی تری ناوچەکە (سەدام و ئەسەد) سوور دەبێت لەسەر سیاسەتەکانی تا نۆرەی ئەویش دێت؟
هەڤاڵ ئەمیر کەریمی: لە ناو ئەم دۆخەدا، ئەگەری زۆرە دەسەڵات بیەوێت هێزی گەل پەرتەوازە بکات و سەرکوتکاری زیاد بکات تا ڕێگە نەدات دەنگە ناڕازییەکان بەرز ببنەوە، چونکە کۆماری ئیسلامی ترسە گەورەکەی لە ناوخۆی وڵات و لە هێزی گەلە. ئەوان دەیانەوێت هەموو دەرفەتێکی ڕێکخراوبوونی گەل بنبڕ بکەن تا ئەگەر هێرش کرا، خەڵک نەتوانێت بجوڵێت. ئەمەش “تەوەهووم” و تێنەگەیشتنی حوکمڕانانی ئێران نیشان دەدات. تابلۆکە نیشانی دەدات کە فشارەکان و گرتن و لەسێدارەدانەکان زیادیان کردووە. وا دیارە دەرس لە چارەنووسی دیکتاتۆرەکانی دیکە وەرناگیرێت. لە سەردەمی گەورەقەیرانەکان ئەوەی کە بوێری دیتنی ڕاستیەکانی هەبێت و توانای ئەخلاقی خۆ لە بەرچاوگرتنەوە و رەخنە لە خۆ گرتنی هەبێت دەتوانێت واز لە دووپاتە کردنەوەی ڕابردوو بێنێت و قەیرانەکان تێپەردەکات. ئەمە عەقلیەتی دیمۆکراسی و ڕێز گرتن لە گەلی پێویستە کە لە کۆماری ئیسلامی دا بەدی ناکرێت. لە ئاسۆ دا تەنیا دۆخێکی قەیراناویتر دەبینرێت.
ئاڵتەرناتیڤ: بە بینینی هەموو ئەو ڕاستیانەی باست کرد، ئێستا کێشە ناوخۆییەکانی ناو حکومەت قووڵتر بوونەتەوە. ڕۆژانە دەبینین لە گۆشە و کەنارەوە ریفۆرمخوازانی ناو دەسەڵات و ئەوانەی لە دەرەوەی دەسەڵاتن و خۆیان بە ریفۆرمخواز پێناسە دەکەن، لەگەڵ باڵی پاوانخواز خەریکی ململانێ و شەڕەدەنووکن. هەندێک دەڵێن ئەمانە تەنیا بۆ سەرگەرم کردنی خەڵکە و ڕاست نییە. ئەم جیاوازییانەی ناو دەسەڵات تا چەند جددییە؟ ئایا ململانێیەکی ڕاستەقینەیە یان تەنیا سیناریۆیە بۆ چەواشەکردنی خەڵک؟
هەڤاڵ ئەمیر کەریمی: سیستەمی سیاسیی ئێران هەر لە سەرەتاوە قەیراناوی بووە. ئەم سیستەمە لەسەر ئەوە دامەزراوە کە خۆی قەیران بخوڵقێنێت تا بتوانێت هەمیشە لایەنێک بسڕێتەوە. لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە، سەرەتا هەوڵیان دا چەپەکان و ڕادیکاڵەکان و هێزی گەلان بسڕنەوە، دوای ئەوە لیبڕاڵەکانیان سڕییەوە، پاشان لە ناو خۆیاندا بوون بە دوو باڵی چەپ و ڕاستی ئیسلامی، دواتریش بوون بە “اصلاحطلب” (ریفۆرمخواز) و توندڕەو. واتە سیستەم هەمیشە لە دۆخی دابەشبووندایە، چونکە لە هەوڵی ئەوە دا بووە خۆی یەکدەست بکاتەوە. ئەمە تایبەتمەندیی سیستەمەکەیە کە هەمیشە خۆی لە ناو ناکۆکیدا ڕادەگرێت.
من لە سەر ئەو بڕوایە نیم کە ئەمە سیناریۆ بێ و بە بەرنامە دانیشتبن و دابەشی کار بکەن، بەڵکوو ئەمە راستیەکەی دەروونی و هەمیشەیی ناو دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئێران بووە. ریفۆرمخوازەکان لە ناو سیستەمدا نەمان و سڕانەوە، بۆیە بەشێکیان ئێستا بە تەواوی لە سیستەمەکە دابڕاون. ئەوەی ماوەتەوە ململانێی “میانڕەوەکان” و “توندڕەوەکان”ە. بۆ نموونە کەسێکی وەک پزشکیان و ئەوانەی لەگەڵیدان، ریفۆرمخواز نین، بەڵکوو “هێڵی میانڕەون” و بڕوایان بە دیپلۆماسی لەگەڵ ڕۆژئاوا هەیە. توندڕەوەکانیش دەیانەوێت بەرەیەکی توند دژی ڕۆژئاوا بگرن و لە جەبهەی شەرق (چین و ڕووسیا) نزیک ببنەوە تا خۆیان ڕاگرن.
پێویستە بزانین جیاوازیی نێوان ریفۆرمخواز و میانڕەوەکان چییە؛ ریفۆرمخوازەکان بۆ پاراستنی رژێم باسیان لە جۆرێک نەرمیی ناوخۆیی و دەرەکی دەکرد، بەڵام میانڕەوەکان (هەر لە سەردەمی ڕەفسەنجانییەوە) لایەنگری ئەوەن لە دەرەوە ڕوویەکی نەرم نیشان بدەن، بەڵام لە ناوخۆدا زەبروزەنگ و فشار بەکاربهێنن. هەر بۆیە لە سەردەمی ئەواندا زۆرترین فشار خرایە سەر خەڵک. ئەمانە نایانەوێت فشار لەسەر کۆمەڵگە کەم بکەنەوە، مەگەر ئەوەی هەست بکەن هەموو شتێک لەدەست دەدەن.
هەردوو بەرەکە (توندڕەو و میانڕەو) لەسەر پرسی فشارو زەخت لەسەر گەل کۆکن. لە چۆنیەتی و زەمانی پێکهێنانی گوشار دا جیاوازیان هەیە. یەکیان دەڵێت پێداگری لە سەر گوشاری ڕاستەوخۆ لەو کاتەدا دەبێتە هۆی تەقینەوەی کۆمەڵگە (وەک شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی)، ئەوی تریان دەڵێت دەبێت بێ گوێچکەدان بە هەل و مەرج پێویستە هەر فشار هەبێت تا گەل تەسلیم ببێت، چونکە ئەگەر فشار کەم بکەینەوە داخوازییەکانی خەڵک زیاتر دەبن. لێرەدا هیچ “بیرکردنەوەیەکی دیموکراتیک” بوونی نییە. واتا دوو خوێندنەوە لە بابەتەكە هەیە بەس یەك حەقیقەت هەیە ئەویش ئەوەیە کە کۆمەڵگە لە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”دا دەستکەوتی گەورەی هەبوو. ئێستا کۆمەڵگەیەکمان هەیە کە بە تەواوی دەوڵەت ڕەت دەکاتەوە؛ بەتایبەت ژنان زۆر ڕادیکاڵ لە بەرامبەر سیستەمدا ڕاوەستاون. ئەو خوێندنەوەیەی دەڵێت فشاری زۆر دەبێتە هۆی تەقینەوە، ڕاستترە. ململانێی باڵەکان لەم خاڵەدا بەردەوامە. باڵی توندڕەو کە دەسەڵاتی لەدەستە، دەیەوێت سیاسەتی شەڕخوازی و فشار پەیڕەو بکات، بەڵام باڵی میانڕەو هەوڵ دەدات خامنەیی و دەسەڵاتدارانی “مصلحت نظام” قایل بکات کە کاردانەوەی کۆمەڵگە لە بەرانبەر گوشارەکان مودیریەت بکەن و نەهێڵن تەقینەوە ساز بێت.
بە گشتی، سیستەمی ئێران وەک کەشتییەکی تێکشکاوی لێ هاتووە کە ئاوی تێچووە؛ لەم دۆخەدا ئیتر کەشتیوانێک نەماوە بڕیار بدات. هەمووان خەریکی یەکتر تاوانبارکردن و سڕینەوەی یەکترین. ئەم جۆرە قەیرانانە بە “پینەوپەڕۆ” چارەسەر نابن. بەپێی ئەزموونی مێژوویی، یەکێک لەم سێ ئەگەرە دۆخەکە یەکلایی دەکاتەوە: یان شۆڕشێکی جەماوەری، یان کودەتایەکی ناوخۆیی، یان دەستێوەردانی دەرەکی کە ئەڵتەرناتیڤێکی نوێ بسەپێنێت. دەبێت هەموو ئەم گریمانانە لەبەرچاو بگرین.
ئاڵتەرناتیڤ: ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی دەسەڵات، لەسەر بنەمای ئەو ئەگەرانەی باست کرد (هێرشی دەرەکی، شۆڕشی ناوخۆیی، یان کودەتا)، ئەڵتەرناتیڤی جۆراوجۆریان هەیە. پەژاکیش باس لە “کۆماری دیموکراتیک” دەکات. ئێوە کۆماری دیموکراتیک چۆن پێناسە دەکەن؟
هەڤاڵ ئەمیر کەریمی: سەرەتا دەبێت بڵێم نەک تەنیا دەوڵەت، بەڵکوو خودی “سیاسەت”یش لە ئێران تووشی قەیران بووە. مەبەستم لە سیاسەت، وەک پڕۆژە و ئەندێشەیەکی ئامانجدار کە بتوانێت کۆمەڵگە ئاراستە بکات و بنبەستەکە بشکێنێت. چونکە دەوڵەت توانیویەتی ئۆپۆزسیۆن وەدەرنێت ئێستا ئەوانەی خۆیان وەک جێگرەوە دەبینن، هەموویان لە دەرەوەن. ئەم دوورکەوتنەوەیەش وای کردووە پەیوەندییان بە ناوەوە نەمێنێت و تەنیا لە ڕێگەی میدیاوە کار بکەن، بێ ئەوەی ناسینێکی ورد و کۆمەڵناسانەیان بۆ ناوخۆی ئێران هەبێت. شیکارییەکانی ئەوان زۆرتر لەسەر ساڵانی سەرەتای شۆڕش و ئەو کاتانەیە کە دەوڵەت سەرکوتی کردوون؛ تەنانەت دروشمەکانیشیان هەر هی ئەو سەردەمەیە.
ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە لە شیکاریی قەیرانەکاندا لە دواوەیە. تەنانەت دەوڵەت لە ئەوان باشتر قەیرانەکان دەبینێت، چونکە هیچ نەبێت دەوڵەت لە پەیوەندیدایە لەگەڵ ڕووداوەکان، بەڵام ئەوان وانین. وادەزانن تەنیا بە چەند دروشمێکی سیاسی و گۆڕینی دەسەڵاتدارەکان، دەتوانن باوەڕ لە خەڵکدا ساز بکەن کە قەیرانەکان چارەسەر دەبن؛ بەڵام وانییە. کێشەکە تەنیا دەسەڵات یان رژێمێکی سیاسی نییە، بەڵکوو خودی “دەوڵەت-نەتەوە”یە کە سەد ساڵە شکستی هێناوە. ئەگەر سەیری ئەم سەد ساڵە بکەین، دەبینین کۆماری ئیسلامی بەشێک لە سیاسەتە ناوەندگەراکانی پەهلەوی بەردەوام کردووە. بۆیە گۆڕانکارییەکە دەبێت زۆر ڕیشەییتر بێت. بە ڕۆیشتنی مەلایەک و هاتنی کەسێکی مۆدێرنتر کێشەکان چارەسەر نابن. دیاردەی حوکمداری و دەسەڵاتی ئێرانی بەتایبەتی لە سەردەمی مۆدێرن دا پێویستە لە ریشەوە لێک بدرێتەوە و چارەسەر بکرێت.
بۆ چارەسەری، پێویستمان بە ئەقڵییەتێکی جیاوازە. ناکرێت بە نەتەوەپەرستی یان گەڕانەوە بۆ سیستەمی ڕابردوو (پاشایەتی) کێشەیەک چارەسەر بکەیت کە ڕیشەکەی هەر لەوێدایە. نابێت وا بیر بکەینەوە کە هەموو شتێک دەبێت لە “ناوەند”ەوە چارەسەر بکرێت. هەروەها تەنیا “مافخوازی”یش چارەسەر نییە؛ تۆ ناتوانیت لە سیستەمێکی داڕماو و ڕزیو داوای ماف بکەیت. دەبێت دەست لەو جۆرە بیرکردنەوانە هەڵبگرین. پێویستە ئالتەرناتیڤ بخۆڵقێنین. ئەوە بەتایبەتی بۆ کورد ژیانیە. ئێستا ئێمە ئیدەمان هەیە ئیدەكەمان كۆماری دیموكراتیكە، راستە سیستەمی كۆمار جۆرێك دەسەڵاتداریی و حكومەتە بەڵام پایەكانی كۆماری دیموكراتیك واتا پرەنسیبەكانی تەنیا ئەوە نییە كە دەوڵەتێك و حكومداریەكی دیکە دروست دەبێت. کۆماری دیمۆکراتیک تێپەربوون لە دەولەت – نەتەوەی سەرکوتکار و نکۆڵیکارە. پایەکانی کۆماری دیموکراتیک لای ئێمە ئەمانەن:
١. ناناوەندێتی: ئیتر حوکمێکی ناوەندی لە ئێراندا سەرناگرێت. پێویستە یەکگرتوویی یان یەکپارچەیی لە گەڵ ناوەندی بوون لێک جیا بکرێنەوە. ئێمە کێشەمان لەگەڵ یەکپارچەیی نییە، بەڵام دەبێت ئەو یەکپارچەییە دیموکراتیک بێت نەک زۆرەملێ. نابێت وەها بێت کە ناوەند بڕیار بدات کێ ئێرانییە و کێ نییە، یان بە هێزی سەربازی جیاوازیەکان و نەتەوەکان سەرکوت بکات.
ناوەندگەرایی پەراوێز و پەراوێزخراوان بەرهەم دێنێت و ئەوەش هەر ئەو پەرگارەیە کە ئێستا تووشی قەیرانە.
٢. خۆڕێوەبەری: دەبێت هەرێمەکان و نەتەوە جیاوازەکان مافی ئەوەیان هەبێت خۆیان کاروباری خۆیان بەڕێوە ببەن. قەیرانی ئابووریی ئێران بە شێوازی ناوەندی چارەسەر نابێت؛ کاتێک کۆمەڵگە مافی مودیریەت و خاوەندارێتیی ژیانی ئابووریی خۆی هەبێت، قەیرانەکان نامێنن. پێش سەردەمی دەوڵەتی مۆدێرن، جۆرێک لە خۆسەری لە ئێراندا هەبووە و دەبێت ئەو مافە بگەڕێتەوە.
٣. دیموکراسیی ڕاستەوخۆ و ڕادیکاڵ: تەنیا دابەش کردنی دەسەڵات بە واتای پێکهاتنی دیمۆکراسی نیە. دەسەڵاتە هەرێمیەکانیش دەتوانن دیکتاتۆر بن. ئەوانی دەڵێن بە کورد بێ قەی ناکا با دیکتاتۆر بێ هیچ فڕێکیان بەسەر ئازادیخوازیەوە نیە. کۆمەڵگا پێویستە لە بەرانبەر هەر حاکمیەتێک بتوانێت ئیرادەی خۆی بپارێزێت. هەروەها بەرەنگار بوونەوەی دیاردەکانی دەسڵات لە ناو کۆمەڵگا پێویستیان بە هەڵوێستی ڕادیکاڵ هەیە بۆ نموونە لە کوردستاندا، پیاوسالاری و سوننەتگەرایی بەهێزن؛ بۆیە تێکۆشان بۆ ئازادیی ژن و پاراستنی کەمینە ئایینییەکان (وەک یارسان و شیعەی کورد) بەشێکی جەوهەرییە لە پرۆژەی کۆماری دیموکراتیک، ئازادیی ژن و پاراستنی هەمەڕەنگ، کۆڵەکەکەی دیمۆکراسی ڕادیکاڵن. هەر وەها لە بواری نوێنەرایەتی سیاسی دیموکراسیی نوێنەرایەتی (پەرلەمانی) بە تەنیا بەس نییە، چونکە هێز و پارە و دەستێوەردانی دەرەکی دەتوانن ئاراستەی بکەن. چارەسەر تەنیا لە “کۆمین” و “ئەنجومەنەکاندایە”؛ واتە دیموکراسی ببرێتە ناو خانە بە خانەی کۆمەڵگە، لە گوندەکانەوە تا شارە گەورەکان، تا خەڵک خۆیان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن و بڕیار لە داهاتووی خۆیان بدەن. : رزگاریی سیاسی بە تەنیا بەس نییە، بەڵکوو “ئازادی” پێویستە.
دەبێت سیستەمەكە جۆرێك لە بواری یاسای و سیاسی و فكری و زهنیەتی ڕێکخرابێتەوە کە تێیدا بەیەکەوە ژیانی ناسنامەکان و نەتەوەکان مسۆگەر بکرێت، چونكە مەسەلەكە تەنیا ناناوەندی بوون نییە مەسەلە ئەوەیە ئەو جیاوازیانە چۆن یەكتر بگرن. دەزانین کە دەوڵەتەکان لە سەر ناکۆکی لە ناوبەر نەتەوەکان و ئایینەکان سیاسەت دەکەن، بەو واتایە کە جیاوازی دەکەن بە کێشە و ناکۆکی. بۆ نمونە ئێستا دەوڵەتی ئێران و توركیا و ئازەربایجان و تەنانەت هیندێک لایەنی کوردیش لەسەر جیاوازی كورد و ئازەری سیاسەت دەكات و هەتا ئەگەر كێشەیش نەبێت دروستی دەكەن، هەروەها لەنێو لوڕ و عەرەب و زۆر نەتەوەی تریش ناکۆکی دەنێنەوە. واتا ئەوانە كاری لەسەر كراوە بۆیە دەتوانێت مەترسیداربێت، دەبێت سیستەمەكە جۆرێك بێت كە ئەو بەیەکەوە ژیانە دروست بكات و بنەما هزری و فەرهەنگیەکەشی داڕێژێ و قانونی بکات.
وەک پەژاک بە ڕاشکاوی دەڵێین: کێشەی ئێمە تەنیا ئاڵوگۆڕ لە دەسەلاتداران دا نیە واتە تەنیا گۆڕانی ڕژێمێک نییە. ئەگەر ڕژێمێک بڕوات و هەمان ئەقڵییەتی ناوەندگەرا بمێنێتەوە، هیچ ناگۆڕێت. سەیری سووریا بکەن؛ ڕژێمی بەعس چوو بەڵام هێشتا ئەقڵییەتی ناوەندگەرا ڕێگرە لە دیموکراسی. هێزە جیهانییەکان تەنیا “سەقامگیری”یان دەوێت (چ سەربازی بێت یان ئیسلامی سیاسی وەک ئەفغانستان)، بۆیان گرنگ نییە دیموکراسی هەیە یان نا. بۆیە ئێمە دەڵێین دەبێت “دەوڵەت + دیموکراسی” هەبێت؛ دەوڵەتێکی بچووک و دیموکراسییەکی بەهێز کە لە ناو کۆمەڵگەوە سەرچاوە بگرێت.
ئەمەیە “کۆماری دیموکراتیک”؛ سیستەمێک کە تێیدا گەلان، ژنان و هەموو ئەوانەی خراونەتە پەراوێزەوە ( کە ئێمە وەکوو هێزەکانی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک پێناسەیان دەکەین)، دەبنە هێزی سەرەکیی داڕشتنی سیستەمی ڕێوەبەری تایبەت و گشتگیری خۆیان. ئەمە پێویستی بە تێکۆشانێکی فیکری و گۆڕینی ئەقڵییەت هەیە کە ئێمە کارمان لەسەر کردووە.
ئاڵتەرناتیڤ: ئایا کاتێک ئێوە باس لە “کۆماری دیموکراتیکی ئێران” دەکەن، کێشەی کورد ناخەنە پەراوێز و سێبەرەوە؟ باست لەوە کرد کە لە کۆماری دیموکراتیک دا هەموو گەلان و ئەوانەی ئینکار دەکران خۆیان بەڕێوە دەبەن، بەڵام بەهەرحاڵ لەوانەیە ئەم گومانە هەبێت؟
هەڤاڵ ئەمیر کەریمی: تایبەتمەندیی کۆماری دیموکراتیک هەر لێرەدایە؛ ئەم پرۆژەیە شتێک نییە لەخۆیەوە دروست بێت، بەڵکوو دەبێت بونیاد بنرێت. گەلی کوردی کە ڕەوتی نەتەوەیی خۆی بە سەرکەوتوویی دەبڕێت دەتوانێ بونیادنەر بێت. نەتەویی بوونی دیمۆکراتیک ئەوەیە کە سیاسەتی ناسنامەەیی تاکە لایانە بەڕێوەنەبەین. بە هەموو هێزمان داکۆکی لە هەبوون و مافەکانمان دەکەین بەڵام ئیتر پێویستە باس لە کاریگەر بوونیشمان بکەین. ئەو ڕوانگەیەی کە پرسی نەتەوەکەمان وەکوو کێشەی ئەمنی نیشان دەدات ڕوانگەی داگیرکەرانەی دەوڵەت-نەتەوەیە. کۆماری دیموکراتیک کێشەی کورد لە “کێشەبوون” دەردەهێنێت. لە سەدەی بیستەمدا بە دروستبوونی سیستەمی “دەوڵەت-نەتەوە”، مەسەلەی کورد بوو بە کێشە؛ بۆیە کورد بۆ ئەوەی لەم دۆخە تێپەڕێت، ناچارە پێشەنگایەتیی سیستەمێک بکات کە تێیدا وەک “کێشە” نەمێنێتەوە. ئێمە سەدان جار گوتوومانە: لە نەبوونی دیموکراسیدا کورد دەبێتە کێشە، بەڵام بە هەبوونی دیموکراسی کورد لە کێشە دەردەچێت.
کۆمەڵگەی کورد بەهۆی ئەزموونی تێکۆشان و فەرهەنگە دەوڵەمەندەکەیەوە، ئەو توانایەی تێدایە ببێتە چاوگەی سەرەکیی کۆماری دیموکراتیک. چونکە ساڵانێکی زۆر لە بەرامبەر قووڵترین نکوڵی و توندوتیژیدا ڕاوەستاوە؛ ئێمە هەمیشە گرێی مەسەلەکە و خاڵی یەکلاکەرەوە بووین. کاتێک لەو خاڵە سەختانەوە هێزێک سەر هەڵدەدات، هێزێکی ئاسایی نییە. کۆمەڵگەی کورد ئینکاری گەلانی تر ناکات، بەڵکوو دەبێتە پێشەنگی پرۆسەی دیموکراسی، ئەمەش پێگەی کورد زۆر گەورەتر و بەرجەستەتر دەکات. ئیتر کورد تەنیا دژبەری ناکات، ئالتەرناتیڤی خۆی بونیاد دەنێت. ئێمە وەوە وەکوو شۆڕشی پۆزیتیڤ یان شۆڕشی بوونیادنەر بەناوی دەکەین.
بیرکردنەوەی نەتەوەپەرستی کلاسیکی کورد دەڵێت: “کورد تەنیا لە ناو سنووری جوگرافیای خۆیدا دەسەڵاتێکی هەبێت بەسە”، لە کاتێکدا ئەو سنوورە جوگرافیایەش بە دروستی پێناسە نەکراوە. ئێستا مەسەلەی نەتەوەبوونی کورد تەنیا “خاک و خوێن” نییە؛ خاک و جوگرافیا و ناسنامە گرنگن، بەڵام ئەوەی گرنگترە ئەوەیە کورد چۆن هاوبەشی و پێشەنگایەتی دەکات. ئەگەر کورد تەنیا خۆی سنووردار بکات، ڕووبەڕووی هێرش دەبێتەوە. نابێت خۆمان فریو بدەین؛ هیچ زەمانەتێک نییە کە سیستەمی داهاتووی ئێران دیموکراتیک بێت، تەنانەت دەکرێت لە سیستەمی ڕابردوو خراپتریش بێت. ئەوەی دیموکراسی زەمانەت دەکات تەنیا تێکۆشانی گەلی کورد، ژنان و پێکەوەژیانی گەلانە.
بۆیە ئێمە بڕوامان وایە گەلی کورد دەبێت سەرنج بخاتە سەر ئەوەی چۆن کاریگەریی خۆی دابنێت. ئەمە لە شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”دا بە ڕوونی دەرکەوت. ئەو گوتارەی کە دەڵێت “من کارم بە کەس نییە و تەنیا بە خەمی خۆمەوە دەبم”، گوتارێکی شکستخواردووە. هیچ هێزێک بە کشانەوە سەرنەکەوتووە. پێشڕەویی دیموکراتیکی کورد وەک پێشڕەویی داگیرکەران نییە؛ ئێمە نە چاومان لە خاکی کەسە و نە دەمانەوێت داگیرکەر بین، بەڵکوو دەمانەوێت سیستەمێک دروست ببێت کە تێیدا توانای تێکۆشان و پێشەنگایەتیی فەلسەفەی سیاسیی کورد دیار بێت. ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە لە نەتەوەکانی تر باڵاترین، بەڵکوو جۆری ئەقڵییەت و تێکۆشانەکەمان ئەمەی سەلماندووە.
مەسەلەی نەتەوەبوون و گەیشتن بە ئامانجەکان هەر رۆژەڤی سەرەکیمانە و بگرە گەورەتریش بووە. لە پرۆژەی ئێمەدا، کورد لە جوگرافیای خۆیدا خۆی بەڕێوە دەبات. لە سیستەمی “کۆنفیدراڵیزم”دا هەموو ئەو ناوچانەی کوردی لێ دەژیت، دەتوانن لە ڕێگەی “مەجلیسەکانی گەل”ـەوە بە هەماهەنگی خۆیان بەڕێوە ببەن و پەیوەندییان لەگەڵ بەشەکانی تری کوردستان و گەلانی تری ئێرانیش هەبێت. ئەمە فەلسەفەیەکی سیاسیی ڕوو لە داهاتووە.
تێکۆشانی ئێمە ئەوەی سەلماندووە کە نابێت هێزی خۆمان بە کەم وەربگرین. ئێمە وەک کەسانێک نیین کە هەمیشە “سینییەک لە داخوازی”مان بەدەستەوە بێت و لەبەردەم دەسەڵاتداران ڕایبگرین، نا؛ ئێمە پرۆژەمان هەیە و تێکۆشانی بۆ دەکەین. پرۆژەکەمان بەرفراوان، بەهێز و دیموکراتیکە و گەلان پەسەندی دەکەن. ئەو لایەنەی لە ڕابردوو و ئێستاشدا زۆرترین تێکۆشانی بۆ نەتەوەی کورد کردووە، ئێمەین. چونکە چاومان لە ئازادیی ڕاستەقینەی گەلەکەمانە. لە ڕاستیدا ئێمە هێزی نەتەوەیی دیموکراتیکی گەلی کوردین. گەلی کورد دڵنیا بێت، ئەو کەسانەی ژیانی خۆیان بۆ خزمەتی ئەم گەلە تەرخان کردووە، تا گەیشتن بە ئازادی دەست هەڵناگرن. ئێمە دروشم نادەین، بەڵکوو ڕۆژانە کار دەکەین و قوربانی دەدەین.
ئاڵتەرناتیڤ: ئێستا لە تورکیا و باکووری کوردستان، پڕۆسەی ئاشتی بە پێشەنگایەتیی ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوە دەچێت؛ لەمبارەیەوە نیگەرانی و دڵخۆشی هەیە. ئێوە پێواژووەکە چۆن دەنرخێنن؟ لە ئەگەری سەرکەوتن یان شکەست، چ کاریگەرییەکی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تورکیا، ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت؟
هەڤاڵ ئەمیر کەریمی: سەرەتا دەبێت بپرسین سەرکەوتن چییە و چۆن پێناسە دەکرێت؟ ئەگەر ئامانجەکە گۆڕانکارییەکی ستراتیژی بێت لە تێکۆشانی گەلی کورددا، بە بڕوای من ئەم ئامانجە هەر لە ئێستاوە بەدی هاتووە. ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت کورد وەک “هێزێکی دیموکراتیک” لە ناوچەکەدا دەربکەوێت؛ واتە هێزێک کە تەسلیمی دەسەڵات نەبێت و بە ئیرادەی خۆی بەرگری لە خۆی بکات. لە کاتێکدا سیستەمی جیهانی و ناوچەیی خەریکە دەگۆڕێت، ڕێبەر ئاپۆ نایەوێت کورد تەنیا لە “سەنگەری بەرامبەر” بێت، بەڵکوو دەیەوێت لە ناو جەرگەی سیستەمەکەدا تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بکات. ئامانجی سەرەکی، دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراتیکە، نەک تەنیا ڕێککەوتنی پارتێکی سیاسی.
جووڵانەوەی ئاپۆیی نیشانی داوە کە نایەوێت ببێتە دیلی ئەو قاڵب و ساختارانەی خۆی دروستی کردوون. بۆ نموونە، کاتێک بینییان قاڵبی حیزبی بە تەنیا بەشی تێکۆشانی کۆمەڵایەتی ناکات، پەرەیان بە ساختارەکە دا. ئەم جووڵانەوەیە لە قۆناغی ئایدیۆلۆژی و جەماوەرییەوە دەستی پێ کرد و هیچ کات ڕەگ و ڕیشە جەماوەرییەکەی لەدەست نەدا. بەو واتایەی کە بزووتنەوەی ئاپۆیی قۆناخی بەر لە پارتی، قۆناخی پارتی و ئێستاش قۆناخی دوای پارتی هەیە. ئێستا پڕۆژەکە لە ئاستێکی فیکری و سیاسیی بەرزدایە و خەریکی “وەرچەرخانێکی مێژوویی”یە.
ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: “من مەسەلەی کوردم لەسەر پەتای سێدارەوە هێناوەتە سەر مێزی گفتوگۆ.” ئەمە گۆڕانکارییەکی مەزنە. بەڵام دانوستان لەگەڵ دەوڵەتێک کە لە سەر نەریتی نکۆڵی کردن لە گەلی کورد دامەزراوە و ئێستاش بەشێک لە ئەقڵی دەوڵەت هەر لەسەر ئەو بنەمایە دەڕوات، کارێکی ئاسان نییە. لە تورکیاش وەک ئێران، قەیران و ململانێی باڵەکان هەیە. بەشێکی دەوڵەت تێگەیشتووە کە بەبێ چارەسەری کێشەی کورد، تورکیا لە لایەن سیستەمی جیهانی و هاوپەیمانییەکانی (ئەمریکا، ئیسرائیل، یۆنان)ەوە تەنگەتاو دەکرێت. بەڵام بەشێکی تری دەوڵەت هێشتا بڕوای بە سەرکوتکردن هەیە.
تێکۆشانی کورد وەک دووچەرخە سواری وایە؛ ئەگەر یەک چرکە لە جووڵە بوەستیت، دەکەویت. ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ و جووڵانەوەکەی تێکۆشان ڕابگرن، کورد گورزێکی کوشندە دەخوات. ئێستا هەموو حیزبەکانی تورکیا ناچارن بەرنامەی خۆیان بۆ کێشەی کورد ئاشکرا بکەن، چونکە داهاتووی تورکیا و هەموو ناوچەکە بەم پرسەوە گرێ دراوە.
ئێمە وەک پەژاک ڕەشبین نین، بەڵام بێ نیگەرانیش نین. دەزانین کە بزووتنەوەی ئاپۆیی لە بەرانبەر بە نیگەرانیەکان خاوەن تەدبیرە. دەزانین لایەنی شەڕخواز لە ناو دەوڵەتی تورکیادا هێشتا بەهێزە؛ کەسێکی وەک هاکان فیدان وڵات بە وڵات دەگەڕێت تا بەرەیەکی دژە کورد لە سوریا و ئێران دروست بکات. تەنانەت کاتێک پڕۆسەی ئاشتییان ڕاگەیاند، داوایان کرد پەژاکیش چەک دابنێت! بەڵام ڕێبەر ئاپۆ وەڵامی دانەوە کە مەسەلەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دەبێت لە نێوان کوردانی ئەوێ و دەوڵەتی ئێراندا چارەسەر بکرێت. ئێمەش وەڵاممان ڕوون و ئاشکرا بوو. بە پێی تایبەتمەندی و پێداویستی ئێران و ڕۆژهەڵات دەجووڵێینەوە.
ئێستا تورکیا گەیشتووەتە شوێنێک کە گەڕانەوەی تێدا نییە؛ یان دەبێت گۆڕانکاریی ڕیشەیی بکات و ببێتە تورکیایەکی دیموکراتیک و بەهێز، یان ئەوەتا بەردەوام دەبێت لە شەڕ و نکوڵیکردن کە تێیدا تەنیا “هەزینە” و باجی گەورەتر دەدات. ئەگەر دەوڵەت بیەوێت بە شێوازێکی “پراگماتیستی” و کورتخایەن یاری بەم پرسە بکات، زیانی گەورەتر دەکات. لە بەرامبەردا، ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت کێشەکە لە چوارچێوەیەکی یاسایی و سیاسیی جێگیردا چارەسەر بکات کە نەک هەر لە تورکیا، بەڵکوو کاریگەریی ئەرێنی لەسەر هەموو بەشەکانی تری کوردستان و ناوچەکەش هەبێت. ئێمە تێکۆشانی بۆ دەکەین و بڕوامان وایە وزەی گەلی کورد و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت ئەم وەرچەرخانە مێژووییە بە ئەنجام بگەیەنێت.
ئاڵتەرناتیڤ: ئێستا لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی، ڕۆژئاوای کوردستان لە چ دۆخێکدایە؟ لە لایەکەوە تورکیا هەڕەشەی بەردەوام دەکات و دەڵێت دەبێت “هەسەدە” چەک دابنێت، لە لایەکی تریشەوە دەوڵەتی ناوەندیی سووریا داوا دەکات هەسەدەە بچێتە ناو سوپای وڵاتەوه. بە گشتی ئەم پڕۆسەیەی باکوور و دۆخی ڕۆژئاوا چۆن لێک دەدەیتەوە؟
هەڤاڵ ئەمیر کەریمی: مەسەلەی ڕۆژئاوا بەشێکە لەو گۆڕانکارییە ستراتیژییەی کە دەبێت لە ناوچەکەدا ڕوو بدات. ڕێوەبەریی خۆسەر و “هەسەدە” بە ئاشکرا گوتوویانە کە ئەوان سووریایەکی دیموکراتیکیان دەوێت؛ سووریایەک کە تێیدا کورد مافی خۆبەڕێوەبردن و خۆپاراستنی هەبێت و بەشدار بێت لە بڕیارە سیاسییەکاندا. سیستەمی ناوەندگەرا چیتر لە سووریادا سەرناگرێت. ئەگەر تورکیا بیەوێت سیستەمێکی ناوەندی بسەپێنێت، کێ قبووڵی دەکات؟ کورد، درووزی، عەلەوی و تەنانەت بەشێکی زۆری عەرەبی سوننەش قبووڵی ناکەن. کۆمەڵگەی سووریا ئەزموونی لاییک بوون و ئازادیی ژنی هەیە، بۆیە سەپاندنی شەریعەت یان سیستەمێکی ناوەندگەرا کاردانەوەی توندی لێ دەکەوێتەوە.
تورکیا دەیەوێت سووریایەک دروست بکات کە تێیدا شەڕێکی درێژخایەن هەبێت، ئەمەش ئاسایشی ناوچەکە و بەرژەوەندیی هێزە جیهانییەکان و ئیسرائیل دەخاتە مەترسییەوە. بۆیە دەستی تورکیا بە کراوەیی نامێنێتەوە و ناتوانێت تەنیا بە هەڕەشە بەرنامەکەی بسەپێنێت. لە ڕۆژئاوای کوردستان تەنیا کورد نییە، بەڵکوو جۆرە پەیوەندییەکی نوێ لە نێوان گەلاندا دروست بووە کە چیتر نایانەوێت پاشکۆی ناوەند بن. ئەوان ئەزموونی خۆبەڕێوەبردن و پاراستنیان هەیە؛ تەنانەت ئەو ناوچانەی پێشتر لە ژێر دەستی دەوڵەتدا بوون، ئێستا خوازیاری سیستەمی خۆسەرین، چونکە سەرەڕای قەیرانەکانی سوریا، لە ڕووی دیموکراسی، بەیەکەوە ژیانی گەلان، ماف وئازادییەکان و ئاسایشەوە ئەزموونێکی سەرکەوتووە.
دوژمنان و ناسیۆنالیستەکان هەوڵی زۆریان دا فیتنە بخەنە نێوان کورد و عەرەب، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون. خەڵکی ناوچەکە هەموو شتێکیان تاقیکردەوە: بەعسیان بینی، جەبهەی نوسرە و داعشیان بینی، ئێستا ڕێوەبەریی خۆسەریش دەبینن. ئەم ئەزموونە گەورەیە بە دەستێوەردانی سەربازی تێک ناچێت، چونکە پەیمانێکی ڕاستەقینە لە نێوان گەلاندا دروست بووە.
ئێستا ڕێوەبەریی خۆسەر بڕیاری داوە خۆڕاگری بکات و تەسلیم نەبێت. ئەوان هەم خاوەن پڕۆژەن و هەم ئامادەی دیالۆگن. تورکیا پڕۆژەکەی لە بەعس خراپترە، ئەمریکاش سیاسەتێکی جێگیری نییە و تەنیا دەیەوێت ڕێگری لە گەڕانەوەی ئێران بکات. تەنیا لایەنێک کە پڕۆژەیەکی دیموکراتیکی بۆ هەموو سووریا پێیە، ڕێوەبەریی خۆسەرە.
دەوڵەتی کاتی سووریا و ئەحمەد شەرع لە نێوان هێزە جیهانییەکان و تورکیادا گیریان خواردووە. تورکیا نفووزی زۆری لە ناو هەواڵگری و سوپای ئەواندا هەیە، بەڵام هێزە جیهانییەکان نایانەوێت سووریا بە تەواوی تەسلیمی تورکیا بکەن. لە ناو دانوستانەکاندا، دەوڵەتی سووریا دەیەوێت هەسەدە “هەرەس بکات” و بیکاتە سەربازی ناوەندی، بەڵام کورد و گەلانی باکووری سووریا چیتر نابنە سەربازی کەس؛ ئەوان دەیانەوێت بە ناسنامەی خۆیانەوە لە ناو سیستەمی پاراستندا بمێننەوە.
چارەسەر تەنیا ئەوەیە کە ئیرادەی سیاسی و خۆبەڕێوەبردنی گەلانی باکوری سوریا و بەتایبەتی کورد قبووڵ بکرێت. کورد نایەوێت سووریا پارچە بکات، بەڵکوو دەیەوێت ببێتە چاوگەی “یەکێتیی دیموکراتیک”. ئەگەر کەسانێک یەکپارچەیی سووریا تەنیا وەک ناوەندگەرایی دەبینن، ئەوە پرۆژەیەکی شکستخواردووە. فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ ڕێگەی ڕاستی نیشان داوه.
ئێمە بڕوامان وایە چارەسەر تەنیا بە قبوڵکردنی پرۆژەی ناناوەندی و خۆسەری پێک دێت. پێویستە ئیرادەی سیاسی و خۆبەڕێوەبردنی کورد پەسەند بکرێت. کورد نایەوێت سووریا پارچە بکات، بەڵکو دەبێتە بنگەیەکی سەرەکی بۆ “یەکێتییەکی دیموکراتیک”. ئەمەش پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەو گۆڕانکارییانەوە هەیە کە ڕێبەر ئاپۆ باسیان دەکات. وەک مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەدیش ئاماژەیان پێدا، دەیانەوێت ڕێبەر ئاپۆ ببینن چونکە ئەو سازماندەر و خاوەن پڕۆژە سەرەکییەکەیە.
کۆتایی: لە ئەنجامدا، دەوڵەتی تورکیا ناچارە گوێ لە ڕێبەر ئاپۆ بگرێت. پڕۆژەی ئاشتی و دیموکراسی بەیەکەوە گرێدراون و ناتوانن مێژوو بەرەو دواوە بگەڕێننەوە. تەنیا یەک ڕێگا ماوە، ئەویش دیموکراسییە؛ ئەم ڕێگایە هەم لە سووریا، هەم لە تورکیا و هەم لە ئێرانیش تاکە چارەسەرە. ڕوانگەی ئەمنی، هێزی سەربازی و چەک لە سەدەی بیستەمیشدا نەیانتوانی کێشەکان چارەسەر بکەن، بۆیە ئێستاش ناتوانن.