سزای سەپێندراوی سێدارە بە سەر ژنە ئازادیخواز و تێکۆشەری بواری کۆمەڵایەتی، پەخشان عەزیزی لە لایەن دادگای باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران پەسەند کرا. بێ گومان هەر لە بنەڕەتدا سەپاندنی سزای سێدارە بە سەرپەخشان عەزیزی و دواتریش بە سەر وریشە مورادی تەنانەت بە پێی خودی یاسا نامرۆییەکانی رژیمی ئیسلامی، هیچ پێگەیەکی یاسایی نیەو بە تەواوی بڕیارێکی سیاسییە. ژنە ئازادیخواز پەخشان عەزیزی کە یارمەتیدەری گەلی خۆی لە دژی تیرۆری داعش بووە، شایانی ستایش و رێزو پێزانینە نەک گرتن و سزای سێدارە. سەپاندنی سزای سێدارە بە سەر پەخشان عەزیزی و پێداگری لە سەر جێبەجێکردنی ئەم حوکمە دژە مرۆییە، روانگەو ئامانجی هاوبەشی رژیمی ئیسلامی و داعش لە بەرانبەر ژنانی ئازادیخوازو گەلی کورد نیشان دەدات. کۆماری ئیسلامی ئێران کە شکستە بەردەوامەکانی لە گۆڕەپانی سیاسەتی دەرەوە گەیاندوویەتی بە خالێ هەرە لاواز لە مێژووی خۆیدا، تەنیا رێگای درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی و مانەوەی لە دەسەڵاتدا، لە پەیرەوکردنی سیاسەتی مشتی ئاسنین لە ناوخۆ دا دەبینێت.
ئەوەی ئاشکرایە، لاوازی و پاشەکشەکانی رژیم لە بەرانبەر سیاسەتی دەرەوە، بە درێژەدان و زیاترکردنی سەرکوتکاری لە ناوخۆدا ناشاردرێنەوە. دەمامکی کۆماری ئیسلامی کەوتووەو هەیبەتی بۆ هەمیشە لە بەرانبەر کۆمەڵگەو نەتەوەکانی نێو ئێراندا تێکشکاوە. حاکمیەت کە هیچ ڕەوایەتیەکی نەماوە و بە خێرایی بەرەو تێکچوون دەچێت، هەر جۆرە ئیرادەیەک لە بەرانبەر خۆیدا بە مەترسی دەبینێت و هەموو هێزی خۆی بۆ دوژمنایەتیکردنی بەکار دەهێنێت. بە پێچەوانەی چاوەڕوانی دەسەڵات، ئەم سیاسەتە نەک تەنیا ئیرادەی ئازادیخوازان لاواز ناکات بەڵکو رووبەڕووی هەڵوێست و کاردانەوەی زیاتر دەبێ و کۆمەڵگە بە بەرزکردنەوەو بەهیزکردنی ئاستی بەرخۆدان، یەکگرتووانەو بە شێوەیەکی بەرفراوانتر بەرپەرچی ئەم سیاسەتە دەداتەوە.
بەرخۆدانی ئازادیخوازان و بە تایبەتی ژنان، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بێچارە و دەستەوەستان کردووە. بەرخۆدانی ژنانی ئازادیخواز، وەکوو پەخشان و وریشە و زەینەب کە پشت ئەستوورە بە فەلسەفەی “ژن ژیان ئازادی”، نوێنەرایەتی ئیرادە و ویستی هەموو ناسنامە، گەلان و ژنانی ئێران و کوردستان دەکات. ئەو ئیرادەیە بە سەپاندنی سزای سێدارە بە سەر تاکی ئازادیخوازدا هەر پتەوترو بەهێزتر دەبێت. ئیتر دروشمی “بەرخۆدان ژیانە” کلتووری تێکۆشانی کۆمەڵگەی ئێمەیە. ئیرادەی ژنانی ئازادیخواز نوێنەرایەتی ئیرادەی گەلی ئێمە دەکا. ئەوان نرخی کۆمەڵگەو پێشەنگی نەتەوەی ئێمەن. ئەو ژنە پێشەنگانە هێڵی سووری گەلانی ئازادیخوازن و هەر جۆرە هەڵسووکەوتێک لە بەرانبەر ژنانی ئازادیخوازدا، هەڵسووکەوت لە بەرانبەر نرخ و کەرامەتی گەلی ئێمەیە. هەربۆیە پێویستە دەستبەجێ سزای سێدارە لە سەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و سەرجەم زیندانیانی سیاسی هەڵبوەشێت و لە زووترین کاتدا ئازاد بکرێن.
بانگەوازیمان بۆ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و کەسایەتییە دیمۆکراتەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەوەیە کە بەتووندی لە بەرانبەر سزای سێدارە لە ئێران دا هەڵوێست بگرن و بۆ پاراستنی ژیانی پەخشان عەزیزی تێکۆشانی خۆیان فراوان بکەن و گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی حوکمی سێدارە.
بانگ لە گەلەکەمان و هەموو ئازادیخوازانی ئێران و کوردستان بە تایبەتی ژنان و گەنجان، دایکان و بنەماڵەی شەهیدان دەکەین کە بە بەردەوامکردن و پەرەپێدان بە هەڵوێست و چالاکییەکانیان ئاستی خاوەنداریەتی لە پەخشان و هەموو ژنە ئازادیخوازەکان و گیراوانی سیاسی بەرزتر بکەن، با بە رۆحی شۆرشی “ژن ژیان ئازادی”، بە کۆماری ئیسلامی نیشان بدەین کە سێدارەی ئەوان لە بەرانبەر بەرخۆدانی ئێمە ناتوانێ خۆی ڕابگرێت.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پەژاک
٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٣