تۆڵهەڵدان سارا
١٠ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو دۆستانی گەلەکەمان کەمپینێکیان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و لە دژی پیلانگێڕی و کۆنسێپتی قڕکردن راگەیاند. لەماوەی ساڵێکدا کەمپینی ئازادی ئاستێکی گرنگی وەدەست هێناوە و جارێکیتر پیلانگێڕی نێونەتەویی پوچ و بێ واتا کردووە. هێزی ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ، کەمپینی ئازادی بە هەموو گۆشەیەکی جیهان گەیاندووە. پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ لە جەوهەری خۆیدا پێشەنگایەتی ژنان و جەوانان لەخۆ دەگرێ و بۆ تەواوی جەوانانی ئازادیخواز ڕێبەر ئاپۆ سەرچاوەی سەرەکی هێز و ورەیە. بۆیە گەنجانیش هەر لەسەرەتای کەمپەینەکەوە وەک ئەوەی لە ئازادی بەجێ مابن بەشداریان کرد. لەناو تەواوی ساڵەکەشدا بە ڕۆحێکی بەرپرسیارییەوە ڕۆڵێکی چالاکانەیان گێڕا و پێشەنگایەتیان کرد. هەر چەندە کەمپەینی ئازادی مۆری خۆی لە ساڵی ٢٠٢٣ داوە و تەختی سیستەمی سەردەستی جیهانی هەژاندووە، بەڵام سیستەمی قڕکردنی ئیمڕاڵی نەڕووخاوە و هێشتاش ڕێبەر ئاپۆ بە واتای جەستەیی لەناو سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمڕاڵییە و کۆنسێپتی پاکتاوکردنی گەلەکەمان بە شێوەیەکی دژوارتر بەردەوامی هەیە. ئەمەش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەرکی ئەم قۆناغەی گەنجان لە بەرامبەر کەمپینی ئازادی دەستنیشان دەکات.
سەرکەوتنی “کەمپینی ئازادی” واتای مسۆگەرکرنی هەبوونی گەلی کوردە. بگرە لەوەش زیاتر بۆ قەدەری مرۆڤایەتی ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەیە. بۆچی پێناسەیەکی بەو شێوەیە؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، پێویستە پشتپەردەی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی بە وردی بخەینە ژێر لێپرسین. پیلانگێڕی نێونەتەوەیی کە لە کەسایەتی ڕێبەر ئاپۆ دا بە مەبەستی قڕکردنی گەلی کورد داڕێژرابوو، لە ٩ی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٨ بە دەرخستنی ڕێبەر ئاپۆ لە سووریا دەستی پێکرد. بە پێشەنگایەتی هێزەکانی گلادیۆ، بە بەشداری ٣٦ دەوڵەت نەتەوەی زلهێز بەڕێوەچوو. لە ئەنجامی چەندین ئۆپەراسیۆنی سیخوڕی، ١٥ی شوباتی ١٩٩٩پیلانگێڕی بە دەستگیرکردنی ڕێبەر ئاپۆ بە ئەنجام بوو. هەر هەمان ڕۆژ ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی نایاسایی ڕادەستی دەوڵەتی تورکی فاشیست کرایەوە. ئەو پیلانگێڕییەی بووە بە هۆکاری سەرەکی و خاڵی دەستپێکردنی ئەو ئاڵۆزییەی ئەمڕۆ جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، ئامانجی سەرەکی لەناوبردنی تەواوەتی ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد بوو. چونکە خەیاڵی پیلانگێڕان ئەوە بوو؛ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەواوی بخەنە ژێر هەژموونی سەرمایەدارییەوە و لەمپەری سەرەکیش لە بەردەمیان تێکۆشانی ڕەوای گەی کورد بوو، کە ڕێبەر ئاپۆ سات بە سات و بە هەوڵدانێکی بێ وێنە هۆنیبوویەوە. هەر بۆیە دوای ڕفاندنی، ڕێبەر ئاپۆ بەرەو زیندانی تاکەکەسی ئیمڕاڵی ڕاگوێزرا و ڕووبەڕووی سیستەمێکی تایبەتی ئەشکەنجە و قڕکردن کرایەوە. پیلانگێڕان هەوڵیاندا لە کەسایەتی ڕێبەرایەتیەکەیدا، تێکۆشانی ڕەوای گەلی کورد دادگایی بکەن، بەڵام دیسانەوە ڕێبەر ئاپۆ بە بینینی ئەو ڕاستییە و داڕمینی ڕووپۆشی پیلانگێڕان، بە تێکۆشانێکی پەرجوو ئاسا لە کەسایەتی دەوڵەتی تورکی فاشیست دا سیستەمی سەردەستی جیهانی دادگایی کرد و ڕێبەرایەتی گەلی کوردی بۆ ڕێبەرایەتییەکی جیهانی وەرچەرخاند. هاوکات گەلی کوردیش ئاستی مەترسیداری پیلانگێڕی باشتر بینی و تێکۆشان لە دژی پیلانگێڕی بوو بە تێکۆشانێک لە پێناو هەبوون و ناسنامەی نەتەوەیی. تۆڵە لە پیلانگێڕان و هەبوونی گەلی کورد لە ناوەڕۆکیاندا هاو واتا بوونە و لە ئەنجامی تێکۆشانێکی بەم شێوەیە کە ڕێبەر ئاپۆ سەرکێشی بۆ کرد؛ ئامانجی سەرەکی پیلانگێڕی پووچەڵبوویەوە.
هاوکات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش گەلی کورد هەستی بە مەترسیداری پیلانگێڕی کردبوو. بۆیە بە پێشەنگایەتی جەوانان خاوەنداری بێ وێنەی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بوو بە بەشێکی سەرەکی تابلۆی بەرەنگاری، کە لە دژی پیلانگیڕی و قڕکردنی گەلی کورد بە خوێنی دەیان ڕۆڵەی قارەمانی گەلەکەمان نەخشێنرا. چونکە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باشتر لە هەموو کەس ئێشی ئەو پیلانگێڕیانەی چەشتبوو، کە لەمێژوودا دژی گەلەکەمان و پێشەنگەکانی ئەنجامدراون. کاتێک بینرا ئەنجامی خۆڕاگری پەرەسەندنی تێکۆشانی ئازادییە، کاردانەوەکان لە دژی پیلانگێڕی بەرەو ڕێکخستنبوونی بزووتنەوەی ئاپۆیی لە ڕۆژهەڵات و ئێران وەرچەرخا. وەک دەڵێن؛ گیا لەسەر بنجی خۆی شین دەبێتەوە، مێژووی بزووتنەوەی ئاپۆییش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووبارە بوویەوە و گەنجان ڕۆڵی پێشەنگایەتی ڕێکخستنبوونیان گێڕا.
ڕێوەچوونی مێژوو و تێکۆشان دژی پیلانگێڕی لە ڕۆژهەڵات و ئێران بە خوڕ بەردەوامە. بە نزیکبوونەوە لە ڕۆژی ئەمڕۆمان کاریگەری ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕۆژهەڵات و ئێران زیاتر ڕۆچووە و ئیتر کاریگەرییە هزرییەکەی بەرهەمی گرنگ دەچنێتەوە. شۆڕشی ژن ژیان ئازادی نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە و لە قۆناغی پێش دەستپێکردنی کەمپینی ئازادی، ڕۆڵێکی گرنگی لە بڵاوبوونەوەی پارادیگمای ڕێبەر ئاپۆ دا هەبوو. بە گەڕانەوە بۆ ئەوەی کە درووشمی شۆڕش سەرچاوەکەی ڕاستەوخۆ پارادایمی ڕێبەر ئاپۆیە؛ گەورەترین ماتەوزەی خاوەنداری لەم کەمپینەش ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. بێگومان هاوشێوەی بەڕێوەچوونی مێژووی تێکۆشان لە دژی پیلانگێڕی، لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیشدا گەنجان لە پاڵ ژنان ڕۆڵی سەرەکی و پێشەنگایەتیان هەبوو. وەک دەزانرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پێ دەنێینە دووەمین ساڵی ئەو کەمپینەوە و ئەگەر بپرسین؛ ئەرکی جەوانان لە دووەمین قۆناغی ئەم کەمپەینەدا چییە؟ بێگومان یەک وەڵام هەیە؛ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و تێکشکاندنی کۆنسێپتی قڕکردنی گەلی کوردە. ئەم ئەرکە چۆن بە سەرکەوتوویی جێ بەجێ بکەین؟ وەک جەوانانی ڕۆژهەڵات پێویستە ناوەڕۆکی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و کەمپینی ئازادی بەیەک بگەیەنین و بۆ هەنگاوی ڕێکخستنی بەهێزتر وەرچەرخێنین. بێگومان ئەوەش ڕاستەوخۆ بە ئاستی تێگەیشتن لە ڕێبەر ئاپۆ و سەرحاڵ بوونی شەڕی ئەم قۆناغەوە پەیوستە.
لە ساڵی ڕابردوودا چەندین کار و چالاکی گەنجان هەبوون، کە مۆری خۆیان لە کەمپینی ئازادی دا. لە سەرەتای ساڵدا کۆنفرانسی جیهانی جەوانان بە سوود وەرگرتن لە فکری ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدرا. جەوانانی ڕۆژهەڵاتیش بەشدارییەکی چالاکیان هەبوو لەو کۆنفرانسەدا. دیسانەوە کۆنفرانسی جەوانانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام درا و جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەشدارییان تێدا کرد. بێگومان ئەو بەشداریانە جێی بایەخن و گرینگن، بەڵام وەک جەوانانی ڕۆژهەڵات، ئەرک و بەرپرسیارێتیمان لەوە زیاترە. جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەو سیفەتەی زیاتر لە نزیکەوە بزووتنەوەی ئاپۆیی و فکری ڕێبەر ئاپۆمان ناسیوە، ئەرکی ڕێکخستنکردنی تەواوی ئێران لە ئەستۆی ئێمە دایە. ئەمە لە بانگەوازییەک زیاتر، ئەرکێکە؛ چونکە داگیرکاری ئیمپریالیستی بە چاندنی تۆوی نەتەوەپەرەستی، ڕەگەزپەرستی و ئایینگەرایی، بە سیاسەتی پەرتگە و زاڵبە گەلان لەبەر یەک هەڵدەوەشێنێتەوە و دەسەڵاتداری خۆی دەخاتە گەرەنتییەوە. تەواوی ئەو حزب و ڕێکخراوانەی بانگەشەی نەتەوەپەرستی و ئایینگەراییان هەڵگرتووە، لە بنەڕەتدا گەورەترین خزمەت بە دەوڵەت نەتەوە و سیستەمی سەرمایەی جیهانی دەکەن. بۆیە بە پێشەنگایەتی جەوانانی کورد و بە پێشخستنی یەکێتی جەوانانی شۆڕشگێڕی ئێران لەسەر بنەمای پارادایمی نەتەوەی دیمۆکرات، دەتوانین مۆدێلی کلاسیکی نەتەوەپەرستی تێپەڕ بکەین. مۆدێلی کلاسیکی نەتەوەپەرەستی کوردی، فارسی، ئازەری و هتد، هیچ پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە تێکۆشانی ئازادی و شۆڕشگێڕییەوە نییە و درۆیەکی شاخداری سەرمایەدارییە، کە خزمەتێکی گەورە بە دەسەڵاتی سەروەر دەکات. بۆیە ناساندن و بڵاوکردنەوەی فکر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ لە ئێران، وەک چاندنی تۆوی ڕەسەنە لە زەوی بە پیت و هەمیش لە وەرزی بەهاری ساڵی بە بەرەکەتدا. ئەوە تەنیا درووشم نییە و شۆڕشی ژن ژیان ئازادی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە. درووشمی ژن ژیان ئازادی هەڵقوڵاوی پارادایم و پارێزنامەکانی ڕێبەر ئاپۆ یە. ئەگەر درووشمێک بەم شێوەیە تەختی دەسەڵاتداری بهەژێنێت، ئەوا ناساندنی ناوەڕۆکەکەی دەتوانێت دەسەڵات لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵکێشێ و بە پێشەنگایەتی ژنان و جەوانان ئەڵتەرناتیفی دیموکراتی گەلان بونیاد بنێت.
هیچ گومانی تێدا نییە، ساڵی دووەمی کەمپینی ئازادی، پێویستە ببێتە ساڵی سەرکەوتن و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ. هەر بۆیە لەسەر بنەمای ڕەخنەدایین و بەشدارییەکی چالاکانەتر لە کەمپینی”ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری بۆ پرسی کورد” لەم ماوەیەدا هەڵمەتی”لە دژی سیستەمی قڕکەری ئیمڕاڵی كاتی تۆڵەیە” ڕاگەیەنرا. جەوانانی ئاپۆیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تێکۆشان لە دژی گەلەکۆمەی نێونەتەوەیی تەڤگەری ئازادییان ناسی و ئەمە بووە بە خاڵی سەرەتای ژیانەوە لە ڕۆژهەڵات. بۆیە لە قۆناغی ڕاگەیاندنی ئەم هەڵمەتەدا، هەر وەک چاوەڕوان دەکرا لەلایەن جەوانانەوە خاوەندارییەکی گرنگی لێکرا. لەسەر ئەو بنەمایەش چاوەڕوانی لە جەوانان و هەروەها هیوا و بانگەوازی جەوانانیش بۆ سەرکەوتن، لە لوتکە دایە. ئەوەی کە دەمێنێتەوە و گرنگە؛ کێ و چۆن ئەنجامی بدات؟ بێگومان سڕی هەموو سەرکەوتنەکان لە ڕێکخستنبووندایە و هێزی پێشەنگیش جەوانن. لەم سۆنگەیەوە؛ کلیلی سەرکەوتن، ڕێکخستنبوونی جەوانانە. چونکە فکر و ئایدۆلۆژییەکی بێ وێنە هەیە، قیبلە دیارە، ئەرک دیارە و هێزی پێشەنگیش دیارە. ئەوەی دەمێنێتەوە، هەنگاوی توندو تۆڵ و هەڵوێستی بە ویژدانە. خۆی لە خۆیدا ئەوە خاڵێکی ئومێد بەخشە، کە وەک گەنجانی ڕۆژهەڵات و ئێران بە ئامادەباشییەوە پێ دەنێینە دووەمین ساڵی کەمپینی ئازادی. هەروەها ڕاگەیاندنی هەڵمەتی”کاتی تۆڵەیە” هاوکاتی ساڵیادی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی و شەهیدبوونی پێشەنگی جەوانان هەڤاڵ تۆڵهەڵدان قەندیل بوو. بۆیە لەو بڕوایەداین دەستپێکردنێک کە لەسەر پێشینەیەکی بەم شێوەیە هەڵچنرابێت، سەرکەوتنی مسۆگەرە. لەسەر ئەو بنەمایە تەواوی جەوانانی ڕۆژهەڵات و ئێران بانگهێشت دەکەین؛ لە دووەمین ساڵی کەمپینی ئازادیدا و بە درووشمی “لەدژی سیستەمی قڕکەری ئیمڕاڵی، كاتی تۆڵەیە” بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ سەفەربەر بن. بە ئیرادە و بڕیاردارییەوە ٢٦’ەمین ساڵی گەلەکۆمە بکەینە ساڵی تۆڵە لە پیلانگێڕان و داگیرکەران.