لە درێژایی مێژووی 5000 ساڵەی دەسەڵاتداری و باوك سالاری ژنان لە ئاستی جیهاندا لە ناو خۆراگری و تێكۆشانێكی بێ وچان دا بوونە و خاوەندارێتیان لە كەلتووری كۆمەڵگای دایك ــ ژن كردووە. لەم پێناوەشدا بەدیلی زۆر گرانبها دراوە و ژنان لە ئاستی جیهان دا بۆ گەیشتن بە مافە رەواكانیان تێكۆشانێكی بێ وچانیان بەرێوە بردووە و لەگەڵ قڕكردنی مێژوویی رووبەڕوو مانەتەوە. ئەم قڕ كردنانە لە هەموو گۆڕەپانەكانی سیاسی، كۆمەڵایەتی، كەلتووری و ئابووری بە رێ و رێبازگەلێكی وەكوو لێدان و كوشتن، بە كاڵا كردن و بوون بە ئامرازێكی رێكلام، دیسان دەستدرێژی جنسی و فكری و هەر وەها زەختی رۆحی و رەوانی بەرێوە چووە. توند و تیژی ئەمڕو لە كۆمەڵگادا وەكوو ئامرازێكی كۆنتروڵ كردنی ژنان لە لایەن عەقلییەتی فێڵباز و دەسەڵاتخوازی پیاوسالارەوە پەرەی پێ دراوە. ئەم سیاسەتە نە تەنیا ژن بەڵكوو تەواوی كۆمەڵگای لە ناو زەخت و چەوسانەوەدا هێشتووەتەوە. چەندە هەوڵ بۆ بە زەعیفە و كۆێلە كردنی ژنان دەكرێت، دوو ئەوەندە سیاسەتی زەعیفە كردن بە تایبەت لە لایەنی سیستەمی مۆدرنیتەی كاپیتالیستییەوە لە سەر كۆمەڵگا بەرێوە دەچێت. لە لایەكەوە سونەت و نەریتی كۆنی كۆمەڵگا و زەختی یاسا و لە لایەكی دیكەوە سیاسەتی مۆدێرنیتەی كاپیتالیسم، چینی ژنی دەورپێچ كردووە و كۆێلەیەكی مودێڕنی لە كۆمەڵگا و بە تایبەت ژنان درووست كردووە. ئەمەش ئەوەی سەلماندووە كە لە سەدەی 21دا كە بەتایبەت باسی مافی مرۆڤ و دیموكراسی دەكرێت، زۆرتر لە هەر كات زەخت و توند و تیژی لە سەر كۆمەڵگا و ژنان پەرەی سەندووە. دایك ـ ژنێك كە بەرهەم هێنەری كۆمەڵگا و نرخ بووە، ئەمڕۆكە و بەتایبەت لەم سەدەدا كراوەتە دژەنرخ. ژن بوون و مرۆڤ بوونی لە واتای راستەقینەی خۆی دەرخستووە.
لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستانیش دا توند و تیژی لە سەر ژنان وەكوو قەدەر و ژیانێكی ئاسایی لێهاتووە. رەواترین و ئاسایی ترین مافی مرۆڤ لە ئێراندا بۆ ژن ناڕەوایە. هێشتا حۆكم و سزای رەجم كردنی ژنان وەكوو حۆكمێكی ئاسایی دەبینرێت. خۆكۆشتن و خۆسووتاندن و قەتڵی نامووسی بە تایبەت لە زۆربەی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان هێشتا وەكوو دیاردەێەكی ئاسایی و بچووك دیار دەبێت. یاسای ئێران بە تەواوەتی دژ بە ژنە.
بەڵام لێرەدا گرینگ ئەوەیە كە لەگەڵ توند و تیژی دژ بە ژنان لە هەمان كاتدا تێكۆشانی مێژوویی ژنان لە ئاستی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت لە كوردستاندا گەیشتووەتە لووتكە. ئەمڕو ژنانی كورد بە پێشەنگایەتی ئایدیولوژی ئازادی ژن بوونەتە پێشەنگی هەموو ژنان. هەم لە لایەنی لەشكەری و هەم سیاسی و كۆمەڵایەتی ژنانی كورد هەبوونی ناسنامەی خۆیان وەكوو ژن سەلماندوە. نموونەی ئەوەش شەهید بوونی بە سەدان ژنی جەوانی گەریلا، خۆراگری بێ مەودای زیندانیانی سیاسی باكوور كە بە پێشەنگایەتی ژنانەوە دەستی پێ كرد، چالاكی و سەرهەڵدانی دایكانی كورد لە گۆڕەپانەكان، تێكۆشانە لە پێناو ئازادی رێبەر ئاپۆ و گەیشتن بە ئێرادەیەكی ئازاد. بۆیە ئەركی سەر شانی هەموو ژنان و كۆمەڵگایە كە بۆ خاوەندارێتی لە میراتی مێژوویی 25ی نوامبر و بەر لەوەش تێكۆشانی هەزاران ساڵەی كۆمەڵگای دایك ـ ژن لە رۆژێكی وەها دا لە ماڵ دانەنیشن و شان بە شانی یەك بەشداری خەبات و چالاكی ئازادیخوازی ببن. بە دەڕبڕینی دەنگێكی هاوبەش و پێش خستنی رۆحێكی یەكگرتوو خاوەن لە ئیرادەی ئازادی خۆ دەربكەون. بە تایبەت لە پێناو ئازادی رێبەر ئاپۆ كە لە درێژایی تەمەنی بزاڤی ئازادیخوازی، بە فیداكارییەكی گەورە تێكۆشانی بۆ ئازادی ژن داوە، تێكۆشان و خۆراگریكی هاوبەش پێویستە. بۆ درووست كردنی رۆحێكی یەكگرتوو، نەتەوەیەكی یەكگرتوو پێویستییەكی سەرەكییە و ئەمەش بە پێشاهەنگی ژنان پێش دەكەوێت.
ئێمە وەكوو یەكیەتی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان (YJRK) جارێكی دیكە تێكۆشانی 52 ساڵەی 25ی نوامبری ژنان لە ئاستی جیهاندا سڵاو دەكەین. داوامان لە هەموو ژنان لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش ئەوەیە كە بە یەك دەنگی و یەك رەنگی هەڵوێستی خۆیان لە بەرامبەر سیاسەتی دژ بە ژنان نیشان بدەن و ئەم سیاسەتە چەوسێنەرە نەپەژرێنن. نە تەنیا 25ی نوامبر بەڵكوو هەموو رۆژێك وەكوو رۆژی تێكۆشان دژ بە توند و تیژی لە سەر ژنان ببینن. ئەم رۆژە ببێتە هۆی ئەوە كە ژنان لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان یەك بگرن و رێكخستنی هاوبەشی ژنان رێك بخەن. هاوكات بتوانن پشتیوانی خۆیان لە رۆژێكی وەهادا لە بەشەكانی دیكەی كوردستان كە لە هەنگامەی تێكۆشانی ئازادی و خۆڕاگریدان، نیشان بدەن و هەوڵدانێكی هاوبەش بۆ درووست كردنی كۆنگرەی نەتەوەیی بەرێوە ببەن.
یەكیەتی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان (YJRK)
23.11.2012