فه‌رهاد پاوه‌

 

نزیكه‌ی سێ مانگه‌ كه‌ گه‌لی كورد و گه‌لانی دیكه‌ی ئێران به‌ پێشه‌نگایه‌تی ژنان له‌ نێو سه‌رهه‌ڵدان و شۆڕشێكی به‌شكۆ و سه‌رسووڕهێنه‌ردان، واتا شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی”. بێگومان هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌‌ هه‌تا هه‌نووكه‌، رۆژانه‌ ژمارێكی زۆر له‌ شارۆمه‌ندان و خه‌ڵكی راپه‌ڕیو به‌ده‌ستی هێزه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كانی كۆماری سه‌ره‌ڕۆی سێداره‌‌ به‌ شێوازگه‌لێكی هۆڤانه‌ شه‌هید كراون؛ به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی خه‌یاڵ و خواستی ده‌سه‌ڵاتدارانی رژێمی فاشیست و داگیركه‌ری ئێران، ده‌بینین كه‌ ئاگری ئاخێزی ئازادیخوازانه‌ی گه‌لان گه‌شتر و گوڕتر ده‌بێت، تا ده‌چێ هه‌وڵه‌كان چڕتر و بوێری و باوه‌ڕی گه‌لان بۆ‌ سه‌رخستنی شۆڕش، زیاتر ده‌بێت. بێگومان رۆژانه‌ راڤه‌ و شیكردنه‌وه‌ی زۆر له‌ سه‌ر ره‌هه‌ند و لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانی ئه‌م شۆڕشه و هه‌روه‌ها خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی‌ ده‌كرێت و هه‌ركه‌س له‌ سۆنگه‌ و سه‌كۆی خۆیه‌وه‌ چاو له‌ بابه‌ته‌كه‌ ده‌كات. ئه‌وه‌ی كه‌ من له‌م‌ بابه‌ته‌دا هه‌وڵده‌ده‌م به‌كورتی تیشك بخه‌مه‌ سه‌ری، مژاری خاوه‌نداریه‌تی گه‌ل له‌ شه‌هیدانی شۆڕش و به‌تایبه‌ت رۆڵی دایكی شه‌هیدانه‌ كه‌ به‌ڕای من یه‌ك له‌ فاكته‌ره‌ به‌هێز و كاریگه‌ره‌كانه‌ بۆ به‌رده‌وامی و به‌رینتر و به‌هیزتربوونی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی.

مێژوو و ئه‌زموونی مرۆڤایه‌تی سه‌لماندوویه‌تی كه‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگا و نه‌ته‌وه‌یه‌ك بۆ قوتاربوون له‌ زوڵم و چه‌وساندنه‌وه،‌ پێویستی به‌ تێكۆشان و قوربانی دان هه‌یه‌، واتا ئازادی به‌ئاسانی ده‌سته‌به‌ر نابێت. خولیا، خواست، خۆڕاگری، خۆنه‌ویستی و خوێنی ده‌وێت؛ به‌تایبه‌ت بۆ گه‌لانی ئێران كه‌ تووشی سیسته‌می پاوانخواز، پیاوسالار و پاشكه‌وتووی كۆماری سه‌ركوت و سێداره‌ هاتوون. گه‌لانی ئێران خاوه‌ن مێژوویێكی دوورودرێژی ئازادیخوازی و پێكه‌وه‌ژیانن، هیچ كات، بگره‌ له‌ دژوارترین دۆخ و ساته‌كاندا ده‌ستیان له‌ تێكۆشان و خۆڕاگری به‌رنه‌داوه‌. به‌سه‌رنجدان به‌ ره‌وتی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” هه‌تا هه‌نووكه‌، ده‌كرێت بڵێن كه‌ ئه‌مجاره‌ گه‌لانی ئازادیخوازی ئێران روانگه‌ و رێبازی راستی خه‌بات و خۆڕاگرییان دۆزیوه‌ته‌وه‌ و رۆژبه‌رۆژ ده‌وڵمه‌ندتر و تۆكمه‌تری ده‌كه‌ن. یه‌ك له‌ ره‌هه‌نده‌كانی ئه‌م رێبازه‌ نوێ و سه‌ركه‌وتووه‌، شێوازی خاوه‌نداریه‌تی چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا و به‌تایبه‌ت بنه‌ماڵه‌كانه‌ له‌ شه‌هیدانی شۆڕش، له‌م نێوه‌دا رۆڵی دایكی شه‌هیدان زۆر به‌رجه‌سته‌ و كاریگه‌ربووه‌. هه‌ڵوێست و هه‌ڵسووكه‌وتی دایكی شه‌هیدان به‌تایبه‌ت له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ بێ ئۆمێدی و ترسی گه‌ل له‌ ده‌زگای سه‌ركوتی رژێم، ببێته‌ تووڕه‌یی، بوێڕی، هیوا و یه‌كگرتوویی زیاتر. بێگومان شه‌هید له‌ نێو هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كدا خاوه‌ن پێگه‌ و جێگه‌یه‌كی تایبه‌ته‌ و هه‌ركه‌س له‌وپه‌ڕی رێز و دڵنزمیه‌وه‌ ئه‌وان به‌بیر ده‌هێنێته‌وه‌ و یادیان به‌رز و پیرۆز راده‌گرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان له‌پێناو پاراستی ده‌ستكه‌وت و نرخه‌ ماددی و مه‌عنه‌وییه‌كانی كۆمه‌ڵگا تێكۆشان و گیانی خۆیان فیدا كردووه‌، بۆخۆشیان بوونه‌ته‌ به‌شێك له‌و سه‌رمایه‌ پڕله‌واتایه‌ی گه‌ل و كۆمه‌ڵگا.

لێره‌دا بابه‌تی گرنگ باشترین شێوازی رێزگرتن و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی شه‌هیدانه‌، واتا درێژه‌دان به‌ خه‌بات و خواستی ئه‌وان، هه‌رئه‌وه‌ی كه‌ ئێستاكه‌ هه‌تا ئاستێكی باش له‌ شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” دا ده‌یبینین و بۆته‌ یه‌ك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی به‌رده‌وامی و سه‌ركه‌وتوویی ئه‌م شۆڕشه‌. رژێم له‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌كانی رابردوودا به‌رێبازگه‌لێكی وه‌ك؛ چاوترساندنی بنه‌ماڵه‌كان، رفاندن و بێسه‌روشوێنكردنی ته‌رمی شه‌هیدان، رێگری له‌ به‌ڕێوه‌بردنی مه‌راسیمی به‌خاكسپاردن و چله‌، چه‌واشه‌كاری له‌ راگه‌یاندن، تۆمه‌تی جۆراوجۆر و بێبنه‌ما خستنه‌ پاڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ و … هتد، هه‌تا ئاستێك توانیبووی پێش له رێوڕه‌سمی‌ رێزگرتن و یادكرنه‌وه‌ی شه‌هیدان بگریت و كۆمه‌ڵگا سه‌ركوت و ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی كپ بكاته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌مجاره‌ گه‌ل به‌ پێشه‌نگایه‌تی بنه‌ماڵه‌ و دایكی شه‌هیدان، زۆرێك له‌م سیاسه‌تانه‌ی رژێمیان پووچه‌ڵ كردۆته‌وه‌. واته‌ ته‌نیا ده‌سته‌وئه‌ژنۆ و خه‌مبار رانه‌وه‌ستان، به‌ڵكوو هه‌ر پرسه‌ و مه‌راسیمێكی شه‌هیدانیان كردووه‌ به‌ به‌هانه‌ و  مه‌یدانێكی دیكه‌ی ده‌ڕبڕینی ناڕه‌زایه‌تی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی رژێم. دایكی شه‌هیدان داوا له‌ گه‌ل ده‌كه‌ن كه‌ له‌باتی گریان و شیوه‌ن بۆ‌ رۆڵه‌كانیان، بچن و به‌درێژه‌دان به‌ ناڕه‌زایه‌تی و خۆڕاگری، تۆڵه‌یان بكه‌نه‌وه‌. بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان سه‌رد‌انی یه‌كدی ده‌كه‌ن و له‌پاڵ ده‌ربڕینی هاوخه‌می بۆ یه‌كتر، به‌ڵێنی پته‌وتر كردنی خه‌بات ده‌ده‌ن. به‌ راگه‌یاندنی راستیه‌كان و شێوازی گیان له‌ده‌ستدانی رۆڵه‌كانیان، سیاسه‌تی چه‌واشه‌كاری رژێم پووچه‌ڵ ده‌كه‌نه‌وه‌. مسۆگه‌ر وه‌ها هه‌ڵوێستگه‌لێك هێز و بوێری زیاتر به‌ گه‌ل ده‌به‌خشێت.

رژێمی داگیركه‌ری ئێران هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای هاتنه‌ سه‌ركاریه‌وه‌ به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بووه‌ كه‌ گه‌لانی جیاوازی ئێران بكات به‌ دوژمنی یه‌كدی بۆ ئه‌وه‌ی ئاسانتر ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ریاندا بسه‌پێنێت. به‌ڵام ئه‌مجاره‌ بینیمان كه‌ بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” به‌ ده‌ربڕینی هاوخه‌می و هاوسۆزی بۆ یه‌كتر، بوون به‌ پێشه‌نگی یه‌كگرتوویی و یه‌كده‌نگی كۆمه‌ڵگا و به‌م شێوه‌یه‌ش هه‌موو سیاسه‌ته‌ چه‌په‌ڵه‌كانی رژێمیان پووچه‌ڵ كرده‌ووه‌. به‌ڕای من له‌م قۆناغه‌دا زۆر پێویسته‌ كه‌ ئه‌م هه‌ڵوێست و هه‌وڵدانانه‌ی بنه‌ماڵه‌ و به‌تایبه‌ت دایكی شه‌هیدان‌ له‌ ئاست هه‌موو ئێراندا به‌رێكخستن بكرێت. رژێمی داگیركه‌ر و فاشیستی ئێران پێش هه‌موو شتێك له‌ رێكخستن بوونی گه‌ل ده‌تۆقێ. ئه‌گه‌ر چاوێك به‌سه‌ر مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ئاپۆیی له‌ هه‌ر چواربه‌شی كوردستاندا بخشێنین، به‌ روونی بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ یه‌ك له‌ سه‌ره‌كیترین هۆكاره‌كانی سه‌ركه‌وتووی و پێشكه‌وتنی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌، بابه‌تی به‌رێكخستن كردن و به‌رێكخستن بوونی كۆمه‌ڵگایه‌ به‌ هه‌موو چین و توێژه‌كانی به‌تایبه‌ت بنه‌ماڵه‌ی شۆڕشگێڕان و شه‌هیدانی ئازادی. گه‌لانی دیكه‌ی ئێران له‌م بواره‌شدا ده‌توانن له‌ ئه‌زموونی گه‌لی كورد كه‌ڵك وه‌ربگرن، بۆ وێنه‌ ئه‌زموونی “دایكانی ئاشتی” كه‌ له‌وه‌ها قۆناخێكی هه‌ستیار و مێژوویدا زۆر گرنگه‌ كه‌ به‌رفراوانتر و قووڵتر بكرێته‌وه‌. گه‌لی كورد له‌ سایه‌ی فیداكاری و گیانبازی هه‌زاران رۆڵه‌ی قاره‌مانی، ئێستاكه‌ بۆته‌ خاوه‌ن فه‌رهه‌نگێكی خۆڕاگری و تێكۆشان كه‌ سه‌رنجی هه‌موو جیهانی بۆ لای خۆی راكێشاوه‌. هه‌ربۆیه‌ ئه‌ركی سه‌رشانی ئێمه‌یه‌ كه‌ ئه‌م فه‌رهه‌نگ و میراسه‌ ده‌وڵه‌مندتر بكه‌ین و هاوكات بیكه‌ین به‌ ماڵی گه‌لانی دیكه‌ش. كه‌سوكاری شه‌هیدان چه‌نده به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كگرتوو و سیسته‌ماتیك هه‌ڵسوكه‌وت و خاوه‌نداریه‌تی له‌یه‌كتر بكه‌ن، ئه‌ونده‌ی دیكه‌ سیاسه‌تی سه‌ركوتی رژێم پووچه‌ڵ و بێ كاریگه‌ر ده‌كه‌ن. هاوكات ئه‌مه‌ش بۆ چین و توێژه‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ی ئێلهام و هێزی زیاتر. یه‌ك له‌ هه‌وڵه‌كانی رژێم چه‌واشه‌كاری و شاردنه‌وه‌ی راستیه‌كانه‌، كه‌وابوو زۆر گرنگه‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان و قوربانیانی شۆڕش بێده‌نگ نه‌بن و به‌هه‌رشێوازێك كه‌ بۆیان ده‌كرێت راستیه‌كان بگوازنه‌وه‌ و كۆمه‌ڵگا و جیهانی لێ ئاگادار بكه‌ن. خاڵی دیكه‌ مژاری پێشه‌نگایه‌تی و بانگه‌وازی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌، مانگرتن و چالاكی جیاواز، بێگومان هه‌ر‌وه‌ك له‌ماوه‌ی رابردووشدا بینیمان چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا زۆر زوو و به‌ بوێری و هێزه‌وه‌ وه‌ڵامی ئه‌رێنی به‌م بانگه‌وازی و داخوازیانه‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان ده‌ده‌نه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌مه‌ش راوه‌سته‌ی له‌ سه‌ربكرێت.