هەورامان رۆڵێکی گرنگی مێژوویی لە پێگەیاندنی شارستانیەتی کوردستاندا هەبووە.
ماوەیەک پێش، لە چل و چوارەمین دانیشتنی کومیتەی شوێنەوار و کەلەپوورناسی رێکخراوی یونسکۆدا، سروشتی کولتووری هەورامان بەشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەکوو میراتێکی کولتووری جیهانی ناوزەد و پەسەند کرا. لێرەدا سەرەڕای پیرۆزبایی کردن لە کۆمەڵگەی هەورامان، ئەم بابەتە بە دەسکەوتێکی گرینگ بۆ خەڵکی هەورامان بەتایبەتی و کوردستان بە گشتی بۆ دەزانین.
مێژوو شاهێدی ئەوەیە کە هەرێمی هەورامان بە درێژایی ژیانی کۆمەڵایەتی و شارستانیەتی خۆی، خۆڕاگرانە لە بەرامبەر هەرجۆرە داگیرکاریەک راوەستاوە و بۆ پاراستنی سروشت، ئێکۆلۆژی، زمان و کولتوور، باوەڕمەندی و ناسنامەی تایبەتی خۆی بەرخودانی کردووە و هەتا رۆژی ئەمڕۆش بێ وچان بەرەنگاری هەرجۆرێک لە هەڕەشە، بە مەبەستی پاکتاوی کولتووری و شۆناسی دەبێتەوە. خەڵکی هەورامان بە هەزاران ساڵە لەگەڵ سروشت دا ژیانی خۆیان بەسەر دەبەن و هەوڵیان داوە کە بۆ بەڕێوەبردن و پێداویستییەکانی ژیان، تا ئەو جێگای کە دەکرێت پشتبەستوو بن بە هێز و توانای کولتووری خۆیان. سەرەڕای ئەوەی کە بە درێژایی مێژوو هێڕش بۆ پاکتاوکردنی ناسنامەی هەورامی لە ئارادا هەبووە، بەڵام کولتووری خۆبەرێکخستن کردن، خۆپاراستن و خۆبەڕێوەبەری لە کۆمەڵگەی هەوراماندا هۆکارێک بووە کە هیچ کات خۆبەدەستەوە نەدات و خۆی لە ئاسیمیلاسیون و لەناوچوونی تایبەتمەندیەکانی بپارێزێت. لەسەر ئەم بنەمایە بووە کە کۆمەڵگەی هەورامان توانیویەتی بە پاراستنی سروشت و کولتووری خۆی ببێتە جێگای سەرەنجی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.

جێگای ئاماژەیە کە بەشێکی زۆر لە سروشت و کولتوور، ناسنامە و زمان، کۆمەلگە و مێژووی کوردستان، لە لایەن دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانەوە، بە دیاریکراوی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئیرانەوە هەوڵ دەدرێت دەستی بەسەردا بگیردرێت و بە پێچەوانەی ڕاستینەی خۆی پێناسە بکڕێت و بۆ بەرژەوەندی دەوڵەت-نەتەوەی ناوەندگەرای ئێرانی لەسەر بنەمای پێناسەی نەتەوەیی سەردەست کەڵکی لێ وەربگیردرێت. هەر لەم چوارچێوەیەدا سروشت و ئێکۆلۆژی، کۆلتور و کۆمەڵگا و ناسنامەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبەر سیاسەتی پاوانخوازی و گەشەی ئابووری، لەژێر مەترسی و لەناوچووندایە. گرینگ و پێویستە کە کومەڵگەی مەدەنی و سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بەم سیاسەتانە هەستیار بن و رێگە نەدەن دەسکەوتەکانی گەلی کورد لەناوبچێت و خاوەندارێتی لە هەبونی خۆیان بکەن.

لە کۆتاییدا وەکوو هاوسەرۆکایەتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پیرۆزبایی بە دەستهێنانی ئەم دەستکەوتە لە گەلی کورد بە گشتی و کۆمەڵگەی هەورامان بەتایبەتی دەکەین.
هاوسەرۆکایەتی پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک)
٢٩-٠٧-٢٠٢١