له‌ 40مین ساڵوه‌گه‌ڕی دامه‌زارندنی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK)دا سه‌رجه‌م ده‌سكه‌وت و به‌رهه‌مه‌ مێژووییه‌كان، له‌رێبه‌ر ئاپۆ و سه‌رجه‌م قاره‌مانانی خۆڕاگری زیندان، كادیر و ئه‌ندامانی بزاڤی ئاپۆیی، بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان و سه‌رجه‌م هێزه‌ ئازادیخواز و سۆسیالیسته‌كانی جیهان پیرۆز ده‌كه‌ین و به‌ هاتنی ئه‌و یاده‌ شكۆداره‌ یادی سه‌رجه‌م شه‌هیدانی رێگای ئازادی به‌رز راده‌گرین.

له‌كاتێكدا گه‌لی ئازادیخوازی كورد 40مین ساڵوه‌گه‌ڕی دامه‌زراندنی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) پیرۆز ده‌كات، گێژاو و قه‌یرانی مۆدێڕنیته‌ی كاپیتالیستی باڵی به‌ سه‌ر ناوچه‌كه‌ و جیهان راكێشاوه‌. تێكۆشانی رادیكاڵی 40 ساڵه‌ی په‌كه‌كه‌، كلتووری قاره‌مانی له‌به‌رامبه‌ر هێڵی خیانه‌ت له‌كوردستان و خۆڕاگری له‌به‌رامبه‌ر مۆدێرنیته‌ی كاپتالیستی خۆڵقاندووه‌. په‌كه‌كه‌ به‌ مێژووی بێگه‌رد و ئه‌فسانه‌یی له‌نه‌بوونه‌وه‌ هه‌بوونی خوڵقاند و نه‌ ته‌نیا بۆ گه‌لی كورد به‌ڵكوو بۆ سه‌رجه‌م گه‌لانی جیهان كه‌ له‌ژێر ناوی سوسیالیزم، دیموكراسی و ئازادی دا تێده‌كۆشن بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی هیوا، بوێری و دڵسۆزی. ته‌ڤگه‌ری ئازادیخوازی ئاپۆیی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهاندا، به‌ تێكۆشانی بێ‌وچان و پێشكه‌ش كردنی به‌دیلی به‌نرخ، به‌ره‌و بۆنیادنانی سیسته‌می نه‌ته‌وه‌ی دیمۆكراتیك و ده‌سته‌به‌ركردنی ستاتۆی سیاسی گه‌لی ئازادیخوازی كورد هه‌نگاو ده‌نێت، كه‌ ئه‌وه‌ش شایانی پشتگیری، خۆشحاڵی و شانازی سه‌رجه‌م گه‌لانی ئازادیخوازه‌.

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ په‌كه‌كه‌ له‌ماراتۆنی تێكۆشانی دیمۆكراتیكی خۆیدا به‌ هه‌موو هێزیه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر فاشیزمی ده‌وڵه‌تی توركیا و هاوپه‌یمانانی تێكۆشاوه‌و گه‌لانی ژێرده‌ستی ناوچه‌كه‌ی له‌ژێر چه‌پۆك و په‌لاماری تیرۆری داعش و لێڤی ئه‌تهانی هاوچه‌رخ رزگار كردووه‌. په‌كه‌كه‌ به‌ تێكۆشانی 40 ساڵه‌ی خۆی سه‌لماندوویه‌تی كه‌ له‌پێناو به‌رقه‌راری ئاشتی و ئارامی و چه‌سپاندنی دیمۆكراسی له‌ناوچه‌كه‌دا به‌ ئه‌ركی ئه‌خلاقی و مێژوویی خۆی هه‌ستاوه‌و له‌پێناو له‌ناوبردنی فاشیزمی ده‌وڵه‌تی توركیا و تیرۆری داعش به‌ نه‌به‌زی تێكۆشاوه‌.

ئه‌وه‌ی كه‌ تووڕه‌یی و نیفره‌تی له‌لای گه‌لی كورد و گه‌لانی ئازادیخواز درووست كردووه‌، زلهێزه‌ جیهانیه‌كان به‌ پێشه‌نگی ئه‌مریكا چاوپۆشی له‌تێكۆشانی ره‌وا و دیمۆكراتیكی په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌دامه‌زراندنی په‌كه‌كه‌وه‌ تا ئێستا چ ناراسته‌وخۆ و راسته‌وخۆ له‌دژایه‌تی كردنی په‌كه‌كه‌ به‌رده‌وامن. بڕیاری دوایی ئه‌مریكا له‌به‌رامبه‌ر چه‌ند به‌رپرس و پێشه‌نگی په‌كه‌كه‌ و گه‌لی كورد ئاشكرای كرد كه‌ گه‌له‌كۆمه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ گه‌لی كورد تێپه‌ڕی قۆناخێكی گشتگیرتر و مه‌ترسیدارتر بووه‌. هه‌ڵبه‌ت توندكردن و سه‌پاندنی گۆشه‌گیری له‌سه‌ر رێبه‌ر ئاپۆ و هێرش و په‌لاماری سه‌ر ده‌ستكه‌وتی گه‌لی كورد له‌رۆژئاوا، باكوور، شه‌نگال و سه‌رجه‌م ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كورد له‌ده‌رئه‌نجامی ئه‌و كۆنسێپته‌ سه‌رتاسه‌ریه‌یه‌، كه‌ گه‌لی كورد ناچاری خۆڕاگری سه‌رتاسه‌ری و تێكۆشانی بێ‌وچان ده‌كات. پێویسته‌ له‌پێناو مایه‌پووچ كردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی خوازی هێزه‌ داگیركه‌ره‌كانی كوردستان و ناوچه‌كه‌ گه‌لی كورد به‌ به‌رفراوان كردنی رێكخستن بوونی خۆیان و گه‌شه‌پێدان و گشتگیر كردنی چالاكی دیمۆكراتیك و به‌هێزكردنی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی خاوه‌ندارێتی له‌ناسنامه‌، ئیراده‌ و شۆڕشی ئازادیخوازی خۆیان بكه‌ن.

تایبه‌ت پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ هه‌ر تاك، هێز و رێكخستنێكی سۆسیالیستی و ئازادیخواز له‌ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌به‌رامبه‌ر فاشیزم و كۆنه‌په‌ره‌ستی تێكۆشانیان به‌هێزتر بكه‌ن و بۆ سه‌قامگیری ئاشتی و ئارامی و پاراستنی ناسنامه‌ی شۆڕشگێڕی یان له‌ناوچه‌كه‌ به‌ره‌ی یه‌كێتی دیمۆكراتیك بۆنیاد بنێن.

 

مه‌جلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (په‌ژاك)

26\11\2018