لە ٣٠ هەمین ساڵوەگەڕی کیمیابارانی هەڵەبجە دا بە رێزەوە شەهیدانی ئەو کۆمەڵکوژیە بە بیر دێنینەوە و یاد و ئاواتیان بەرز رادەگرین.
گەلی کورد کە خاوەن مێژوویەکی لێوان لێو لە بەرخۆدان، راپەرین و تێکۆشانە بە تایبەتی لە دوو سەد ساڵی دوایی دا هەمیشە کەوتۆتە بەر پەلامارو هێرشی پاکتاوکاری و قڕکردنی داگیرکەران. هەر دەنگ هەڵبڕینێکی کورد کراوەتە بیانوویەک بۆ لەنێوبردن و سڕینەوە لە مەیدانی ژیان. تاوانی هەڵەبجە تەنیا تاوانی سەددام حسێن نەبوو؛ وێڕای یاریدەدەرەکانی، تەواوی ئەو تاک، هێز و لایەنانەی کە لە ئاستی نێونەتەوەیی دا بێدەنگی و چاوپۆشیان لێکرد بەشداری ئەو تاوانەن.
بێگومان هەڵەبجە تەنیا بە ١٦ی ئاداری ١٩٨٨-وە سنووردار نیە؛ ئێستاش هەموو رۆژێک و هەر جار شوێنێکی کوردستان لەگەڵ هەمان چارەنوسی هەڵەبجە روو بەڕووە. ئەو تاوانەی کە سەددام حسێن لە هەڵەبجە پێکیهێنا هەنووکە لە لایەن ئەردۆغانەوە لە سەر زۆرێک لە شار، شارۆچکە و گوندەکانی باکوری کوردستان و هەر ئێستاش لە سەر هەرێمی عەفرین بە بەرفراوانی دەکرێت و بەڕێوە دەچێت. رژێمی ئەردۆغان هەر وەک چۆن لە باکوری کوردستان بۆ سڕینەوەی ناسنامە و هەبوونی کورد بێ ئەخلاقانەترین و دڕاندانەترین شیوەی شەڕ و چەکی کیمیایی بەکار هێنا ئێستا لە عەفرینیش دەیهەوێ هەبوونی کورد بسڕێتەوە. دەوڵەتی تورک کە گەورەترین یاریدەر و پشت و پەنای داعش بوو لە کاتی کۆمەڵکوژیی شەنگال و کۆبانێ و …، و بە شکست و لەنێوچوونی داعش لە لایەن ی.پ.گ. (لە رۆژئاوا) و ه.پ.گ. (لە شەنگال) وە توشی شۆک بووەو ئێستا لە عەفرین لە هەوڵی ستاندنەوەی تۆڵەی داعشی لەنێوچوو دایە.
هاوکات رای گشتیی نێونەتەوەیی، دەوڵەت و هێزە جیهانیەکان بەو بێدەنگیەیان لە بەرامبەر ئەو هێرشە هۆڤانەیەی ئەردۆغان بۆ سەر عەفرین، هاوکار و بەشداری ئەو تاوانەن کە ئەنجام دەدرێت. بۆیە لێرەوە بۆ گەلەکەمان ڕادەگەیەنین کە رۆژ رۆژی راپەرین، خاوەنداری لە عەفرین و جێگرتن لە رەفی بەرخۆدان دایە. رۆژ رۆژی ئەوەیە کە گەلی کورد، گەلانی کوردستان و مرۆڤە ئازادیخوازەکان، دامودەزگا مرۆڤدۆستە نێونەتەوەییەکان و هەر کەسێک کە لە دژی شەڕ و خوێنڕشتنە گوشار بخەنە سەر نەتەوە یەکگرتووەکان و هێزە دەسەڵاتدارەکان تا دادگاییەکی نێونەتەوەیی دژ بە ئەردۆغان و تاوانەکانی بکرێتەوە و پێش لە دووپات بوونەوەی بەردەوامی “هەڵەبجە”کان بگیردرێ.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان -پژاک-
١٦/٣/٢٠١٨