هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە لێدوانێکی نوسراودا بەبۆنەی ساڵڕۆژی گەلەکۆمەی نێونەتەوەیی سەر ڕێبەری پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالان دەنوسێت:” کۆمپلۆی خودایانی شەڕ و بابی چەتان وەدرەنگێ کەوتبو، چون ئەو ئیدیۆلۆگی و فەلسەفەی سەرۆک ئاپۆ جێی خۆی لە دڵی میلیۆنان مرۆڤدا کردبۆوە و کار لەکار ترازا بو”.

دەشڵێت: با هەمومان پێکەوە کۆمپلۆی ناونەتەوەیی لەسەر گەلی کورد لە کەسایەتی سەرۆک ئاپۆدا شەرمەزار بکەین و یەکگرتو خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد وێرای لایەنەکانی مرۆڤدۆست و دێموکرات بەرەو ترۆپکی ڕزگار بون بەرین.

دەقی لێدوانەكەی حاجی ئەحمەدی بەم شێوەیەیە:

ئەوکۆمپلۆیە نە تەنیا لەسەر سەرۆک ئاپۆ وەکو سەرۆکی گەلی کورد بوو، بەڵکو لە سەر گەلانی کوردستان و لەراستیدا لە سەر گەلانی رۆژهەلاتی ناوین وحەتتا دژی رزگاری و ئازادی مرۆڤاهی لە سەراسەری جیهان بوو. چون ئیدیۆلۆگی و فەلسەفەی خەباتی ڕزگاریخوازی سەرۆک ئاپۆ نە تەنیا بۆ گەلی کوردە، بەڵکو جیهانی و گشتگیر لە پێناو پێکەوە ژیانی وەک هەوی و برایەتی گەلانی سەر گۆی زەوی و بۆ مافی وەک هەوی مێینە و نێرینە لە کۆمەڵگایەکی دێموکراتیکدایە. هەر بۆیە هێزەکانی خودایانی شەڕ و دژی ئاشتی و برایەتی گەلان پێکەوە وهاودەست ئەو کۆمپلۆیە دژی مرۆڤاهێیان بەریوە برد.

بەڵام کۆمپلۆی خودایانی شەڕ و بابی چەتان وەدرەنگێ کەوتبو، چون ئەو ئیدیۆلۆگی و فەلسەفەی سەرۆک ئاپۆ جێی خۆی لە دڵی میلیۆنان مرۆڤدا کردبۆوە و کار لەکار ترازا بو. ئەو راستیەی ئیسپات کرد، کە سەرۆک ئاپۆ بیست و چەند ساڵ پێش گوتی: ” ئێمە تۆوی شۆرشمان لە سەر چیاکانی کوردستان چاند، ئەو تۆوە شین بۆە، ئیتر هیچ هێزێک ناتوانی ئێمە لە ناو بەرێ” .

هەورە تریشقە(بروسک)ی شۆڕشی سەرۆک ئاپۆ لەسەر چیاکانی کوردستان بوو، کە لە کۆبانی لێیدا و جیهانی سەر سام و شاگەشکە کرد، و ژنانی جیهانی راچڵکاند لە خۆشیان خەنی کردن. هەر ئەو هزرو بیر و رامانەی سەرۆک ئاپۆ بوو کە بە هەزاران گەنجانی دێموکرات و مرۆڤدۆستی لە سەراسەری جیهان را بەرەو کوردستان هاندا، چون ئەو شۆڕشە لە سەر بنەمای ئەخلاق و مرۆڤدۆستی و لەسەر شانی ژن و گەنج دامەزراوە، بۆیە گەنجانی ئامریکایی و ئاوسترالیای و ئاسیایی و ئافریقی و ئۆڕۆپایی دێن و بەشدار دەبن و گیانی خۆیانی بۆ فیدادەکن. هەورە تریشقە (بروسک)ی ئەو فەلسەفەیە لە ئامریکای لاتین یش لێیدا و دیتمان چۆن گەنجانی ولاتانی شیلی و ئێکوادۆر …..لە قاتڵی کورد ئەردۆغان راست بونەوە، کە سەری سوڕ ما و زمانی لاڵ بو، نەیدەزانی چ بڵێ و چ بکا.

کارگەری ئیدیۆلۆگی و فەلسەفەی سەرۆک ئاپۆ لەسەر ئاڵوگۆڕی فەرهەنگ و کولتوری وڵات وکۆمەڵگای تورکیە کە لەسەر بنەمای فەرهەنگی فاشیستی دامەزراوە، و مێژوی سەدساڵەی تژیە لە ژێنۆساید و کۆمەڵکوژی و ئینکاری نەتەوەکانی غەیری تورک کارێکی وای کردوە کە بەهەزاران گەنجی تورک لە شۆڕشی کورد دا بەشدارن و بەهەزاران کەسایەتی دێموکرات و ئاکادێمیسێنی تورک پشتیوانی بۆ مافی رەوای کورد واژۆ دەکەن.

هاتنی داعیش و شەڕی دژی داعیش دو راستی بۆ جیهان رونکردەوە:

یەک – روی راستەقینەی فاشیستی وئیسلامی داعیشی ئەردۆغان و AKP ی بۆ جیهان ئاشکرا کرد.

دوو – شۆڕشگێڕی و مرۆڤدۆستی، دژی کۆنەپەرستی و پاشوەرۆی تەڤگەری ئازادی کوردستان بە رێبەری PKK ی ئیسپات کرد.

لە ئاڵۆزترین سەر دەمی جیهان، و قەیراناویترین بارو دۆخی رۆژهەڵاتی ناویندا، گەلی کورد خاوەن ئیرادەی خۆی، خاوەن هێزێکی پاراستنی بە توانا، خاوەن ئیدیۆلۆگی وفەلسەفەی خەباتی خۆی، خاوەن پڕۆژە و نەخشە ڕێگەی چارەسەری، توانیوێ لە گۆرەپانی خەباتی رزگاریخوازیدا سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنێ. سەرکەوتنی نیهای کورد پێویستی بە یەکێتی نەتەوەیی و هوشیاری نەتەوەیی زیاتر هەیە.

یەکێتی نەتەوەیی ئەرکی هەر حیزب ورێکخراوی سیاسی و مەدەنی و هەر تاکێکی کوردە کە مەسلەحەت و بەرژەوەندی خۆیان لە مەسلەحەت و بەرژەوەندی نەتەوەییدا ببینن، کە ئەوە پلەی هوشیاری نەتەوەیش نیشان دەدا.

با هەمومان پێکەوە کۆمپلۆی ناونەتەوەیی لەسەر گەلی کورد لە کەسایەتی سەرۆک ئاپۆدا شەرمەزار بکەین و یەکگرتو خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد وێرای لایەنەکانی مرۆڤدۆست و دێموکرات بەرەو ترۆپکی ڕزگار بون بەرین.

سەرهەڵدان وبەرخۆدانی قارەمانانەی گەلی کورد لە باکور و ڕۆژئاوا، و پشتیوانی بێوێنەی ڕۆژهەلات وباشور بە تایبەتی گەلانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، تەنیا یەک ڕێگەمان لە بەرە، سەرکەوتن. سەر کەوتن بەسەر فاشیزمی AKP وئەردۆگاندا.

سڵاو لە ئیمڕالی سەرچاوەی وزە وئیرادەی خەباتی ڕزگاریخوازی
سلاو لە بەرخۆدەرانی باکور و ڕۆژئاوا لە سەنگەرەکانی شەرەف و مرۆڤاهیدا
سلاو لە گریلاکان کە چاوەروانی بەهارن
هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک

رەحمان حاجی ئەحمەدی
13.02.2016