لەساڵیادی لەسێدارەدانی كادیری پێشەنگی تەڤگەرەكەمان حسێن خزری ناسراو بە (هێمن بێكەس) و شۆڕشگێڕی كورد فەسیح یاسەمەنی، یادیان بەرز رادەگرین و سڵاوی پڕ لەهەست و سۆزی شۆڕشگێڕانەمان ئاراستەی سەرجەم تێكۆشەرانی رێگای ئازادی لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین، كە بەجۆش و خرۆشێكی مەزنەوە بەڕەنگاری سیاسەتی رژێمی سێدارەی ئێران دەبنەوە و رێبازی شەهیدانیان درێژەپێدەدەن. هەروەها سیاسەتی لەسێدارەدان و زهنیەتی فاشیستی رژێمی ئێران لەدژی رۆڵە قارەمانەكانی گەلەكەمان شەرمەزار دەكەین.
شەهید هێمن و فەسیح یاسەمەنی گەنجێكی لێهاتوو و بەتوانای گەلەكەمان بوون كە هەستیان بە ئازار و ژانی گەلەكەیان كرد، كە لەپێناو ئازادی وڵات و نیشتمان و خزمەت بە گەلەكەیان بەشداری ریزەكانی گەریلا و تێكۆشان بوون. لەسەرجەم ساتەكانی ژیانی شۆڕشگێڕانەیاندا بە جۆش و خرۆشێكی مەزنەوە بەشداری لەكاروباری شۆڕشیان كردووە. هاوكات بۆ راپەڕاندنی ئەرك و كاروخەباتی تەڤگەر و گەلەكەیان زۆر بە بەرپرسیارییەوە هەڵسووكەوتیان كردووە. تەنانەت بەو هیوایەی كە ببنە گەنجێكی شۆڕشگێڕ كە هێز و ئیرادە لەگەنجاندا دروست بكەن، تێكۆشانیان كردووە.
كادیری پێشەنگی تەڤگەرەكەمان شەهید هێمن لەكاتی راپەڕاندنی كار و خەباتی گەلەكەی لەلایەن بەكرێگیراوانی رژێم و چەكدارانی سوپای پاسدارانەوە دەستگیر دەكرێت و زیاتر لە 8 مانگ لەژووری تاكەكەسی لەژێر مەنگەنەی ئەشكەنجەی دڕندانەی هێزەكانی سوپا و ئیتلاعاتدا دەمێنێت، تا ئیرادەی تێكبشكێنن. بەڵام شەهید هێمن لەو قۆناغەدا بەرخۆدانێكی بێهاوتا دەكات و سەرجەم پلانی چەپەڵی چەكدارانی رژێم مایەپووچ دەكات. لەتۆڵەی ئەوەشدا لەدادگاییەكی چەند خولەكیدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنن. بەڵام ئەو بڕیارە هیچ كاریگەری ناكاتە سەری و بە پێچەوانەوە بە جەلادانی رژێم دەڵێت: “من وەك ئازادیخوازێك لەسێدارە دەدرێم، دەزانم لەسێدارەدانی من سوودێكی بۆ گەلەكەم بە تایبەت گەنجان دەبێت، لەبەر ئەوەی نە جارێك، بەڵكوو دەیان جار لەسێدارەم بدەن، لەبەر ئەوەی ئازادی بایەخێكی زیاتری لەژیانێكی كۆیلە و ژێردەستیدا هەیە”.
ئەو وتە و هەڵوێستی خۆڕاگرانەی دوو هەڤاڵی شەهیدمان بۆ ئێمە و گەلەكەمان بایەخێكی مەزنی هەیە، لەوەڵامی ئەوەشدا بە سەدان جەوان بە بەشدارییان بۆ ناو ریزەكانی تێكۆشان خاوەندارێتییان لەرێبازی هێمن و فەسیحەكان كرد. ئەو هەڵوێستەی گەنجان هێزەكانی رژێم ناچار دەكات كە كۆتایی بە لەسێدارەدانی رۆڵە قارەمانەكانی كورد بێنێت و لە جێگەی بە كارهێنانی توندوتیژی دان بە مافی رەوای گەلی كورددا بنێت، چۆنكە هەر لەسێدارەدانێك بۆ گەلەكەمان، هەنگاوێكە بەرەو ئازادی.
لەكۆتاییدا بانگەوازی لەگەلەكەمان بە تایبەت لەگەنجان دەكەین كە خاوەندارێتی لەئامانجەكانی هێمن و فەسیحەكان بكەن، چۆنكە ئەوەش ئەركێكی ویژدانی و ئەخلاقییە. لەهەمان كاتدا دەستەڵاتدارانی رژێمیش دڵنیا دەكەینەوە كە هیچ جۆرە سیاسەتێك ناتوانێت لەتێكۆشان پاشگەزمان بكاتەوە، بە پێچەوانەوە زیاتر گوڕ بەتێكۆشانی ئازادیخوازانەمان دەدەین. بۆیە جارێكی تر سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی گەل و كەسوكاری شەهید هێمن و فەسیح یاسەمەنی و هەڤاڵانیان دەكەین و بەڵێنی بەدیهێنانی ئامانجەكانیان بۆ گەلەكەمان دووپات دەكەینەوە.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (PJAK)
05\01\2016