ئاواكردن و په‌ره‌سه‌ندنی كۆمه‌ڵگای ئازاد له‌ شه‌رت ومه‌رجی ئه‌مڕۆی جیهان و به‌تایبه‌تی له‌ هه‌رێمی پڕ له‌ قه‌یران و مه‌ینه‌تی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، باشترین ڕێگه‌ چاره‌یه‌ بۆده‌ركه‌وتن له‌و قه‌یران ‌و خوێن ڕشتنانه‌‌ كه‌ تا دێت به‌رفراوانتر ده‌بێت. وه‌ك ده‌زانین ئه‌و وه‌حشه‌ته‌ كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌موو ناوچه‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه ‌و له‌ هێزێكی تاریك وه‌ك داعشدا نموودی په‌یدا كردووه‌، ئاستی مه‌ترسیداربوون و خوێناویبوونی ئه‌و پیلانه‌ نیشان ده‌دات كه‌ هێزه‌ هه‌ژمۆگه‌راكانی جیهان، ناوچه‌كه‌ و له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه‌ عوسمانیگه‌را نوێیه‌كانی سه‌رده‌سه‌لاتی توركیا‌ و ده‌ست وپێوه‌ندییه‌ هه‌رێمییه‌كانی، پێیه‌وه‌ سه‌رقاڵن.

ئه‌وهێزانه ‌بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ مه‌ترسیداره‌كانیان له‌ هیچ چه‌شنه‌ سه‌ركوتكاری، كوشتوبڕ وكۆمه‌ڵكوژییه‌ك سڵ ناكه‌ن و ده‌ستوپه‌نجه‌یان به‌ خوێنی ئه‌و گه‌لانه‌وه‌ سووره‌ كه‌ بۆ پیلانه‌كانییان ئاسته‌نگن. نموونه‌كانی مووسل، شه‌نگال، تكریت و به‌ناوبانگترینیان كۆبانی و ده‌رئه‌نجامه‌كانی، راستینه‌ی ڕه‌شی هێزه‌ هه‌ژمۆنگه‌راكان راشكاوانه‌ ده‌خاته‌ به‌رچاوان.

ئه‌و كۆنسێپته‌ی كه‌ به‌ داگیركردنی مووسڵه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد و له‌ خۆڕاگرییه‌ مێژووییه‌كه‌ی كۆبانیدا گه‌یشته‌ لووتكه‌، ئه‌مرۆش له‌ زۆربه‌ی هه‌رێمه‌كانی باكووری كوردستان و به‌تایبه‌ت شاری فارقینی به‌رده‌وامه‌ و هه‌موویان ئاڵقه‌هایه‌كن له‌ یه‌ك زنجیر كه‌ به‌ شوێن یه‌كدا هاتوون و ئامانجیشیان له‌ناوبردنی هه‌رجۆره‌ ئێراده‌یه‌كی ئازاده‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندابێت.

به‌ڵام وه‌ك مێژوو سه‌لماندوویه‌تی، هێزه‌ ئازادیخوازه‌كان به‌ به‌رخۆدانی خۆیان و به‌ خاوه‌ندارێتییه‌ك كه‌ گه‌لانی تینووی ئازادی له‌ ئه‌وانیان كردووه‌، تا ئێستا ئه‌و كۆنسێپته‌یان بێ ئه‌نجام هێشتووه‌ته‌وه‌.‌ له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌، هه‌تا تێكشكاندنی یه‌كجاره‌یی ئه‌و كۆنسێپته ‌و بكه‌رانی ئه‌و قه‌تڵوعامه‌ و هاوكات گه‌یشتن به‌ ئازادی و ئارامی و پێكه‌وه‌ژیانێكی به‌ شه‌ره‌ف و مایه‌نده‌، به‌رده‌وامی خاوه‌نداریه‌تێكان پێداوستییه‌كی مێژووییه‌.

بۆیه‌ ئه‌وڕۆكه‌ش ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی _ سیاسی و مێژووییه‌ كه‌ جارێكیتر وه‌ك چۆن له‌ كۆبانی خاوه‌نداریكرا، ئه‌مجاره‌ش له‌ به‌رخۆدانی شكۆمه‌ندانه‌ی گه‌له‌كه‌مان له‌ باكووری كوردستان و به‌تایبه‌ت له‌ فارقین خاوه‌نداری بكرێت و رای هه‌موو جیهان و هه‌موو هێزه‌ دیمۆكراسیخوازه‌كان بۆ ئه‌و شاره‌ راكێشرێت.

له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ وه‌ك KODAR وێرای مه‌حكوم كردنی هێرشه‌ دڕنده‌كانی رژێمی فاشیستی توركیا له‌ سه‌ر گه‌له‌كه‌مان له‌ باكووری كوردستان، بانگ له‌ سه‌رجه‌م گه‌له‌كه‌مان له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و هه‌نده‌ران ده‌كه‌ین كه‌ به‌ چالاكی جۆراوجۆر و هه‌تا تێكشكاندنی هێرشی دڕندانه‌ و هاوبه‌شی رژێمی فاشیستی توركیا و چه‌ته‌كانی داعش، خاوه‌ندارێتی له‌ گه‌له‌كه‌مان له‌ باكووری كوردستان كه‌ رووبه‌رووی قه‌تڵعام بوونه‌ته‌وه بكرێت. ده‌بێت به‌ هه‌ڵوێست نواندن دژی داگیركاری توركیا و داعش شه‌قامه‌كان بكرێت به‌ گۆڕه‌پانی له‌ گۆڕنانی خه‌ونی عوسمانیگه‌را نوێیه‌كان و شوێنكه‌وتووانیان.

هاوسه‌رۆكایه‌تی كۆنسه‌ی به‌رێوه‌به‌ری KODAR
12.11.2015‌