بە ئێعدام کردنی ئازادیخوازان و لاوانی کورد، شەپۆلی خواستە رەواکان و ئازادیەکان بەربەست ناکرێت.

هێرشی هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر گەلی کورد لە هەمو مەیدانەکاندا بەردەوامە و بە هێرش کردنە سەر گەل و کۆمەڵگای کوردستان، هەر ڕۆژ ڕومەتی ناشیرین و دڕندانەی خۆی نیشانی گەل دەدات. سوتاندنی ژینگە و دارستانەکانی کوردستان، پەرەپێدان بە مادە هۆشبەرەکان، ڕەوادان بە بێ ئەخلاقی و فەساد و هەمو تەرفەندەکانی داڕماندنی کۆمەڵگا و هێرشی نامرۆڤانەی لە سەر کوردستان تاقی کردۆتەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئێعدام و کوشتنی لاوانی کورد تاوانەکانی خۆی دەگەیەنێتە لوتکە و بەو مەبەستە کە گەلی ئازادیخوازی کورد بە چۆک دا بێنێت، پێویستە دوژمن باش بزانێت گەلی ئێمە مێژوویێکی دێرینی خەبات و تێکۆشانی دژ بە داگیرکەران و کۆنەپەرەستان هەیە، کە تەسلیمیەت ناناسێت. هەموو دوژمنان بۆیان دەرکەوتووە کە ئیرادەی گەلەکەمان پۆڵایینە و لە مەیدانی تێکۆشاندا سەلمێندراوە. دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران باش بزانن بە ئێعدامی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان نە تەنیا ورەو ئاستی خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازی دانابەزێت، بەلکوو بە پێچەوانە بەهێزتر لە هەر کات خەبات و تێکۆشانی خۆی پەرە پێدەدات.

لە کۆتایی دا سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی گەلی تێکۆشەری کورد و بنەماڵەی گیانبەختکردو مەنسور ئاروەند دەکەین و بە تێکۆشانمان بەڵێنی تۆڵەی هەمو شەهیدان دووپات دەکەینەوە.

 

مەجلسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ─ PJAK
15.06.2015