سه‌ره‌تا له لایه‌ن پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پەژاکهوه سڵاوی گه‌رمی خۆمان پێشکه‌شی هه‌موو به‌شداربووان له‌م کۆنفڕانسه ده‌که‌ین. به هیوای ئه‌وه‌ی که به‌ستنی ئه‌م کۆنفڕانسه ببێته یه‌که‌م خاڵ بۆ ده‌سپێکێکی سه‌رکه‌وتوو له‌م جۆره چالاکییانه‌دا.
به‌شداربووانی به‌ڕێز!
به‌ستنی ئه‌م کۆنفڕانسه له کاتێکدایه که له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی تێکه‌ڵاو به شه‌ڕی جیهانی سێهه‌م، هه‌ر ڕۆژه‌و گۆڕانکاریی سیاسی پێکدێن. ئێستاکه هه‌م قه‌یرانه‌کان و هه‌میش ده‌رفه‌ته‌کانی ده‌رچوون لێیان، زیاتر له هه‌موو کاتێک خۆ ده‌ده‌نه به‌رچاوان. ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به هۆی ململانێی هێزه‌کانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ره‌و شکڵ گرتنێکی نوێ ده‌روات. له‌م نێوانه‌دا له‌به‌ر ڕوانگه‌ی ههژمۆنیخوازانهی کۆماری ئیسلامی ئێران و هه‌میش ڕێکاری ده‌ستتێوه‌ردان که هێزه‌کانی جیهانی سه‌رمایه ڕهپێشیان گرتووه، و هه‌روه‌ها جموجۆڵی هێزه‌کانی دیموکراسیخواز له ئێران، ئه‌م وڵاته‌ی کردووه ناوه‌ندی هه‌ره گه‌رمی گۆڕانکارییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین.
له کاتێکی وه‌هادا، پێکهاتنی فه‌زایه‌کی دیموکراتیک بۆ وتووێژ و گۆڕینی بیروڕا سه‌باره‌ت به پرس و کێشه‌کانی توندی سیاسی-کۆمه‌ڵایه‌تی له ئێران به تایبه‌ت پرسی گه‌لان و جیاوازییه‌کانی ناسنامه‌یی له‌م وڵاته، گرینگییه‌کی مێژویی هه‌یه. چونکه به هه‌بوونی فه‌زایه‌کی ئاوه‌ها ده‌کرێ به باس له سه‌ر بیر و ستراتژی جۆراوجۆر، هه‌نگاوی جیددی بۆ ده‌رکه‌وتن له‌م قه‌یران و کێشانه هه‌ڵبگیردرێت. ئێمه به‌ستنی کۆنفرانسێکی وه‌ها به ههنگاوێکی کرداری بۆ سازکردنی ئه‌م فه‌زا دیموکراتیکه ده‌زانین و پێمان وایه که ده‌توانێ ده‌رگای نوێمان له به‌رامبه‌ر بکاته‌وه.
به چاوپێخشاندێک به ڕه‌وشی ئێران‌دا ده‌بینین که ته‌واوی هێزه‌کانی گۆڕانخواز وه‌کوو گه‌لانی کورد، عه‌ڕه‌ب، به‌لوچ، ئازه‌ری و گه‌لانی تر ، جیاوازییه‌کانی دینی و ئایینی ژێر سته‌م وه‌کوو یارسان، به‌هایی، مه‌سیحی و زه‌رده‌شتی، وه هه‌روه‌ها هه‌موو جۆره هێزه‌کانی سۆسیالیست و چه‌پ، فه‌مینیست، ئانارشیست و ته‌واوی ته‌یفه‌کانی سیاسی-کۆمه‌ڵایه‌تی که خوازیاری ئازادی، یه‌کسانی و دیموکراسین، ڕووبه‌ڕووی توندترین سیاسه‌ته ئه‌منیه‌تیه‌کان له لایه‌ن کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌بنه‌وه. نه‌بوونی هاوئاهه‌نگی و هاوته‌ریبی پێویست، و چه‌ترێک که ته‌واوی ئه‌م هێزانه له هه‌موو نه‌ته‌وه و، فه‌رهه‌نگ و باوه‌ڕییه‌ک له ژێر خۆی کۆ کاته‌وه، بووه‌ته هۆکاری ده‌ست ئاوه‌ڵه‌یی ڕژیمی ئیسلامی ئێران بۆ هه‌ر جۆره هه‌ڵسوکه‌وتێکی یه‌ک لایانه و به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه له به‌رامبه‌ر کێشه‌کانی گه‌وره‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا، و ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌ش بووه‌ته ئه‌م ڕه‌وشه‌ی که گه‌لانی ئێران له‌گه‌ڵی ده‌سته‌و ئه‌ستۆن. قه‌تڵوعامی فه‌رهه‌نگی گه‌لان، نه‌بوونی ئازادی ڕاده‌ربڕین و ڕێکخستنی، له‌سێداره‌دانی زیندانیانی سیاسی، ترۆر و میلیتاریزمی بهرئاوهڵهی ده‌وڵه‌ت دژ به کۆمه‌ڵگا به تایبه‌ت گه‌لانی به‌رخۆده‌ر، ته‌نیا به‌شێکی بچوک له‌و تهنگاسییهیه که ڕووبه‌ڕووی گه‌لانی ئێرانه.
ئه‌گه‌ر ده لێگه‌ڕینێکی بنه‌مایی بۆ کێشه‌ی گه‌لانی ئێران و دیارده‌ی ئهوهاداین، ده‌بێ خوێندنه‌وه‌یه‌کی ڕاست و دروستمان له په‌رگالی جیهانی و ناوه‌ڕۆکی وی هه‌بێت. چونکه له ڕاستیدا ئێرانیش به‌شێکه له‌و په‌رگاله جیهانییه و ته‌نیا له چوارچێوه‌ی ئه‌ودا مایه‌ی تێگه‌یشتنه. سه‌ره‌ڕای ئەوه‌ی که سه‌رمایه‌داری مۆری خۆی له سه‌ر نیزامی جیهانی داوه‌و خۆی به‌سه‌ر ته‌واوی بوواره‌کانی ژیانی کۆمه‌لایه‌تیدا سه‌پاندووه، به‌ڵام ئه‌م ڕه‌وشه به‌مانای ئه‌وه نییه که به هیج جۆر گه‌زه‌ندی نه‌گاتێ.
به کورتی له ئاماژه به هۆکاره‌کانی که‌ڵک وه‌رنه‌گرتنی باش له خه‌بات و تێکۆشانی به‌قیمه‌تی سه‌دساڵی ڕابردوو دژ به دیکتاتۆری و ماریسێتی ده‌وڵه‌تی ئێران ده‌توانین بڵێین :
- کاریگه‌ری نهتهوهئاژۆییهکی گرژاوی که وه‌کوو ڕێخۆشکه‌ری سیاسه‌تی “سازکردنی دووبه‌ره‌کی بۆ درێژه‌دانی ده‌سه‌ڵات” له خزمه‌ت هێزه‌کانی ئه‌مپریالیستی دا بووه.
- بزووتنه‌وه‌کانی سیاسی له ئێران هه‌میشه ڕۆڵی سه‌ره‌کییان له پێشبردنی خه‌باتی دیموکراتیک و ئازادیخوازانه هه‌بووه، به‌ڵام زۆربه‌ی کات به هۆکاری وه‌یکه له بەرامبەر میلیتاریزمی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیدا مێکانیزمێکی پاراستنیان نه‌بووه سه‌رکوت کراون.
- نه‌بوونی مۆدێلێکی ئاڵترناتیڤ که کۆمه‌ڵگا بگه‌یێنێته ئاستێک که ته‌نیا وه‌ک به‌شێک له ڕه‌وته‌کانی ده‌سه‌ڵاتخواز و ده‌وڵه‌تی نه‌بێت به‌ڵکوو ڕۆڵی سیاسی و به‌ڕێوه‌به‌ری کۆمه‌ڵگا بگرێته ئه‌ستۆ. له‌به‌ر ئه‌م هۆکاره‌ش ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه که جۆرێک له نیزامی پاوانخوازه، هه‌رده‌م پیرۆز نرخێندراوه و به‌رز کراوه‌ته‌وه، و هه‌ر به‌و ڕاده‌یه‌ش کۆمه‌ڵگا له توانایی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری بێبه‌ش کراوه.
- به مه‌ترسی زانینی هەر جۆره ڕه‌هه‌ندێکی دیموکراسیخواز و ناسنامه‌خوازی گه‌لان له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و هه‌میش له لایه‌ن زۆربه‌ی ئه‌م هێزه ئۆپۆزیسیۆنانه‌ی که نه‌ته‌وه‌گه‌رایی ئێرانی به بنه‌ما وه‌رده‌گرن. ئه‌وه له کاتێکدایه که ئه‌م ڕه‌هه‌نده دیموکراسیخواز و ناسنامه‌خوازانه‌ی گه‌لانی ئێران له کورد وعه‌ڕه‌ب و به‌لوچ و ئازه‌ری هه‌تا تورکمه‌ن و گیله‌ک و مازەنی له ڕاستی خۆیدا به‌ستێنی دیموکراسی خۆجه‌یین و ده‌توانن ده‌رگای سیاسه‌تی دیموکراتیک له ئێران‌دا بکه‌نه‌وه.
- هێرشی ڕاسته‌وخۆی کۆماری ئیسلامی بۆ سڕینه‌وه‌ی ڕه‌هه‌ندی چه‌پ له فه‌زای سیاسی ئێران و هێرشی لیبرالیزم بۆ سه‌ر بیرۆکه‌ی سۆسیالیزم هاوته‌ریب بوونه. لیبرالیزم به گه‌شه‌دان به‌م هزره که گوایه به مافی تاک و دیموکراسی لیبڕال ده‌کرێ کێشه‌کانی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی چاره‌سه‌ر بکرێت، هه‌وڵی داوه بۆ لاواز کردن و سڕینه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی. له کاتێکدا که مۆدێلی دیموکراسی کۆمه‌ڵایه‌تی، ناوه‌ڕۆکێکی سۆسیالیستی و کۆمهڵگائاژۆیی هه‌یه. دیاره که پێویستی به مۆدێلێک له دیموکراسی هه‌یه که هاوسه‌نگی تاک و کۆمه‌ڵگا دابین بکات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که تاک و کۆمه‌ڵگا ته‌واوکه‌ری یه‌کترن و بێ بوونی هه‌ر یه‌ک له‌م دوو لایه و ئازادی ئه‌و، هه‌بوون و ئازادی لایه‌نی تریش مسۆگه‌ر نابێت.
- ناوه‌ڕۆک و ڕاستی هه‌ر ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌یه‌ک، به تایبه‌ت ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی ئێران به توندی دژ به ژنه. هه‌رچه‌نده ژن له بزوتنه‌وه‌کانی سیاسی-کۆمه‌ڵایه‌تیدا له ئێران هه‌بووه به‌ڵام به جێگه‌ی شیاوی خۆی نه‌گه‌یشتووه. مۆدێلێکی دیموکراسی که ژن تێیدا نه‌بێته بکه‌رێکی به‌ڕامان و لێکۆله‌ر، ناتوانێ ببێته دیموکراسیه‌کی ته‌واو و چاره‌ساز. دیموکراسیه‌کی ڕادیکال که بیهه‌وێ کێشه‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی-سیاسی ئیران چاره‌سه‌ر بکات پێویسته له هه‌موو چه‌شنه چینایه‌تی و رهگهزپهرهستییهک به دور بێت.
به‌شداربووانی به‌ڕێز و ئاماده له‌م کۆنفرانسه!
ئێمه وه‌ک پەژاک مۆدێلێکی ئاڵتەرناتیڤ بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی ئێران پێشنیار ده‌که‌ین. ئه‌م مۆدێله له بواری هزریه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای گریمانی (تێزی) نه‌ته‌وه‌ی دیموکراتیکه و پێکهاته‌ی کۆنفێدڕال دیموکراتیکی هه‌یه. ڕەنگدانهوهی کرداری ئه‌م مۆدێله، سیسته‌می کۆمه‌ڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان (کۆدار)ه که پەژاک دوای ده ساڵ ئه‌زمونی خه‌بات، بۆ دامه‌زراندنی پێشه‌نگایه‌تی کرد و هه‌رئێستا بۆخۆشی وه‌کوو پارتیه‌ک له ژێر چه‌تری کۆدار، کار و خه‌باتی خۆی بۆ پێشبردنی دیموکراسی و ئازادی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران‌دا به‌رده‌وام ده‌کات.
ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی ناوه‌ندی ئێران به‌رده‌وام ویستویه‌تی فره‌ڕه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی، ناسنامه‌کانی فه‌رهه‌نگی، دینی و ئایینی و هه‌روه‌ها عه‌قیده‌تی و سیاسی به ڕێگای زه‌خت و سه‌رکوت بۆ “یه‌ک” دانه که‌م بکاته‌وه و هه‌مووی ئه‌وان له چوارچێوه‌ی پێکهاته‌یه‌کی یه‌ک نه‌ته‌وه‌ییدا کۆ کاته‌وه که ده‌کرێ پێی بگوترێ “نه‌ته‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی” . به‌و واتایه که نه‌ته‌وه‌یه‌ک له ناو ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیدا تواوه‌ته‌وه، ئیراده‌ی سیاسی نه‌ماوه و توانایی به‌ڕێوه‌بردنی ناوخۆشی نییه. نه‌ته‌وه‌ی دیموکراتیک که ئێمه وه‌ک ئاڵتەرناتیڤ باسی لێوه ده‌که‌ین، جۆرێک نه‌ته‌وه‌ی ناده‌وڵه‌تییه که پێکهاته‌یه‌که له فره‌ڕه‌نگییه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا و هه‌ر یه‌ک له جیاوازییه‌کان و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگا توانایی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریان هه‌یه. هەروەها کۆنفێدرالیزمی دیموکراتیک فۆرمێکی به‌ڕێوه‌به‌ری سیاسییه که نه‌ته‌وه‌ی دیموکراتیک بۆ خۆی ساز ده‌کات.
کۆنفێدرالیزمی دیموکراتیک چه‌ترێکی پان و به‌رینه بۆ هاوته‌ریبی ته‌واوی کۆمه‌ڵانی مه‌ده‌نی، گروپه‌کانی کۆمه‌ڵگا و که‌سانێک که خۆبه‌خشانه و له سه‌ر بنه‌مای یه‌کگرتنی زێهنیەتی له ده‌وری نرخه‌کانی ئازادای و یه‌کسانی کۆده‌بنه‌وه. ئه‌م ئازادی و یه‌کسانییه‌ش له سه‌ر بنه‌مای ڕیزدانان بۆ جیاوازییه‌کان پێناسه ده‌کرێت. هه‌ر جیاوازییه‌کی فه‌رهه‌نگی، ئایینی، زمانی و نه‌ته‌وه‌یی وه‌کوو ده‌وڵه‌مه‌ندی و فاکته‌رێکی به‌نرخ بۆ بردنه سه‌ری ئاستی دیموکراسی ده‌زانین و ئه‌وه‌ی که گه‌ڵانی بن ده‌ستی ئێران پێویستیانه هه‌ر ئه‌مه‌یه. ئه‌م گه‌لانه به ساڵانه که برینی تواندنه‌وه (ئاسیمیلاسیۆن)، ئینکار، له‌ناوبردنی چاندی و فه‌رهه‌نگی و، نه‌بوونی پێگه‌یه‌کی سیاسیان هه‌یه. ئێمه دیموکراسی ڕادیکالی گه‌لان وه‌کوو مه‌رحه‌می ئه‌م برینانه و ده‌رمانی ده‌رده‌کان ده‌زانین. له به‌رامبه‌ر ناوه‌ندگه‌رایی خه‌ستی ده‌وڵه‌ت که هه‌ر کات کۆمه‌ڵان و شارۆمه‌ندانی فره‌ناسنامه به بێگانه‌یه‌ک ده‌زانێ بۆ په‌راوێز خستن و، هه‌وڵی یه‌کده‌ست کردن و سڕینه‌وه‌یان ده‌دات، مۆدێلی کۆنفێدرالیزمی دیموکراتیک ده‌رگای به‌شداری ئازاد و یه‌کسان و خۆبه‌خشانه له‌به‌رده‌م هه‌موو لایه‌نێک ده‌کاته‌وه. ئه‌م مۆدێله بۆ پێکه‌وه ژیانی فه‌رهه‌نگ و ناسنامه‌کانی جیاوازی کۆمه‌ڵایه‌تی که به هه‌زاران سال له پاڵ یه‌ک ژیاون و خاڵی هاوبه‌شی زۆریان هه‌یه، نیزامێکی کارامه و مایه‌ی په‌سه‌نده. له به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی ده‌وڵه‌تی که به ده‌ستی ده‌سته‌ڵاتدارانی دیکتاتۆری ئێران وه‌کوو زه‌عیفه‌یه‌کی لێهاتووه، سازبوونی نه‌ته‌وه‌ی دیموکراتیک ئه‌م تواناییه ده‌به‌خشێته کۆمه‌ڵگا که بتوانێ به هه‌موو فره‌ڕه‌نگی و جیاوازییه‌کانه‌وه خۆی به‌ڕێوه‌ببات. له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ین که ستاتۆی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموکراتیک ده‌توانێ ببێته گارانتی هه‌بوون و ئازادی گه‌لانی ئێران که له مافی شارۆمه‌ندی، سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی، ئابووری و پاراستنی جه‌وهه‌ری بێبه‌شن. ئێمه بۆ گه‌یشتن به‌م مۆدێله دو ڕێکار پێشنیار ده‌که‌ین:
- چاره‌سه‌ری دیموکراتیکی کێشه‌کانی گه‌لانی ئێران له ڕێی کرانه‌وه‌ی سیاسی و گه‌یشتن به یاسایه‌کی بنچینه‌یی دیموکراتیک که ستاتۆی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموکراتیک بۆ گه‌لانی ئێران به فه‌رمی تێیدا په‌سه‌ند کرابێت. جگه له‌وه هیچ رێگایه‌ک بۆ وه‌ی نییه که کۆمه‌ڵگای فره‌نه‌ته‌وه‌ی ئێران بتوانێ وێڕای ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی له ژێر یه‌ک باندا بژیت. له‌و چوار چێوه‌یه‌دا ڕامانگه‌یاندووه که له ئه‌گه‌ری خوازیاری ده‌وڵه‌تی ئێران بۆ چاره‌سه‌ری پرسی کورد له ڕێگای ئاشتیانه، په‌سه‌ند کردنی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموکراتیک بۆ کوردانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان مه‌رجی سه‌ره‌کی و خۆلێلانهدهره.
بێگومان پێداگری په‌رگالی ده‌سه‌ڵاتی ئێران له‌سه‌ر به‌رده‌وامی ناوه‌ندگه‌رایی و پێکهاته‌ی ڕههاژۆیانهی (مطلقگرای) ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ی هه‌نوکه‌یی، و خۆپاراستن له هه‌ر جۆره نه‌رمی و دانوستاندن له بەرامبەر پرسی گه‌لان، به واتای پێداگری له سه‌ر چاره‌نه‌کردنی کێشه‌کانه. - له ئه‌گه‌ری پێداگری ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی ئێران له سه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌کردنی پرسی گه‌لان، ئێمه پێکهێنانی یه‌ک لایه‌نه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموکراتیک به مافی ڕه‌وای هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌زانین. خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموکراتیک له ڕاستیدا به کرداری کردنی ئه‌سلی “مافی چاره‌ی خۆنووسینی نه‌ته‌وه‌کانه” له ڕێگایه‌کی دیموکراتیک و ناده‌وڵه‌تی. له‌م حاڵه‌ته‌شدا پاراستنی ڕه‌وای جه‌وهه‌ری له به‌رامبه‌ر هێرشه‌کانی ده‌وڵه‌تی ده‌سه‌ڵاتدار به کار دێت. ده‌کرێت له سه‌ر ئه‌ساسی پێکهاته‌کانی فه‌رهه‌نگی و پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی-مێژوویی شوێنه‌کانی جیاوازی ئێران، مۆدێلی کانتۆنه‌کان و ئه‌یاله‌ته‌کانی دیموکراتیک ببێته نموونه و یه‌کێتیه‌کی دیموکراتیک له نێوانیاندا دامه‌زرێت.
گرینگ ئه‌وه‌یه که بۆ هه‌ر دوو ڕێکار که باسیان لێوه کرا و وه‌کوو ڕێچاره‌ی دیموکراتیک به‌ناو ده‌کرێن، ئاماده بین. به باوەری پەژاک، ئاستی زانستی سیاسی گه‌لانی ئێران وه‌هایه که بزوتنه‌وه‌کان، ڕێکخراوه‌کان و پارته‌کان بتوانن ئه‌م ڕێکاره به‌کرده‌وه بکه‌ن. ئێمه ڕێکاری نه‌ته‌وه‌ی دیموکراتیک له چوارچێوه‌ی کۆداردا له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان داده‌مه‌زرێنین و مۆدێلێکی ئاواش بۆ گه‌لانی تری ئێران پێشنیار ده‌که‌ین.
ئه‌م مۆدێله به مۆدێلێکی ئاڵتەرناتیڤ ده‌زانین و له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ین که پێداگری له سه‌ر ڕێکاره‌کانی نه‌ریتی و نه‌ته‌وه‌گه‌رایانه بۆ گه‌ل زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن.
ڕێکاری نه‌ته‌وه‌ی دیموکراتیک که ئێمه باسی لێده‌که‌ین به چاوێکی کراوە و دانپێدانه‌ر ده‌ڕوانێته ناسنامه‌کان و جیاوازییه‌کان. هه‌ر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه ده‌کرێ له نێو بزوتنه‌وه‌کانی گه‌لانی ئێران‌دا جێگیر بکرێت. به بڕوای ئێمه بۆ تێپه‌ڕکردنی ڕه‌وشی به‌ربڵاوی هه‌نوکه‌یی و ده‌سته‌به‌رکردنی هاوته‌ریبی پێویست بۆ گه‌یشتن به تێکۆشانێکی دیموکراسیخوازانه ده‌توانین ئه‌م به‌ستێنه ساز که‌ین. ئه‌م کۆنفرانسه ده‌توانێ ببێته به‌ردی بناغه‌ی “خانوی دیموکراتیک و هاوبه‌شی” گه‌لانی ئێران و ڕه‌وته‌کانی هزری و سیاسی جیاواز که بۆ ئازادی و دیموکراسی تێده‌کۆشن.
به‌شداربووانی به‌ڕێز!
ئه‌م کۆنفرانسه له کاتێکدا به‌ڕێوه ده‌چێت که ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بووه‌ته گۆڕه‌پانی شه‌ڕ و ئاگر و خوێن. هه‌تاکو ئێستا هێزه‌کانی جیهانی سه‌رمایه و ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌کانی قه‌واره‌پارێزی ناوچه‌که وه‌ک ئێران، نه ته‌نیا هیچ پرۆژه و پیلانێکیان بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان نه‌بووه به‌ڵکوو به کرده‌وه‌کانی خۆیان کێشه و گرفته‌کانیان به‌رفراوانتر و توندتر کردووه‌ته‌وه. پانتایی قه‌یرانه‌کان ڕۆژبه‌ڕۆژ له زێدهبووندان و پێویست به ستراتێژییه‌کی نوێ و بنچینه‌یی هه‌یه بۆ ده‌رچوون له‌م ڕه‌وشه. ئێمه به‌م ستراتێژییه ده‌ڵێین “هێڵی سێهه‌م” به‌و واتایه که نه ده‌بێ له به‌رامبه‌ر دیکتاتۆری و هه‌ژمۆنی خوازی و سه‌رکوتکاری ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین سهردانوێنین و نه ده‌بێ ته‌سلیمی سیاسه‌ته‌کانی قه‌یراناوی و شه‌ڕخوازانه‌ی هێزه‌کانی سه‌رمایه‌داری بین. ڕاشکاوانه ده‌ڵێن که ئێمه وه‌کوو پەژاک له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان و ئێران‌دا ئه‌م سیاسه‌ته به بنه‌ما ده‌گرین.
به‌رهه‌می هێژمۆنیخوازی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست دا، ده‌رکه‌وتنی ترۆریزمی نێوده‌وڵه‌تی له جۆری داعه‌ش و شهڕگهلێك به ڕواڵه‌تی ئایینی و نهتهوهگهرایانهیه که ته‌واوی ده‌وڵه‌ته‌کان و گه‌لانی کێشاوه‌ته ناو خۆی . له ئه‌گه‌ری پێشوهنهچوونی چاره‌سه‌ری دیموکراتیک له ئاستی ئێران‌دا، ده‌م به ده‌م مه‌ترسی ئه‌وه‌ی که ئێرانیش بکه‌وێته ڕه‌وشی عێڕاق و سوریه زیاتر ده‌بێت. هه‌ر بەم بۆنەیەوە به لهزکردنی خه‌بات و تێکۆشانی دیموکراتیک له ئێران گرینگییه‌کی تایبه‌تی هه‌یه.
به ئاشکرایی دیاره که کۆماری ئیسلامی ئێران به پێداگری له سه‌ر سیاسه‌ته‌کانی دژه‌گه‌لی و فاشیستی خۆی که پانتاکه‌ی سنووره‌کانی ئێرانیشی ده‌رباز کردووه، بووه‌ته به مه‌ترسییه‌کی جیددی بۆ ته‌واوی گه‌لانی ئێران و ناوچه‌که. هه‌ر چۆن تاقه ڕێگای به‌رخۆدان له به‌رامبه‌ر ترۆریزمی نێوده‌وڵه‌تی له جۆری داعەش، سازکردنی به‌ره‌ی دژهفاشیسم و به‌رخۆدانێکی وه‌کوو کۆبانیه، له به‌رامبه‌ر فاشیزمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش پێویسته به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتووی دیموکراتیکی گه‌لانی ئێران پێک‌بێت. پووچه‌ڵکه‌ره‌وه‌ی هه‌ر جۆره بنچیناژۆیی (بونیادگه‌رایی) ئیسلامی، فاشیزم و سه‌ره‌ڕۆیی، ته‌نیا و ته‌نیا مۆدێلی “دیموکراسی خۆجێیی، ناوچه‌یی و جیهانیه” . له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ین که هه‌م ڕاستییه‌کانی مێژوو، هه‌میش ئه‌زمونی مه‌زنی تێکۆشانی سیاسی گه‌لانی ئێران ده‌توانێ مۆدێلێکی دیموکراسی تایبه‌ت به دیاری بێنێت. به پێی هه‌بوونی مه‌ترسی هه‌ڵدانی هه‌رجۆره داعهشێکی تازه، حیزبوڵڵا و مۆره‌کانی تری شه‌ڕی نیابه‌تی، ڕوودانی ڕه‌شه‌کوژی و تراژێدیاکانی به‌رهه‌می شه‌ری جیهانی سێهه‌م، پێویسته ده‌رفه‌تی هه‌نوکه‌یی به هه‌ند وه‌رگرین تاکوو هه‌نگاوی جیددی بۆ هاوته‌ریبی له تێکۆشانێکی دیموکراتیکدا هه‌ڵگرین.
کۆماری ئیسلامی ئێران به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه تا پرسه‌کانی ناوخۆی وه‌کوو پرسی کورد، پرسی عه‌ڕه‌ب، پرسی به‌لوچ، پرسی به‌هایی، پرسی ژن و هه‌موو جۆره پرسی دیکه حاشا بکات و ناوه‌ڕۆک و ڕاستی داعهشیانهی خۆی بشارێته‌وه. ڕووی فاشیستی و سته‌مکارانه‌ی خۆی له ژێر ده‌مامکی ڕه‌وایی که له دیپلۆماسی ناونه‌ته‌وه‌یی به دانی ئیمتیاز وه‌چه‌نگی ده‌خا حه‌شار بدات و به‌و شێوه‌یه هه‌وڵ ده‌دا که ئۆپۆزیسیۆن و هێزه‌کانی گۆرانخواز بێکاریگه‌ر بکات. له بەرامبەر وه‌ها ڕه‌وشێک بانگ له گشت ڕه‌هه‌نده‌کانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئێران ده‌که‌ین تا یەکیەتی دیموکراتیک پێک بێنن
پەژاک له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌یه ئه‌م مۆدێلی که باسی لێوه‌ده‌کات چه‌ترێکی هاوبه‌شه بۆ به‌شداری ئازادانه‌ی هه‌موو گه‌لان له کورد، عه‌ڕه‌ب، به‌لوچ، ئازه‌ری، تورکمه‌ن، گیله‌ک، مازەنی و فارس. مۆدێلی دیموکراتیکی پێشنیاری ئێمه خانووی هاوبه‌شی یارسان، به‌هایی، مه‌سیحی، که‌لیمی، زه‌رده‌شتی، سوننی و شیعه‌یه. ئه‌م مۆدێله ماڵی ئه‌منی ئه‌رمنی، ئاسۆڕی، که‌لدانی، سائیبی و ناسنامه‌کانی تری مێژووی ئێرانه که ڕۆژی ئه‌مڕۆ له ژێر ناوی “که‌مینه” له مه‌ترسی له‌ناوچووندان. مۆدێلی دیموکراتیکی ئێمه وڵامێکی مێژوویی بۆ ئازادیخوازی ژنانی ئێرانه. ئه‌م مۆدێله گۆڕه‌پانێکی به شکۆیه بۆ به‌شداری ته‌واوی به‌شه‌کانی مۆدێرنیته‌ی دیموکراتیک وه‌کوو سۆسیالیسته‌کان، فێمینیسته‌کان، ئێکۆلۆژیسته‌کان، بزوتنه‌وه‌کانی فه‌رهه‌نگی و هه‌روه‌ها ڕه‌هه‌نده‌کانی ئایینی و عه‌قیده‌تی که ناوه‌ڕۆکی دژه ده‌سته‌ڵات و دژه سه‌رمایه‌یان هه‌بێت. مۆدێلی نه‌ته‌وه‌ی دیموکراتیک که پەژاک وه‌کوو ڕێگه چاره پێشنیاری ده‌کات، له به‌رده‌م فره‌ڕه‌نگی کرایەوە و به‌هۆی هاوته‌ریبی له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی دیموکراتیک ده‌توانێ هه‌موو جۆره پێکهاته و ڕێکخراوه‌ی سیاسی و مه‌ده‌نی له‌خۆیدا جێکاته‌وه، ئه‌ویش بێ ئه‌وه‌ی که جیاوازییه‌کانی ڕه‌سه‌نی، نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی، زمانی و فه‌رهه‌نگی ببنه هۆکاری جودایی و سازبوونی کێشه. واتا ئه‌م سیاسه‌ته دیموکراتیکه‌ی که ئێمه باوه‌ڕمان پێیه‌تی بۆ هه‌موومان سه‌ره‌ڕایی جیاوازییه‌کان ده‌رفه‌تی یه‌کگرتن ده‌به‌خشێ. وه‌کوو گه‌لانی ئێران هه‌م ناسنامه جیاوازه‌کانمان ده‌پارێزرێت و هه‌میش ده‌گه‌ینه یه‌کگرتنێکی دیموکراتیک بۆ خه‌باتی هاوبه‌ش له پێناو چاره‌سه‌ری پرسه‌کانماندا.
پەژاک له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌یه که بۆ به‌رهه‌مهێنانی به‌رخۆدان و خه‌باتی ماندوونه‌ناسانه‌ی گه‌لانی ئێران پێویسته ڕوحی هاوته‌ریبی دیموکراتیک سه‌ره‌تا له بزوتنه‌وه‌کان و ڕێکخراوه‌کانی پێشه‌نگدا سازبکرێت. به باوه‌ڕی ئێمه ڕێکخراوه‌کانی سیاسی-مه‌ده‌نی که به‌دوای ده‌سته‌به‌رکردنی مافه‌کانی ڕه‌وا و دیموکراتیکی ناسنامه‌کان، نه‌ته‌وه‌کان و فه‌رهه‌نگه‌کانی ئێران دان، پێویسته زیاتر له هه‌موو کات ئه‌و توانایی و ده‌رفه‌تانه‌ی که هه‌یانه پێکه‌وه په‌یوەند بده‌ن و بیانکه‌نه یه‌ک. ته‌نیا به ڕێکارێکی وه‌ها ده‌تواندرێ له دڵی قه‌یرانه‌کان، دەردهکان و ئه‌و تراژێدیایه‌ی که گه‌لانمان به‌رامبه‌ری هاتوون، ڕزگار بین و مزگێنی ده‌رکه‌وتنی خۆری دیموکراسی و ئازدای بده‌ین.
له کۆتاییدا جارێکی تر ده‌ستنیشانی ده‌که‌ین که به‌ستنی ئه‌م کۆنفرانسه له ڕێگایه‌کی وه‌ها به‌نرخدا، ههنگاوێکی گرینگه و ده‌توانێ ده‌سپێکێکی نوێ بێت. به‌و هیوایه دووباره سڵاوی گه‌رم و دۆستانه‌ی پارتیمان پەژاک پێشکه‌شتان ده‌که‌ین.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ─ PJAK