لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا، هاوکات لە گەڵ هەوڵەکانی بە جیهانی بونی سیستەمی سەرمایەداری و موداخلە و داڕشتنەوەی سیستەمی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، هەبوونی ئیرادەی ئازاد و کەسایەتی ئازاد دەتوانێت بەربەستێک بێت لە هەمبەر پێکهێنانی ئەم پرۆژەیە لەم ناوچەیەدا . ئەم بەشەی جیهان و بە تایبەت باکوری کوردستان لەم هەل ومەرجەدا، شوێنگە و پێگەی ئیرادەی ئازاد لە بەرانبەر داگیرکەران و دەسەڵاتی سەدان سالەی ئەوان بو. مرۆڤی ئازاد به کەسایەتی ئازاد و ئیرادەی ئازادەوە بەدوای چەندین سال ژێر دەستی به پێشەنگایەتی رێبەری گەلی کورد ئافریندرا.
بەڵام دەستێوەردان و بە کرداری کردنی پرۆژەی نوێ جیهانی و دارشتنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیداویستی بە لاواز کردنی ئیرادەی ئازاد و یا کۆنترۆلی ئەم ئیرادەی هەیە. هەر لەبەردەوامی ئەم حەولانە وە بۆ دەستێوەردان لە رۆژهەلاتی ناویندا، لە پیلانگێرییەکی نێودەولەتیدا، رێبەری ئیرادەی ئازادیان لە پێش چاوی هەمو جیهاندا رفاند. ٩ی ئۆکتۆبری سالی ١٩٩٨ دەستپێکی پیلانگێری دژ به رێبەر ئاپۆ و هاوکات دەسپێکردنی پێواژۆیەکی نوێ لە دەستێوەردانی رۆژهەڵاتی ناویندا بو کە بەردەوامی ئەم پیلانە لە رۆژئاوای کوردستاندا دەبینین. ئێستا پاش تێپەربونی چەندین سال لە پەیرەو کردنی سیاسەتی لەناوبردنی ئیرادەی ئازاد لە سیستمی ئیمرالیدا، سەرەڕای شکستی ئەم سیاسەتە گەلی کورد و بە تایبەت گەلی ئێمە لە کۆبانی، به هێزتر لەهەمو کاتێک لە مەیدان دایە. روحی خۆراگری و بەرخۆدان لە رۆژئاوا لە هەمبەر تروریزم و داگیرکەریدا، تەمثیلی راستەقینەی کوردی ئازاد و ئیرادەی ئازادە، و ئەمرۆ هێرش لە دژی رۆژئاوا، حەولدانێکی نوێیە بۆ داگیرکاری دوبارە و بەردەوامی هەمان پیلانە دژ به ئیرادەی ئازاد.
لە بەرامبەر هێرشی داگیرکەران ، خاوەنداریەتی لە دەسکەوت و بەهاکانی رۆژئاوا و بە تایبەت کۆبانی ، خاوەندارییەتی لە ئیرادەی ئازاد و کەسایەتی ئازاد و کوردی ئازادە . هەر لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە وەکو پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک ، وێڕای شەرمەزارکردنی دوبارەی پیلانگێری ناودەولەتی دژ به ریبەری گەلی کورد ، لە تەواوی هێزەکانی پێشکەوتوخواز و دێمۆکڕاتیک، داوا دەکەین کە لە دەستکەوت و بەهاکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە خاوەن دەر کەون.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان — PJAK
٩ ئۆکتۆبری ٢٠١٤