هەر کۆمەڵگایەک بێ چاند و فەرهەنگ پێکهاتەیەکی ناهەموار و لەناوچوویە. مایەندەیی و هەبوونی کۆمەڵگاش، پەیوەندی بە گەشەکردن و پەرەپێدانی فەرهەنگی هەیە. چەندە فەرهەنگ و بەرهەمەکانی هونەری بەهێزتر و خاوەن کاریگەری زیاتر بن، بەهەمان ئەندازە، هەبوونی مرۆڤەکان پارێزراوە.

ماوەیەک بەسەر دەوڵەتی یازدەهەمدا تێپەڕێوە و لەو ماوەیەدا زیاترین باس و رۆژەڤ سەبارەت بە مژاری فەرهەنگی و بایخ داین و رێزڵێنان بە فەرهەنگە جیاوازەکانی ئێران کراوە. لەهەمان کاتدا، زیاترین هێرش و توند و تیژی لەسەر فەرهەنگی گەلان ئەنجامدراوە. ئەوەش نیشان لە ناشەفافییەتی سیاسەتی فەرهەنگی و هەروەها پاوانخوازی و قۆڕغکاری فەرهەنگی دەکات. هەموو هەوڵدان بۆ ئەوەیە کە جیاوازییەکانی فەرهەنگی ئێران بە فەرهەنگی دەسەڵات و دەوڵەتییەوە پەیوەست بکات و بەو شێوەیە بیانکاتە پێخۆر بۆ بەردەوامی حکوومەتی خۆی.

لە چەند رۆژی رابردوودا ئاگادار بووین کە هۆنەرمەندی پایەبەرزی کورد شەهرام نازری، پاش ماوەی دە ساڵ کۆنسێرتێکی لە شاری کرماشان بەڕێوەبرد. ئەو کۆنسێرتە لە لایەکەوە بوو بە هۆی رەزامەندی و دڵخۆشی لایەنگرانی هونەری رەسەنی کوردی و لە لایەکی دیکەشەوە هەڵوێستی دژبەرانەی کەسان و لایەنەکانی شۆوێنی لەتەک خۆیدا هێنا و بوو بە هۆکاری ئەوەی کە هێرشێکی راگەیاندنی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و راگەیاندنیەکانی سەربە رژێم و هەروەها کۆمەڵێک بەناو چالاکی فەرهەنگی و مەدنی ناسیوناڵیست، بکرێتە سەر ئەو هونەرمەندە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە هونەرمەندی بەڕێز شەهرام نازری بە ساڵانە کە خزمەتی گەورە و مایەندەی بە هونەری موسیقی فارسی کردووە و لە قەیراناویترین قۆناغەکاندا، ئەو هونەرەی زیندوو راگرتووە. هەموو هەوڵدانی بۆ ئەوە بووە کە فەرهەنگی گەلانی ئێران لە یەک نزیک بکاتەوە. بەڵام زهنییەتی دەسەڵاتدار و پاوانخواز تەنیا یەکدەستی و هەمۆژنکردن پەرەپێدەدا و جیاوازییەکان قەبووڵ ناکات.

کۆمیتەی چاند و هونەری کۆدار، رێز و سڵاوێکی تایبەت ئاراستەی هونەرمەندی گەورەی کورد مامۆستا شەهرام نازری دەکات و پێرۆزبایی گەرم بە بۆنەی ئەنجامدانی کۆنسێرتی مۆسیقی کوردی ئەو هونەرمەندە، پاش دە ساڵ لە شاری کرماشانی لێدەکات. هاوکات هەڵوێستی شۆوێنیانەی هێندێک لایەن سەبارەت بە کۆنسێرتی ئەو هونەرمەندە شەرمەزار دەکەین. کۆمێتەی چاند و هونەری کۆدار رادەگەیەنێت کە لە هەمبەری هەر چەشنە هێرشی چاندی و فەرهەنگی خاوەن هەڵوێست روون و شەفافە و بە هەموو شێوازێک پشتگیری خۆی لە تێکۆشەرانی فەرهەنگی رەسەنی کوردی و پەرەپێدەرانی رادەگەیەنێت.

 

کۆمیتەی چاند و هونەری کۆدار
ناوەندی چاندی بێستوون
31.05.2014