PJAK - Rojava

له‌ ڕۆژانى ده‌سپێکى قه‌یرانى سوریا، گه‌له‌که‌مان له‌ ڕۆژئاواى کوردستان به‌ له‌به‌رچاوگرتنى هێلێ سێهه‌م وه‌ک چوارچێوه‌ى هزرى، سیاسى که‌ تێیدا نه‌ ده‌وڵه‌تانى ستاتۆپارێزى ناوچه‌یى و نه‌ هێزه‌ به‌رژه‌وه‌ندیخوازه‌ نێونه‌ته‌وه‌یه‌کان جێگایان نه‌ده‌بوویه‌وه‌، ڕێچکه‌ى خۆیان دیارى کرد. ڕاگه‌یاندنى فه‌رمى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى دێموکراتىکی کانتۆنه‌کانى جزیر، عه‌فرین و کۆبانی نمونه‌ى ئه‌و جێگیرکردنى ئه‌و هێڵه‌ سیاسیه‌ بوون. هێرشى هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆسه‌ر ئه‌و کانتۆنانه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌ى که‌ دێموکراسى گه‌لان له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان یه‌کتر ناگرنه‌وه‌ چاوه‌ڕواننه‌کراو نه‌بوو. گه‌مارۆدانى کۆبانی له‌ لایه‌ن گرووپى به‌ناو ده‌وڵه‌تى ئیسلامى عێراق و بیلادى شام که‌ له‌ لایه‌ن ژماره‌یه‌ک له‌ ده‌وڵه‌تانى ناوچه‌یى و له‌ سه‌رووى هه‌مووشیان تورکیا پشتگیرى ئابورى و لۆجیستیکى ده‌کرێن نمونه‌ى به‌رجه‌سته‌ى ئه‌و هێرشانه‌ن که‌ له‌سه‌ر ڕۆژئاوا و هه‌موو کوردستان پێک دێن. چۆن داهاتووى سوریا، بارودۆخى ژێئوپۆلیتیک و ژێئوستراتژیکى ته‌واوى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوین دیارى ده‌کات، ڕۆژئاواش ئه‌و هێزه‌ى هه‌یه‌ که‌ ستاتۆسیاسى و داهاتووى دێموکراتی ته‌واوى کوردستان دیارى بکات. بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ک پەژاک له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ین که‌ به‌رخۆدانى گه‌له‌که‌مان له‌ ڕۆژئاوا به‌رخۆدانى سه‌رجه‌م گه‌لى کورده‌، له‌و بارودۆخه‌دا پێویسته‌ سه‌رجه‌م هێزه‌ کوردستانیه‌کان به‌دوور له‌ هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کى ته‌سکى حیزبى هێزى خۆیان بۆ پشتگیرى له‌ ڕۆژئاوا بکه‌نه‌ یه‌ک.

ئێمه‌ وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) سڵاو له‌ به‌رخۆدانى گه‌له‌که‌مان له‌ ڕۆژئاوا ده‌که‌ین و جارێکى دیکه‌ ئاماده‌یى هه‌مه‌ لایه‌نه‌ى خۆمان له‌ پێناو پاراستنى گه‌له‌که‌مان له‌و به‌شه‌ى وه‌ڵات ڕاده‌گه‌یه‌نین.

 

کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان — PJAK
26.03.2014