سەرەتا، سالرۆژی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە شاری مەهاباد لە سەرجەم گەلەكەمان لە هەموو بەشەكانی كوردستان پیرۆزبایی دەكەین و لە كەسایەتی شەهید پێشەوا قازی موحەممەد، سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادیخوازی وەبیر دێنینەوە و سەری رێز و نەوازش لە بەردەم قامەتی بەرزیان دادەنوێنین. بێ گومان تێكۆشانی زیاتر لە سەد ساڵی گەلی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستان، هەرچەندە بە تەواوی خەون و خەیاڵ و ئاواتی ئازادی دەستەبەر نەكرد بەڵام گەنجینەیەكی بەهێزی ئەزموونی بۆ تێكۆشانی ئەمڕۆ و داهاتووی گەلەكەمان بەجێهێشت. كۆماری كوردستان لە شاری مەهاباد، كە یەك لە ئەزموونە گرینگەكانی ئەم تێكۆشانەیە هەڵگری پەیامگەلێكی مێژوویی بۆ گەلەكەمان بوو. لە ماوەی كورتی تەمەنی كۆماری كوردستاندا، پێشكەوتنی بەرچاو لە بوارەكانی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئەدەبی و فەرهەنگی، وەدیهات. بەڵام هاوتەریبی ئەم دەسكەوتانە، بۆ نەوەی داهاتووی تێكۆشانی گەلی كورد ئەو بابەتە بە باشی سەڵمێندرا كە بە بێ تێكۆشانێكی راستەقینەی مێژویی لە پێناو یەكێتی، یەكریزی و بەئیرادەكردنی گەلی كورد، هیچ دەسكەوتێك بەردەوام نابێت و مەحكوومی شكستە. ئەم ئەزموونە نە تەنیا لە نموونەی كۆماری كوردستان بەڵكوو لە سەرجەم تێكۆشانە ئازادیخوازییەكانی سەد ساڵی رابردوو، روون و بەرچاوە و راستینەیەكی مێژووییە. لە مێژووی تێكۆشانی گەلی كورددا، خاڵی هەرە لاواز، تێكۆشان نەكردنە لە بەرامبەر پێكهاتە نەگریسەكان وەكوو عەقلییەتی بەكرێگیراوی، پشت بەستن بە هێزی دەرەكی، بە بنەما وەرنەگرتنی هێزی گەل و رێز نەگرتن لە هێزە كۆمەڵایەتییەكانە. لەكاتی كۆماری كوردستان لە شاری مەهاباد دا، سەرەڕای ئەمە كە ئەم كۆمارە دەسكەوتێكی مێژوویی بۆ هەموو بەشەكانی كوردستان بوو بەڵام هەندێك لایەن بەهۆی عەقلییەتی پشت بەستن بە هێزی دەرەكی، لە كاتی هەرە هەستیاردا پشتیان لە كۆمار كرد و بە تەنیایان هێشت. بەشێكی تر، بە هۆی عەقلییەتی بەرتەسكی خێڵەكی و ماڵباتی، چەمكی بەكرێگیراوییان گرتە بەر و بەشێكی تریش، هێزی كوردیان پارچە كرد و بەرەی خۆڕاگری و بەرخۆدانیان لاواز كرد. لەبەرامبەر ئەم پێكهاتە نەگریسانە، شەهید پێشەوا قازی بە چەمكی خۆڕاگری و فیدایی، لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاكان و پاراستنی گەلەكەمان، قارەمانانە بەرەو پیری شەهادەت چوو و بوو بە سەمبۆلی فیداكاری و خۆڕاگری. پێشەوا قازی لە كەسایەتی خۆیدا ئاڵای ئازادی و تێكۆشانی بەرز راگرت.
ئەمڕۆكە لە سەرجەم كوردستان و بەتایبەت لە رۆژئاوای وڵات بە بنەما وەرگرتنی ئیرادەی زاتی گەلەكەمان و بە پێشەنگایەتی رێبەر ئاپۆ، لە پێناو وڵامدەرەوە بوون بۆ سەرجەم شەهیدە قارەمانەكانی گەلەكەمان بە درێژایی مێژووی تێكۆشان، دەسكەوتێكی مێژوویی هاتۆتە ئاراوە. ئەوە بە واتای هاتنە دی خەون و خەیاڵەكانی پێشەوا قازی و سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی گەلی كوردە. لە سەر ئەو بنەمایە پاراستنی دەسكەوتەكانی رۆژئاوای كوردستان و تێكۆشان لە بەرامبەر ئەو لایەنانەی كە ویستی لاواز كردنی ئەم شۆڕشەیان هەیە، ئەركی هەر كوردێكی بەشەرف و وڵاتپارێزە. ئێمە وەك پارتی ژیانی ئازادی كوردستان، بە بنەما وەرگرتنی چەمكی قارەمانێتی و فیداكاری، و بە تێكۆشان لە بەرامبەر هەرچەشنە عەقلییەتێك كە لە بەردەم یەكریزی و ئازادی گەلی كورد، كۆسپ و لەمپەر بن، شانبەشانی تێكۆشانی پارچەكانی تری كوردستان لە پێناو بەدیهاتنی ئازادی و گەیشتن بە مافە رەواكانی گەلی كورد لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی كۆماری كوردستان، سوێندی بەردەوام كردنی تێكۆشان دووپات دەكەینەوە. جارێكیتر ساڵڕۆژی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە سەرجەم گەلەكەمان و بەتایبەت لە شەهید پێشەوا قازی و هاورێیانی پیرۆزبایی دەكەین.
سڵاو و و رێزی شۆرشگێری
كۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – PJAK
21.01.2014