تێكۆشانی ئازادیخوازی ژنان رۆژ بە رۆژ روو لە بەرز بوون دەكات و بەرەو لووتكە دەڕوات، ئەمەش رق و توورەیی عەقلییەتی پیاوسالاری زۆرتر دەكاتەوە و بە قڕكردن، دەستدرێژی، زیندان، ئەشكەنجە و لە سێدارەدان هەوڵ لە سەر چەوساندنەوە دەدات. لە ماوەی چەند مانگی هاتنە سەركاری حەسەنی رۆحانی چەندین ژنی كورد و دەرەوەی كورد لە سێدارە دراون. زەخت و گۆشاریان لە سەر زیندانیانی سیاسی بە تایبەت ژنان زۆرتر كردووەتەوە. رێژەی خۆسووتان و خۆكۆشتن بە هۆی ئاڵوزی كۆمەڵایەتی، زەخت و دەسەڵاتی عەقلییەتی باوك سالاری هەم لە ناو بنەماڵە و هەم لە یاساكانی ئێراندا هەر رۆژ زۆرتر لە رۆژی رابردوو پەرە دەستێنێ. ئەم سیاسەتانە لە كاتێدایە كە لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستاندا هەر رۆژ بە بیانووه کانی جیاواز هەوڵ لە سەر چەوساندنی ژنان و جەوانانی كورد دەدات، هەتاكوو واز لە ناسنامە و هەبوونی خۆیان بێنن. جەوانانی كورد بۆ ئەوەی مەجبووری نۆكەری و سەرتەواندن بكات، لە سەر سنوورەكانی رۆژهەڵات هەر رۆژ جەوانێكی بەر گوللە دەدەن و دەیانەوێت سیاسەتی برسی بوون لە ناوچەكانی كوردستان بە سەر كوردان دا زاڵ بكەن. قەتڵ كردنی كچە جەوانی كورد لە بانە بە ناوی ئەوین عوثمانی بە بیانووی هەڵگرتنی باری گۆیا قاچاخ نموونەی دیكەی ئەم كردەوە دڕندانەی كۆماری ئیسلامی ئێرانە.

كۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەكی باسی مافی گەلانی ئێرانی دەكات، لە لەیەكی دیكەشەوە رۆژانە سیاسەتی تەسلیمیەت و مافی ژیان نەكردن بە سەر گەلانی ئێران و بە تایبەت رۆژهەڵاتی كوردستان دەسەپێنێت. هەبوونی ژنان و بە تایبەت ژنی تێكۆشەر و ئازادیخواز بۆخۆی وەكوو مەترسیەكی دەبینێت و بە قڕكردن و قەتڵ كردن دەیەوێت چاوی ژنانی كورد بترسێنێت و هیچ هەڵبژاردەیەكی دەرەوەی كۆیلایەتی و تەسلیم بوون بۆ ژنان ناهێلێت. بەڵام نازانن كە تێكۆشانی ئازادی ژنان ئیتر بە سیاسەتی قڕكردن و چەوساندنەوە تێكناشكێت. بە تایبەت ژنانی كورد ئیتر بەو ئاستە گەیشتوون كە ئازادی كۆمەڵگا تەنیا لە ئازادی ژن دا تێپەر و مسۆگەر دەبێت. سیاسەتی قڕكردن و چەوساندنەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران ناتوانێ درێژخایەن بەردەوام بێت. مسۆگەر هەر کرده‌وه‌یک دژ کرده‌وه‌یەکی هه‌یه، ئەم سیاسەتە بكوژانە و دژە ژن تەمەنیان درێژ نابێت. ئێمەش وەكوو یەكیەتی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان، YJRK، ئەم كردەوە چەپەڵانە بە تایبەت دژ بە ژن مەحكووم و شەرمەزار دەكەین. داوا لە كۆماری ئیسلامی ئێران دەكەین با واز لە سیاسەتی قڕكردنی ژنان و جەوانانی كورد و غەیری كورد لە ئێراندا بێنێت. لە بیر نەكات كە شۆرشی كۆماری ئیسلامی ئێران بە هێز و پێشاهەنگی ژنان و جەوانان پێش كەوت، كە واتا بەم جۆرە سیاسەتانە بەرامبەر بە ژنان كۆتایی بە تەمەنی خۆی دێنێ و ژنانیش لە پێك هاوردنی ئەم رۆڵە بێ بەش نابن. هەروەها داوا لە هەموو ژنان لە ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین كە بەرامبەر بە هەر چەشنە سیاسەتی دژە ژن بێدەنگ نەمێنن، خاوەنداریەتی بكەن و هاودەنگ بن لە گەڵ هەموو تێكۆشەرانی ژن لە هەموو بەشەكانی ئێراندا. ئەمڕو ئەگەر كچی كورد ئەوین عوثمانی قەتڵ كرا، ئەوا سبەینی ژنێكی دیكە و بە بیانوویەكی دیكە قڕ دەكرێت. بۆیە هاوهەڵوێست بوون و نارەزایەتی دەربڕین لە بەرامبەر هەر چەشنە سیاسەتی سێدارە و قڕكەری كۆماری ئیسلامی گەرەنتی داهاتووییەكی ئازادە.

له کۆتاییدا لە گەڵ ئاراستە كردنی پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ بنەماڵەی كچە كوردی بانەیی بە ناوی ئەوین عوثمانی هاوكات هەموو تێكۆشان و ئاستی چالاكی ژنان دژ بە كردەوە نامرۆڤانە سڵاو دەكەین و هاودەنگی خۆمان لە گەڵ ئەو بەرێزانە رادەگەیێنین.

 

یەكیەتی ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان – YJRK
24.11.2013