لە رۆژانی رابردوودا بە مەبەستی شەرمەزارکردنی شەپۆلی لەسێدارەدانی گیراوانی سیاسی کورد لە ئێران، کۆمەڵێک چالاکی لە شارەکانی باشوور، باکوور، رۆژهەڵات و دەرەوەی وڵات رێکخرا. هەتا ئەمڕۆکە ئەم چالاکیانە توانیویانە هەتا ئاستێک بۆشایەتی رێکخستنی- سیاسی گۆڕەپانی تێکۆشانی رۆژهەڵاتی کوردستان پڕبکەنەوە و روحێکی نەتەوەیی- دیموکراتیک بێننە ئاراوە. بەڵام بەداخەوە لە ٨ی نوامبەر لە شاری هەوڵێر و بە تۆمەتی بردباران کردنی کۆنسولخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە لایەن ئاسایش و دەزگای پاراستنی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان چەند تێکۆشەرێکی کورد کە ئەندامی چەند رێکخراو و پارتی رۆژهەڵاتی کوردستانن دەستبەسەر دەکەن.

ئێمە وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، PJAK، دەستخۆشی لە هەموو ئەو چالکڤان و خەباتکارانە دەکەین کە بە بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی، لە چالاکیەکانی شەرمەزارکردنی کۆماری ئیسلامی ئێراندا جێگەیان گرتووە و هاوکات دەستبەسەرکردن و ئازاردانی گیراوانی کورد لە لایەن ئاسایشی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان شەرمەزار دەکەین. ئێمە لەو بڕوایە داین کە کاتی ئەمە هاتووە کە کاربەدەستانی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵگری سیاسەتی نەتەوەیی- دیموکراتیک بن و بە زوترین کات گیراوانی سیاسی کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان ئازاد بکەن . هاوکات داوا لە چالاکڤانانی کۆمەڵگای مەدەنی، کەسایەتی سەربەخۆ و لایەنە سیاسیەکان دەکەین کە بەرامبەر دەستبەسەربوونی ئەم گیراوانە بێدەنگ نەبن و لە پێناو ئازادی ئەواندا چالاکی هەمە رەنگ وەگەڕ بخەن.

 

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – PJAK
22.11.2013