سەرەتا ساڵرۆژی قەڵەمبازی 15ی ئاگۆست (تەباخ) لە گەلی کورد بە گشتی و گەلی کورد لە باکووری کوردستان و هەموو ئەندامان و رێوەبەری پاڕتی کرێکارانی کوردستان بەتایبەتی پیرۆزبایی دەکەین و لەم رۆژەدا سەرەی رێز و نەوازش لەبەردەم شەهیدانی شۆڕشی 15ی تەباخدا، دادەنوێنین.

لەدوای تێپەڕبوونی 30 ساڵ بەسەر ئەم قەڵەمبازە مێژووییە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم هەڵمەتە تەنها ناتوانرێت لە چوارچێوەی پارچەیەک لە کوردستاندا پێناسەی بۆ بکردرێت. 15ی ئاگۆست هەڵمەتێک لە دژی کۆیلایەتی داسەپاو بەسەر کۆمەڵگای کوردستان و پارچەکردنی خاکی کوردستان و بێ پێگە هێشتنەوەی کورد بوو. لە دەرئەنجامی ئەم شۆڕشەدایە کە توانرا بە پێشکەشکردنی هەزاران پاکڕەوانی وەک عەگید و بێریتان و زیلانەکان زەبری کوشەندە لە زیهنیەتی کۆیلەیی بدرێت و سنوورە دەستکردەکانی کوردستان تێپەڕێندرێت و روحێکی نەتەوەیی- دیموکراتیک لە ئاست کۆمەڵگای کوردستاندا بێتە ئاراوە.

ئەمڕۆکە لە دەرئەنجامی ئەو نرخ و بەهایانەیە کە دەتوانین هەڵگری پڕۆژەی پێگەی سیاسی- حقوقی بۆ کورد بین و دەستکەوتی مەزن لە رۆژئاوا، باکور، باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستاندا، دەستەبەڕ بکەین. بێگومان هەر هەمان نرخ و بەهاکانی 15ی تەباخە کە بوون بە هەوێنی شۆڕشی نوێی رۆژهەڵاتی کوردستان.

لێرەدا وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان ئەم رۆژە لە هەموو ئازادیخوازانی جیهان و گەلانی کوردستان پیرۆزبایی دەکەین و قەڵەمبازی 15ی ئاگۆست (تەباخ) بەرز دەنرخێنین و بانگ لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان دەکەین کە لەم قۆناخە هەستیارە لە مێژووی نەتەوەکەماندا خاوەن هەڵوێستی نەتەوەیی- دیموکراتیک بن و بە خاوەندارێتیکردن لە شۆرشی رۆژئاوای کوردستان خاوەندارێتی لە نرخەکانی 15ی ئاگۆست بکەن.

 

کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – PJAK
15.08.2013