لە رۆژانی رابردوودا، هەرێمی رۆژئاوای کوردستان رووبەرووی هەڵمەتێکیتری پاکتاوکاری و کۆمەڵکوژی بۆتەوە. بەرجەستەکردنەوەی ئیسلامی سیاسی توندڕۆ، هێڵی نوێی پاکتاوکاری و کۆمەڵکوژکردنی کوردان لە سەدەی بیست و یەکەمدایە. ئەگەر لە سەرەتای سەدەی بیستەم، ناسیونالیزمی دەوڵەتی، ئایدیۆلۆژیای کۆمەڵکوژکردنی فەرهەنگ و جەستەی نەتەوەی کورد بووە ئەوا ئیسلامی سیاسی توندڕەو بۆتە داردەستێک هەم لە دەستی وڵاتانی رۆژئاوا و هەم دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان لە پێناو بێ ئیرادە هێشتنەوەی کوردان لە سەدەی بیست و یەکەمدا.
بێگومان ئەگەر پاکتاوکردنی کوردان لە سەدەی بیستەمدا بە مەبەستی کۆمەڵکوژکردنی جەستەیی و فەرهەنگی کوردان پێکدەهات هەنووکە کۆمەڵکوژی کوردان بە مەبەستی پوچەڵکردنەوەی بەرنامەی کوردان بۆ گەیشتن بە پێگەی سیاسی- حقوقی دیموکراتیکە. هەر لەو چوارچێوەیەدایە کە دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە رۆژئاوای کوردستان کەوتۆتە بەر پەلاماری هێزە هەرێمی و ناونەتەوەییەکان و چاوپۆشی لەو هەموو دڕەندەیی و هۆڤێتیە دەکرێت کە رووبەڕووی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەبێتەوە.
مژارێکیتری جێگەی راوەستە، ئەو لێدوان و هەڵوێستانەیە کە لە لایەن هێندیک لایەنی رۆژهەڵاتی کوردستان رادەگەیێندرێت. ناوزەدکردنی شۆرشی ئازادی و دیموکراسیخوازی رۆژئاوای کوردستان بە دیکتاتۆر هاوهەڵوێستبوونە لەگەڵ هێرشەکانی ئەلقاعیە و تورکیە بۆسەر دەستکەوتە نەتەوەییەکانی گەلەکەمان لەو پارچەیەدا و هاوکات رەوایی بەخشینە بەو کۆمەڵکووژیەی کە هەنووکە لە ئارادایە.
هاوکات بەردەوامی لە داخستنی سنوورەکانی باشوور بە رووی رۆژئاوای کوردستان ئازار و نەهامەتیەکانی زۆرترکردوە و ئابڵۆقەی سیاسی- ئابووری لەسەر ئەم پارچەیە لە کوردستانی قوڵترکردوە. لێرەدا داوا لە حکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان دەکەین کە بە کردنەوەی سنوورەکان بە رووی رۆژئاوای کوردستان، هەنگاوەکان بەرەو یەکێتی نەتەوەیی چڕ بکەنەوە و بەرپرسیارێتی زیاتر لەم قۆناخەدا بگرنە ئەستۆی خۆیان.
لێرەدا وەک پاڕتی ژیانی ئازادی کوردستان هەوڵە هەرێمی و ناونەتەوەییەکان بە مەبەستی شکاندنی ئیرادەی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بە توندی شەرمەزار دەکەین و رادەگەیێنین کە ئیتر ئەو ڕەوشەی رۆژئاوای کوردستان سنووری تەحەمووڵی گەلی کورد بەزاندووە.
لە هەمانکاتدا رادەگەیێنین کە هەر وەک چۆن هەتا ئەمرۆکە لە بواری سیاسی، مادی- مەعنەوی پشتگیر و هاوکاری گەلەکەمان لە رۆژئاوای کوردستان بووین، لەسەر ئەو هەڵوێستەمان پێداگری دەکەین و لە ئەگەری پێویستیدا ئامادەیی خۆمان بە مەبەستی پشتگیری لەشکەری لە پێناو پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە رۆژئاوا رادەگەیینین. ئەندامان و گەریلاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هێزێکی نەتەوەییە و شۆڕشگێرە و ئامادەیە لە هەر شوێنێک پێویست بێت ئەرکی ئەخلاقی- نەتەوەیی خۆی پێکبێنێت.
لە کۆتایی بانگ لە گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی و گەلی کورد لە دەرەوەی وڵات دەکەین کە بە هەموو هێز و توانای خۆیانەوە خاوەندارێتی لە گەلەکەمان لە رۆژئاوا بکەن و بۆ هەر چەشنە یارمەتیەک هەنگاو بنێنەوە.لەم چوارچێوەیەدا ئەرک و بەرپرسیارێتی جەوانان گرینگە. داواکارین کە جەوانانی کورد بە خاوەندارێتیکردن لە رۆژئاوای کوردستان، لە داهاتووی خۆیان خاوەندارێتی بکەن. هەروەها بانگ لەسەرجەم هێزە ئیسلامیەکانی کوردستان دەکەین کە لە بەرامبەر ئەو هەوڵدانە قیزەوەنانەی کە لە ژێر ناوی ئیسلامدا دەکرێت خاوەن هەڵوێست بن و ئیدانەکردنی ئەو هێرشانە وەک ئەرکی ئایینی و ویژدانی خۆیان ببینن.
کۆردیناسیۆنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان
04.08.2013