هەڤاڵ مەعسوم (ناسر دەروێشی)

هەڤاڵ مەعسوم لە گوندی حەبەش سەر بە ناوچەی قوتوور لە شاری خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە دنیا هەڵهێنا. بەهۆی وڵاتپارێزیی قووڵ و هۆشیاریی نەتەوەیی بنەماڵە و خەڵکی گوندەکەی، هەر لە سەرەتاوە بە پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ ڕەسەنایەتی و ڕەگوڕیشەی خۆیدا پەروەردە کرا. هەڤاڵ مەعسوم چاند، دابونەریت و زمانی کوردیی لە ناخی خۆیدا بە زیندوویی هێشتەوە و سەرەڕای هەموو گوشار و هێرشەکانی هێزە داگیرکەرەکان، توانی ناسنامەی ڕەسەنی خۆی بپارێزێت. ئەو ماوەیەکی کورت لە قوتابخانەکانی سیستەمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی خوێندی و هەر لە منداڵییەوە لە تەنیشت بنەماڵەکەی سەرقاڵی کاروباری گوند بوو. بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانی خێزانەکەی شوانێتیی دەکرد و هەر بۆیە سروشت و ئاژەڵەکانی وەک بەشێک لە بوونی خۆی دەبینی. لەبەر ئەوەی کەمتر لە گوند دەردەکەوت، نەکەوتە ژێر کاریگەریی پەیوەندییە بەرژەوەندیخوازەکان و ژیانی ماددیگەرایانەی سیستەمی سەرمایەداری و بە کەسایەتییە پاک و ڕەسەنەکەی دەناسرا.

لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ـەوە، گەنجێکی زۆری گوندەکەیان پەیوەندییان بە تەڤگەری ئازادیخوازییەوە کرد و ژمارەیەکیان گەیشتنە کاروانی شەهیدان. ئەمەش وایکرد هەڤاڵ مەعسووم زۆر زوو لەگەڵ تێکۆشانی ئازادیخوازیی کوردستان ئاشنا بێت. لە هەمان کاتدا، بینینی هەڵسوكەوت و شێوازی ژیانی تێکۆشەرانی ئاپۆیی و بەرخۆدانی ئەوان لە دژی داگیرکەران، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر دانا. ئەو هەر لە منداڵییەوە خۆشەویستییەکی زۆری بۆ گەریلا هەبوو و بەشداربوونی لە ڕیزەکانی گەریلای کردە گەورەترین ئامانجی ژیانی.

ئامۆزاکەی، هەڤاڵ مەعسوم (نیازی ئەمینی)، لە ساڵی ٢٠٠٥ پەیوەندیی بە ڕیزەکانی گەریلاوە کردبوو و لە ساڵی ٢٠١١ شەهید بوو. شەهیدبوونی ئەو کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەڤاڵ مەعسووم دانا و بەڵێنی بە خۆی دا کە تۆڵەی شەهید مەعسوم بکاتەوە. ئەو باش دەیزانی کە تاکە ڕێگای گەیشتن بەم ئامانجە، بەشداربوونە لە ڕیزەکانی تێکۆشاندا؛ هەر بۆیە هەوڵەکانی خۆی بۆ پەیوەندیکردن بە تەڤگەرەوە دەستپێکرد. لە قۆناغێکدا کە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی لە دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک گەیشتبووە لووتکە و یەکەمین بناغەکانی شۆڕشی ئازادیی ڕۆژئاوا دادەنران، هەستی کرد دەبێت ئەرک و بەرپرسیارێتییە نەتەوەییەکانی خۆی لە بەرامبەر گەلەکەیدا جێبەجێ بکات. هەڤاڵ مەعسوم بڕوای وابوو کە ئەم کارە تەنیا لە ڕێگەی پەیوەندیکردن بە گەریلاوە دەکرێت. بە هەمان هۆشیاری، تەرکیز و هەستی تۆڵەسەندنەوەوە، لە ساڵی ٢٠١٣ (١٣٩٢ی هەتاوی) ڕووی لە چیاکانی کوردستان کرد و بە گەیشتن بە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا، پەیوەندیی بە ڕیزەکانی گەریلاوە کرد.

ئەو هەر کە گەیشتە ڕیزەکانی گەریلا، وەک یەکەمین نیشانەی وەفاداری بۆ شەهیدان، ناوی ئامۆزا شەهیدەکەی خۆی واتە «مەعسوم»ی هەڵبژارد و چەکەکەی ئەوی کردە شان. هەڤاڵ مەعسوم تێکۆشانی خۆی لەسەر بنەمای دڵسۆزی بۆ شەهیدان دەستپێکرد و تا کۆتاییش لەسەر هەمان ڕێباز هەنگاوی نا. لەبەر ئەوەی لە ناو سروشت و کوێستاندا گەورە ببوو، زۆر زوو و بەبێ هیچ زەحمەتییەک لەگەڵ ژیانی ئازادی شاخدا گونجا. تەنانەت یارمەتیی ئەو هەڤاڵانەشی دەدا کە لە سەرەتای هاتنیاندا لەگەڵ سەختییەکانی ژیانی چیا ڕووبەڕوو دەبوونەوە، تاکوو زووتر لەگەڵ ژیانی گەریلایەتیدا ڕابێن.

هەڤاڵ مەعسوم بەشدارییەکی چالاکانەی لە ژیانی ڕۆژانەدا هەبوو و گرنگییەکی زۆری بە پەروەردە و فێربوونی خۆی دەدا. ئەو دەیزانی کە دەبێت بەشدارییە هەستییەکەی خۆی بگەیەنێتە ئاستی تێگەیشتن و هۆشیارییەکی قووڵ، و بۆ ئەم مەبەستەش پێویست بوو دیدگا و شیکردنەوەکانی ڕێبەرێتی و بابەتە پەروەردەییەکانی تەڤگەر بخوێنێتەوە و لێیان تێبگات. لەبەر ئەمە، بڕیاری دا ئاستی خوێندنەوە و نووسینی خۆی بەرەوپێش ببات. هەرچەندە لە قوتابخانەکانی سیستەمی دەوڵەتدا زۆری نەخوێندبوو، بەڵام لە ڕیزەکانی گەریلادا بە هەوڵ و ئیرادەیەکی بێوێنە توانی لە ماوەیەکی کورتدا لەم بوارەدا پێش بکەوێت. ئەم تایبەتمەندییە ئەوی کردە نموونە بۆ هەموو هەڤاڵەکانی، تا هەم لە بواری پەروەردە و هەم لە ژیانی ڕۆژانەدا پێشەنگی هەڤاڵانی بێت.

ئەو بە تێپەڕاندنی خولە پەروەردەیی و فکرییەکان، ڕاستینەی بوونی خۆی باشتر ناسی و بۆ نەهێشتنی کەموکوڕییەکانی، تێکۆشانێکی جیدیی لەگەڵ خۆیدا دەستپێکرد تا ببێتە شەڕڤانێکی فیدایی لەسەر هێڵی ئاپۆیی. هەڤاڵ مەعسوم هەوڵی دەدا لە هەموو بوارەکاندا خۆی پێشبخات، بەڵام خولیایەکی تایبەتی بۆ کاروباری سەربازی هەبوو. ئامادەبوونی پڕ لە جۆش و خرۆش و تەرکیزی بەرزی لە پەروەردە سەربازییەکاندا، کاریگەریی لەسەر هەموو هەڤاڵەکانی دادەنا. ئەو لە ماوەی پەروەردەدا بە کەسایەتییە سادە، دڵنزم و زەحمەتکێشەکەی دەناسرا و بە بەهێزکردنی ئەم تایبەتمەندییانە، بووە گەریلایەکی لێهاتووی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) و تێکۆشەرێکی نموونەیی.

دوای تەواوکردنی سەرکەوتووانەی قۆناغی پەروەردە، هەڤاڵ مەعسوم بەرەو ناوچەی خواکورک بەڕێکەوت و لەوێش درێژەی بە هەوڵ و تێکۆشانی فیداکارانەی خۆی دا. بەو پشوودرێژی و شارەزاییە بەرزەی کە لە کارە کردەییەکاندا هەیبوو، زۆر زوو بووە پێشەنگێکی جێی متمانە بۆ هەڤاڵەکانی و ورە و دڵگەرمیی پێ دەبەخشین. کەسایەتییە سەمیمی و سروشتییەکەی وایکرد لەگەڵ هەموو هەڤاڵاندا لەسەر بنەمای پرەنسیپەکانی ئازادیخوازی پەیوەندی دروست بکات. هەروەها هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە و سازش نەکردنی لە بەرامبەر کەموکوڕی و هەڵەکاندا، وایکرد هەڤاڵەکانی ڕێزێکی قووڵی لێ بگرن.

هەڤاڵ مەعسوم هەروەک چۆن لە هەموو کار و خەباتێکدا پێشەنگ بوو، لە چالاکییەکانی دژی دوژمنیشدا هەمیشە دەیویست لە سەنگەری پێشەوەدا بێت و ئەم خۆڕاگرییەشی هێز و ورەی دەبەخشییە هەڤاڵەکانی. ئەو کە هەمیشە لە بیری ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەراندا بوو، پێداگریی دەکرد لەو ناوچانەدا بێت کە شەڕ تێیاندا سەختترە؛ چونکە بڕوای وابوو بەم شێوەیە دەتوانێت وەفاداری ئەو بەڵێنە بێت کە بە ڕێبەرێتی و هەڤاڵە شەهیدەکانی داوە. ئەو باش دەیزانی کە وەفاداری بۆ شەهیدان بەندە بە بەدیهێنانی ئامانج و خەونەکانیانەوە و ئەمەش تەنیا بە تێکشکاندنی دوژمن مسۆگەر دەبێت.

لەسەر ئەم بنەمایە، هەڤاڵ مەعسوم لە چەندین چالاکیدا لە دژی داگیرکەران لە ناوچەی خواکورک بەشداریی کرد و بە بوێری و ئیرادە پۆڵایینەکەی، ڕۆڵێکی گەورەی لە سەرکەوتنی ئەو چالاکییانەدا گێڕا. لەگەڵ هەر گورزێک کە لە دوژمنی دەدا، هەستی دەکرد بەشێک لە تۆڵەی شەهیدانی کردووەتەوە و بە تەرکیزێکی زیاترەوە هەوڵی دەدا تایبەتمەندییەکانی فەرماندەیەکی سەرکەوتوو لە کەسایەتیی خۆیدا بەرجەستە بکات. ئەم تێکۆشەرەی هێڵی ئاپۆیی، لە ماوەی ٥ ساڵ ژیانی گەریلایەتیی خۆیدا، سەرکەوتنی بێشوماری تۆمار کرد.

هەڤاڵ مەعسوم لە ڕێکەوتی ٦ی نیسانی ٢٠١٨ (١٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٧) لە ئەنجامی هێرشەکانی دوژمندا گەیشتە کاروانی شەهیدان. ئێمەش وەک ڕێبوارانی ڕێگاکەی، جارێکی دیکە بەڵێن دەدەینەوە کە لە کەسایەتیی هەڤاڵ مەعسوومدا، تۆڵەی هەموو شەهیدەکانمان بکەینەوە. سەرەتا سەرەخۆشیی گەرمی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە بەڕێزەکەی و پاشان هەموو گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین.

ناوی ڕێکخستنی: مەعسوم حەبەش

ناو و پاشناو: ناسر دەروێشی

مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٩٥ / ورمێ

ناوی دایک: مازیجین

ناوی باوک: شەمسەدین

مێژوو و شوێنی بەشداربوون: ١ی نیسانی ٢٠١٣ / حەبەش

بابەتی پەیوەندیدار