هەڤاڵ عەگید لە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە باوەشی بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزدا چاوی بە دنیا هەڵهێنا؛ بنەماڵەیەک کە لە قووڵایی دڵەوە پابەندی بەها نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانی گەلی کورد بوون. بەهۆی هەوڵ و تێکۆشانی بنەماڵەکەی بۆ پاراستن و زیندووڕاگرتنی بەها ڕەسەنەکان، هەڤاڵ عەگید بە پەیوەندییەکی قووڵ لەگەڵ ڕەسەنایەتیی کولتووری و ناسنامەی خۆیدا پەروەردە بوو، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە هۆشیاری و ڕۆحی بەرخودانی دێرینی گەلەکەمانی لە ناخی خۆیدا چەسپاند.
ئەو هەر لە تەمەنی منداڵییەوە ئاشنای تێکۆشانی ئازادیخوازیی کوردستان بوو و گەیشتە ئەو باوەڕەی کە گەریلا تەنیا هێزی ڕزگارکەری گەلەکەمانە. کاتێک چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال و ڕۆژئاوا، هەڤاڵ عەگید بە چاوی خۆی بینی چۆن گەریلاکان بە هانای خەڵکەوە چوون و سنگ و گیانی خۆیان کردە قەڵغان بۆ ئەوەی گەلەکەمان بپارێزن. ئەم فیداکارییە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر دانا. ئەو وەک گەنجێکی بەئیرادە و سەربەرزی کورد، هەمیشە لە بەرامبەر چارەنووسی گەلەکەیدا هەستی بە بەرپرسیارێتی دەکرد.
لە سەردەمێکدا کە گەلەکەمان ڕووبەڕووی قورسترین و وێرانکەرترین هێرشەکانی مێژوو ببووەوە، هەڤاڵ عەگید دەیویست ئەرکە شۆڕشگێڕییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و توندترین وەڵامی فاشیزمی داگیرکەر بداتەوە. ئەو بڕوای وابوو کە تەنیا ڕێگەی گەیشتن بەم ئامانجە، پەیوەندیکردنە بە ڕیزەکانی شۆڕش و وەستانەوەیە لە هێڵی پێشەوەی بەرخوداندا. هەر لەسەر ئەم بنەمایەش، ڕووی کردە چیا ئازادەکانی کوردستان و پەیوەندی بە ڕیزەکانی گەریلاوە کرد.
هەر لە یەکەم ساتەکانی چوونە ناو ڕیزەکانی گەریلاوە، پەیوەندیی فیداکارانەی هەڤاڵان و کولتووری ژیانی هاوبەش (کۆمۆناڵ) کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر دانا. ئەو بە بەشدارییەکی چالاکانە و بەجۆشەوە هەوڵی دەدا ئەرکە شۆڕشگێڕییەکانی بە باشترین شێوە جێبەجێ بکات و ببێتە گەریلایەکی شایستە و تێکۆشەرێکی ڕێگەی ئازادی. ئاشنابوونی لە نزیکەوە لەگەڵ گەریلاکان ئەو دەرفەتەی پێ بەخشی کە باشتر لە حەقیقەتی تێکۆشانی ئێمە تێبگات. هەڤاڵ عەگید بەردەوام تێدەکۆشا تاکوو خۆی لە فەلسەفە، هۆشیاری و تایبەتمەندییە خەباتگێڕییەکانی هێڵی فکریی ئاپۆییدا پەروەردە بکات. ئەو بە کەسایەتییە ڕاستگۆ، دڵسۆز و دڵنزمەکەی، زۆر زوو لەگەڵ ژیانی ئازادی شاخدا تێکەڵ بوو و خۆی گونجاند.
هەڤاڵ عەگید هەرکی لە ڕێکەوتی ١٥ی ئابی ٢٠١٤ (٢٤ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی) بەهۆی تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکەیەوە گەیشتە پلەی شەهادەت و تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوو. یاد و بیرەوەریی ئەم ڕۆڵە وڵاتپارێزەی ورمێ و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێز و پێزانینەوە بەرز ڕادەگرین. لە قووڵایی دڵمانەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە وڵاتپارێز و ڕەنجدەرەکەی و هەروەها لە تەواوی گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین. بەڵێن دەدەین کە هەمیشە یادی شەهیدانمان بە زیندوویی ڕابگرین و ڕێباز و ئامانجەکانیان بەرەو سەرکەوتن ببەین.

ناوی ڕێکخستنی: عەگید هەرکی
ناو و پاشناو: بەجی مەندەکی
مێژوو و شوێنی لەدایکبوون: ١٩٨٨ / ورمێ
ناوی دایک: زەرە
ناوی باوک: حاتەم

