بەیاننامەی کۆمیتەی ئیکۆلۆژی پژاک بە بۆنەی ٣ی خەرمانان ڕۆژی ژینگه و شەهیدانی ژینگە

٣ی خەرمانانی ١٣٩٧، ساڵیادی شەهیدبوونی “شەریف باجوەر و هەڤاڵانی” لە ڕەوتی پاراستنی زاگرۆس، دڵی ژینگەکەمانە. ئەم چالاکە ژینگەپارێزانە لە کاتی بەختکردنی گیانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکانی گوندەکانی سێلسی و پیلەی مەریوان شەهید بوون. ئەوان لە بەرامبەر ئەو بڵێسەی کە ڕەگ و ڕیشەی لە کەمتەرخەمی و سیاسەتە وێرانکەر و قەیران دروستکەرەکانی کۆماری ئیسلامیدا داکوتاوە، نەک بە چەک، بەڵکو بە دەستی بەتاڵ و دڵی پڕ لە خۆشەویستی بۆ زەوی وەستانەوە.

بەهۆی سروشتی ژیانبەخشی ژینگە کە پاراستنی بە مانای پاراستنی بوونی مرۆڤ دێت، هەروەها بەهۆی ڕۆڵی چالاکانی مەدەنی لە بەهادان بە ژینگە و ئیکۆلۆژیا و بەمەش یادکردنەوەی یادی “باجور و هەڤاڵانی”، “کۆمەڵگەی دیموکراتی و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)” لە کۆنگرەی سێیەمی ساڵی ٢٠٢٠دا رۆژی “سێی خەرمانانی” وەک  ڕۆژی “ژینگەپارێزی و پاراستنی شەهیدان ژینگە” ناوزەد کرد”.

بە دڵنیایەوە ئەوەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو لەناوچوون دەبات، شەڕئەنگێزی و قەیران سازکردنی کۆماری ئیسلامییە لەدژی کۆمەڵگا و ژینگە و ژنان. ڕەنگە شەڕی ئێران لەگەڵ هەژموونی جیهانیدا ماوەیەکی کەم لەمەوبەر دەستی پێکردبێت، بەڵام کۆماری ئیسلامی دەیان ساڵە شەڕ دژی ژینگە و کۆمەڵگا بەڕێوە دەبات. قەیرانە ژینگەییەکان لە ئێران گەیشتووەتە قۆناغێکی توند و هەڕەشەئامێز. ئەمە خراپترین و بەردەوامترین جۆری شەڕە. دووبارەبوونەوەی وشکەساڵی و دارستانبڕین و وەرینی خاک و پیسبوونی بەربڵاوی سەرچاوەکانی هەوا و ئاو و لەناوبردنی جۆراوجۆری زیندەوەری ئیتر بابەتی بچووک نین. ئەم دۆخە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی کردەوە شەڕخوازەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە بە گرنگیدان بە بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییە کورتخایەنەکان سەرچاوە سروشتییەکانی بەرەو لێواری لەناوچوون بردووە. ئەوەی ڕوودەدات هیچی کەمتر نییە لە جینۆسایدی ئیکۆلۆژی: لەناوبردنی سیستماتیکی ئەو ئیکۆسیستەمانەی کە ژیانی نەوەکانی ئێستا و داهاتوو پشتی پێدەبەستێت.

زنجیرە چیای زاگرۆس کە شادەماری ژیانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ڕۆڵێکی بێهاوتای هەیە لە هاوسەنگی کەشوهەوا، دابینکردنی ئاو، پاراستنی خاک و بەردەوامیی ژیانی پێکهاتە ناوخۆییەکان و پارێزگاکانی دەوروبەری. دارستانەکانی دار بەڕۆی زاگرۆس نەک هەر پەناگەیەک بۆ جۆراوجۆری بایۆلۆجی ناوازە، بەڵکو سەرچاوەی بژێوی ژیان و ناسنامەی کولتووری و ئاسایشی ئاوە بۆ ملیۆنان کەس. لەناوچوونی ئەم ژینگەیە، لەناوبردنی بەشێک لە ژیانی بەکۆمەڵە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ژینگەیی کە بە کەمترین سەرچاوە و لە هەلومەرجی سەختدا کاردەکەن، بەردەوام سەرکوت دەکرێن. چالاکانی ژینگەپارێزی بەهۆی هۆشداریدان لە قەیرانسازیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و ڕاوەستان لە بەرامبەر ئەم جینۆسایدە ئیکۆلۆژییە، تووشی گوشار، هەڕەشە، گرتن، سنووردارکردن و هەندێکجاریش تیرۆری دەوڵەت دەبن. ئەوانەی دارستان ڕزگار دەکەن خۆیان دەبنە قوربانی ئەو سیاسەتانەی کە دارستانەکان دەسوتێنن و ئیکۆسیستەم لەناو دەبەن و ئیکۆلۆژیا وەک شتێکی بێ بایەخ دەردەخەن.

کۆمیتەی ئیکۆلۆژی “پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)” یادی شەریف باجوەر و هەڤاڵانی لە هەشتەمین ساڵوەگەڕدا بەبیردێنێتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە بەرگریکردن لە زاگرۆس بەرگریکردنە لە ژیان و گەورەترین یادەوەری شەهیدانی ژینگە، پاراستنی ئیکۆسیستەم و پەرەپێدانی زانستی ئیکۆلۆژییە. ئێمە داوای وەستاندنی دەستبەجێی سیاسەتە وێرانکەرەکانی ژینگە، تێکۆشانی جەماوەری ڕۆژانە و پشتیوانی ڕاستەقینە بۆ چالاکانی ژینگەپارێزی و داننان بە مافی پێکهاتە نەتەوەییەکان بۆ پاراستنی ئیکۆسیستەمی خاکەکەیان دەکەین. “شەریف باجوەر، خەبات ئەمینی، حەمید مورادی، و چیاکۆ یوسفینیژاد” و دەیان شەهیدی ژینگە بە پشتبەستن بە زانستی ئیکۆلۆژی و ژینگەپارێزی گیانیان بەخت کرد. داوا لە گەلەکەمان دەکەین بە پەنابردن بۆ زانستی ئیکۆلۆژی ژینگە ڕزگار بکەن و کۆمەڵگا لە ڕێگای وێرانکاری کە بەهۆی قەیرانەکانەوە دروست بووە بگەڕێننەوە و لە چنگی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕزگاری بکەن. دەبێت زەوی بە هۆشیاری و هاودەنگی و بەرەنگاری زیندوو ڕابگیرێت. یادی شەهیدانی ٣ی خەرمانان بەرز بێت.

کۆمیتەی ئیکۆلۆژی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)

2 خەرمانانی 1405 —  24ی ئابی 2026

بابەتی پەیوەندیدار