لێدوانی یەرەکە
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی یەرەکە ناسنامەی چوار شەهیدی بۆ ڕای گشتی ئاشکراکرد کە لە مەهاباد شەهید بوون و ڕایگەیاند: “ئەوان بوونە ئەو حەقیقەتە بێدواییەی کە هێڵی ژنی ئازاد دەکاتە مزگێنیی ئازادی و دەیکاتە دیاری بۆ مرۆڤایەتی.”
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) بە ڕاگەیاندراوێکی نووسراو ناسنامەی ئەو چوار شەهیدەی بڵاوکردەوە کە لە هێرشی دەوڵەتی ئێران لە مەهاباد شەهیدبوون.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی یەرەکە:
وەکو گەلەکەمان و ڕای گشتی دەزانێت، لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هێرشکرایە سەر هێزەکانمان لە مەهاباد و ئەنجامی هێرشەکانمان بۆ ڕای گشتی و گەلەکەمان بڵاوکردبووەوە. لە ڕاگەیاندراوەکانی پێشووشدا ئاماژەمان بەوە کردبوو کە نەک تەنها بۆ سەر هێزەکانی ئێمە، بەڵکوو فشارەکانی ڕژێمی ئێران لەسەر گەلیش زۆر زیادیان کردووە. لە ئەنجامدا ڕژێمی ئێران بەو هێرش و کردەوانەی دەیکات، دەیەوێت شکستی خۆی بشارێتەوە و خۆی بە سەرکەوتوو نیشانبدات.
لە ئەنجامی هێرشەکاندا بۆ سەر هێزەکانمان لە ناوچەی مەهاباد ڕامانگەیاندبوو کە چوار هەڤاڵمان تاوەکو دوا دڵۆپی خوێن بە قارەمانی و بوێرییەکی گەورەوە، بەبێ دوودڵی شەڕیان کرد و گەیشتنە پلەی شەهیدبوون. هەروەها کوژراو و بریندار لە هێزەکانی سوپای پاسدارانیش هەیە کە تێیاندا کەسانی پلەباڵاش هەیە. ئەم هێرشە بۆ سەر هێزەکانمان لە بەرواری ٢٨ـی مانگی حوزەیراندا ڕوویداوە. سەرەخۆشیی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی هاوڕێیانی شەهید و هەموو گەلی کوردستان دەکەین.
لە سەرەتادا دەمانەوێت بڵێین کە هەر چوار هەڤاڵمان بە پێشەنگایەتیی فەرماندەی هێژا ئارژین گارزان بۆ ئەوەی فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ بە گەلی ناوچەکە بناسێنن، شەو و ڕۆژ بە ڕوحێکی ئاپۆیی بێهاوتا خۆیان کردە دەنگی ئەو گەلەی کە هەموو ڕۆژێک ستەم، داگیرکاری، و دەستدرێژی بەسەردا دەسەپێندرێت. بە ژیان و کارکردنی خۆیان بوونە نموونەی ڕێهەڤاڵێتیی ڕاستەقینە بۆ ئەو گەلەی کە هەمیشە تێدەکۆشێت و هیچ زەحمەتییەک ناناسێت. بوونە ئەو حەقیقەتە بێدواییەی کە هێڵی ژنی ئازاد دەکاتە مزگێنیی ئازادی و دەیکاتە دیاری بۆ مرۆڤایەتی. بۆ ئەوەی درێژە بە ڕوحی شۆڕشی ‘ژن ژیان ئازادی’ بدەن، لە کەسایەتیی هەڤاڵ ئارژین و جیهاندا بوونە پێشەنگی ئەم شۆڕشە.
زانیاری لەبارەی ناسنامەی هەڤاڵەکانمان؛
ناو و پاشناو: زارین ئاکباش
ناسناو: ئارژین گارزان
شوێنی لەدایکبوون: تەتوان
ڕێکەوت و شوێنی شەهیدبوون: ٢٨-٦-٢٠٢٦ مەهاباد

ناو و پاشناو: پەرستوو سەفایی پوور
ناسناو: جیهان سیروان
شوێنی لەدایکبوون: مەریوان
ڕێکەوت و شوێنی شەهیدبوون: ٢٨-٦-٢٠٢٦ مەهاباد

ناو و پاشناو: خەلیل چیچەک
ناسناو: باوەڕ جوودی
شوێنی لەدایکبوون: مووش
ڕێکەوت و شوێنی شەهیدبوون: ٢٨-٦-٢٠٢٦ مەهاباد

ناو و پاشناو: ڕەسووڵ یەگانە
ناسناو:شاهان گابار
شوێنی لەدایکبوون: خۆیی
ڕێکەوت و شوێنی شەهیدبوون: ٢٨-٦-٢٠٢٦ مەهاباد

سەبارەت بە ژیانی فەرماندە ئارژین گارزان
فەرماندە ئارژین گارزان. لە ساڵی ١٩٩٥ لە تەتوانی باکووری کوردستان لەدایکبووە. لەناو بنەماڵەیەکی وابەستە بە بەها وڵاتپارێزییەکانەوە دەست بە گەشتی ژیانی دەکات. هێشتا لە تەمەنی منداڵیدا دەبێت، کە تەڤگەری ئازادی دەناسێت. لەناو بنەماڵەکەیدا ئەو شەهیدبوون و بەشداربوونەی هەبووە، کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر شێوەگرتنی زارین دروستکردووە. بەو هۆیەوە دەیەوێت بە گەڕان بە دوای ژیانی ئازاد گەورە ببێت و لە ئاست بەهاکانی بنەماڵەکەیدا بێت. هەر کە گەورە دەبێت و ژیان دەناسێت، زیاتر بە پێویستی دەبینێت کە گەڕانەکەی فراوانتر بکات. لەبەرئەوە لە ساڵی ٢٠١٣ـدا بڕیاری خۆی دەدات و دەبێتە ڕێبوارێکی سەرهەڵدێر. ڕێهەڤاڵ ئارژین گارزان لەو ڕۆژەوە کە بەشداربووە هەمیشە بە ڕەنج، پەرۆشی، ورە و دەمبەخەندەییەوە لەناو ڕیزەکانی گەریلادا لە هەر شوێنێک کە کاری کردووە، جێدەستی لەبیرنەکراوی جێهێشتووە. لە زۆرێک لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماکۆوە بیگرە تا مەریوان، سەردەشت و مەهاباد بە عەشقێکی مەزنی ژنی ئازادەوە ڕەنجی کێشا و لە بەرانبەر هەر ئەرکێک کە پێی سپێردرا، خۆی بە بەرپرسیار بینی. بەو تایبەتمەندییە سرووشتییانەی لە شەڕڤانێتییەوە تاوەکو فەرماندەیی بە ورە و جۆشێکی مەزنەوە بەشداریی ژیان و پارادایمی ڕێبەر ئاپۆی کرد. فەرماندەکەمان ئارژین گارزان هەمیشە خۆی بنیادنا و لە بەرانبەر ڕێهەڤاڵانیشی بە بەرپرسیارێتییەکی مەزنەوە مامەڵەی کرد. درێژەی دا بە کەسایەتییەکی نەتەوەیی ژنی ئازاد لە کەسایەتیی خۆیدا لە خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئێمە هەمیشە وەکو سیمبولی فیداکاری، خۆشەویستی و ڕێهەڤاڵێتیی ژنی ڕاستەقینە هاوڕێکەمان بەبیردەهێنینەوە و زیندوو ڕایدەگرین.
سەبارەت بە کەسایەتیی هاوڕێ جیهان سیروان؛
ڕێهەڤاڵمان جیهان سیروان لە شاری مەریوان چاوی بە دنیا هەڵێناوە. هێشتا لە تەمەنی منداڵیدا دەبێت کە ستەم، داگیرکاری و زۆردارییەکانی ڕژێمی ئێران دەبینێت و لە نزیکەوە هەستی پێدەکات. بەهۆی وڵاتپارێزیی ئەو ناوچەیەوە کە لێی گەورە دەبێت، لەگەڵ ناسینی تەڤگەری ئاپۆیی، داخوازیی ژیانێکی ئازاد و یەکسان تێیدا سەرهەڵدەدات. لە ساڵی ٢٠١٩ـدا بڕیاری بەشداربوون دەدات و بەشداری ناو ڕیزەکانی ئازادی دەبێت. لەبەرئەوەی ڕاستیی دوژمنی دەناسی و گەواهیدەری ئازارەکانی دەیان ژن بوو کە ستەم و بندەستییان بەسەردا دەسەپێندرا، هەمیشە بۆ ئەوەی کە ببێتە وەڵامدەرەوە، هەموو ساتێک بۆ خۆبنیادنان و ماناداری دەژیا. بۆ ئەوەی بتوانێت ئەوەی ئامانجییەتی بەدی بهێنێت، بە خواست و ئیرادەیەکی ئاپۆیی خۆی بۆ هەموو کار و خەباتێک ئامادەکرد. لە کاتێکی کەمدا بە هەیەجانێکی بنیادنەر توانی ببێتە سەرچاوەی هێز و ورەیەکی گەورە بۆ هەموو هەڤاڵانی دەوروبەری. لە هەر شوێنێک کە تێیدا خەباتی کرد بووە نوێنەری مەزنکردنی هێڵی ژنی ئازاد و ڕێهەڤاڵێتیی ڕاستەقینە. هەمیشە بە مەزنی و زیندووێتی دەمێنێتەوە.
سەبارەت بە کەسایەتیی هاوڕێ باوەڕ جودی
ڕێهەڤاڵ خەلیل چیچەک (باوەڕ جودی) لە ساڵی ١٩٩٢ـدا لە شاری موش لەدایکبووە. لەناو بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزی خاوەن شەهید، گەورە دەبێت. لە قوتابخانە زیاتر ستەمی سەر گەلەکەی دەناسێت و بە ناسینی خەباتی گەنجان، گەڕانەکەی دەستپێدەکات. وەکو هەر منداڵێکی کوردستان، بە چیرۆکی قارەمانێتیی گەریلاوە گەورە دەبێت. ماوەیەک لە وڵات دووردەکەوێتەوە، بەڵام گەڕان تێیدا بۆ ژیانێکی مانادار کۆتایی نایەت. لە ساڵی ٢٠١٩ـدا لە ئەڵمانیا بڕیاری خۆی دەدات و ئەم جارە بە ناوی باوەڕ جودییەوە بۆ هێنانەدیی خەیاڵەکانی، دەبێتە گەریلایەکی بوێری کوردستان. لەو ڕۆژەوە کە بەشدار دەبێت، هەمیشە بە زیرەکی و لێهاتووییەکی بێهاوتاوە بەشداری لە کار و خەباتدا دەکات. وەکو ناوەکەی هەمیشە جێی باوەڕ بوو. لە ئامادەکردنی تونێلەکانی شەڕدا ڕەنج و فیداکارییەکی بێهاوتای ڕابەرکرد. لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا بە پەرۆشی و خۆشەویستییەکی بێدواییەوە ڕوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و بەو ڕەنجەی ئافراندی، بووە سەرچاوەی ورە و هێزێکی گەورە.
سەبارەت بە کەسایەتیی هاوڕێ شاهان گابار؛
ڕێهەڤاڵمان شاهان گابار لە ناوچەی خۆیی لەدایکبووە. بەهۆی وڵاتپارێزی و شەهیدبوونەکانی ناوچەکە و بنەماڵەکەیەوە، لەگەڵ چیرۆک و بینینی گەریلایان گەورە دەبێت. لە تەمەنی گەنجیدا لە ناوچەکە لەگەڵ هەڤاڵان دەست بە کار و خەبات دەکات. لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا بەشداری ناو ڕیزەکانمان دەبێت. هەمیشە بە هەستی تۆڵەسەندنەوە و خاوەندارێتی لە چەکی شەهیدانی تێکۆشانەوە دەژیا و تا دەهات ئەو هەستە تێیدا گەورەتر دەبوو. بەهۆی ئەم تایبەتمەندییانەوە لە ماوەیەکی کەمدا ئاشنای ژیانی گەریلا بوو و لە هەموو کاتە سەختەکاندا بە ورە و بوێرییەکی گەورەوە بەشدار بوو. بووە یەکێک لەو ڕێهەڤاڵانەمان کە بە ڕەنج و خۆشەویستیی بەرانبەر ژیان دەناسرا.
وەکو یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەرەکە و هێزەکانی پاراستنی ژن هەپەژە، سەرەخۆشیی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی ڕێهەڤاڵانی قارەمانمان دەکەین. لە کەسایەتیی ئەو قارەمانانەدا جارێکی تر بەڵێنمان بۆ گەیاندنە سەرکەوتنی خەیاڵەکانیان دووبارە دەکەینەوە. وەکو تەڤگەری ئازادی ئێمە هەرگیز لە خوێنی ڕێهەڤاڵانی خۆمان خۆش نەبووین. ئەم ڕووداوەش لە شوێنی خۆیدا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و لێپرسینەوە لە هێرشکاران دەکرێت.