کرێکاران هێزی گۆڕان و خەباتن
ڕۆژی یەکی مانگی مەی، ڕۆژی هاوپشتیی جیهانیی چینی کرێکار و سیمبۆلی ناڕهزایهتییه بهرامبهر بهو سیستمەی که نان، کار، کەرامەت و ئازادیی مرۆڤ دهکاتە قوربانیی قازانجپەرەستی و دهسهڵات. ئەم ڕۆژە، هێمای ڕاپەڕینی ڕەنجدەرانە دژی مافخواراوی و چەوسانەوە. بۆ کرێکارانی کوردستان، ئەم یادە تەنها ڕەهەندێکی پیشەیی و ئابووری نییە، بەڵکوو خەباتێکی مێژووییە دژی ستەمێکی چەند لایەنە. کرێکاری کورد لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ناوەندیدا، تەنها قوربانیی سیستەمێکی ئابووریی نادادپەروەر نییە، بەڵکو بە هۆی “داگیرکراوبوونی نیشتمانەکەی” و “سیاسەتی بە ئەنقەست هەژارکردنی کوردستان”، لە ناو جەرگەی پەراوێزخستنێکی سیاسی و ئابووریدایە.
قهیرانی ئابووری و دۆخی کرێکاران ئهنجامی ڕاستهوخۆی سروشتی سیاسیی کۆماری ئیسلامییه. حکوومهتێک که ئازادیی ڕێکخستن قبووڵ ناکات، مانگرتن دهکاته بابەتی ئهمنی، چالاکانی کرێکاری ڕادهکێشێته بەناو دادگای شۆڕش و ههر داواکارییهکی سهندیکایی به ههڕهشهیهک بۆ مانهوهی خۆی دهبینێت. له کۆماری ئیسلامیدا، هەموو چینی زەحمەتکێش له کرێکاری کارگهوه تا مامۆستا، پهرستار، خانهنشین، کرێکاری ژن، کرێکاری ناڕهسمی، کۆڵبهری کورد و سووتهمهنیههڵگری بهلووچ، ههموویان به شێوازی جۆراوجۆر ڕووبهڕووی ڕواڵەتی ڕاستەقینەی دەسەڵاتی دژه کرێکار و دژه مرۆڤی ئێران دەبنەوە.
لە ڕوانگەی هاوپەیمانییەوە دادپەروەری بۆ چینی چەوساوەی کوردستان بە توندی گرێدراوی ڕزگاربوون لە ژێر چنگی داگیرکەری و ستەمی سیاسییە. لە کوردستان ڕزگاریی نیشتمان خاڵیکی یەکلاکەرەوەیە لە ڕەخسانی دەرفەت و ڕۆشتنی چینی کەمداهات و هەژار بەرەو ڕزگاری لە ستەمی چینایەتی و گەیشتن بە ژیانێکی شیاو.
کۆماری ئیسلامیی ئێران نەک هەر بە درێژایی دەسەڵاتی سامانی کوردستانی تاڵانکردووە و بە سەپاندنی شەڕ بە سەر کوردستاندا بووەتە هۆکاری کاوڵکاریی ئابووریی، بەڵکوو ئێستا زیاتر لە هەمیشە داهاتی گەلانی ئێران دەکاتە سووتەمەنیی ئاگری شەڕە هەرێمییەکان و خەرجی گرووپە تێرۆریستییەکان لە ناوچەکەدا. ئەم شەڕخوازییەی ڕژێم ئاکامی کارەساتباری بۆ سەر کوردستان و بەتایبەت خەڵکی کەمداهات و چینی هەژاری کۆمەڵگا هەبووە، سامانێک کە دەبوایە خەرجی ئاوەدانی و بووژانەوە ئابووری بکرایە کە دەرفەتی ژیانێکی باشتری بۆ کرێکارانی کوردستان دەبوو خەرجی شەڕ و تیرۆریزم کراوە و باری قورسی کەوتووەتە سەرشانی کرێکاران و زەحمەتکێشان.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەو بڕوایەدایە کە داهاتووی کوردستان دەبێت لەسەر بنەمای دادپەروەری، ئاشتی، سەقامگیری و دیموکراسی بونیاد بنرێت. تەنها لە سایەی سیستمێکی سیاسیی دوور لە شەڕ و ستەمدایە کە دەرفەتی یەکسان و ژیانێکی شایستە بۆ چینی چەوساوە دەستەبەر دەبێت. ڕزگاریی ئابووریی ئێمە، گرێدراوی کۆتاییهێنانە بەو ٤٧ ساڵە لە شەڕ و سەرکوت کە کۆماری ئیسلامی وەک ئامرازێک بۆ مانەوەی خۆی بەکاریهێناوە. بۆ هێنانەدیی دادپەروەری، پێویستە کوردستان لە مۆڵگەیەکی سەربازییەوە بکرێتە ناوەندێکی ئاوەدانی و ئاشتی. هاوپەیمانی دژی چەوسانەوەی چینایەتی و هەرچەشنە چەوسانەوەیەکی مرۆڤ لە لایان مرۆڤەوەیە و خوازیاری گەڕاندنەوەی حورمەتی ئینسانی بۆ تاکی کوردە.
پێویستە چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری و چەوساوەکانی کوردستان، ئەم یادە بکەنە هەوێنی یەکخستنی دەنگەکان دژی ئەو سیستەمە سیاسی و ئابوورییەی کە مافی ژیان و گوزەرانی شایستەی لە خەڵکی کوردستان زەوت کردووە. کرێکاران و زەحمەتکێشان، ژنان، لاوان و خوێندکاران و هەموو ئەوانەی حکوومەتی ئێران بووەتە هۆی بێمافی و چەوسانەوەیان لە کوردستان سەرچاوەی هێزی جەماوەری دژی حکوومەتی چەوسێنەری کۆماری ئیسلامین. تێکۆشانی ئەمڕۆ و داهاتووی ئێمە بۆ گەیشتن بە سیستەمێکی کارامەی ئابوورییە کە بە بەکارهێنانی دروستی سامانی وڵات و دامەزراندنی ژێرخانی ئابووریی بەهێز و ڕێکخستنی ڕێوشوێنی گونجاو و پێشگرتن لە قۆرخکاریی و چاوچنۆکیی کۆمپانیا ئابوورییەکان، ئاستێکی بەرزی ژیان و، گوزەرانی بەختەوەرانە و دوور لە هەژاری بۆ هەموو چین و توێژەکان دابین بکات.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، پشتیوانی لە هەر هەنگاوێک دەکات کە ڕیزەکانی نەتەوەکەمان بەرەو ڕزگاری و کۆتاییهێنان بە چەوسانەوەی سیستماتیک ڕێکبخات. یەکگرتوویی، کلیلی سەرکەوتن و گەیشتنە بە مافە ڕەواکانمانە.
بژی هاوپشتیی کرێکاران و مافخوازانی کوردستان
شکۆدارە ڕۆژی جیهانیی کرێکاران
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
2026-05-01