هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران:
ئامانجی دوژمنانمان لە قڕکردنی نەتەوەکەمان هەرگیز وەدی نایە
کۆمەڵانی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
دەسەڵاتداران و ڕێژیمەکانی داگیرکەری کوردستان هەمیشە ئامانجیان قڕکردن و قەڵاچۆکردنی نەتەوەی کورد بووە و لەو پێناوەدا لە هیچ جۆرە کۆمەڵکوژی، ڕاگواستنی زۆرەملێ، ئەنفال دەستیان نەپاراستووە. بەڵام هەموو ئەو جینایەتانە کە بۆمبارانی کیمیایی شاری هەڵەبجە لە باشووری کوردستان یەک لەوانە، نەیتوانیوە ئیرادەی خەبات و خۆڕاگریی کورد تێکبشکێنێ و ئەو تاوان و کارەساتانە ئێستا بەڵگەی ڕەوایی خەباتی ناسنامەخوازیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستانن.
٣٨ ساڵ پێش ئێستا و لە ١٦ی مارسی ١٩٨٨ زایینیدا ڕێژێمی پێشووی عێراق بە بەردانەوەی بۆمبی کیمیایی بە سەر شاری هەڵەبجەدا تاوانێکی دژەمرۆیی گەورەی خوڵقاند. لەو کارەساتەدا زیاتر لە ٥٠٠٠ پیاو و ژن و منداڵی کورد تەنیا بە تاوانی کوردبوون شەهید کران و هەزارانی دیکەش بریندار بوون. بۆمبارانی هەڵەبجە لەگەڵ ئەوەی لەو کات و سەردەمەدا کارەساتێکی گەورەی مرۆیی و کۆمەڵکوژییەکی دەگمەن بوو، بەڵام بەهۆی سات و سەودا سیاسی و بازرگانییەکانی زلهێزەکان جیهان و بێ پشتیوانیی گەلی زوڵملێکراوی کورد پەردەپۆش کرا و ئەوانەی ئەو تاوانە گەورەیان خوڵقاندبوو هیچ لێپرسینەوەیەکیان لێ نەکرا و لە هیچ دادگایەکی نێودەوڵەتیشدا دادگایی نەکران. بەڵام لەم کارەساتە مێژووییەدا پشکی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتیش کەم نەبوو.
ڕێژیمی پێشووی عێڕاق پێش بۆمبارانی شیمیایی شاری هەڵەبجە لە باشووری کوردستان شارەکانی سەردەشت، شنۆ و زەردەی کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی بە بۆمبی شیمیایی بەئامانج گرتبوو. هەر لە کاتی بۆمبارانی شیمیایی شاری هەڵەبجەدا و هەر لەو ڕۆژەدا گوردانی شوان که لهو دەمەدا لە نزیک ئەو ناوچەیە جێگیر ببوون، دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو ژارە کیمیاییە و سەرەڕای هەوڵ و تەقالایەکی زۆر بۆ دەرباز بوون لەو دۆخە لە کاتی پەڕینەوە لە چۆمی سیروان دەکەونە کەمینی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی و تووشی شەڕێکی قورس، دەستەویەخە و نابەرابەر دەبن کە لە ئاکامدا ٧٢ پێشمەرگەی کۆمەڵە لە سەنگەردا گیانیان بەخت کرد و ژمارەیەکیان بە برینداری و نیوەگیان بەدیل گیران و لە دوای ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر ئێعدام کران.
هەر ئەو کاتە لە رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی رژێم و پیشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات، لهناوچەی شارەزوور لە هەورامان، بەداخەوە کۆمەڵێک پێشمەرگە شەهید بوون. هەمدیسان لە کاتی بۆمبارانەکەی نێوشاری هەڵەبجەشدا دەیان ئەندامی حیزبی دێموکرات کە لەو شارە نیشتەجێ بوون بەداخەوە شەهید بوون و زۆر ئەندامی دیکەی حیزبیش لەو ناوچەیە کە کەوتبووە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی گیران و ژمارەیەک لەوان لە زیندانی دیزلئاوای کرماشان لەسێدارە دران
لە ٣٨ ساڵەی تاڵیادی بۆمبارانی کیمیایی شاری هەڵەبجەدا یاد و ناوی شەهیدانی ئەو کارەساتە و سەرجەم شەهیدانی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد بەتایبەت ئەو شەهیدە نوێیانەی گەلەکەمان کە لەو ڕۆژانەدا بەهۆی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەهید بوون، بەرز ڕادەگرین. هەروەها ڕادەگەیەنین کە خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمان هەتا گەیشتن بە سەرکەوتنی یەکجاری بەردەوام دەبێت.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ هەتاوی
١٦ی مارسی ٢٠٢٦ زایینی