لێدوانی پژاک
ڕۆژی ڕابردوو (١ی مارس ٢٠٢٦ / ١٠ی رەشەمە ٢٧٢٥)، سپای پاسدارانى ئێران بە بەکارهێنانی درۆنی خۆکوژ و مووشەک هێرشی کردە سەر بنکەکانی چەند حیزبى ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت بنکەکانی حزبى دیموکرات و کۆمەڵە لە کۆیە، زەرگوێز و سورداش. پارتیمان پەژاک بە توندی ئەم هێرشانە بۆ سەر بنکەکانی حزبە کوردییەکان مەحکووم دەکات.
زنجیرەى هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشانەى بێچارەیى و لاوازی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران و شەڕەنگێزیەتی بەرامبەر گەلی کورد. لە کاتێکدا کە هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژێم لە سەرانسەرى ئێران ئامانجی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بوونەتەوە، ئەو ڕژێمە هیچ بەرنامە و سیاسەتێکی عاقڵانەی بۆ چارەسەرکردنى کێشە و قەیرانەکان نییە، نەتەوەکانی ئێران دەکاتە قوربانی حەزەکانی دەسەڵاتخوازانەى خۆی. بێگومان هێرش بۆ سەر بنکەکانی حیزبە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەلمێنەرى ٤٧ ساڵ عادەتی ڕژێمی ئێران بە سەرکوتکاری و شەڕئەنگێزییە. ئەم کردەوە شەڕەنگێزانە ڕێگە نادات ئێران بەرەو چارەسەرکردنى قەیرانەکان و ئازادی گەلان و نەتەوەکان هەنگاو بنێت. بۆیە گەورەترین بەربەست، کۆماری ئیسلامی ئێرانە و ئێستا کە لە لێواری رۆخاندایە، بەڵام هێشتا ڕێگەچارەى سەربازی بەرامبەر گەلی کورد و حیزبە کوردییەکان پەیرە دەکات. ئەم کردەوەی رژێم لە ئێستاوە شکەستی هێناوە. ئەم جۆرە هێرشانە دوا پەلەقاژەی سەرکوتکارانەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رووبەڕوو ی بووەتەوە.
بە گەلەکەمان بەڵێن دەدەین کە بزووتنەوەى ئازادیخوازانەمان تا گەیشتن بە ئازادی یەکجاری گەلەکەمان لە پێ ناکەوێت و ئازادی و دیموکراسی بە شکۆی تەواوەوە دێنێتە دی. بە دڵنیاییەوە هێرشەکانی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزبە کوردییەکان «یەکگرتن و هاوپەیمانێتی هێزە کوردییەکان» کە ئەو هاوپەیمانییە وەک ئارەزووی لە مێژینەی گەلەکەمانە دەکاتە ئامانج، ئەوەیش نیشانەى ترسی ڕژێمە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو هەوڵانەی رژیم تووشی شکەستی گەورە دەبنەوە. یەکگرتن و هاوپەیمانێتی هۆی سەرکەوتنی و پێکەوەبوونمانە.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)
٢ی مارس ٢٠٢٦ / ١١ی رەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی