سەرەخۆشی خۆمان بە بوونەی کۆچی دوایی هونەرمەندی بەناوبانگی گەلەکەمان، یەدولڵا محەممەدی، رادەگەێنین

هونەرمەندی بەناوبانگی گەلەکەمان «یەدولڵا محەممەدی» پێش نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی فوریە لە سنە کۆچی دوایی کرد و هەموومانی داغدار کرد. ئەو لەو هونەرمەندانە بوو کە دەستی بەهێزی لە پاراستنی کەلتوور و هونەری کوردیدا هەبوو و ناوی لە مێژوودا مایەوە.

یەدولڵا محەممەدی خەڵکی شاری سنە لە ساڵی ١٩٥٦ چاوی بە جیهان هەڵهێنا و دەیان ساڵ خزمەتی بە بوارەکانی کەلتوور و مۆسیقای کوردی کرد و بەردەوام بۆ پێشکەوتن و پاراستنی هەوڵیدا. ئەو لە ماوەی ژیانی هونەری خۆیدا توانی نزیکەی ٧٦ بەرهەم و گۆرانی ڕەسەنی کوردی دروست بکات و مۆسیقا و گۆرانی کوردی بگەیەنێتە لوتکەی بەرز. بێگومان محەممەدی هونەرمەندێکی خاوەن سەبک و لە ئاوازدانانی دیاری بواری مۆسیقا و فولکلۆری کوردی بوو کە بەرهەمەکانی کاریگەرییەکی فراوانیان هەبوو لە بوارەکانی کەلتوور، هونەر و مۆسیقادا و لە بەرزکردنەوە و پاراستنی ناسنامەی کوردی گەلەکەماندا کاریگەرییەکی بێ وێنەیان هەبوو. هونەر و گۆرانیی ئەو لە هەمان کاتدا پاراستنی زمانی کوردی و هەستە پاکەکان بوو لە ڕێگەی ئەو زمانەوە.

«کۆمیتەی کەلتوور و هونەری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)» کۆچی دوایی هونەرمەندی بەناوبانگی گەلەکەمان «یەدولڵا محەممەدی» لە تەمەنی ٦٧ ساڵی و دوای ژیانێکی پڕبەهرەی هونەری، بە گەلەکەمان، کۆمەڵگای هونەری و لایەنگرانی مۆسیقا، بە تایبەتی خانەوادەی بەڕێزیان سەرەخۆشی دەکات. با هونەری ئەو لە مێژوودا بمێنێتەوە و بەردەوام خزمەت بکات بە پاراستنی هونەر، زمان و کەلتووری کوردی و لەسەر تاجی موسیقای کوردی بدرەوشێتەوە.

کۆمیتەی کەلتوور و هونەری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) 

٢٧ی فوریەی ٢٠٢٦ 

٨ی رەشەمەی ٢٧٢٥ی کوردی

بابەتی پەیوەندیدار