لێدوانی پژاک سەبارەت بە ڕاپەڕینی نوێی گەلانی ئێران
ڕاپەڕینی نوێی گەلانی ئێران لە ڕۆژی ٨ بەفرانباری ١٤٠٤ بۆ ئیدانە کردنی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی کە لە بواری ئابوری ژیانی کۆمەڵگای ڕووبەڕووی لە ناوچوون کردووە ، دەستی پێکرد. کۆماری ئیسلامی لە نزیکەی نیو سەدە لە دەسەڵاتداری خۆی بە سیاسەتەکانی کوشتار و سەرکوت و خەفەقان و هەروەها بە جەمسەر کردنی کۆمەڵگا و فەقیر کردنی گەل هەوڵی پەرتەوازەکردنی هێزی کۆمەڵگای ئێرانی داوە . کۆماری ئیسلامی بە داسەپاندنی قەیرانی جۆراوجۆر بە شێوازێکی سیستماتیک بە سەر کۆمەلگاکانی ئێران دا بەردەوامی بە دەسەڵاتداری خۆی داوە . ناوەندگەرایی و سەرکوت کردنی نەتەوەکان و پەراوێز خستنیان ، سیاسەتی سەرکوت و گوشار لە دژی ئایین و ئایینزا و باوەڕیە جیاوازەکان ، نکۆڵی کردن لە مافی ژنان ، هێرش و سووکایەتی بەردەوام بۆ سەر ژنان و دوور کردنەوەیان لە گۆڕەپانەکانی کۆمەڵگا ، پێشێل کردنی هەر جۆرە ئازادی ڕادەربڕین و هزر و ڕامانە جیاوازەکان و زیندانی کردنی رۆشنبیران، ڕێگری کردن لە هەر جۆرە مەودا و هیوایەک بۆ کار و ژیان و چالاکی جەوانان و مەجبوور کردنیان بە کۆچ کردن سیاسەتی پەیڕەوکراو لە لایەن دەسەڵات بووە.
لە گۆڕەپانی ئابووریش دا بە تاڵان بردنی هەموو سەروەت و سامانی وڵاتی ئێران و بە کار هێنانی بۆ شەڕخوازی و دەستێوەردان لە وڵاتانیتر و پشتیوانی لە گرووپە چەکدارە توندڕەوەکان بووەتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری لەم وڵاتە دا . سەروەت و سامانی وڵاتی ئێران بۆ پڕۆژە زەبەڵاحە سەربازیەکان ، کار و باری پڕۆپاگاندای ئایدۆلۆژیکی ، پیتاندنی ئۆرانیۆم ، ساز کردنی مووشەکی بالستیک و پشتیوانی لە گرووپە چەکدارەکان بوەتە هۆی فەقیر بوونی گەل و بێ بەهرە مانیان لە سامانەکانی نیشتمانی . دەستبەسەر دا گردنی هەموو بوارەکانی بەرهەم هێنان و بازرگانی لەلایەن سوپای پاسداران ، ڕادەست کردنی گۆڕەپانی ئابوری بە ڕانت خۆران و گەورە مافیاکانی ناوخۆی دەزگای ولایەتی فەقێ لە ژێر ناوی کەرتی تایبەت، بەشی ئابووری بە تەواوەتی ڕووخاندوە و پشتی چین و توێژەکانی ناو بازار و کەرتی بەرهەمهێنانی شکاندووە. ئەو تابڵۆیەی کە دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی بۆ وڵاتی ئێرانی نەخشاندووە ئەوەیە کە هیچ ناسنامەیەک ، نەتەوە ، ئایین ، جنس ، چین و توێژێک نەماوە کە تووشی قەیران و پەرتەوازە بوون نەکرابێت. ئەگەر بەو قەیرانانە، سیاسەتی شەڕ سالارانە و ناکۆکی نانەوە لەگەڵ جیهانی دەرەوە کە بوەتە هۆکاری گۆشەگیری و تووشبوونی ئێران بە گەماڕۆی ئابووری و ئەکتیڤ بوونی میکانیزمی ماشەی لێ زیاد بکەین دەبینین کە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی چۆن ئێرانی تووشی گەورە قەیران کردوە . شێوازی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی سەرچاوەی ئەو گەورە قەیرانانە و بە بنبەست گەیاندن و بێچارەییە.
کاردانەوە ، تێکۆشان و ڕاپەڕینی هەر گەل و ناسنامە یا چین و توێژێک لەو هەل ومەرجە بنبەست و قەیراناویەدا دەبێتە دەنگ و تێکۆشانی هەموو بەش و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگاکانی ئێران کە ڕووبەڕووی گوشار و قەیران کراونەتەوە . بۆ زاڵ بوون بەسەر قەیرانەکان دا و تێپەڕ کردنی کێشەکان لە ئێرانی داهاتوو دا چارەیەکمان جگە لە خاوەنداریەتی لە یەکتر نیە .ئەوە هەمان پەرسپەکتیڤی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیە کە ناسنامەکان چەندە تێکەڵاو بە یەکترن و چارەنووسمان چەندە بە تێکۆشانێکی فرە ڕەنگ بەڵام یەکگرتوو و یەکپارچە گرێدراوە . ئێمە وەکوو پژاک کە فەلسەفەی سەرەکیمان ژن ژیان ئازادی و یەکگرتوویی هاوکات لە گەڵ فرەڕەنگیە، پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ هەموو هەوڵدانێکی دیمۆکراتیک لە دژی دیکتاتۆری ڕادەگەیێنین و سەرنج دەکێشینە سەر ئەم بابەتانە :
١ – هەوڵدانی کۆماری ئیسلامی بۆ بە ئەمنیەتی کردنی داخوازیە ڕەواکانی گەل بۆ سەرکوت کردنیان بە تەواوەتی بێ ئەنجامە . دەسەڵاتداران هەر لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیەوە هێزی گەلیان ناسیوە و ئەوەش دەزانن کە زۆر ڕادیکاڵانە لەلایەن گەل ڕەت دەکرێنەوە. پێویستە بزانین کە لە ئەنجامی تێکۆشان و ئیڕادەی گەل دا دەسەڵاتداران «دەنگی شۆڕشی گەل»یان بیستوە وهیچ ڕێگەیەکیان جگە لە تەسلیم بوون بە داخوازی گەل نەماوە .
٢ – هەر جۆرە پاوانخوازی و دەستبەسەرداگردن و هەلپەرەستی سیاسی زیان بە بزووتنەوەی گەل دەگەیەنێت . هەر ڕاپەڕین و بزووتنەوەیەک کە لە ئێران دا لە دایک دەبێ بەردەوامی شۆڕشی ژن ژیان ئازادیە و کۆی داخوازیەکانی دیمۆکراسی و ڕەت کردنەوەی دەسەڵاتخوازی و مەرکەزگەرایی و جیاوازی نانەوەیە . هەر هەوڵدانێک کە بیهەوێ ئەمانە دووپات کاتەوە ، هەوڵ دانی بە لاڕێدا بردن و دزینی شۆڕشی ڕاستەقینەی گەلە.
٣ -شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بەو بنەمایە پشت ئەستوورە کە هیچ ناسنامەیەک ، هیچ تێکۆشان و داخوازیەک بچووک و ناگرینگ نیە. نەتەوە بندەستەکان لە ئێران دا کە سەد ساڵە لە ژێر ستەمی نەتەوەیی دان و ئەمڕۆ داوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن، پێویستە هەر تێکۆشان و هەوڵدانێک لە دژی دیکتاتۆری بە هەنگاوێکی یارمەتیدەر بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادیەکانی خۆیان ببینن . ڕاپەڕینی ئەوجارەی گەل نە تەنیا لە دژی داخوازی نەتەوەکان نیە بەڵکوو هاوتەریبی ئەوە و نابێت ئەو بزووتنەوە دمۆکراتیکە وەکوو بەشێک لە دەسەڵات لێک بدەینەوە و لە ژێر ناوی ناکۆکی ناوەند و پەراوێز دا لەتی بکەین و پشتیوانی لێ نەکەین . لەو چوارچێوەیە دا پشتیوانی گەلی کورد کە خاوەن ئەزمونێکی ئازادیخوازانەی گەورەی مێژووییە و کانگای شۆڕشی ژن ژیان ئازادیە لەم قۆناغە دا بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن چارەنووس سازە .
٤ – بۆ ئەوەی کە ڕاپەڕینی ئەمجارەی گەل لەسەر ڕەوتی دیمۆکڕاتیکی خۆی بە شێوازی ڕیشەئی بەردەوام بێت ، پێشەنگایەتی ژنان و ئیرادەی جەوانان پێویستە بە بنەما بگیرێت . ئەوەی کە گاڕانتی ژیانی ئازاد و پاراستنی دەسکەوتەکان لە بەرانبەر هەر جۆرە دەسەڵاتخوازیە تێکۆشانی ئازادی ژنانە . ژنان، خوێندکارانی زانکۆ و قوتابیان هەم ڕێنوێنن و هەم هێزی شۆڕشن.
لە کۆتایی دا ئێمە لەو باوەڕە داین کە گەلانی ئێران لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە دواوە بژاردەی خۆیان بۆ دیمۆکڕاسی و ژیانی ئازاد کردووە . کاروانی ئازادی گەلانی ئێران بە یەکیەتی و یەکگرتنی دیمۆکراتیانە بە سەرکەوتن دەگات .
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان
١٠ی بەفرانباری ١٤٠٤