لێدوانی پژاک

“شەریف باجوەر و هەڤاڵانی” ڕۆژی ٣ی ڕەزبەری ١٣٩٨ لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگر لە دارستانەکانی گوندی سێلسی و پیلە سەر بە مەریوان شەهید بوون. کۆمیتەی ئیکۆلۆژی “پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)” یادی باجوەر و هەڤاڵانی و سەرجەم شەهیدانی ژینگەی زاگرۆس لە حەوتەمین ساڵیادی شەهیدبوونیاندا بە بیر دەهێنێتەوە.
کۆمەڵگەی دیموکراتی و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کۆدار، وەک ڕێزگرتن لە قوربانیدانی باجوەر و هەڤاڵانی، ڕۆژی 25ی ئەیلولی 2020ی بە ڕۆژی “پاراستنی ژینگە” و “شەهیدانی ژینگە” ناوزەد کرد. شەهید باجوەر و هەڤاڵانی میراتێک لە هزری پاکی ئیکۆلۆژی و پاراستنی ژینگەیان بەجێهێشت.
ئیکۆسیستەمی زاگرۆس دڵی لێدان و ژیانبەخشی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە. بێ گومان بوونی گەلەکەمان لەم شوێنە ناوازەیەدا بە درێژایی مێژوو توانیویەتی بە جێگیری بمێنێتەوە و بە تێکەڵبوون لەگەڵ سەوزایی زاگرۆس کولتوورێکی دەوڵەمەندی پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردووە. ئەوەی ئەمڕۆ گرنگە ئەوەیە کە هەم بوونی زاگرۆس و هەم گەلی کورد و هەم گەلانی نیشتەجێی ئەم ژیانە ژیانبەخشە بە هۆی تاڵان و دژە سروشتی خاوەن سەرمایەدارییەکەی ئێران لە مەترسیدان. هەژموونی دڕندەیی و قۆرخکارییەکانی سەروەت و سامان و دەسەڵات، لەگەڵ هەموو تەماحێکی تێرنەکراوی سیستەمی سەرمایەداریی ئێران و مۆدێرنیتە چەوتەکەی، ڕۆژانە بووەتە هۆی وێرانکردنی کارەساتبارانەی ژینگە. هەژاری ئیکۆلۆژی لە ئێراندا بە دڵنیاییەوە دەرئەنجامی کردەوەی حکومەتە کورتبینەکانی ئێرانە لە مێژووی هاوچەرخدا کە مرۆڤ و ئیکۆسیستەمیان پێکەوە بەرەو لەناوچوون بردووە. ئەم پڕۆسەیه گەیشتووەته قۆناخی له ڕاده ی گرینگ و مه ترسیدار که ئەگەر ڕانەگیرێت، ژیانی مرۆڤ و گیانداران له ئێران و زاگرۆسدا مەحاڵ دەکات. بۆیە ئەمڕۆ کۆمەڵگا و ژینگە بەهۆی ململانێی حوکمڕانانی دەسەڵات و سەروەری ئێرانەوە لە مەترسیدان وە جیا لە بزووتنەوەی ژینگەیی و کردەوەی ژینگەیی، پێویستی بە زانستی ئیکۆلۆژی و بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی یەکگرتوو و بەردەوام هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی.
شەهید شەریف باجوەر و هەڤاڵانی بە ناسینی ئەو لایەنانەی ژیانی مرۆڤایەتی و بە ئامانجی ڕزگارکردنی ژینگەی زاگرۆس لە وێرانکاری، هەنگاویان ناوە، بەڵام دوابەدوای پیلانی دامودەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕژیمی دژە ژینگەی ئێران، شەهید بوون. ئامانجیان پێشگرتن بوو لەو پرۆسەی بەربەرییەی کە بە ئامانجی جینۆسایدی ئیکۆلۆژی دژ بە ئیکۆسیستەمی زاگرۆس بەڕێوە دەچوو. ئەوان لە رۆڵە هۆشیار و بەئاگاکانی کۆمەڵگا و مرۆڤەکانی ئێمە بوون کە بێ گومان میراتێکی گەورەیان بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێهێشتووە. ئەوە پەیوەستە بە نەوە پەرۆش و هۆشیارەکانی ئەمڕۆوە کە گرنگی زیاتر بە ئیکۆلۆژیا بدەن و ڕێگایەک بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگا و ژینگە بدۆزنەوە و بە هەموو هێز و ئیرادەی پۆڵایینەوە بزووتنەوەی ئازادیی سەردەمەکە دەستپێبکەن.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، وێڕای یادکردنەوەی یادی شەهیدانی ٣ی شەهریوەر و هەموو شەهیدانی ژینگەپارێز، بەتایبەتی شەهیدانی شاری سنە بە ناوەکانی “خەبات ئەمینی، حەمید مورادی و چیاکۆ یوسفینژاد” و شەهیدانی هەڵەبجە “ئاری موختار و محەممەد شێخ حەیدەر”، بانگەوازی سەرجەم گەلەکەمان و چینی کرێکاری هۆشیار و بەئاگا دەکات بۆ ئەوەی چالاکییە مەدەنییە سیستماتیکییەکان بۆ ڕزگارکردنی ژینگە لە مەترسی لەناوچوون بکەنە بەشێک لە ژیان و کارەکانی ڕۆژانەیان و بەم شێوەیەش کولتوورسازی بکەن. بێگومان ئەمڕۆ ژینگە، چ لە کوردستان و چ لە جیهاندا، گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار کە لە خەباتێکی ناوبەناوی سالانە زیاتر، پێویستی بە خەباتێکی بەردەوام و ستراتیژیکی گەل هەیە. قەیرانە ژینگەییەکان ئەوەمان بیردەخەنەوە کە ڕزگارکردنی ژینگە و پاراستنی، ئەرکێکی دەستلێبەرنەدراوی ئینسانی و ئەخلاقی و ڕۆشنگەرانە و سیاسییە کە نابێت تەنانەت بۆ ساتێکیش پشتگوێ بخرێت. یادی شەهیدانی شەهریوەر و ژینگە بەرز بێت.
کۆمیتەی ئیکۆلۆژی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)
2 شەهریوەر 1404 – 24ی ئابی 2025