بۆ ڕای گشتی گەلەكەمان
لە حەوتەمین ساڵڕۆژی شەهادەتی چالاکی مافی مرۆڤ، کەسایەتی وڵاتپارێز و لایەنگری پارتیمان شەهید ئیقباڵ مورادی، یادی سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی بەرز رادەگرین و بەڵێنی درێژەپێدانی رێبازی شەهیدانمان دووپات دەکەینەوە.
هێزە بەكرێگیراو و تاریکپەرەستانی رژێمی ئێران لە١٧ی پووشپەڕی ٢٠١٨ی زاینی لە ئەنجامی کردەوەیەکی تیرۆریستی بەرپرسی کۆمەڵەى مافی مرۆڤی کوردستان هەڤاڵ ئیقباڵ مورادی، و لایەنگر و دۆست و هەڤاڵی رێكخستنەكەمان”پژاک” و یەك لە وڵاتپارێزە ناسراوەكانی گەلەکەمانیان بەشێوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە تیرۆر کرد، جارێکیتر لەسەرناوی هاوسەرۆكایەتی، هەڤاڵانمان و هەموو دۆست و وڵاتپارێزانی گەلەكەمان ئەو کردەوە نامرۆڤانە و هاوشێوەكانی بە توندی شەرمەزار دەکەین.
دۆستان، هەڤاڵان، لایەنگرانی ئاشتی و ئازادی و دیموكراسی؛
شەهید ئیقباڵ سەرجەم تەمەنی ژیانی لەپێناو ئازادی گەل و نیشتمان بەخشی و بۆ بەدیهێنانی ئازادی و دیمۆکراسی ماندوونەناسانە لەناو کار و خەباتی نیشتمانی و شۆڕشگێڕیدا تەمەنێكی دوور و درێژی بەسەر برد. لەدژی زۆڵم و زۆری و داگیرکاری و فاشیزم و دیكتاتۆریەت نەبەزانە و نەبەردانە لەقۆناخە دژوارەکانی ژیان تێکۆشاوە و لەپێناو گەیشتن بە ئامانج و ئاواتەكانی گەلەكەمان لەسەرخاكێكی ئازاد و نیشتیمانێكی بێگەرددا، بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ و تێکۆشەری پێكەوە نا، کە هەرگیز چۆکیان لەبەرامبەر رژێمی ئێران و سیاسەتی هەڵاواردن دانەنواند و رۆڵەیەکی وەک زانیار مورادی پێشکەشی گەلەکەمان کرد کە تا دوا چرکە ساتەکانی ژیانی لەخەمی ئازادی گەل و کوردستان و ئاشتی و ئازادیدا بوو.
شەهید ئیقباڵ مورادی یەک لە کەسایەتە سۆسیالیست و دڵسۆزەکانی گەلی کورد بوو کە شۆڕشی ئازادی لەکەسایەتی خۆ و بنەماڵەکەیەوە دەست پێکرد و ناو و نیشانی هەمیشە لەدڵی گەلدا بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە. شەهید ئیقباڵ بە ئەوین و وەر و وزەیەكی بەتینەوە بەرپرسیاریەتی سەرشانی بەجێ دەهێناو بە راپەڕاندنی ئەرکی شۆڕشگێڕی ئارام و ئۆقرەی دەگرت. تایبەت یەک لەو کەسایەتە تێکۆشەرانەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە بڕوای تەواوی بە سیاسەتی یەکێتی نەتەوەیی گەلەكەمان بوو و لەبەرامبەر هێرش و داگیرکەری کوردستان عۆقرەی نەدەگرت و بەردەوام خاوەن هەڵوێستی دیموکراتیک و ئازادیخوازانە بوو. هەر لەو پێناوەشدا هەوڵ و تەقەلایەكی زۆر و بێ وچانی خەونی لەرژێمی ئێران و بە کرێگیراوە کوردەکان زڕاندبوو؛ چونكە نە رژێم و نە بەكرێگیراوە و گوێڕایەڵەكانی رژێم بوونی کەسایەتیەكی دڵسۆز و وڵاتپارێزی وەک هەڤاڵ ئێقباڵیان پێ هەرس نەدەکرا و دواین جار لەئەنجامی پیلانگێڕیەکی چەپەلی رژێمی ئێران و بە هاوکاری بە کرێگیراوە کوردەکان، ئەو پاڵەوان و وڵاتپارێزەی گەلەكەمان و ئەو هەسارە درەوشاوەی كوردستانیان خەڵتانی خوێن و تیرۆر کرد. بۆیە جێگەی خۆیەتی لەكەسایەتی هەڤاڵ و هاوڕی و نیشتیمانپەروەری گەلەكەمان، شەهید ئیقباڵدا جارێكی سیاسەتی تۆقاندن و رفاندن و زیندان و ئەشكەنجە و لەسێدارەدانی رژێمی ئێران لەبەرامبەر بەگەلەكەمان و نیشتیمانپەروەران و ئازادیخوازان ریسوا و شەرمەزار بكەین و بەهاوارێكی بڵندتر؛ بەو سیاسەتە جیاكاری و هەڵاواردنەی رژێم بڵێن نا.
دۆستان؛ هەڤاڵان، ئازادیخواز و نیشتیمانپەروەرانی گەل و خاك و ئازادی
سەرەڕای تێرپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر شەهید و تیرۆركردنی هەڤاڵ ئیقباڵ مورادی كە چی بە داخ و نیگەرانییەوە هێشتا تاوانبارانی ئەو تیرۆرە و بكەرانی لەلایەن بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رای گشتی ئاشکرا و سزا نەدراون. بەكرێگیراوان و سیخۆرانی دەوڵەتانی داگیركەری سەر كوردستان بە ئاسایی لەهەرێمی باشوری كوردستان تەڕاتێن دەکەن و دەسووڕنەوەو کردەوەی هاوشێوە دووبارە و چەندبارە دەكەنەوە و رۆژ و مانگ و وەرز و ساڵ نییە، وڵاتپارێز و نیشتیمانپەروەر و ئازادیخوازێك لەسەر ئەم خاكە تیرۆر و شەهید نەكەن. چونكە خەمساردی و بێ بەرپرسیاریەتی، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وای کردووە کە کردەوەی تیرۆریستی و سیاسەتی بەكرێگیراوی و سیخۆری لەهەرێمەكەدا تەشەنە و روو لەهەڵكشان بكات. ئەمە بێ بەرپرسیاریەتی وبێ هەڵوێستی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم وای كردوە؛ رۆژانە چالاكانی مەدەنی وسیاسی بەشەكانی تری كوردستان رووبەرووی بێ مافی، سەرگەردانی و تیرۆر و كۆشتن ببنەوە.
دۆستان، هەڤاڵانی هێژا و بەروومەت:
جێگای خۆیەتی لەم گردبوونەوەیە و یادكردنەوەدا، هەرچەشنە كردەوەیەكی تیرۆریستی و نامرۆڤانە ریسوا و شەرمەزار بكەین و جارێكی تر داوا لەبەرپرسانی هەرێمی باشووری کوردستان بكەین بۆ ئەوەی لەبەرامبەر کردەوەی سیخۆری و تیرۆر و سیاسەتی تۆقاندنی رژێمی داگیرکەری ئێران و توركیا و بەکرێگیراوە کوردەکان خاوەن هەڵوێست بن و بکوژانی رۆڵە تێکۆشەرەکانی کورد رادەستی دادگا و یاسا بکرێن.
لەم یادەدا؛ جارێكی تر دووپاتی دەكەینەوە؛ هەڤاڵان و هاوسەنگەر و وڵاتپارێزانی گەلەكەمان” ئیقباڵ مواردی و بێهروز رەحیمی”، هەر یەكەیان رۆڵەیەكی رەنجدەر و نیشتیمانپەروەر و دڵسۆزی گەل و خاك و ئاوی وڵات و نیشتیمانەكەمان بوون و لەپێناو ئازادی و سەربڵندی گەلەكەماندا بێ دوودڵی كاروخەباتیان كردوە و شوێن پەنجەی هەریەكەیان لە تێكۆشانی ئازادیدا دیار و بەرچاوە و بەهۆی ئەو تێكۆشانە ئازادیخوازانەشیان ناچار بوون پەنا بهێننە بەرباشوری كوردستان و حكومەتی هەرێم و ژیانی كۆڵەمەرگی و نەداری و نەبوونیان بەگیان و دڵ هەڵبژارد، تەنیا و تەنیا لەپێناو گەیشتنی گەلەكەمان بەمافە زەوتكراوەكانی بوو. بۆیە لەسەرجارێكی تر لەسەرناوی هەڤاڵان و دۆستان و وڵاتپارێزانی گەلەكەمان رایدەگەینین كە؛ هەرگیز تیرۆر و تۆقاندن ناتوانێت گەلەکەمان لەگەهێشتن بە ئامانجەکانیان دوور بخاتەوە، چون پێداگری گەلەکەمان و هەوڵ و تێکۆشانی بێ وچانی وڵاتپارێزان ئەو راستیەی سەلماندووە کە سیاسەتی تیرۆر و تۆقاندن و لەسێدارەدان و گرتن و ئەشكەنجە و زندان ناتوانێت چۆك بەگەلەكەمان و ئازادیخوازان بدات و لەورەیان کەم بکاتەوە.
لەم ساڵیادەدا؛ بانگ لەدامەزراوەكانی هەرێمی باشوری كوردستان وحكومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین؛ ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیان لەسەر تیرۆر و شەهیدكردنی وڵاتپارێزانی گەلەكەمان لەباشوری كوردستان بۆ رای گشتی ئاشكرا بكەن و بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆیان بەجێ بهێنن.
لەهەمانكاتدا؛ داوا لەگەلە وڵاتپارێز و تێكۆشەر و نیشتیمانپەوەر و ئازادیخوازانی گەلەكەمان لەباشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان و دەرەوەی وڵات دەکەین بەچالاكی مەدەنیانە، نەتەوەییانە و یەكێتیانە بەرپەرچی هەموو ئەو سیاسەتە ناڕەوا و نامرۆڤانەی رژێمە داگیركەرەكانی سەر كوردستان و رۆڵە قارەمان و رەنجدەرەكانی بدەنەوە و خاوەنداری لە تێكۆشەرانی خۆمان بكەین و كۆتایی بەسیاسەتی قڕكردن و هەڵاواردن و جیاكاری نەتەوەیی و رەگەزی بهێنین و ئاڵای ئاشتی و پێكەوەژیانی دیموكراتیانە بەشەكاوەیی بهێڵێنەوە.
كۆمیتەی خەباتی بنەماڵەی شەهیدانی
پارتی ژیانی ئازادی كوردستان”پەژاك”
17/7/2725ی كوردی