فەرماندەیی یەرەكە یادی سێ گەریلای شەهیدی كردەوە

فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان YRK بە بۆنەی ساڵیادی شەهادەتی ٣ گەریلایYRK کە لە ١٤ی تەمموزی ٢٠٢٤ كە لە هەرێمی پێنجوێن بە هێرشی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا شەهید بوون لە لێدوانێکیدا هەر سێ گەریلای وەبیر هێنایەوە.

فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان YRK لە سەرەتای لێدوانەکەیدا ٤٣هەمین ساڵرۆژی بەرخۆدانی زیندانی ئامەد وەبیر دێنێتەوە و لە کەسایەتی هەر چوار پێشەنگی شۆڕشی ئازادیخوازی گەلی كوردستان”شەهیدان کەمال پیر شۆڕشگێڕێکی ئەنتەرناسیۆناڵ، عەلی چیچەک پێشەنگی جەوانان، هەروەها عاکیف یلماز و موحەمەد خەیری دورموش وەکو چوار شۆڕشگێڕ خاوەن ئیرادە و تێگەیشتوو لەراستینەی گەل و کە بە هەڤاڵێتی راستەقینە بە رێبەر ئاپۆوە هەتاکو دوایین هەناسە بە بێ دوودڵی لە بەرانبەر هەرجورە ئەشکەنجەیەک بەرخۆدانیان کرد و بوون بە میراسێك بۆ تێکۆشانی ئازادی و سەمبۆلی بەرخۆدانی بۆ گەلی کورد و هەموو مرۆڤایەتی و لەهەمانكاتدا بوون بە مەشغەڵەیەکی هەمیشە داگیرسا و روناکی رێگای ئازادی.

 فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان YRK لە بەردەوامیدا بەمشێوەیە باس لە هەر سێ هەڤاڵ دەکات:

 هەڤاڵ جەنگاوەر میکائیل لە شاری مەهاباد لە دایک ببوو، بێگومان ئەو یەک لەو هەڤاڵانەمان بوو كە لەداهاتوودا بۆ تۆڵەی قازی موحەمەد چەکی شۆڕشی کردبووە شان، هەر لە سەرەتای بەشداربوونی بۆ ناو ریزەکانی گەریلا بە جۆش و خرۆشەوە بەشدار ژیان و کاروخەباتی شۆڕشگێڕی دەبوو و بەشێوەیەكی فیداییانە و بە بێ حیساب ئەرکەکانی خۆی بە سەرکەوتویی پێکدەهێنا و بۆ پاراستنی نرخەکانی شۆڕش خاوەن هەڵوێست بوو، لەوپەڕی بوێرییەوە وەکو جەنگاوەرێکی ئازادی لە هێڵی فیدایی ئاپۆییدا خۆی گەیاند بە لوتکەی کەسایەتی شۆڕشگێڕی راستەقینە و لە ژیانی شۆڕشگێڕیدا بۆ هەڤاڵانی بوو بە نمونەیەکی بەرجەستە و بەرچاو.

 هەڤاڵ ئاندۆک تۆڵهەڵدان لە شاری رۆحای باکوری کوردستان بەشداری ریزەكانی گەریلا ببوو و بە داخوازی و دڵسۆزیەکی مەزن بۆ نیشتمان بڕیاری کار و خەبات و تێکۆشان لە رۆژهەڵاتی کوردستانی دابوو، هەر لە سەر ئەو بنەمایەش بۆ ناسینی جوگرافیا و چاند و داب و نەریتی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام لە ناو لێکۆڵینەوەدا بوو، هەروەها بۆ ئەوەی لە نزیکەوە گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت جەوانان بەرێکخستن بکات، شەو و رۆژ لە ناو هەوڵداندا بوو، بە هەڤاڵێتی خۆی راست و خاوێن و بە دڵنزم بوونی لەناو دڵی هەڤاڵانیدا جێگای خۆی گرتبوو.

 هەڤاڵ رامان رێناس رۆڵەیەکی وڵاتپارێزی شاری سنەی خوێناوی بوو، کە مێژووی بە ئێشی سەدان ساڵەی گەلی ناسیبوو، هەست بەو دەسەڵاتداری و زوڵم و نادادیە دەکات کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر کۆمەڵگە بەڕێوە دەبات، بۆیە وەکو جەوانێکی سەرهەڵدێری شاری سنە لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەشێوەیەكی ئاکتیڤ روڵ دەبینێ و دوایی بۆ بەهێزکردنی تێکۆشان، بەشداری ناو ریزەکانی گەریلا بە تاکە رێگا دەبینێ. هەڤاڵ رامان وەکو هونەرمەندێک دەیخواست هونەرەکەشی بخاتە خزمەت شۆڕش و شۆڕشگێڕان، بە چەکەکەی ببوو بە پارێزوانی گەل و بە عودەکەی ملودی ئازادی دەژەند و بە دەنگە پڕ لە سۆزەکەی سرودی ئازادی بۆ هاوڕێ و هەڤاڵانی دەگوتەوە، لە هەر کۆڕ و کۆبوونێکدا رەنگێکی تایبەتی هونەری و دەنگێکی ئەفسوناوی پێ دەبەخشی و دەبوو بە مایەی موراڵ و کەیفخۆشی هەڤاڵانی.

 فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان YRK دیسان هەڤاڵ جەنگاوەر میکائیل، هەڤاڵ ئاندۆک تۆڵهەڵدان و هەڤاڵ رامان رێناس بە رێز و منەتداری وەبیردێنێتە و دەڵێت؛ ئەو سێ هەڤاڵەمان بەردەوامی نەریتی شەهیدان کەمال پیر، موحەمەد خەیری دورموش، عاکیف یلماز و عەلی چیچەکەکانن. ئەوان وەکو رێبوارێکی رێگای ئازادی لە ژیانی شۆڕشگێڕی خۆیاندا شەهیدانیان بە بنەما گرت و رێبواری رێگای ئەوان. ئێمەش وەک هاورێبازانی شەهیدانمان دیسانەوە سۆز و بەڵێنی خۆمان دووپات دەکەینەوە کە بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد کە ئاواتی شەهیدانمانە، تا دواهەناسەمان لە سەر رێگای شەهیدان لانادەین و بە بێ وچان تێدەکۆشین بۆ ئاواکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد.

ناوەندی راگەیاندنی YRK

14/07/2025

بابەتی پەیوەندیدار