شاندێکی کەنەکە بە سەرپەرشتی دکتۆر شێرکو محەمەد ئەمین لەگەڵ شاندێکی پەژاک بە سەرپەرشتی هاوسەرۆکی پەژاک، پەیمان ڤیان لەسەر خەباتی یەکێتی نەتەوەیی و تایبەت بە بەهێزکردنی یەکێتی و یەکڕیزی نێوان هێز و لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەوە.
دوێنێ شاندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) کە پێکهاتبوون لە زەینەب موستەفا، د.شێرکو حەمە ئەمین، شۆڕش خدر و د.یوسف حەسەن کە لەلایەن شاندی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) پەیمان ڤیان، گوڵان فەهیم و ئامەد شاهۆوە پێشوازییان لێکرا.
لەکۆبوونەوەکەدا پێشهات و گەشەدانەکانی ناوچەکە و دۆخی دوایی ئێران و هەر چوار بەشی کوردستان و بە هێزکردنی یەکێتی نەتەوەیی لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تێر و تەسەلی تاوتۆێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە گرنگی و پێویستی بەهێز کردنی یەکێتی و یەکڕیزی و دروستکردنی کۆدەنگی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان قسەوباس کرا و ئاماژە بەوە دراوە کە دەرفەتێکی زێڕین و مێژوویی بۆ گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان رەخساوە کە هەموو هێز و لایەنێک پێویستە بە بەرپرسیارییەوە بجووڵێتەوە.
کۆبوونەوەکە رۆژی دووشەممە ٧ی تەمووزی ٢٠٢٥ لەچیا سەرکەشەکانی کوردستان بەڕێوە چوو.