سەردار ستار
ئێـران لـەنێوان هێرشی ئەمریکا و دەستپێشخەری رێبەر ئاپۆ
ئەمریکا و ئیسرائیل وەک دوو هێزی جمکە، بەردەوام پلانەکانیان بەهاوبەشی بەڕێوە دەبەن. واتا ئەمریکا هیچ پلانێک بەڕێوەنابات، ئەگەر ئیسرائیلی هاوبەش نەبێ، یان لە بەرژەوەندی ئیسرائیل دا نەبێ. دوای کەوتنی سۆڤیەت، بەگشتی جیهان و بەتایبەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەرگاکانیان بۆ کرایەوە. بەڵام بەتەواوی کۆسپەکانی بەردەمی تەواو نەببوون، ئەوانیش رژێمی بەعسی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران بوون. هەرچەندە دەوڵەتی سوریا لەسەردەمی حافز ئەسەد هەوڵی سازشیدا لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام لەسەردەمی بەشار زیاتر بەلای رووسیا و ئێرانیدا شکاندەوە، بۆیە تاوانی کوشتنی رەفیق حریری و مەترسی بۆسەر بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیلی کەوتە سەر.
لە دوای ٢٠٠٣ ئەمریکا زیاتر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خۆی بەجێکرد، هەرچەندە تورکیا ناڕازیبوو بۆ لەناوبردنی رژێمی سەددام، بەڵام ئێران سازشێکی زیاتری لەگەڵ ئەمریکا بەرەوپێشەوە برد، چونکە لایەنگرانی ئێران هاتنە ترۆپکی دەسەڵاتی عێراق، بۆیە سازشێکی ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوە دەچوو.
لەگەڵ تورکیا، سوونیەکانی عێراقیش دەسەڵاتیان بایکۆت کرد، ئەمە وایکرد بەرەی پەدەکەی عێراق و سوونە و تورکیا رۆڵێکی لاوەکیان هەبێ، ئەمەش هۆکاربوو ئەمریکا و شیعە پێویستیان بە کەسایەتی ج.تاڵەبانی هەبوو بۆ سەرۆککۆماری عێراق.
ناڕەزایی سوونیەکان لە ڕێگەی سعودیە، قەتەر، ئیمارات لەلایەک و تورکیا و پارتی لەلایەکیتر، گرووپە توندئاژۆ و رادیکاڵەکانی بەردایە گیان سوپای ئەمریکا و دامودەزگای شیعەکان و کورد. تا گەیشتە ئەو ئاستەی کۆشکی سپی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لەعێراق بدات، لە سەردەمی باراک حسێن ئۆباما. ئەمەش لەلایەک دەستی تورکیای کردەوە، هەمانکات سونییە توندئاژۆکان زیاتر پشتیان بەهێزە خۆماڵیەکان بەست، ئەنجام بە کۆکردنەوەی گروپە پەڕاگەندەکانی وەک گاردی کۆماری، فیدایانی سەددام، کۆنە بەعسی بەسەرپەرشتی عیزەت دووری و رەغد سەددام و مەسعود بارزانی، لەگەڵ نەخشبەندی و کادیرەکانی ئەلقاعیدە، بەئاگاداری ئەمریکا و ئیسرائیل لە پایتەختی ئوردن یەکەمین کۆنگرەی دامەزراندنیان بۆ داعش بەست.
داعش سەرەڕای زۆری پشتگیرییە هەرێمیەکەشی، بەڵام نەیتوانی بەسەر کورد و شیعە سەرکەوێ، دوای ئەوەی ئەمریکا بینی لە کۆبانێ داعش تێکدەشکێ، بۆیە بەناچاری هێزەکانی گەڕاندەوە، سنورێکیشی خستە نێوان خۆی و داعش و بەرەی نوسرە، زیاتر کارەکان و پشتیوانیەکانی بۆ گرووپە ئیخوانیە توندئاژۆکان لە رێگەی تورکیا و قەتەر بەڕێوە دەبرد. تێکشکانی داعش لەسەر دەستی شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستان، پلانی ئیسرائیل ـ ئەمریکای تێکدا، بۆیە رێگەیان بۆ تورکیا کردەوە بۆ داگیرکردنی عەفرین و گرێ سپی و سەرێکانی، لەلایەکیتریش خۆیان زیاتر بڵاوکردەوە لە رۆژئاوا، گوایە پشتیوانی شەڕڤانان لە شەڕی دژی داعش دەکەن.
لەشەڕی داعش ئێران لاواز نەبوو، بەڵکو لەلایەک حەشدی شەعبی دامەزراند وەک مۆدێلی سوپای پاسداران، حەماس و حیزبوڵای بەهێز کرد، سوریای بەعسی بە هاوکاری رووسیا خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی، لەلایەکیتریش حوسیەکانی بەردایە گیانی سعودیە و ئیمارات. ئەمریکا و ئیسرائیل ویستیان بە هێرشی لۆکاڵی سنورێک بۆ ئێران دابنێن، بەتایبەت کشانەوەی ئەمریکا لە پەیمانی ئەتۆمی، کوشتنی قاسم سلێمانی لە بەغدا و هێرشەکانی ناوخۆی ئێران تا کوشتنی ئیبراهیم رەئیسی، بەڵام ئەمانە هەموویان کاریگەری ئەوتۆیان لەسەر لاواز کردنی ئێران لە هەرێمەکە نەدەکرد.
ئێران و هاوپەیمانەکانی ویستیان بە ئۆپەراسیۆنی ئەقسای ٧ی ئۆکتۆبەر، ئیسرائیل ئاقڵ کەن و سنورێکی بۆ دابنێنن، بەڵام بەپێچەوانەی ئامانجی هێرشەکەی ئەوان، ئیسرائیل نەکەوتە پاراستن، بەڵکو هێرشی هەمەجۆری پێشخست و تا ئەم کاتژمێرەش هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بەردەوامییان هەیە. ئەنجامی شەڕی دووساڵە، حەماس و حیزبوڵا لە پەلوپۆکەوتن، سوریای بەعس رووخا، ئێران کشاوەتەوە سنورەکانی، حوسیەکان تەنگیان پێهەڵچندراوە، رووسیا لە ناوچەکە پێگەی لاواز بووە. لە ئێستادا ئەمریکا و ئیسرائیل خەریکی چنینەوەی بەرهەمەکانی دوای شەڕن، بەتایبەت لە پرۆژەی رێگەی بازرگانی داود و رێکخستنی دەوڵەتەکان لەناو پرۆژەی ئیبراهیمی، هەژموونی خۆیان لە ناوچەکە ئەسەپێنن.
پرسیارە گەورەکە لێرەدایە،
– ئەمریکا دەستێوەردانە نوێکەی بۆ ئێران چۆن دەبێ، عێراق دەکەوێتە بەر بای لاواز بوون و سنوردار کردنی ئێران؟؟
– ئەو نەخشەیی ناتانیاهۆ لە کۆبوونەوەی ساڵی رابردووی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریخست، ئایا دەتوانێ جێبەجێی بکات؟
– ئیسرائیل بەبێ ئەمریکا هێرشی ئێران دەکات؟
– تورکیا و کورد بە چ دۆخێک دەگەن؟؟
گەلی کورد لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆ و پەکەکە، لەماوەی ٣٤ ساڵی رابردوو، لە دەرفەتێک دەگەڕان، بۆ ئەوەی بتوانێ لەناو شەڕی سێیەمی جیهانی، شوێن قەوارەیەک بۆ گەلی کوردستان بەدەستبخات، بەڵام پەکەکە لەلایەن ئەمریکا و تورکیا و هاوپەیمانە کوردەکانیان، رووبەڕووی شەڕی ئۆکتۆبەری ١٩٩٢ کرایەوە. پاشان لە سەرەتای نەورۆزی ١٩٩٣ بەنێوەندگیری ج.تاڵەبانی، ئاگربەستی راگەیاند و دەرفەتێکی دۆزیەوە، تاکو گەلی کورد و گەلانی تورکیا تێبگەیەنێ کە کورد دەیەوێ کێشەکانی لە تورکیا بەبێ شەڕ چارەسەر بکات، بەڵام گلادیۆی ناتۆ لە ناو دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی ناو پەکەکە لە رێگەی شەمدین ساکک، نەیان هێشت پرۆسەکە دەستپێبکات، ئەمەش هۆکاربوو بۆ لەناوبردنی تورگۆت ئۆزالی سەرۆککۆمار.
رێبەر ئاپۆ بەردەوام بوو لە دەستپێشخەریەکانی، لەلایەک گۆڕانکاریەکانی ناوخۆی پەکەکەی دەستپێکرد، بەتایبەت لە کۆنگرەی پێنجی ١٩٩٥، دیسان لەگەڵ دەوڵەتیش لە موخاتەبێک دەگەڕا. نەجمەدین ئەربەکان هەوڵێکی سەرەتاییدا، بەڵام دیسان رووبەڕووی هێرش و کودەتای ناوخۆیی کرایەوە لەلایەن گلادیۆ، ئەویش بەناوی کودەتای پۆست مۆدێرن لە شوباتی ١٩٩٨ و هێنانە دەسەڵاتی کادیرانی گلادیۆ لە کەسایەتی تانسۆ چیللەر و سلێمان دەمیڕاڵ.
هەرچەندە رێبەر ئاپۆ هەوڵەکانی چڕ کردوە، لە پاییزی ١٩٩٨ پرۆژەیەکی چارەسەری دیموکراتیانەی لە رۆما پێشکەشی رای گشتی کرد، بەڵام لەلایەن گلادیۆی ناتۆوە بە سەرپەرشتی ئەمریکا و ئیسرائیل جاڕی پیلانگێڕی نێودەوڵەتیاندا، ئەنجام لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ رێبەر ئاپۆیان بەدیلی رادەستی تورکیا کردەوەو لە ئیمڕالیان توند کرد.
لەبەر دووربینی بۆ رووداوەکە و زانینی بەڕێوەچوونی پیلانگێڕیەکی نێودەوڵەتی، بۆیە ڕێبەر ئاپۆ بانگی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیانەی کرد لە بەڕێوەچوونی یەکەمین دادگا کردنی لە ئیمڕالی لە حوزەیرانی ١٩٩٩. لەسەر ئەو بنەمایەش لەلایەک داوای دوو گرووپی کرد بۆ نیاز پاکی بگەڕێنەوە تورکیا، لەلایەکیش گۆڕانکاری ستراتیژی لە حەوتەمین کۆنگرەی نائاسایی پەکەکەی خستە گفتوگۆوە.
گۆڕانکاری لە ستراتیژ و پاشان پارادایمی پەکەکەش لەلایەنی هزری و فەلسەفی پێکهاتن، هەوڵدرا لە شێوازی بەڕێوەچوونی تێکۆشانیش گۆڕانکاری دروست ببێ، بەڵام لەبەر ئەوەی دەوڵەتی تورکیا بەتاکتیکی قازانج کردنی کات، دەچووە پرۆسەکانی دانوستان. بۆیە هەریەک لە دانوستانەکانی ئیمڕالی لە ٢٠٠٠ تاکو ٢٠٠٥، دانوستانەکانی ئۆسلۆ لە ٢٠٠٧ تاکو ٢٠٠٩، پاشان دانوستانەکانی دووبارەی ئیمرالی لە ٢٠١٢ تاکو ٢٠١٦، بێ ئەنجام کۆتاییان هات.
لە ٢٠١٤وە دەوڵەتی تورکیا ستراتیژی خۆی گۆڕی، لە چارەسەری سیاسی، بۆ لەناوبردنی یەکجارەکی بەناوی (پرۆژەی ئەژنۆ شکاندن). بۆ ئەمە ئەمریکا و ئیسرائیل و ناتۆ پشتیوانیەکی سەرەکی بوون، بۆ گۆڕینی هاوسەنگی شەڕ، بەتایبەت لە دابین کردنی تەکنەلۆژیای شەڕ و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تا دەگاتە پەیوەندیە سیخوڕیەکان لەلایەن دەزگای پاراستن و کەوتنە خزمەتی حکومەتی هەرێم و عێراق. ئەم پشتوانیە زیادی کرد کاتێک بۆ جاری یەکەم ئەمریکا راستەوخۆ لە پایزی ٢٠١٨ سێ کادیری پێشەنگ و سەرپەرشتیاری خەباتە سەرەکیەکان، نرخی بۆ دیاری کردن ئەوانیش(جەمیل بایک، دوران کاڵکان و موراد قەرەیلان) بوون. ئەوان هەموویان چاوەڕێ بوون کە پەکەکە بەرگەی هێرشەکان و رێبەر ئاپۆش بەرگەی گۆشەگیریەکە ناگرێ. بەڵام دوای ١٠ ساڵ لە سەختترین شەڕ، لە هەرسێ بەرەی هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و رۆژئاوای کوردستان و ئیمڕالی، نەگەیشتنە ئەو ئەنجامەی چاوەڕێیان دەکرد.
دوای کەوتنی سوریا و پاشەکەشێی ئێران لە ناوچەکە، تورکیا پەیامی خۆی وەرگرتووە، نۆرە دێتە سەر تورکیا. بۆیە ئێستا دەوڵەتی تورکیا، سیاسەتی تاکتیکی خۆ رزگار کردن پیادە دەکات. تورکە گورگە بۆرەکان کە خۆیان بە پلە یەکی تورکیا دەزانن، بۆیە کەوتنە هەڵمەتێک، بۆ ئەوەی تورکیا بەر لەوەی بکەوێتە بەر شەپۆلی گۆڕانکاری ئەمریکا ـ ئیسرائیل، ئەوان خۆیان گۆڕانکاریەکان بکەن. واتا ئەوەی دەوڵەتی تورکیا دەیکات، بۆ دەوڵەت ستراتیژیە، بەڵام لەگەڵ کورد تاکتیکە، بەبێ کوردیش ناتوانن مەترسیەکان لەسەر خۆیان تێپەڕێنن، بۆیە لەم سۆنگەیەوە ئێستا دەوڵەتی تورکیا، هیچ هەنگاوێک بەبێ کورد ناتوانێ باوێژێ.
ئەوەی ئەم قۆناغە جیا دەکاتەوە لە قۆناغەکانیتر، ئەویش دەستپێشخەری لە ناو خودی دەوڵەتە، واتا لەلایەن دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستەوە (مەهەپە) هاتووە، بە واتایەکیتر کێشەی کورد موخاتەبی هەیە، رووبەڕووش تۆپەکە ئاراستەی موخاتەبی کورد و پەکەکە ئەویش رێبەر ئاپۆ کراوە.
دوای جێگربوونی ئەمریکا لە رۆژئاوا و پشتیوانیەکانی بۆ قەسەدە، دەوڵەتی تورکیا کێچی کەوتە کەوڵ. وای لێکدەداتەوە ئەمە هاوپەیمانیەتی پەکەکە و ئەمریکایە. بۆیەش ترسی هەیە ئەمریکا و ئیسرائیل، بەگشتی پەکەکە لە دژی تورکیا وەک کارتێک بجوڵێنن. واتا ئەو یاریەیی ئەمریکا لە باشوور دەیکات لەڕێگەی پەدەکە و یەنەکە، هەمان یاری لە باکوور و تورکیا بکات. بۆیە لە ئێستاوە رێکارەکانی پاراستنی خۆی وەردەگرێ و داوای هەڵوەشانەوەی پەکەکەی کرد. لەلایەکیتریش فاشیزمی نەتەوەپەرستی تورک، لەکەسایەتی دەوڵەت باخچەلی، تێگەیشتن هەتا نکوڵی لە گەلی کورد بکرێ، دەوڵەتی تورکیا بەردەوام کراوە دەبێ بۆ دەستێوەردانی دەرەوە. بۆیە دوای ٩٩ ساڵ فاشیزمی تورک دانی بەهەبوونی کوردنا و گوتی کورد و تورک بران. لەساڵی ١٩٢٥ وە تورک کوردیان نەک وەک دوژمن پەسەند نەبوو، بەڵکو هەبوونیان وەک مرۆڤ قەبوڵ نەدەکرد، دەیانگوت کلکیان پێوەیە، واتا هێشتا لە قۆناغی سەرەتای مرۆڤایەتین و لە مەیمون جیا نەکراونەتەوە. تائێستاش نەیان سەلماندوە کە شەڕیان لەگەڵ گەلی کورد هەیە، بەڵکو دەڵێن، شەڕ لە دژی تیرۆر.
وەڵامدانەوەی رێبەر ئاپۆ بۆ دەستپێشخەریەکەی دەوڵەت باخچەلی لە ماوەیەکی کورت، بەڵام بە وەرگرتنی رای هێز و لایەنە سیاسیە کوردستانییەکان، هەروەها رای پەکەکە و تەڤگەری ئازادی، لەلایەک جێگەی سەرسوڕمان بوو، لەلایەکیش هەڵسەنگاندنێکی ژیرانە بوو بۆ بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا. زۆر کەس و لایەن ئەوەیان دەگوت کە دەوڵەتی تورکیا دەمێک ساڵە لە گفتوگۆدان لەگەڵ رێبەر ئاپۆ، بەڵام لە دیدارەکانیدا رێبەر ئاپۆ گووتی، سێجار لەگەڵ بەرپرسی یەکەمی میت رامان گۆڕیوەتەوە، ئەویش بەنوێنەرایەتی سەرۆککۆمار و سەرۆکی مەهەپە هاتوون بۆ دیدارەکان، بەڵام هیچ بەڵێن و پەیمان لە نێوانمان نییە.
دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، لەبەر ئەوەی زاڵمترین و بێ رەحمترین و گەورەترین داگیرکەرە لە سەر کوردستان، بۆیە خەڵکی کوردستان ترسیان لە هەر هەڵسوکەوتێکی هەیە. مێژووی ساڵانی ٢٠ لە ئامەد و ساڵانی ٣٠ لە دێرسیم و ئاگری، گەواهیدەرن بۆ خوێنڕێژترین دوژمنی سەر ڕووی زەوی. لە پەنجا ساڵی رابردووش خودی باخچەلی زۆرترین دوژمنایەتی لە دژی گەلی کورد و پەکەکە کردووە، کۆمەڵکوژی مەڕەش و ١٧ هەزار بکەری نادیار و ملیۆنێک جەیش و جاش لەکوردستان، دەیسەلمێنێ کە ئەوەی رووبەڕووی بووینەتەوەو دەمانەوێ بە ئاشتی و رێبازی سیاسەتی دیموکراتیانە کێشەکەی لەگەڵ چارەسەرکەین، هەروا سادەو ساویلکە نییە.
بوێری رێبەر ئاپۆ بۆ وەڵامدانەوەی دەستپێشخەریکەی باخچەلی – ئەردۆغان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تووشی سەرسوڕمان کرد، بۆیە لە چینەوە تا ئەمریکا هەموو هێز و لایەنێک پشتگیریان کرد، لەبەر ئەوەی بانگەوازی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥، بەناوی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی، هەمانکات کۆتای هێنان بە خەباتی پەکەکە وەک پارتی و هەپەگە وەک تێکۆشانی چەکداری بوو، دوای ٥٢ ساڵ لە تێکۆشان، بڕیارێکی هەروا سادە و ساکار نەبوو. کێشەی کورد پێویستی بەچارەسەری هەیە، پەکەکە بۆ ئاوا کردنی دەوڵەتێکی کوردی سۆسیالیستی دەرکەوتبوو، بەڵام هەلومەرج گۆڕان، بۆیە دەکرێ لە شێوازیتری چارەسەری بگەڕێت، سۆسیالیزمی بونیادنراو یان سۆسیالیزمی دەوڵەتی هەڵوەشایەوە، بەڵام گەلان دەتوانن سۆسیالیزمی خۆیان ئاوا بکەن، بەناوی سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتی.
هەموو بزووتنەوەکانی کوردستان و بزاڤە رزگاریخوازەکان، تا چەک لەشانیان بووە، وەک هێزێکی شۆڕشگێڕ و رادیکاڵ و گۆڕانخواز پێناسە کراون، دوای ئەوەی بێچەک بوونە، وەک هێزێکی خۆبەدەستەوەدەر ناسراون. دیارترین نمونەش لە مێژووی نوێی کوردستان، چەکدانان و وازهێنانی (ئاشبەتاڵی) پەدەکە و م.بارزانییە لە ساڵی ١٩٧٥. ئەو پرۆسەیەی ئێستا رێبەر ئاپۆ دەستی پێکردووە بەتایبەت لە تورکیا، بەبێ چەک بەردەوامی کردنی تێکۆشانی شۆڕشی دیموکراتییە، واتا چەکەکانی یاسا و سیاسەت دەبنە چەکی سەرەکی تێکۆشان، دیسان لە سەر بنکەیەکی جەماوەری بەهێز. هەروەها گرەنتی کردنی ماف و ئازادیەکانی گەلی کورد لە دەستور و یاسا بنەڕەتیەکان، دواتر پرسی چۆنیەتی بەکارهێنان و دانانی چەک خستنە گفتوگۆ. بۆیە وەک چۆن دەڵێن، سیاسەت بە رەش و سپی ناکرێ، بەهەمان شێوە تێکۆشان لە پێناو ئازادی و چارەسەری دیموکراتیانەش، تەنها بە رەنگی رەش و سپی ناکرێ، دەکرێ شێوازەکانیتریش لە تێکۆشان تاقی بکرێنەوە.
لە باکوری کوردستان و تورکیا و ئەوروپا، بەهەمانشێوە لە پارچەکانیتری کوردستانیش، لەگەڵ ئەوەی رێبەر ئاپۆ و پەکەکە کاریگەریەکی سەرەکیان هەیە، دیسان بە هەزاران دامودەزگا و رێکخراوی مەدەنی و هونەری و پەروەردەی و ژنان و گەنجانیان ئاواکردووە، ئەم بنکە جەماوەریە دەیان ملیۆنیە، لە سەردەمی ئێستا لە خەباتی چەکداری و توندوتیژی شۆڕشگێڕانە، دەگۆڕدرێت بۆ خەباتی سیاسی دیموکراتی، لەو پێناوەش ستراتیژیەت و پارادایمیش ئامادەکاری بۆکراوە. ئەوەی بونیاد دەنرێت لەوەی دەگۆڕدرێت بەرهەمدارترە، ئەگەربێت و هەمەلایەنی خاوەنداریەتی لێبکرێت، واتا ئەرکەکان تەنها لەسەر شانی رێبەر ئاپۆ نەهێڵین. سەرجەم گەلی کورد و ئازادیخوازان، بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان دەکرێ وەک هەڵمەتێکی نوێی شۆڕشگێرانە رۆڵی خۆیان تیا ببینن.
ئێران وەک یەکێک لەو دەوڵەتانەی کە پێویستی بە گۆڕانکاری دیموکراتیانە هەیە، چونکە خودی ئێران وەک کۆماری ئیسلامی لەبەردەم دەستێوەردان و گۆڕانکاریەکی هەژموونی دایە، ئیتر هەژموونگەرایی ئەمریکا ـ ئیسرائیل دەیانەوێ سنورێک بۆ هەژموونی ئێران دابنێن و لە ئەتۆم دایبماڵن. ئیسرائیل پەلەیەتی نایەوێ جارێکیتر ئێران ببێتەوە خاوەن هەمان دەستڕۆیی جاران و خۆی کۆبکاتەوە، هەندەی ئەمریکایە دەیەوێت نەکەوێتە ناو شەڕێکی گەرم لەگەڵ ئێران، بۆیە دەیانەوێ لەجیاتی شەڕ بە هێزی دیبلۆماسی ئێران لاواز بکەن، واتا بە با و بەباران لە تەمەنی بەفر کەم دەکەنەوە.
ئێران دەزانێ رووبەڕووی هێرشی هەژموونگەرای ئەمریکا و ئیسرائیل بۆتەوە، بەڵام وەک دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، رێوی دەرەوەو شێری ماڵەوەن. ئێران ئامادەیە هەموو سازشکاریەک بۆ ئەمریکا بکا، بەڵام نایەوێ شەڕ و ئاژاوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ
سوونی و ئیسرائیل تەواوبێ. بەهەمانشێوە لەگەڵ گەل و نەتەوەکانی ناوخۆشی تەنها زمانی چەکی سەرکوتکردن و سێدارە دەزانێ.
گەلی کورد و گەلانی جوگرافیای ئێران، شەڕی چەکداری و تێکوچوونی شیرازەی کۆمەڵگەی ئێران، لە بەرژەوەندیاندا نییە، بەڵام چیتریش ئەم رژێمە بەمشێوازە ناتوانێ بەردەوامبێ، پێویستە لەئێران بەبێ دەستێوەردانی دەرەوە گۆڕانکاری بکرێ، ئەگەر کۆماری ئیسلامی بۆ گۆڕانکاری ئامادە نەبێ، ئەوا دەستێوەردانەکانی دەرەوە دەکەونە ئەستۆی ئەو. گەلی کوردستان و گەلانی تری ئێران لە سێ ساڵی رابردوو خاوەن ئەزموونی شۆڕش و سەرهەڵدانەکانی ژن، ژیان، ئازادین، ئەمەش دەیسەلمێنێ کە گەلانی ئێران دەیانەوێ گۆڕانکاری لە سیستەمی ئێران بکەن، نەوەک بیڕوخێنن. پارادایمی گۆڕانکاریشیان دیاری کردووە، بە واتایەکیتر گەلانی ئێران لەسەر پارادایم و دروشمی تێکۆشانی دیموکراتیانەیان رێککەوتوون، بۆیە هەنگاونان بەرەو تێکۆشانی دیموکراتیانەی رادیکاڵ کارێکی ئەستەم نییە.
هێزە سیاسیە کوردستانییەکان پێویستە لە یاری دەستی هەرێمی کوردستان و هێزە دەستێوەردەرەکان دەرکەون، دیسان بەیەک پاکێج دانوستان لەگەڵ رژێم ئەنجامبدەن، چونکە هەر هێز و گروپێک بەتەنها لاوازە. لە هەرێمی کوردستان هەندێک هێز هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی هێز و لایەنەکانی رۆژهەڵات، دانوستان لەگەڵ ئێران ئەنجامبدەن، بەڵام وەک بەردەوام لەنیوەی رێگە بەتەنها بەجێیان دەهێڵن. لە ١٩٩٣وە تاکو ئەمڕۆ هێزەکانی رۆژهەڵاتی ژێر هەژموونی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، بەنیوە رۆحەوە وەک کارتێک لە دژی ئێران بەکاردەهێنرێن. چەندین جار دانوستان و دیداریان دەستپێکردوون، بەڵام ئەنجام بە کارەسات تەواو بووە. بەتایبەتیش تیرۆری د.قاسملو و شەرەفکەندی، هەروەها تیرۆری سەدان کادیر و ئەندامی حیزبەکان لە هەرێمی کوردستان، رووی راستەقینەی دۆخەکەمان باشتر بۆ شی دەکەنەوە.
ئەو پرۆسەیەی رێبەر ئاپۆ لە باکور و تورکیا دەستیپێکردووە، وەک چۆن کاریگەری راستەوخۆی لەسەر رۆژئاواو سوریا هەیە، بەهەمانشێوە کاریگەری لەسەر رۆژهەڵات و ئێرانیش هەیە. چونکە کۆدی چارەسەری کێشەکان دۆزراوەتەوە، ئەوکات پێویستە لایەنەکان گفتوگۆیەکی لەشێوەی پلاتفۆڕم لەناوخۆ پێکەوە بکەن، بۆ ئەوەی بتوانرێ رێککەوتن و هاوبیریەکی بەرفراوان هەبێ لەسەر گۆڕانکاری و وەرچەرخان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان. گۆڕانکاری لە ئێران تەنها لە بەرژەوەندی گەلی کوردا نییە، بەڵکو خزمەت سەرجەم گەلان و نەتەوەکانی ئێران دەکات بەبێ جیاوازی. بۆ ئەوەی زەمینەی دانوستان و باوەڕ هێنان بە گۆڕانکاری دروستبێ، لەلایەک پێویستە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی دەرەوە لەکارتی دەوڵەتە هەژموونگەراکان دەرکەون، بەهەمانشێوە دەوڵەتی ئێرانیش وەک دوژمن سەیری هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان نەکات، پێچەوانە زەمینەی باوەڕبوون بە دانوستان و پێکەوە چارەسەر کردنی کێشە بنەڕەتیەکان دروست بکرێت، لەهەمووشی گرنگتر گۆڕانکاری لە دەستور و یاسا بنەڕەتیەکانی ئێران ببێتە خاڵی وەرچەرخان.
ئێران وەک چۆن ئێستا بۆتە ناوەندی گەرمکردنی شەڕ و ئاڵۆزی، بەهەمانشێوە دەکرێ ببێتە ناوەندی وەرچەرخانی دیموکراتیانەش. گەلی کورد و گەلانیتریش لەوبارەیەوە دەکرێ رۆڵێکی پۆزەتیف ببینن و کۆتای بە شەڕ و ناکۆکی و ململانێی چەکداری پاسیف بهێندرێ، پێکەوە ئێرانێکی دیموکراتی ئاوا بکرێ کە ماف و ئازادی سەرجەم گەل و نەتەوەو ئاین و ئاینزاکانی تێدا مسۆگەربێ.
تەڤگەری ئاپۆچی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، خاوەن پێگەیەکی رێکخستنی و پراکتیکێکی ٢٥ ساڵەیە. لەوپێناوە قوربانیداوە لە شاخ و لەشار و لە زیندانەکان، بەشێکە لە هاوسەنگی سەرەکی رێکخستنی سیاسی لە ئێران. لەئێستاشدا خاوەن هێزێکی تۆکمەیە و لە ناوخۆ و دەرەوە خۆی بەڕێکخستن کردوەو باوەڕیشی داوەتە گەلی کورد و گەلانی تری ئێران، ئەمەش لە سەرهەڵدانەکانی ژن، ژیان، ئازادی بەئاشکرا دیاربوو. بۆیە لەشوێنی خۆیەتی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی کە رێبەر ئاپۆ پێشەنگایەتی دەکات، رەنگدانەوەی لە گۆڕەپانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیش هەبێ. دەوڵەتی ئێران خودی خۆی پشتیوانی لە هەنگاوەکانی رێبەر ئاپۆ و پەکەکە کرد، ئەوکات زەمینە زیاتر لەبارە بۆ ئەوەی دانوستان و گفتوگۆ لەبارەی چارەسەری دۆزی کورد و دیموکراتیزە کردنی ئێران لەگەڵ بڕیار بەدەستانی بکرێ.
دەوڵەتی ئێران ئەگەر بەنیازە کێشەکانی لەگەڵ کورد و نەتەوەکانیتر، بەئاشتی چارەسەر بکات و خۆی لە دەستێوەردانی دەرەوە رزگار بکات، ئەوا تەڤگەری ئاپۆچی دەکرێ لە رۆژهەڵات ئەو بارە بخاتە سەرشانی و ئامادەکاری خۆی بۆ قۆناخێکی بەوشێوەیە بکا. دیموکراتیزەکردنی تورکیا و ئێران، شاڕێگەکەی چارەسەری دیموکراتیانەی کێشەی کوردە. ئەوکات خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی دیموکراتیانەش دەبێتە حەقیقەت، ئیتر شەڕ و ئاڵۆزی و کۆمەڵکوژی و لەناوبردن، بەرۆکی گەلان بەردەدات. ئیدی کاتی هاتووە گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە ئازادی و یەکسانی لەسەر خاک و ئاوی خۆیان پێکەوە بە ئاشتی و دیموکراتیانە بژین.