بە کەڵک وەرگرتن لە زمانی گەشەکردوی کوردی، دەکرێ باشتر بەهاکانی ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک وێنا و هەست بکرێ 

راگەیاندراوی مەجلیسی پژاک

١٥ی گوڵان ڕۆژی بەرزڕاگرتنی زمانی کوردی و پاراستنی کولتووری دێرین و رەسەنی گەلی کوردە کە بەشێکی بەهادارە لە کلتووری دەڵەمەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەرز نرخاندنی زمانی کوردی و پەرەسەندنی لە هەر چوار بەشی کوردستان لە بەرامبەر سیاسەتەکانی قڕکردنی کلتووریی سیستمە دەسەڵاتدارەکان بە ئەرکێکی ئەخلاقی، سیاسی و رۆشنبیرانە دێتە ئەژمار.  ڕۆژی زمانی کوردی لە هەموو تێکۆشەرانی رێگەی ئازادی و وڵاتپارێزانی ڕاستەقینەی گەلەکەمان پیرۆزبایی دەکەین.

زیاتر لە سەدەیەکە دەسەڵاتی سیستمە پاوانخوازەکان بە سەر کوردستان و گەلەکەمان بەردەوامی هەیە. لەم ماوەیەدا گەلەکەمان بۆ زیندووڕاگرتن و پاراستنی زمانی کوردی و کولتووری مرۆڤ دۆستانە لە سەر بنەما دیموکراتییەکان تێکۆشانێکی بێ هاوتای بەڕێوە بردووە و لەم پێناوەدا شەهیدی زۆری پێشکەش بەم تێکۆشانە کردووە. هەر لەم بۆنە پیرۆزەدا یادو تێکۆشانی هەموو شەهیدان بە رێزدارییەوە بە بیر دەهێنینەوە. 

نەتەوەی کورد یەکێک لەو نەتەوە فیداکارانەیە کە بە تێگەیشتن لە گرنگی خەبات بۆ ئازادی و دەستەبەرکردنی دیموکراسی، گەلێک تێچووی ماددی و مەعنەوی گەورەی بۆ ئەم مەبەستە پێشکەش کردووە. نەتەوەیەک کە بە دەست سیاسەتی قڕکردنی کلتووری و رەگەزی  گیرۆدە ببوو، لە ئەنجامی خەباتی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خۆی و قوربانیدانێکی بێ هاوتا، قۆناغی قڕکردنی تێپەڕ کرد و بە دوای تێپەڕکردنی ئەم قۆناغە، لە قۆناغی بەدەستهێنانی ئازادی راستەقینەدا لە تێکۆشان بەردەوامە. بە پاراستن و گەشەکردنی زمانی کوردی و بە تەواوی کلتووری دێرینی گەلەکەمان، دەتوانین ئەو سەرکەوتن و دەستکەوتە بەنرخانە مانادارتر بکەین. زمان، وەک هەبوونێکی کلتووری، بەشێک لە شوناسە کە لە سەر بنەماکانی دیموکراسییەتی گەشەسەندوو راوەستاوە و بەشێکە لە بەها و دەوڵەمەندییەکانی زمان و کلتوورەکانی جیهان. 

بێ گومان مرۆڤایەتی ڕاستەقینە لە گرەوی هەبوونی کلتوورێکی ڕاستەقینە دایە. لەم پێناوەدا نەتەوەیەکی وەک نەتەوەی کورد بە کەڵک وەرگرتن لە بنەماکانی ئازادی و دیموکراسی خوازانە، دەتوانێت کولتوورێک لە تێکۆشان بکاتە پێوەر کە نەبێتە هۆکاری ئینکار و نکۆڵیکردنی  هیچ جۆرە هەبوون و پێکهاتەیەکی دیکە. بنەماکانی تێکۆشانی ئێستای کورد لەم پێوەندییەدا بەهادار و  مرۆڤدۆستانەیە کە بایەخی گرنگ بە هەموو زمان و کلتووری نەتەوەکانی دیکە دەدات. کورد بە پەرەپێدانی ئەم ئەندێشەو زێهنییەتە، جیهانی ئەم سەردەمە، کە تووشی سیستمە فاشیست، نکۆڵیکەرو کۆمەڵکوژەکان هاتووە، بۆ پلۆرالیزمی کلتووری هان دەدات. تەنیا لە ئەنجامی ئاواکردنی دنیایەکی ڕاستەقینەی وەهادا، بە مەرجێک هەموو زمان و کلتوورەکان پارێزراو بن، دەکرێ زمان و کلتووری کوردی لە لەناوچوون ڕزگار بکرێت. گەلی کورد و بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەی لەسەر بنەمای فیداکاریی گەل و هێزەکانی گەریلا، قڕکردنی کلتووری لە لایەن سیستمە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانیان ڕەتکردۆتەوە. بێ گومان ئەم تێکۆشانەی گەلەکەمان خزمەتێکی بێ وێنەی بە سەرجەم گەلانی ستەم لێکراو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.

 زمانی کوردی زمانی پێناسە و سەلمێنەری رەوایی کلتووری هەزاران ساڵەی زاگرۆس و گەلی کوردە، کە بۆ گەشەکردنی کلتووری مرۆڤایەتی دایکایەتی کردووە. زیان گەیاندن بە نەتەوەی کورد و بە کلتوورەکەی لە ئەساس دا زەربەلێدانێکی قەرەبوونەکراوە بە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە زمانی کوردی زمانی تێکۆشانە بۆ دەستبەرکردنی گۆڕانکاریێکی هاوچەرخ.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیشدا هەوڵی ئەوە دەدەین کە زمانی کوردی ببێت بە زمانی تێکۆشانی ئازادیخوازانە و گەشپێدەری زێهنییەتی دیموکراتیک و لەم پێوەندییەش دا سەرکەوتنی زۆر بە دەست هاتووە. زمانی کوردی بە پێشەنگایەتی گەلەکەمان بۆ ئازادی گەلان و ژنان دەتوانێت ببێتە زمانی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” و  هاوشانی هەموو زمانی ئەو نەتەوانە بێت کە ئەم رێبازەیان هەڵبژاردووە. زمانی هاواری گەلەکان لە دژی زوڵم ستەم. لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا، تەنیا ئەو کاتە دەکرێ سیاسەتە قڕکرەکانی سیستمی دەسەڵاتداری  کۆتایی پێ بهێندرێت کە دەرفەت بۆ هەموو گەلان و کلتوور و زمانەکان کراوە بێت. ئێستا کە دەرفەتی نکۆڵیکردن لە سەر زمانەکان نەماوە، ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان دەیانەوێ بە جێگیرکردنی خاڵێکی یاسایی و کەڵک وەرگرتن لەم بابەتە زمانی گەلان لە پەراوێز بخەن.

زمانی هەر نەتەوەیەک بەشێکە لە کلتوورێکی فراوان کە ئاماژە بە هەبوونی خۆی دەکات. بزووتنەوەی ئازادیخوازی نەتەوەی کورد بە کەڵک وەرگرتن لە ئەم زێهنییەتە، توانیویەتی یەکێک لە گەورەترین بزووتنەوەکانی ئازادیخوازی مرۆڤایەتی لە جیهان دا بونیاد بنێت. هەر وەک چۆن لە ئەنجامی ئەو تێکۆشانانەدا پرسی کورد بووەتە پرسێکی جیهانی، گرنگیدان بە زمانی کوردیش بەشێکە لەو بەجیهانیبوونە. بێ گومان قڕکردنی کلتووری دژ بە کورد لە ئێرانیشدا رەهەندێکی جیهانی بە خۆوە گرتووە و سیستمی ویلایەتی لە ئێران ناتوانێت خۆی لەم راستییانە دەرباز بکات. لە ئێستادا ئەوە سەلمێندراوە کە تێکۆشانی دەیان ساڵەی کورد توانیویەتی سیاسەتەکانی قڕکردنی کلتووری سیستمە دەسەڵاتدارەکان تووشی شکست بکا. کورد لە ئێستادا بیر لە ئازادبوونێکی گشتی دەکات و دەبێت لە پێوەندی لەگەڵ ئازادیی پەروەردە بە زمانی دایکی ئەم بابەتە بە رێکاری دیموکراتیک بگاتە سەرکەوتن. بەردەوامبوونی سیاسەتەکانی قڕکردنی کلتووری لە ئەساس دا بە واتای بەردەوامبوونی شەڕێکی سەرتاسەرییە کە دژ بە گەلەکەمان بەڕێوە دەچێت. بۆیە گەشەپێدانی تێکۆشان بۆ پاراستنی زمانی کوردی لە بنەڕەتدا ئەرکی هەموو تاک و بنەماڵەیەکی کوردە. بە کەڵک وەرگرتن لە زمانی پێشکەوتووی کوردی دەکرێ باشتر بەهاکانی ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک وێنا و هەست بکرێ. لەم پێوەندییەدا نابێ لە ئەرکی خۆمان بەرامبەر بە بەکارهێنان و پاراستنی زمانی کوردی غافڵ ببین.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی زمانی کوردی، هەموو گەلەکەمان بۆ فراوانکردن سەرخستنی تێکۆشانی ئازاد و دیموکراتیک لەم قۆناغە هەستیارەدا بانگ دەکات. کورد لە ئێستادا لە هەموو کاتێک زیاتر لە ئازادی نزیکە و پێویستە هەموو ماڵێک ببێتە فێرگەیەک بۆ زمانی کوردی. ئەم وشیاری و تەڤگەرە خۆڕسکە دەیان ساڵە لە هەموو بەشەکانی کوردستان بەڕێوە دەچێ و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشدا دەستکەوتی گرنگی لێکەوتووەتەوە، بەڵام بەس نییە. بەکارهێنان و گۆڕینی هەر شوێنێک بۆ فێربوونی زمانی دایکی، بە ئیرادە و وشیاری گەلەکەمانەوە مسۆگەر دەبێت. لەبەرئەوەی ئەم تایبەتمەندی و توانایە زۆر جار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەلمێندراوە. داوا لە  هەموو چالاکوانان، ڕۆشنبیران، مامۆستایان، ژنان و گەنجان دەکەین بە ئەرک و  بەرپرسیاریەتئ خۆیان رابن و هەڵمەتەکانی پاراستن و پەرەپێدانی زمانی کوردی لە هەموو کاتێک زیاتر بەهێز بکەن. ڕێکخستنی مەدەنی و خۆڕسک و جەماوەریی ئەم هەڵمەتانە بە رێکارە دیموکراتیکەکان پێویستی قۆناغی هەنووکەییە و لەگەڵ هیچ یاسایەکی مرۆڤایەتی دژبەر نییە. پێویستە رۆژی بەرز راگرتنی زمانی کوردی بە گوڕ و تینێکی زیاترەوە پیرۆز بکەین و هەموو رۆژەکانی ساڵ بکەینە رۆژی پەرەپێدان بە زمانی کوردی.

مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)

٢٤ی گوڵانی ٢٧٢٥ ی کوردی

بابەتی پەیوەندیدار