ئارام كەریم
رێككەوتن و لەیەك تێگەیشتنی زلهێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان رەنگە مەترسی دووبارەبوونەوەی كارەسات و نەهامەتیەكانی دووسەدەی رابردو، بۆ گەلی كورد و گەلانی ناوچەكەو تێكۆشانی ئازادیخوازانەی گەلان و چەوساوەكان لەرۆژهەڵاتی ناوین و جیهان لەگەڵ خۆیدا بهێنێ و زیندوو بكاتەوە.
جیهانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری سەرقاڵی خۆڕێكخستنەوە و داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی سیاسی ـ ئابوری ـ سەربازی جیهانە و بۆ ئەوەش دەیانەوێت بەبەكارهێنانی هەموو وزە و ماتەوزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان و بەكارهێنانی هێزە ناوچەیی و ستاتۆپارێزەكان و ئەو هێزە بەكرێگیراو و دەستەمۆكراوانەی بەساڵانە لەخزمەت و بەرژەوەندی و ئەجێندای ئەواندا كار دەكەن، جارێكی تر رێكبخەنەوە و فۆرمێكی نوێ و ئەركی نوێیان پێ بدەنەوە. راسپاردنی ئەو هێزانە و هاوڕاستا لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری كێشە و پرسگری هەرە مەزنە لەبەردەم تێكۆشانی مافدارانە و رەوای گەلان و چەوساوەكانی هەرێمەكە و جیهان.
هێزە لۆكاڵی و خۆجەییەكانی ناوچەكەش هەركامەیان دەیانەوێت وێڕای پاراستنی ستاتۆ كۆنەكەی خۆیان، پەرە بە پاراستنی بەرژەوەندیەكانیان بدەن و خۆیان لەگەڵ سیستەمە گشتگیرەكەدا رێكبخەنەوە. یەك لەو سیستەم و دەسەڵاتە چەوسێنەر و سەركوتكەرانەی هەرێمەكە رژێمی ئێرانە. هەرچەندە رژێمی ئێران لقێكە لەسیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ـ مەزهەبی ـ دینی، بەڵام جارێكی تر و بەئامانجی رستۆرەكردنەوەی خۆی هەوڵدەدات لەگەڵ گۆڕانكاریەكانی دەسەڵاتی ناوەندی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری رێكبخاتەوە تەنیا بەو مەرجەی سیستەمی جیهانی هەیكەلە و فۆرمی رێكخستنی و دەسەڵاتەكەی بەگشتی نەكاتە ئامانج و دەرفەتی ژیان و بەردەوامی تەمەن و دەسەڵاتی پێ رەوا ببینن. ئەمە ئەو مەترسیەیە كە دەبێت گەلانی ئێران و گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و كوردان بەتایبەتی بیبینن و بەپێی ئەوەش پلان و بەرنامە و ستراتیژی تێكۆشان و بەربەرەكانی خۆیان لەبەرچاوان دەرباز بكەن و ریزەكانیان سەرلەنوێ رێكخەنەوە. رێكخستنەوە و پەیوەندی بەستن و كاری هاوبەش بەبنەما بگرن و لەپێناو بەستنی كۆنفرانس و كۆنگرەی نەتەوەیی دا ستراتیژیەتی نەتەوەیی دارێژن و هێزەكانیان یەكبخەن. بەتایبەتی لە ئەگەری رێككەوتنی رژێمی ئێران و ئەمریكا رەنگە هەندێ لەو هێزانەی تا ئێستاكە پشتیان بەناكۆكیەكانی سیستەمی جیهانی لەگەڵ ئێران بەستووە، زیاتر رووبەڕووی گوشار و تەنانەت پاكتاوكاری ببنەوە و ئەوەش وەك ئەگەرێك و گریمانەیەك لەبەرچاومان بێت و چاوەڕوان ئەوەش نەبین كە ئەو دەوڵەت و رژێمانە هیچ كات لەگەڵ یەكدیدا ناگەنە رێككەوتن و چارەنووسی رژێمەكەی ئێرانیش هاوشێوەی بەشار و سەدام و قەزافی دەبێت؛ چونكە كات و ئەزموونی ئەم چەند ساڵەی دوایی بۆمانی دەرخستووە كە وڵاتە زلهێزەكان لەپێناو مانەوە و دەسەڵاتی خۆیاندا هەمیشە تێكۆشانی گەلانی ئازادیخواز و مافخوراویان كردۆتە قوربانی و ئەوەتا دۆخی فەلەستینیەكان لەغەزە و لوبنان و یەمەن و وڵاتانی ئەفریقا و ئۆكرانیا لەبەرچاوانە. بۆیە پشت بەستن یاخود دڵخۆش بوون و دڵبەستن بەناكۆكیەكانی نێوان هێزەكانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دۆخی بێ تێكۆشان و قەتیس مانەوە و تەسفیە لەگەڵ خۆیدا دێنێتە ئاراوە و لەدواجاردا گەل و وڵات دەبنە قوربانی كەمتەرخەمی و چاوەڕوانیەكان، بۆ ئەوەی ئەم دۆخە نەژین، دەبێت تەدبیری پێشوەختە بگرین و خۆمان بۆ دۆخی لەمە سەختر و دژوارتر ئامادە بكەین.
هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و كاردانەوە و پەلامارەكانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەزە و فەلەستینیەكان هەموو نیگاكان لەسەر ئەوە بوو كە شەڕی نێوان رژێمی ئێران و ئەمریكا بێتە ئاراوەو زۆرێك لەهێزە هەرێمیەكانیش ئەوەیان وەك دەرفەتێك بۆ خۆیان قۆستەوە و لەسەر ئەو ئامانج و مەبەستە كاریان كرد، بەڵام رژێمی ئێران هۆشیارانە جووڵایەوە. بەهەڵگیرساندنی شەڕی ئیسرائیل و حیزبوڵا جارێكی تر هەموو چاوەكان چوونەوە سەر رژێمی ئێران بۆ ئەوەی كاردانەوەی توند نیشان بدات و ئاگری ئەو شەڕە بپەڕێتەوە بۆ نێو ماڵی خۆی، كەچی جارێكی تر رژێمی ئێران هۆشیارانە جووڵایەوە و رێگەی نەدا بەدەر لەیەك دووجار موشەكبارانكردنی هەردوولا و هەڵبژاردنی دۆخی بێدەنگی و پاراستنی بەرژەوەندیەكانی خۆی. ئێستاكەش كە ئەمریكا بەهەموو شێوەیەك هێرش دەكاتە سەر حوسیەكانی یەمەن، جارێكی تر رژێمی ئێران بەمەسافە و بەتەدبیر نزیك دەبێتەوە و باس لەكشانەوەی ئەو ئەندامانەی سوپا لەیەمەن و دەست بەردان لە حوسیەكانی یەمەنیش دەكەن، واتا رژێمی ئێران لەهەر سێ بەرەكەدا وەها خۆی وێنا نەكرد كە بكەوێتە شەڕێكی دەستەویەخە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریكا و ناتۆ. بۆیە بەخشكەیی پاشەكشێی عاقڵانەی لەبەرژەوەندی خۆی بینی، ئێستاش كە بڕیاری دانوستانی لەگەڵ ئەمریكا داوە و دوو گەڕی دانوستانەكان بەرێوە دەچن؛ رەنگە هەندێ هێزی تر لەئێراق و سوریاش وەك حەشد و عەلەویەكانیش بكاتە قوربانی بەرژەوەندیەكانی خۆی و سڵ لەوەش ناكاتەوە كە ئەو هێزانە بەدەردی حەماس و حوسیەكان و حیزبوڵا بچن. ئالێرەدایە كە دەبێت وەك كورد هەست بەئاستی مەترسیە چاوەڕوانكراوەكان بكەین و بەپێ ئەوەش هەم وەك هێز و لایەنە كوردیەكان و هەم وەك گەلی كورد لەهەوڵی ئەوەدا بین كە سەنگەرەكانی بەرخۆدان و تێكۆشان بەمیكانیزمەی دەوڵەمەندتر و بەرفراوانتر بەهێز بكەین و دەست لەناودەست گەلەكەمان و خۆمان بگەیەنینە كەنارێكی ئارام.
سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا دووگەڕی دانوستاندنی نێوان ئەمریكا و رژێمی ئێران بەڕێوە چووە كەچی هێشتا رەوشی نێوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان گۆڕانێكی بەربەچاوی بەخۆیەوە نەبینیووە كە هیچ، رێژەی لەسێدارەدانەكان، گرتن و ئەشكەنجەدان، كوشتن و خۆكوشتن، هەڵهاتن و كۆچبەری، هەڵاوسانی ئابوری، بێكاری و نەبوونی و نەخۆشی و توندوتیژیەكان و گوشاری سەر زیندانیان لەزیندانەكانی رژێمدا بەڕێژەیەكی بەرچاو روویان لەهەڵكشانە و نە رژێم و نە ئەو هێزانەی گوایە دەیانەوێت گۆڕانكاری لەئێراندا پێكبهێنن، فزەیان لێوە نایەت و خۆیان لەئاستی ئەو هەموو نابەرابەری و نادادی و كوشت و بڕەی گەلان، ژنان و گەنجان بێدەنگ كردوە و بەیەك وشەش كەسیان باس لەدۆخ و گوزەرانی گەل و كۆمەڵگەی ئێران ناكەن و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە دانوستانی ئەو هێزانەو ناكۆكیەكانیان پەیوەست نییە بەچارەسەركردنی كێشە و گرفتی كۆمەڵگە و گەلانی نێو ئێرانەوە و كێشەی سەرەكیان پەیوەستە بە باڵادەستی هێز و دەسەڵاتداریەتی و بەرژەوەندیە ئابوریەكانی نێوانیان. بۆیە چاوەڕوانی گەلان و كۆمەڵگەی ئێران بەتایبەتی چاوەڕوانی گەلی كورد لەئەنجامەكانی دانوستاندنی ئێران و ئەمریكا، هیچی لێ سەوز نابێت و لەبەرژەوەندی ئەواندا نەبووە و نابێت.
لە یەك دوو هەفتەی رابردودا رژێمی ئێران سەرلێدانی تەمیزی لەدادگای دەستوری ئەو وڵاتە بۆ پەخشان عەزیزی رەتكردەوە، مامۆستای زمانی كوردی راپێچی زیندان دەكات، بڕیاری لەسێدارەدانی دەیان رۆڵەی كوردیان بەجیاجیا دەركردوە، دۆسیەی هەڵبەستراو بۆ گەنجان و ژنان دروست دەكەن. بەپیلانێكی نەگریس و فاشیستانە میتی تورك و ئیتلاعاتی ئێران هەندێ خەڵكی گوێڕایەڵ لەبەرامبەر بە پیرۆزبایەكانی نەورۆزی كوردان و گەلان هان دەدەن و لەهەوڵی نانەوەی ئاژاوەگێڕین و بەدار و چۆماق بە شێوەی لات و لووتی دەهێننە سەرشەقامەكان و دژ بەكوردان دروشم دەڵێنەوە. ئەم شێوە كردەوە بێ خلاقانە و بە فووتێكردنی هەستی نەتەوەپەرستی پاشڤەڕۆ دەیانەوێت گەلان و بەتایبەتی كورد و ئازەری كە بەساڵانە بەیەكەوە دەژین بەردەنە گیانی یەكتر.
ئەوەتا لەسوریا هێزە هەژمونگەراكانی مۆدێرینیتەی سەماریەداری بەهاوكاری دەوڵەتی داگیركەری تورك گەورە چەتەكانی وەك محەمەد جۆلانیان هێنایە سەردەسەڵات و دەیانەوێت بەقات و ریباتێكەوە وەك پیاوی دەوڵەتی نێوی سوریا بەهەموو گەلانی سوریا بیدەنە قەبوڵ كردن، كۆمەڵكوژكردنی منبج و عەلەویەكانمان لەسەر دەستیان بینی، كابینەی دەوڵەتی راگوزەر و دەستورە بەعسییانە ناوەندیەكەیمان بینی، دەبێت ئەو مەترسیە بەبچووك نەبینین، رەنگە لەئەگەری رێككەوتنی ئەمریكا و ئێران، جارێكی تر دەوڵەتی تورك و جۆلانی و رژێمی ئێران لەمەڕ قەتڵوعامی عەلەوییەكان و كوردان رێكبكەونەوە و وڵاتە زلهێزەكانیش جارێكی تر بەهۆی بەرژەوەندیەكانیانەوە هاوشێوەی عەفرین و سەرێكانی و منبج و كەناراوەكان رێككەون. تەنیا لەماوەی ئەم مانگەدا دەوڵەتی تورك هەم لەگەڵ رژێمی ئێران و هەم لەگەڵ عێراق و سوریا لەبواری ئەمنیەوە چەندین كۆبوونەوەی ئاشكرا و نهێنیان بەڕێوە بردوە، لەنێوان رژێمی ئێران و دەوڵەتی عێراق كۆبوونەوەی ئەمنی و ئیستخباراتی و رێككەوتن كراوە و بەڕێوە براوە. دۆخی ناسەقامگیری ناوچەكە ئەو دەرفەتە دەدات كە ئەو هێزانە جارێكی تر لەچوارچێوەی دژایەتی كردنی مافی رەوای گەلەكەمان سیاسەتی دەرەوەی خۆیان رێكبخەنەوە. رێبەر ئاپۆ لەزیندانی ئیمڕاڵیەوە هەست بەو هەموو جموجوڵانەی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان دەكات و بۆ ئەوەش دەستپێشخەریەكی بەناوی ئاشتی و بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی دیموكراتیك راگەیاند.
ئەو دەستپێشخەریەی رێبەر ئاپۆ بەئامانجی كورتكردن و دەستێوەردانی دەرەكییە بەپلەی یەكەم و بەپلەی دووەم، بەواتای پشت نەبەستن و چاوەڕوانی نەكردنە لەهیچ هێز و دەوڵەت و تەنیا پشت بەئیرادەی گەوهەری خۆ ببەستین وەك كورد و گەلانی ئازادیخواز؛ چونكە بونیادنانی كۆمەڵگە ئەركی كۆمەڵگە بەخۆیەتی. رێبەر ئاپۆ باش دەزانێت كە دەوڵەتان هیچ پەیوەندیەكان بەماف و ئازادی گەلانەوە نییە، بەدەر لەزەوتكردن و دەستبەسەرداگرتن نەبێت. گرنگە باش لەپەیامەكەی رێبەر ئاپۆ و دۆخی جیهانی و ناوچەیی تێبگەین. لێرەدایە كە ئەرك و بەرپرسیاریەتی دەكەوێتە سەر هێزە نیشتیمانی و نەتەوەییەكان بۆ ئەوەی بەپەلە لەچوارچێوەی ستراتیژیەكی نەتەوەیی ـ دیموكراتیك كۆنگرەی خۆیان ببەستن و هێزەكانی پاراستنی كورد رێكبخەن. لەژێر هیچ بڕوبیانویەكدا دواخستن و تەگەرەنانەوە لەبەردەم هەنگاوێكی وەها نەتەوەییدا مایەی قەبوڵ نییە و هەر هێز و لایەنێك رێگری بكات لەكۆنگرەیەكی نەتەوەیی ئەوا بەڕاشكاوانە لەبەرامبەر هەڵوێستێكی نەتەوەیی نیشان بدرێت و وەك داردەستی نەیاران بەناو بكرێت.
دەوڵەتی تورك بۆ ئەوەی ئەم ئەرك و بەرپرسیاریەتیە مێژووییە پێكنەیەت بەهەموو هێزیەوە كار دەكات، سەردانەكانی ئەمدواییەی جێگری سەرككۆماری تورك”جەودەت یەڵماز” بۆ باشوری كوردستان و دانیشتنی لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسیەكانی باشوری كوردستان، بۆ پەرتەوازەكردنی نێوماڵی كوردە و بەئامانجی پشێوی و ئاژاوە نانەوە ئەو سەردانەی ئەنجامدا. تەنانەت لەم كاتەدا كە رێبەر ئاپۆ لەپێناو چارەسەری ئاشتیانە و دیموكراتیانەی پرسی كوردا هەنگاوێكی مێژوویی هەڵهێناوە، نەخۆشكەوتنی دەوڵەت باخچەلی و سری سوڕەیا ئۆندەر جێگەی گومانن و دەبێت پێشهاتە سیاسی، یاسایی ـ رێكخستنیەكان لەباكوری كوردستان ببینین و دەبێت گەلەكەمان و هێزە سیاسیەكانی هۆشیار بن و لەبەرامبەر بەو گەمە و تەڵەكەبازیانەی داگیركەران هەڵنەخەڵەتێت و نەبنە بەشێك لەپلان و پیلانەكانی هێزە داگیركەرەكانی سەركوردستان. گەلەكەمان لەهەركات زیاتر نزیكی ئازادیە و دەبێت ئەو دەرفەتەی هاتووەتە پێش لەكیس خۆمانی نەدەین.