ژمارەی 24هەمینی گۆڤاری ئالتەرناتیڤ لەساڵی سێزدەهەمین و خولی سێهەمینی زمان حاڵی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان”پەژاك”چاپ و بڵاوكرایەوە.

گۆڤاری ئاڵتەرناتیڤ لەم ژمارەی خۆیدا جارێكی تر راوەستەی لەسەر گرنگی ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی كورد دەكات و جەخت لەوە دەكاتەوە ئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ چارەسەرە بۆ كۆی پرسە هەڵواسراوەكانی رۆژهەڵاتی ناوین و ئەو هەڵمەتەی ئازادی خوازان و ئەكادیمسین و دۆستانی گەلی كورد لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا دەستیان پێكردوە، ئاماژەیە بەوەی كە هزر و بیرو فەلسەفە و پارادایمی رێبەر ئاپۆ، هزرێكی گەردونییە و هەموو ئازادیخوازان و رەنجدەران و گەلانی ژێردەستە داهاتووی خۆیانی تێدا دەبیننەوە و تیشك دەخاتە سەر رۆڵی رووناكبیران لەئازادی رێبەر ئاپۆ بەتایبەتی رووناكبیران لەسەر ئاستی ئێران و گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان. لەم ژمارەی ئاڵتەرناتیڤدا؛ ئەوەش هاتووە كە ئازادی رێبەر ئاپۆ، تەنیا بریتی نییە لەئازاد كردنی تاكە كەسێك؛ بەڵكو ئازادی رێبەر ئاپۆ پێناسەی هزر و فەلسەفە و نەخشە رێگایەك دەكات. ئەم هزر و بیرورامانەش لەم سەردەمەدا كلیلی چارەسەری پرس و نەهامەتیەكانە.

ئاڵتەرناتیڤ لەهەمان گۆشەنیگاوە، لەوتارێكی خۆیدا سەرنجی راكێشاوەتە سەر سیستەمی كۆنفدرالیزمی دیموكراتیك، وەكو ئاڵتەرناتیڤی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و ژنۆلۆژی كە بەزانستی ژن دەناسرێت لەهەمانكاتدا پارادایمی مۆدیرنیتەی دیموكراتیكە.

ئالتەرناتیڤ لەم ژمارەی خۆیدا ئاماژە بە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەكات و كلیلی سەركەوتنی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەستراوە بەئازادی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و حەقیقەتی كۆمەلگە واتا ئەخلاقی ئەو كۆمەڵگەیە.

هەروەها لەم ژمارەیەدا راوەستە لەسەر سیاسەتی شەری تایبەتی دەولەتانەوە كراوە و جەختكراوەتەوە كە رژیمی ئیران، رژێمی شەڕی تایبەتە.