لە کاتێکدا باس لە بە بیرهێنانی ساڵرۆژی زمانی دایکی دەکەین، کە ئێران هێشتا لە سەر پێویست بوون یا نەبوونی زمانی دایکی لە مەکتەبەکان و جێگای فەرمی دەوڵەت باس و گفتگۆ دەکات. ئێران کە گۆایە لە قۆناخی ئاڵ و گۆر دا بە سەر دەبات، هێشتا ئامادە نییە لە مافە سەرەکییەکانی کۆمەڵگا و تاکەکان کە یەکیان پەروەردە بە زمانی دایکە، هیچ چەشنە باسێک بکات. زۆر بابەتی دیکە وەکوو دیار کردنی تەمەنی زەواج، چۆنیەتی چوونە سەرەوەی حەشیمەتی ئێران و منداڵی زۆر هێنان و وەکوو ئەم بابەتانە زوو دەکەوێتە بەر باسی ئەندامانی پارلەمان و سازیە دەوڵەتیەکان، بەڵام ئەوەی کە پێویستی سەرەکی کۆمەڵگایە قەت باسی لە سەر ناکرێت و تەنانەت وەکوو سیاسەتی پیلانگێری دەوڵەتانی دەرەوە ناوی لێ دەکرێت. ئەگەر داخوازی مافە سەرەکییەکانی هەر نەتەوەیەک وەکوو جیاوازیخوازی ناو لێ دەکرێت، کە واتە ئەمە هەمان سیاسەتی چەوساندنەوە و یەک رەنگ کردنی کۆمەڵگایە. کاردانەوەی لایەنەکانی دەوڵەتی و سۆپای پاسداران لە بەرامبەر بە زمانی دایک و ترس لە پارچە بوونی ئێران، نیشاندەری عەقلییەتی نەتەوەپەرەستی، ناوەندگەرایی و چەوسێنەرە کە هەمیشە ترسیان لە فرەڕەنگی و فرەچاندی هەبووە و هەیە. بە داخەوە عەقلییەتێکی وەها هەتا ئێستا دەرفەتی ئەوەی بە کۆمەڵگا نەداوە کە هەر کەس و هەر نەتەوەیەک بە چاند و زمانی خۆی بەشداری کۆمەڵگا بێت. ئەوەش کە لێرەدا دیار و مسۆگەرە، ئەوەیە کە گەلانی ئێرانی وەکوو چۆن لە مێژووشدا سەلمێندراوە کێشەی پێکەوە ژیانیان نییە. گەلان بە کام زمان و چاند بێت دەتوانن ئەم پێوەندیە ساز بکەن، بێ ئەوەی ناکۆکی و سەلماندنی چاندێک بە سەر ئەوی دیکە لە ئارادا بێت. عەقلییەتی دەوڵەت ـ نەتەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ترسی لەدەست دانی دەسەڵات، ئایدیولوژیای تەک چاند، تەک رامان، تەک زمان و تەک نەتەوە بە سەر کۆمەڵگا و نەتەوەکانی ئێراندا دەسەپێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە تەنانەت باس کردن لە ئەوەی کە ئایا هەبوونی زمانی دایکی و فرەرەنگی لە ئێران پێویستە یان نا، بابەتێکی هەڵەیە. چۆن هەر نەتەوە یان تاکێک مافی ڕەوای ئەوەی هەیە کە بە زمانی دایکی قسە بکات و پەروەردە ببینێت. ئەگەر دەوڵەت و دەسەڵات لە بەرامبەر ئەمە بەربەست نەبێت، گەلانی کۆمەڵگا دەزانن لە گەڵ ئەم بابەتە چۆن رابێن. ئەمە لە هەمان کاتدا دەتوانێ بە پێچەوانەی بۆچوونی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، لە دیموکراتیک بوونی گەلانی ئێراندا رۆڵی سەرەکی بگێرێت و هاوکات لە چارەسەر کردنی کێشە کۆمەڵایەتیەکاندا بە فاێدە بێت.
ئێمە وەکوو یەکیەتی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان سەرەتا ساڵرۆژی زمانی دایکی لە هەموو گەلان و بە تایبەت گەلی کورد و ژنان لە هەر چوار بەشی وەڵات پیروز دەکەین. ئەمە ئەرکە لە سەر شانی هەر ژنێک کە لە زمان دایکی خاوەنداریەتی بکات و هاوکات لە پێناو گەیشتن بەم مافە رەوایە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا پێشتر لە هەر کەس پێویست دەکات خاوەن هەڵوێست و کاردانەوە بن. لە ناو بردنی زمانی دایک، بە واتای لە ناو بردنی چاند و مێژووی ئەو نەتەوەیە. بۆیە هەر ژنێک پێویست دەکات ماڵەکانیان بکەنە ئاکادیمیای پەروەردەی زمانی کوردی و بە تایبەت منداڵەکانیان بە زمانی دایکی پەروەردە بکەن. زمانی دایک بە واتای هەبوونی ناسنامە و کەلتووری هەر نەتەوەیەکە، بۆیە تێکۆشان بۆ بە یاسایی کردنی پەروەردە بە زمانی دایکی لە ئێران زۆرتر لە نان و ئاو بۆ ژنان و کۆمەڵگا پێویستە. هەر کەس لەم پێناوەدا پێویستە چالاک بێت و لە بەرامبەر بە بچووک کردنی زمانی دایکی و هەر چەشنە عەقلییەتێکی چەوسێنەر بێدەنگ نەبێت.
کۆردیناسیونی یەکیەتی ژنانی رۆژهەڵاتی کوردستان — YJRK
21.02.2014